گەندەڵی سەندیكای پارێزەرانیش دەگرێتەوە
Friday, 15/05/2009, 12:00
ووتەیەك هەیە لە نێو چینی رۆشنبیران كە ووڵات گەندەڵ نابێت تاوەكو گەندەڵی زانكۆكان و دادگا و چینی یاساناسان نەگرێتەوە، وە ئاشكرایە كە لە هەموو ووڵاتێك دا پارێزەران بە حوكمی پیشەكەیان بە پارێزەری یاسا و مافی كۆمەڵگا و تاك دادەنرێن، وە سەندیكای پارێزەرانیش بە پارێزەری مافی ئەو چینە (پارێزەر) لەقەلەم دەدرێت كە خۆیان پارێزەری مافی خەڵكن، بەڵام لە سایەی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەی ئێستا لە كوردستان دا هەیە و ئەو پشك پشك كردنەی دوای دەسەڵات كە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیشی گرتۆتەوە لە لایەن دوو حزبە گەندەڵە دەسەڵاتدارەكە، یەكێك لەو رێكحراوانەش سەندیكای پارێزەرانی كوردستانە كە بۆ هەموو خەڵك بەتایبەتیش چینی پارێزەران و مافپەروەران ئاشكرایە كە لە كۆنگرەی مانگی 7 ساڵی 2007 نەقیب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەران بە شێوەی (تعین) لە لایەن دو حزبەكە دامەزرێنران دوای سیناریۆیەكی هەڵبژاردن كە تەنانەت پابەندی ئەنجامەكانی ئەو سیناریۆیەش نەبوون.
یەكێك لەو كۆمەڵە گەندەڵیانەی كە ئەم ساڵ سەندیكای پارێزەرانی گرتەوە بریتی بوو لە دزینی (اختلاس) نزیكەی (60,000,000) شەست ملیۆن دینار بوو لە سندوقی دارایی سەندیكا، ئەو دزیەش لە رێی ژمێریاریكی سەندیكا بە ناوی (بەختیار) كە توركمانە، دوای ئەوەی لیژنەی پشكنینی چاودێری دارایی لە وەزارەتی دارایی پشكنینی وەسلەكانی سەندیكا دەكەن ئەم دزیە ئاشكرا دەبێت كە لەرێگەی دەسكاری كردنی وەسلەكان دا كراوە، پاش بەرزكردنەوەی راپۆرت لەلایەن لیژنەكەوە بۆ وەزارەت و لەوێشەوە بۆ داواكاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری بریار بوو پەراوی لێكۆلینەوە بۆ ئەم كەیسە بكرێتەوە كە ئەو كاتە نەقیبی سەندیكا (كاكەرەش نەقشبەندی) لەگەڵ وەفدێكی ئەنجومەنی سەندیكا بە پیاسە لە حیسابی سەندیكا لەدەرەوەی ووڵات بوو، هەركە بەو هەواڵەی زانی بەپەلە خۆی گەیاندەوە كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت هەرچۆنێك بێت ئەو كێشە تەپس بكات، لەرێگەی پەیوەندی بەهێزی خۆی بەدەسەڵاتی گەندەڵەوە ئەو پارێزەرە گەندەڵە توانی ئەو كێشە بەتەواوی دابخات كە بریتی بوو لە دزینی 60,000,000 شەست ملیۆن دینار كە هەموو ئەمانە گومان دروست دەكەن لە هەبوونی دەستی جەنابی نەقیب لەو دزینە ئەگەر نا چی وای لە جەنابی نەقیب كرد كە چاوپۆشی بكات لەو كەیسەو هەوڵی زۆر بدات بۆ ئەوەی نەیەڵێت یاسا رێچكەی خۆی بگرێت لە كێشەیەكدا كە بە پێی یاسا بە تاوان دادەنرێت و لە ناو رێكخراوێكدا رووبدات كە هەڵگری مەشخەڵی یاسا پارێزیە؟!
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بكەن بە خوودی جەنابی نەقیبی سەندیكا (كاكەرەش نەقشبەندی) كە ژمارەی تەلەفۆنەكەی بریتیە لە (07504511416).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست