به‌یاننامه‌ی میترۆ: رێگه‌گرتن له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی په‌كه‌كه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین

Tuesday, 20/07/2010, 12:00


هه‌ولێر، 20ی ته‌موز، 2010: سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نوسان ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت به‌رامبه‌ر به‌ رێگه‌نه‌دان به‌ ئه‌نجامدانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نوسی له‌ كه‌مپی مه‌خمور.

بڕیاربوو رۆژی دووشه‌ممه‌، 19ی ته‌موز، كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستان (پ. ك. ك) له‌ كه‌مپی مه‌خمور ببه‌سترێت به‌ بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی گروپی ئاشتی ئه‌و پارته‌ له‌ توركیا. به‌ڵام رۆژنامه‌نوسان رێیان پێنه‌درا بچنه‌ ناو كه‌مپه‌كه‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ ره‌زامه‌ندی پێشوه‌خت وه‌رنه‌گیرابوو.

به‌ڵام ئه‌ندامێكی ئه‌و پارته‌ به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ هۆكاری سیاسی بووه‌ هۆی رێگرتن له‌ به‌ستنی ئه‌و كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌.

دوای چه‌ند خوله‌كێك چه‌ند ئه‌ندامێكی پارتی كرێكاران سه‌ردانی رۆژنامه‌نوسانیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كه‌ ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام نزیكه‌ی 10 پۆلیس له‌ رۆژنامه‌نوسان كۆبوونه‌وه‌و رێگه‌یان نه‌دا ئامێری تۆماركردن‌و وێنه‌گرتن به‌كاربهێنن.

نوێنه‌رانه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووساندا بوون‌و شایه‌تحاڵی ره‌فتاری پۆلیسه‌كان بوون كه‌ فه‌رمانیان به‌ رۆژنامه‌نوسانی كه‌ناڵه‌ ناوخۆو بیاننیه‌كان ده‌كرد كه‌ ئامێره‌كانی تۆماركردن بكوژێننه‌وه‌. پاش ئه‌و ره‌فتاره‌ی پۆلیس ته‌نها به‌یاننامه‌ی پارتی كرێكاران درایه‌ رۆژنامه‌نوسان‌و كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ نه‌به‌سترا.

سه‌نته‌ری میترۆ ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت له‌ رێگرتن له‌ ئه‌نجام نه‌دانی ئه‌و كۆنفرانسه‌، ئه‌و ره‌فتاره‌ی پۆلیسی عێراقی به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان كه‌ له‌ ناورۆكدا ریگرتنه‌ له‌ ئازادی كاری رۆژنامه‌نوسی‌و مافی هاوڵاتیان له‌ ئاگداربون له‌ روداوه‌كان.


سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نوسان‌و مافه‌كانیان. ئه‌م رێكخراوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان، نوێنه‌رایه‌تی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كان (JFO) ده‌كات كه‌ نوسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ به‌غدایه‌.


بۆ زانیاری زیاتر، په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌:
ره‌حمان غه‌ریب، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ: 07701523300
مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ر: 07701940930

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە