ڕونكردنەوەیەك لە ناسك قادرەوە بۆ ڕاى گشتى
Thursday, 28/04/2011, 12:00
پاش بڵاوكردنەوەى دوا ڕاگەیاندنى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى لە ڕێكەوتى 27/04 لە پەرەگرافى دووهەمدا ڕستەیەك هەیە كە دیارە بە هەڵە شیكردنەوەى بۆ كراوە و هەر ئەمڕۆ بە دەیەها تەلەفونم بۆ كراوە بۆ شیكردنەوەى ئەو ڕستەیە، لێرەدا بە پێویستى دەزانم ئەم ڕونكردنەوەیە بۆ ڕاى گشتى ڕابگەیەنم. لەو ڕستەیەدا هاتوە كە "ئێمە وەك ئەندامانى ئەنجومەنەكە چلاكیەكانمان لە "مەیدانى ئازادیەوە" پەخشدەكەینەوە بۆ نێو سەرجەم نێوەند و مەیدانەكانى ئازادى و كوچە و كۆڵانەكان بۆ درێژە دان بە خەباتى مەدەنى و ناتوندو تیژانەى ئاشكرا". دیارە ئێمە لەو باوەڕەداین كە خەباتى مەدەنى هاونیشتمانیان لە پێناو ژیانێكى باشتردا هەم مافەو هەم ئەرك، بەڵام هێندەى پەیوەندى بە ئەنجومەنەوە هەبێت ئەو ئەنجومەنە ڕێكخراوێكى حیزبى یان سیاسى نەبوە، بەڵكو كۆبونەوەى كۆمەڵێك خۆپیشاندەر بووە لە دەورى داواكاریە ڕەواكانیان.
كاتێك ئەو ئەنجومەنە كاتیە دروست بوو كە خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكرد، ئامانجى سەرەكى ئەو ئەنجومەنە نوێنەرایەتیكردنى شەقام نەبوو بەڵكو بۆ كۆكردنەوەى داواكاریەكانى هاوڵاتیان و سەرپەرشتى كردنى چالاكیەكان بوو، ئێمە چەندەها جار ئاماژەمان بەو ڕاستیە داوە كە شەقام ئەو ئەنجومەنە بەڕێوە دەبات نەك بە پێچەوانەوە. ئەو ئەنجومەنە لە پەیوەندیەكى تەنگاو تەنگدا بوو لەگەڵ شەقام، ئێستاش بە هۆى لەشكر كێشى دەستەڵاتەوە كۆبونەوەى جەماوەرى لە سەر شەقام وەستاوە، بۆیە ئەو ئەنجومەنە ئەو مافە بە خۆى نادات بە ناوى شەقامەوە قسە بكات. ئەندامانى ئەنجومەنەكە وەك سەرجەم هاونیشتمانیانى كوردستان تاكى ئازادن و دەتوانن هەر كەسێكیان ڕێگاى خۆیان هەڵبژێرن بۆ داكۆكیكردن لە داواكاریەكانیان بە ڕێگاى ناتوندو تیژ و مەدەنیانە. هەر تەفسیرێكى دیكە بۆ ئەو ڕستەیە بكرێت هەوڵى بە لاڕێبردنیایەتى و ئێمە لێى بەرپرسیار نین.
سەركەوتو بێت خەباتى مەدەنیانەى هاونیشتمانیان لە پێناو چاكەى گشتیدا.
*وتەبێژى پێشوى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى 28/04/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست