جەنابی ئەردۆغان: کام (ئاودەست)ەیان باشترە؟
Friday, 06/01/2012, 12:00
رۆژێک دوای قسەکانی "گوڵتان کشاناک" هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی لە پەرلەمانی تورکیا و هەروەها قسەکانی سڵاح دەمیرتاش دژ بە ئەردۆغان لە پای قەتڵوعامی کوردان لە ناوچەی شێرناخ، ئەردۆگان ئاوها وەڵامی دانەوە: (ئێوە تەنانەت ناتوانن بڕۆن بۆ ئاودەستیش گەر بێتوو گەورەکانتان لە شاخ دۆخینەکانتان بۆ شل نەکەنەوە.)
کورد دەڵێ دار هەڵبرە سەگی دز دیارە. لە هیچ کەس شاراوە نەبووە کە کردار و گوفتاری سیاسی ئەردۆغان ئاسمان و رێسمانە، بەڵام ئاستی ئەخلاقی بگاتە ئەو پلە نزمە دەبێ چاوەڕێی چ بکەی لە کەسێکی ئاوها. وڵاتی دیموکراسی و پەرلەمانی، نموونەی علمانی و ئیسلامی، چەندە داماوە کەسێکی ئاوها ئاست نزم سەردارێتیەکەی بکات. جیاوازی و ناحەزی و دوژمنکاری لە ئاستە سیاسیەکەیدا شتێکی ناخۆش و تاڵە، بەڵام کاتێک کەسێک خوڵقی مرۆیی یان ئاستی ئەپیکسی هێند نزم بێت لە تراجیدیایەکی ئاوهادا باس لە ئاودەست بکات ئەوا تاڵتر، تاڵتر بۆ خەڵکەکەی خۆی ئینجا بۆ ئەوانی دی. بەفام بوون زەنگینیە گەر دوژمنیشت هەیبێ، بەڵام نەفامی ماڵوێرانیە گەر دۆستیشت بیت. ئەوە ئەردۆغانە، وەک عەرەب دەڵێت، بە شەحم و لەحمەوە.
ئەمە سیاسەتی زیرۆ پرۆبڵمە یان فول پرۆبڵم؟ بۆ هەموو جیهان دەرکەوتووە کە ئەردۆگان چ سیاسەتێکی پڕ گیروگرفت و دوو رووانە و درۆزنانە پەیڕەو دەکات. لە لایەک خۆی بە داکۆکیکەری خەڵکی فەلستین و سوریا دەزانێت لەلایەکی تر نەک هەرحساب بۆ ٢٠ ملیۆن کورد لە وڵاتەکەیدا ناکات، بەڵکو یەکبینە ماڵیان وێران دەکا و دەیانکوژێ. گەر فەکەستینیەک خۆی بتەقێنێتەوە لە ناو ئاپۆرەیەکی خەڵکی سیڤیل دا لە ئیسرائیل شەهیدە، بەڵام گەر کوردێک لە قەندیل شەڕی ئازادی و مافخوراوی خۆی بکات تیرۆرستە. بە پێ ئامارەکانی پ ک ک خۆی، "ئەوەندەی لەسەر دەمی ئەردۆغاندا هیرش کراوەتە سەر کوردستان لە دەمانی هیچ سەرۆک وەزیرانێکی تورکیادا نەکراوە." قسەکەری رەسمی پ ک ک لە قەندیل ساڵی پارەکە.
بە بێ تاقەتیەکی زۆرەوە بابێینەوە سەر ئاودەستەکەی ئەردۆغان...
دەڵێن گەر ماڵت لە شووشە بوو بەرد مەهاوژە خەڵکی. جەنابی ئەردۆغان مادامەکی تۆ ئاودەستەکەت لە شووشەیە بۆ باسی ئاودەستی خەڵک دەکەی. ئاودستی کورد لە تورکیا هەرچیەک و چۆنێک بێت هی خۆیانە و خۆیان دروستیان کردووە و پێوەی ماندووبوون بەڵام ئاودەسەتەکەی تۆ نە هی خۆتە و نەدەشتوانی بە ئازادی و سەربەستی خۆت بڕۆیی و بێیی تێدا بکەی.
دوو وەستا هەن لە دروست کردنی ئاودەستەکەی تۆدا، هەردووکیان دەرەکین و هیچیان ماڵی خۆت نین. یەکێکیان ئاینی و ئەوەی تریان ئەمریکایی. ئەوە دیارە کە تورک لە مێژە سودێکی بێ شوماریان لە ئاینی ئیسلام وەرگرتووە بەڵام سوودەکەی ئەم جارەی ئەردۆغان ئەو تاڵە ریسەش دەکاتەوە بە خوری کە لە ئیبراتۆریەتە ئوسمانیە ئیسلامیەکەوە ماوەتەوە. جەنابت کوشتاری کوردان دەکەی بە ناوی ئاینەوە، ئەو ئاینەی کە تۆ بۆیە دەتەوێت چونکە لە ژێر ناوی ئەودا حوکم دەکەیت. بەڵام ئەمەشت بۆ نەدەچووە سەر گەر ستراتیجی دوورماوەی رۆژئاوا یان روونتر بڵێم ئەمریکا نەبوایە.
پەیوەندی ئیسلامی سیاسی و رۆژئاوا پەیوەندیەکی لە مێژینەیە و هەر لە سەرەتای سەدەی نوزدەوە تاکو ئێستە درێژەی هەیە. لە یادەوەریەکانی "مستەر هامفێر" سیخوڕی بەریتانیەوە لە سەرەتای ساڵانی نوسەدەکان تا دەگات بە کتێبە دۆکیومێنتاریە هەرە نوێیەکەی "مارک کێرتس" نوسەری بەریتانی ساڵی ٢٠١٠ ئەو راستیانە وەک رۆژی روون دەردەکەون. ئەوە پیشان دەدەن کە چۆن ئەو دوانە سەرخانیانە دژی یەکترن و بنخاناینە لەگەڵ یەکدیدان. کاڵ کردنەوەی کۆمەڵگە علمانی و دیاردە شارستانیەکانی کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئەوەی پێی دەڵێن جیهانی ئیسلامی یەکێکە لە ستراتیجیە بنەرەتیەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا. ئیسلامی سیاسی یەکێکە لەو چەکانەی دەستی ئەمریکا بۆ ئەو کاڵ کردنەوەیە. رۆژئاوا نایەوێت ئەم رۆژهەڵاتە بە دوای زانست و زانیاری سەردەمیانە بگەڕێت، بەڵکو دەیەوێ سەرقاڵی بکات بەو گرفت و کێشە ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانی هەزاران ساڵ لەمەوپێشەوە.
جاران ئەفغانستان وڵاتی مەدەنیەت و دیاردە شارستانیەتەکان بوو، کەچی ئێستا بۆتە وڵاتی دێو و درنجەکان. هۆکاری سەرەکی ئەو وێرانییەی ئەفغانستان رۆژئاوا بووە. "دکتۆرە. سیما سەمەر" سیاسەتوانی ئەفغانی و وەزیری پێشوتری کارووباری ئافرەتان لە ئەفغانستان ساڵی پارەکە لە کۆڕێکید الە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا راستەوخۆ گوتی: بۆ رزگاربوون لە روسیا بە داخەوە رۆژئاوا خراپترین بەدیلیان هەڵبژارد کە ئەویش ئیسلامی سیاسی بوو بۆ ئەفغانستان. سەیری لیبیا بکە، یان سەرشێتێکی وەک قەزافی جارانیان دەویست یان مستەفا عبدالجلیل ی ئێستا کە یەکەم گوتاری دوای نەمانی قەزافی حەڵاڵ کردنی چوار ژنە بوو بۆ پیاوانی لیبی لە کاتێکدا کێشەی لیبیا کێشەی چوار ژنە یان ئسلام نەبووە و نیە.
جا بۆ تورکیاش هەر وایە، دوای پیربوونی هەشتا ساڵەی حوکمی عەسکەر، ئیسلامێکی سیاسی گوێ رایەڵ یان تێکدەری بنەما شارستانیەکانی کۆمەڵگەکەی خۆی باشترە لە جوڵەیەکی چەپی یان بزووتنەوەیەکی قەومی سەربەخۆ. رۆژئاوا چاوی هەڵنایات رۆژهەڵات یان وڵاتێک لە رۆژهەڵات ببێتە دامێنی پێشکەوتنە شارستانیەتەکان کە بتوانی کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان بببەزێنێ. لە باشترین و یاخی ترین حاڵەتدا دەتوانی ببیتە قوتبێکی ئابوری پاشکۆ، نەک چاوگەیەک لە شارستانی سەردەم. بۆ نموونە، قەتەر یان ئیمارات، عەقڵەکان هەر حوشترین بەڵام بینا بەرزەکان شوێنی دەوارە رەشەکانیان گرتۆتەوە.
من بۆ خۆم باوەڕێکی کەمم بەوە هەیە کاری ئیستخباراتی ببێ سەرچاوەی زانیاری لە نوسین و شیتەڵکاری بابەتێکدا بەڵام جەنابت مەجبورت کردین کە ئاماژەیەکی بچوک بە ئاودەستەکەت بدەین لەو بارەیەوە. هەموو چاودێرێکی سیاسی دەزانێت ئێوەی ئیسلامی سیاسی چۆن هاتنە سەر حوکم. گەر ئەمریکا نەبوایە تۆ نەتدەتوانی لەو ئاودەستی دەسەڵاتەکەی تورکیادا لێی دابنیشی. تۆ جگە لەوەی بە راوێژکاری سیاسی پیاوی ئەمریکیەوە دەورە دراویت، ئیلهامی روحیشت لە ئەمریکاوە بۆ دێت. بۆ تۆ وادەزانیت خەڵک ئەوە نازانێت فەتحوڵڵا گولەن کێ لە پشتێتی و کێ داڵدی داوە. سیاسەتێکی نهێنی ئەمریکا هەیە زۆر جیاوازترە لەوەی روو بەدەر دەیبینین.!
خۆزگە ئەردۆغان هەر ئەو کەسە کاسبکارە بوایە کە سینی بەسەرێکی کێک فرۆش بوو لە ناو ئیستەمبولدا. بەس نیە کاسبکاری ماڵ و حاڵی خۆی دەبوو. بە رەنجی شانی خۆی ئەوەی پەیدای دەکرد دەیخوارد بۆ نەوەکانی و لەوە بوو ناوێکی پاک و بێگەردی لە دوای خۆی بە جێ بهێشتایە و سێ و چوار کەسیش دووعایەکی خێریان بۆ بکردایە. کەچێ ئێستا لە بەری رەنجی خەڵکی تورکیا دەخوا و پارە و پولێکی نهێنی بەهۆی گەندەڵیەوە کۆکردۆتەوە. ناویشێ بە رەشی دەچێتە مێژووی مرۆڤایەتیەوە کە لەوانەبێ نەوەکانی دواتر شەرم بکەن لەو رابردووە.
لەوە ئاسانتر نیە ناوت بچێتە مێژووەوە بەڵام بە شێوە خراپیەکەی. بۆیە زۆر جار مرۆ بە ئاسانی دەتوانێت بگاتە ئەو دسەڵاتە بەڵام بە مۆرکە رەشەکەیەوە. زۆر زۆر زەحمەتە کەسێک بچێتە جێگەیەکی وەک ئەوەی ئەردۆغان بەڵام کاری باشە ئەنجام بدات. لە نێوان کەسێکی سادەی کاسبکار و دەسەڵاتدارێکی خوێنڕێژدا کامیان بۆ تۆ باشتر بوو، جەنابی ئەردۆغان.
جەنابی ئەردۆغان، گەر ئەسڵە گورجیەکەی خۆت (جۆرجیایی) لەدەست نەدایە و ناوی خێزانە کوردەکەشت لە (گوڵباران)ەوە نەکردایە بە ئامینە و کاسبی ماڵی خۆت بوویتایە، نەدەبووی بەو پەندەی کە ئیستە بەسەرتدا هاتووە. لە پای کوشتار و خوێنی مرۆڤدا باسی ئاودەست دەکەی ئاودەستێک کە تۆ خۆت نیتە چۆن دەتوانی هی خەڵکی باس بکەی.
You cannot even go to the toilet unless your armed masters loosen your strings, Erdoğan said
http://www.todayszaman.com/news-267476-pm-erdogan-slams-bdps-ethnicity-oriented-approach-to-airstrike-killings.html
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست