نامە بۆ: بەرێز باراك حوسەین ئۆباما سەرۆك كۆماری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا

Wednesday, 18/01/2012, 12:00




 


لە رێكەوتی 28/12/2011 لە هەرێمی قڵابانی سەر بە شرناخی باكووری كوردستان (توركیا) لە لایەن فرۆكەكانی كۆماری توركیاوە 35 هاووڵاتی كورد بە شێوەیەكی دڕندانە رەشكوژ كران. ئەم هەواڵە دڵتەزێنە لاپەرەیەكی رەشی تری لە مێژووی كۆمەڵكوژی لەسەر كوردان تۆمار كرد و بوو بە هۆی تووڕەیی و ساز بوونی نارەزایەتێكی بەرفروان لە ناو گەلەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان و هەندەران. هیچ ویژدانێكی وشیار لە ئاستی جیهانیدا نەما كە ئەم كردەوە هۆڤانەیە ئێدانە نەكات و رق و كینی خۆی لە بەرامبەری دا دەرنەبرێت. بێگومان بێ دەنگ بوون لە بەرامبەر تاوانێكی وەها بەواتای پەسەند كردنی ئەم كردەوەیە و ئەمە بەسەری خۆی تاوانێكە بەقەت تاوانی بكەرانی ئەم كردەوە دژمرۆڤانەیە.
بەساڵانە كە رژێمی توركیا وەك هاوپەیمانێكی سەرەكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەرێمەكەدا، رۆڵی ناوەندێتی سیاسەتی لە ناو بردن و قڕ كردنی گەلی كورد دەگێرێت.لە ئەنجامدا، بە سەدان قەتڵەعام و رەشەكوژی لەم چەشنەیە و بەدەیان جار مەزنتری لە سەر ئەم گەلە پێك هێناوە. كردەوەكانی ئەم رژێمە لە بەرامبەر گەلی كورد چەندین قات لە كردەوەكانی گەورە دیكتاتۆری هەرێمەكە، سەدام حوسێن، مەترسیدارتر بووە و كاریگەری نێگاتیڤی لەسەر گەلی كورد داناوە. تەنانەت سیاسەت و كردەوەكانی ئەم رژێمە لە بەرامبەر گەلی كورد لە ئاستی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست دا وەك مۆدێلێك لە لایەن دەوڵەتانی ئێران، ئێراق و سوریاش پەیرەو كراوە. كۆماری توركیا لەم بوارەدا وەك پێشەنگی قڕكردنی گەلی كورد رۆڵی لەناو بردنی كوردستانی گێڕاوە .
بۆ هەموو لایەك و بەتایبەت بۆ گەلی كورد ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەتایبەت بە درێژایی قۆناخی دەستێوەردانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و دوای هاتنە سەركاری لایەنی دیمۆكراتخواز لە ئەمریكا، بە هەموو هێزیەوە پشتیوانی رژێمی توركیا دەكات و رۆڵی ناوەندێتی لە پرۆسەی ئاڵووگۆری هەرێمەكە بەم دەوڵەتە بەخشیوە. هاوكات گەلی كورد و هەموو لایەنە تێكۆشەرەكانی ئەم گەلە بە باشی لەم راستیە تێگەییشتون كە رژێمی توركیا بۆ شەڕ لەگەڵ گەلی كورد و لەناو بردنی ئەم گەلە، هەموو پشتیوانی ئابووری و هەموو كەرەسەكانی سەربازی خۆی و تەنانەت بەشی هەرە زۆری زانیارییە ئیستیخباراتییەكانی خۆی لە ناتۆ و دامو و دەزگا جیاجیاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئامریكا وەردەگرێت. بێ‌گومان سەرەتایی ترین مافی گەلەكەمان ئەوەیە كە ئەم پرسیارە بكات كە بە چ مەبەستێك ئەم هەمۆ یارمەتی دەدرێت؟ لەپێناو كام پەیمان و وەدەست خستنی كامە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئەمریكا بەم چەشنە دژایەتی گەلی كورد دەكات!؟ لە نموونەی هەری دوایی دا، لێدوانی بەرپرسی بالوێزخانەی ئەمریكا سەبارەت بەم كارەساتە لە توركیا ووتەی "ئێمە لە كەناری توركیاین" زۆر جێی سەرنجە. چوونكە ئەمە لە حالێكدا كە هێشتا دەوڵەتی توركیا بۆخۆی لێدوانی لەسەر ئەم بابەتە نەدابوو و گۆیا لێكۆڵینەوەیان لەسەر رووداوەكە دەكرد. لە وەڵام دا لەوانەیە، باس لە پرۆژەی ئیسلامی سیاسی ـ لیبرال بكرێت كە بە پێشەنگی چەمكی فەتحوڵڵا گولەن و پارتی داد و گەشە پێدان هەوڵ دەدرێت بۆ بێ كاریگەری كردنی چەمكی ئیسلامی توندرەو و رادیكاڵ بە كار بهێنرێت و بەم پێیە دەوڵەت و لایەنە ئیسلامییەكان بە سیستەمی جیهانیەوە پەیوەست بكات. بەڵام ئەوەی هەتا ئێستا لەسەر ئەم ئەساسە بەرێوە چووە نەك تەنیا سەركەوتوو بوونی ئەم پرۆژەیە نیشان نادات، بەڵكوو بەرێوە چوونی پرۆژەیەكی وەها وای كردووە كە لە ئاستی هەرێمەكەدا رادیكالیزمی ئیسلامی زیاتر پەرە بستێنێت و تووندوتیژییەكان لە هەرێمەكەدا بەرفراوانتر بوونەتەوە. لایەنە دیكتاتۆر و دواكەوتووەكانی هەرێمەكە پانتایی هاوپەیمانیەكانی نێوانیان فراوانتر كردووەتەوە و یاخود هاوپەیمانی نوێ لە نێوانیاندا ساز بووە.لە هەموان خرابتر هەرێم رووبەرووی مۆدێلی ئیسلامی سیاسی توركیە بۆتەوە كە بۆخۆی یەك لە ناوەندەكانی كێشە و قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە و یەك لەسەرەكی ترینی ئەو هێزانەیە كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ یارمەتیدەری تیرۆریزمە و هۆكاری سازبوونی نائارامی لە هەرێمەكەدایە. بە هۆی ئەم رەوشەوە ئەم پرسیارە دێتەئاراوە كە ئایا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پرۆسەی دیمۆكراتیزاسیۆن لە هەرێمەكەدا پێش دەخات یان قەیرانەكان قووڵتر دەكاتەوە و مۆدێلی دیكتاتۆری و قەتڵەعام پێش دەخات؟!
رژێمی توركیا لە دوای هاتنە سەركاری حكوومەتی داد و گەشەپێدان هەتا ئێستا، لەمپەری هەری سەرەكی بووە لە بەرامبەر پرۆسە دیمۆكراتیزاسیۆنی ئێران. لە دەورانی ئەم حكوومەتە پێوەندییەكانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە ئاڵووگۆری جیدی بەسەر هاوسەنگییەكانی هەرێم دا هێناوە و بەتایبەت ورەی زیاتری بە كۆماری ئیسلامی ئێران بەخشی كە چ لە ناو خۆی ئێران و چ لە دەرەوەی ئێران پێگەی ئەو دەوڵەتە بەهێزتر ببێت. نزیك بوونی رژێمی توركیا سەبارەت بە تێكۆشانی بزاڤی ئازادی خوازی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران سەلمێنەری ئەم راستییەیە. بۆ وێنە شێوازی شەڕ كردنی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر پارتیمان پەژاك بە تەواوی كەڵك وەرگرتوو لە ئەزموونەكانی رژێمی توركیایە. رێبازی شەڕی كۆنتراگەریلا، دانی زانیاری ئیستیخباراتی بە دەوڵەتی ئێران كە لەلایەن فرۆكە ئیستیخبارییەكانی ئێوە و ئیسرائیل كۆ دەكرایەوە، هاوكاری سەربازی بەرفراوان لەگەڵ ئێران بە تایبەت لە هێرشی 1 مەی 2008 بۆ ناوەندی راگەیاندنی پارتیمان لە لایەن فرۆكە شەڕكەراكانی توركیا پشت بەستبوو بەم زانیاریانە بوو. ناردنی كەل و پەلی سەربازی سەر بە ناتۆ بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شەڕ كردن لە گەڵ ئێمە و لە هەموان گرینگتر سەلماندنی ئەم بابەتە بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەبارەت بە خستنی ناوی پارتیمان لە لیستی رێكخراوە و لایەنە تیرۆریستیەكان لە لایەن توركیا و پەسەند كردنی ئەم بابەتە لە لایەن ئێوە و ... وەك نموونەیەك بە باشی نیشان دەدات كە كۆماری توركیا تا چ رادەیەك یارمەتی دەری پتەو كردنی پێگەی دەوڵەتی ئێران بووە.
ئەم بابەتانە و زۆر نموونەی تری لەم چەشنە بۆتە هۆی ناكۆكی جیدی لە نێوان دروشمەكان و كردەوەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. لە لایەكەوە باس لە پرۆسەی دیمۆكراتیزاسیۆنی هەرێم دەكرێت و لە لایەكی ترەوە تابلۆی ئەمرۆكەمان دێتە بەرچاو، لەلایەكەوە باس لە مافی گەلانی هەرێمەكە دەكرێت و لە بەرامبەردا رێبەری گەلی كورد رێبەر ئاپۆ رادەستی توركیا دەكەنەوە و لە لایەن ئێوەش هیچ چەشنە پرۆژەیەك بۆ چارەسەری كێشەی گەلان بەتایبەت گەلی كورد لە ئارادا نییە. هەروەها لە لایەك باس لە قەتڵەعامی ئەرمەنییەكان دەكرێت و لە لایەكی تریشەوە بۆ قەتڵەعامی كوردان پشتیوانی دوژمنانی كورد دەدرێت و ئەوان وەك مۆدێلی دیمۆكراسی بەناو دەكەن. لە لایەكەوە باس لە دژایەتی حكومەتی ئێران دەكەن و لە لایەكی ترەوە، پارتی هەرە ئەكتیڤ و تێكۆشەر و ئازادیخواز وەك PJAK دەخەنە لیستی رەشەوە.
لە حالێكدا ئێوە پشتیوانەی بەرەی دژ بە گەلی كورد و كوردستان دەکەن، كە هەتا ئێستا لە وڵاتی كوردان و لەلایەن گەلی كوردەوە هیچ زیانێك بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێوە لە ئارادا نەبووە. بە پێچەوانەوە گەلی كورد و كوردستان، نەك تەنیا ویست و داخوازی پارچەكردنی ئەو وڵاتانەیان نەبووە، بەڵكوو پوتانسیەلی هەری سەرەكی بۆ ئالۆگۆر و سەقامگیر بوونی ئازادی و دیمۆكراسی لە هەرێمەكەدا، بە پێی ئەزموونی مێژوویی، سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردان هەبووە. بەڵام مەخابن ئەم گەنجینە بەهێزەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پرۆژەكانی ئێوەدا بوونی نیە و هیچ پێگە و میسیۆنێكی بۆ دیاری نەكراوە و رووبەرووی بێ رەحمانەترین شێوە لە سیاسەت هاتۆتەوە. ئەم بابەتەش سەلمێنەری ئەم راستییەیە كە چەندە پرۆژكانتان دوورن لە راستییەكانی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست. بێ گومان گەلی كورد ئەمرۆكە توانای پارێزگاری لە خۆی و دەسكەوتەكانی و هەنگاوی جیدیتری لەپێناو ئازادی و دیمۆكراسی هەیە و وەك مێژووەكەی سەلماندوویەتی هیچ كات بێچارە نەماوە و لە هەر رەوشێك دا خاوەن ئالتەرناتیڤ و هەڵبژاردەی جیاوازە بۆ دیاری كردنی چارەنووسی خۆی.
لە كۆتایی دا وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK داوامان ئەوەیە كە چاوخشاندنەوەیەكی جیدی بەسەر سیاسەتەكانتان سەبارەت بە هەرێمەكە و بەتایبەت سەبارەت بە گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان بهێننەوە. چی تر پشتیوانی و واژۆی ئەو قەتڵەعامانە نەكەن كە لەلایەن هاوپەیمانەكانتانەوە بەسەر گەلی كورد دەسەپێنرێت و هاوكاریەكانتان بۆ دەوڵەتی توركیا كۆتایی پێ بێنن. گەلی كورد وەك یەكێك لە كۆنترین گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، رەنگدانەوەی ویژدانی وشیاری هەرێمەكەیە و هەرچەشنە كردەوەیەك لەبەرامبەر گەلی كورد نیشانە و ئاشكراكەری سیاسەت و كردەوەكانی هەر لایەنێكە سەبارەت بە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست. بێ گومان گەلی كورد خاوەن ئەو هێز و توانایەیە كە لەو قۆناخە بە باشترین شێوە پێشەنگایەتی رەوتی دیمۆكراتیزاسیۆن لە هەرێمەكە بكات و رۆڵی مێژوویی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و لەم پێناوەشدا لە هەرچەشنە فیداكارییەك درێغی نەكردووە و ناشیكات.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK
2012-01-18




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە