سازێك لەو بنارەدا دەگری
Tuesday, 01/12/2009, 12:00
من لە زمانو گریانی ئەو سازە دەگەم
چەند پەرێشانی ژانی هەڵچوی ئەم گەلەیە
پەروانە ئاسا خۆی بە دەوری
گڕى چرای ووڵاتا دەگێڕێ
تا سوتان مەیلی لێیە پەڕو باڵى هەڵكڕوزێ
دەنگی ئەو سازە هاواری گەلێكی پڕ لە ژانە
كیشوەر بە كیشوەر چیرۆكی خۆی دەگێڕێ
تا دڵسۆزی لێ وەرگرێ
ئیدی پێڵوی ئەسرینی بە دەسماڵى سۆزێ بسرێ
ئەرێ ئیستا ئەو ساز ژەنە دەناسمەوە
لە مێژە بەهەستی بیستنم ئاشنایە
پەڕە پەڕە مێژووی بیرەوەریەكانم هەڵدەدەمەوە
تا بە خەیاڵى بڵاوم ڕووخساری پشكۆ ڕەنگی بدۆزمەوە
ئەرێ ئەی سرود ئەرێ ئەی ئاوازی ژانی نیشتمان
لەوەتەی تۆ پەنات بردۆتە لای چیاو قەدپاڵى بەفر
لاوێكی فیداكاریش بەرەو لای ئێوە سەری خۆی هەڵگرت
ئەو سازێكی وەك كۆرپەلە باوەش نابوو
لایلایەی بۆ دەكرد لە ئامێزی دەگرتو بۆنی دەكرد
ئەوەندە تەلی ژێكانی بۆ نیشتمان ڕاتەكاندبوو
بۆیە سەری پەنجەكانی بە خوێنەوە داچۆڕابوو
ئەوەندەی بۆ نیشتمان تەلی ژێكانی
ئەرێ ئێستا وە بیرم كەوتەوە
ئەوە هۆزان بوو بە چەپكێ ئاوازەوە لەم شارەدا بۆ عەشقی نیشتمان عەوداڵ ئاسا بوو
هاواری سروودو نەوای سازی
چەشنی باران بەسەر ڕوێنی ڕەشیا نم نم دادەباری
بەسەر پرچی دەوەندا سرودی دەبوە ئاوەنگی بەرەبەیانی
ئای ئەو لاوە خوێن گەرمە
چەند دڵ پڕ لە حەسرەت بوو بۆ مەراقی ئەم نیشتمانە
ئەو چیا سەر بە بەفرە لە سۆمای چاوی ئەودا
تابلۆیەكە بە ڕۆحیدا هەڵواسراوە وەلێ چەند دوریش بێ
چەشنی خۆرێك هەڵدێتو هەر دەیگاتێ
ئەرێ ئەى سرود ئەرێ ئەی شیعری شەهید ئەرێ ئەی سازی تۆز لێ نیشتوو
پێم بڵێ ئەو ساز ژەنە شەیدایە كوانێ
لە حەژمەتا سرود پڕ بوو لە تاریكی مەغریبێك
بە پروشەى بارینی بەفرەوە
ووتی وەك تۆ غەریبی ئەو ساز ژەنە دەكەم
تا كەمێك لە پاكی ئەو عەشقەی
كە منو ئەو هۆگری بووین
بۆ چیاكانی سەركەشی بڵێیتەوە
لە بن تاوێری نسرمو سێبەردا
ئاواتە خوازم وەك جاران
ئاهەنگێ بۆ گۆڤەند ساز كەینەوە
ئەوسا لە ئامێزی یەكتردا بۆ خۆشەویستی ئەم نیشتمانە
بە عەشقەوە بتوێینەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست