کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


‌ به‌ گۆڕانخوازانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ،پێشکه‌شه‌.

Monday, 19/10/2009, 12:00


ئه‌م کاته‌تان باش !

‌هه‌ژده‌ ساڵ حکومڕانی کورد به‌ مۆنۆپۆڵکردن و به‌هه‌ده‌ردانی ملیارده‌ها دۆلاره‌وه‌ به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ،‌ دووهێزی خۆسه‌پێنه‌ر ته‌نها به‌ باکگراوندی خه‌باتی شاخ، دوای شه‌ڕی ناوخۆیی له‌سه‌ر سیاسه‌تی په‌نجا به‌ په‌نجا به‌رده‌وامه‌ وپه‌یمانی پێکه‌وه‌ قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات و قوتی خه‌ڵکیان له‌نێو خۆیاندا واژۆکردووه‌ و به‌ نادیموکراسیترین شێوازیش به‌رگری له‌ مانه‌وه‌یان ده‌که‌ن .

دوو دیارده‌ی زه‌ق به‌ڵام ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یه‌کدی له‌ کوردستاندا به‌رچاو ده‌که‌ون .

1- به‌سامانی نه‌ته‌وه‌وه‌ خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ‌سیاسییه‌بازرگانه‌کان .به‌ده‌ستهێنانی ڤێللا وباخ و مه‌له‌وانگه‌ی تایبه‌ت ومێزی خواردنه‌وه‌ وشه‌وه‌ئاهه‌نگی ڕازاوه‌ وخۆشگوزه‌رانی خزم ودۆسته دوور و‌نزیکه‌کانیان.ته‌شه‌نه‌کردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی سیاسیی وحیزبی وئیداری تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی مه‌ترسی گه‌وره‌ی بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی درووستکردووه‌.

2- دیارده‌ی هه‌ژاری وبێکاری ،کوشتنی هه‌زاران مێینه‌ ،چاره‌نووس و پاشه‌ڕۆژ نادیاری گه‌نجان ونه‌وه‌ی نوێی دوای ڕاپه‌ڕین ،چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌سه‌ره‌کیه‌کانی هاوڵاتیان،ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ له‌ قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ وئه‌نفال، دادگایی نه‌کردنی سه‌رۆک جاش وسیخوڕه‌کانی ڕژێم . چاوپۆشیکردن له‌ فایلداره‌حیزبیه‌کان . بازاڕی ئازادی بێ ستراتیژی بێ به‌رنامه‌. سه‌دان گرێبه‌ستی نهێنی و شاردراوه‌ له‌ خه‌ڵک. نایه‌کسانی له‌ئه‌رک ومافی هاوڵاتیبووندا و ....... تاد .

له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌م دیارده‌ناشارستانیانه‌وه‌ ،سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی وپارتی به‌ پیلانێکی پێشوه‌خت نه‌خشه دارێژراو ، هه‌ڵمه‌تێکی فراوانیان بۆ تۆمه‌تبارکردنی سه‌رکرده‌ وکادێر وڕۆشنبیر و هاوڵاتیانی ناڕازی ده‌ستپێکردووه‌ وبێشه‌رمانه‌ له‌ مێدیاکانیاندا لایه‌نه‌گرانی ئۆپۆزیسیۆنب بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ خائین ودوژمن و مونافیق ولاده‌ر ناوده‌‌به‌ن.

که‌واته‌ گۆڕانخوازانی ده‌ره‌وه‌ له‌م چرکه‌ساته‌ ناسک و وه‌رچه‌رخاوه‌دا،وه‌ک به‌شێکی دانه‌بڕاو له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ،که‌ ئه‌رکی هه‌ڵسوڕانی چالاکیه‌کانیان خستۆته‌‌ئه‌ستۆ و پشتیوانی له‌ ده‌نگ وسه‌نگی زیاتر له‌ نیو ملیۆن مرۆڤی مرۆڤدۆست وئاشتی پارێزی دیموکراتخوازی نوێخواز ده‌که‌ن ،ده‌بێت به‌کام ئیراده‌ ومۆڕاڵ وکاراکته‌ری کارکردنه‌وه‌ له‌ ئاست هه‌نگاوه‌کانی خه‌باتی ئه‌مڕۆ و داهاتوودا بن ؟

‌ له‌ پێناسه‌یه‌کی کورتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌که‌م .پاشان وه‌ڵامی ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌ گه‌وهه‌ریه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ :
گۆڕان بۆ ؟ کێن ئه‌وانه‌ی گۆڕان ده‌خوڵقێنن؟ ده‌بێت خه‌باتی داهاتوو چۆن بێت ؟

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان :
جوڵانه‌وه‌یه‌کی ڕێفۆرمیستی سیاسیی ،کۆمه‌ڵایه‌تی ،ڕۆشنبیری وجه‌ماوه‌ری به‌رفراوانه‌ وله‌ خواست وهیواکانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌‌ .‌ پاش خوێندنه‌وه‌ی وورد وزانستیانه‌ی بۆ واقیعی کوردستان وئێراق وناوچه‌که‌ وجیهان کردووه‌ وهاتۆته‌ مه‌یدان ،تاوه‌کو پشت به‌ بنه‌ما ده‌ستوری ،یاسایی ،دیموکراسیی ومه‌ده‌نیه‌کان وئه‌نجامی سندوقه‌کانی ده‌نگدان ،نه‌ک سیاسه‌تی ته‌وافوق وبڕیاری پشت په‌رده‌ی کۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌کان بکاته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک.

گۆڕان بۆ ؟
یه‌کێتی وپارتی وه‌ک دووهێزی کلاسیکی به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدار به‌ درێژایی ساڵانی به‌درێژایی قۆناغه‌کانی دوای ڕاپه‌ڕین به‌ تاپۆکردنی په‌رله‌مان وحکومه‌ته‌وه‌ خه‌ریک بوون . سامانی نه‌ته‌وه له‌پێناو درێژه‌دان به‌ سیاسه‌تی چه‌وت وحوکمی ڕه‌های بنه‌ماڵه‌ وده‌سته‌یه‌کی دیاریکراو به‌کارده‌هێنن. باشوری کوردستان له‌و سایه‌یه‌دا نه‌یتوانیوه‌ وه‌ک پێویست پێشکه‌وتنی دیموکراسی ،سیاسیی وئیداری وکۆمه‌ڵایه‌تی وڕۆشنبیری و..... تاد به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت. ده‌سه‌ڵاتی حیزب وحکومه‌ت له‌یه‌ک جیاناکه‌نه‌وه وئه‌ندام په‌رله‌مانی ده‌سته‌مۆ وملکه‌چیان درووستکردووه‌‌. سه‌روه‌ری یاسا به‌دیناکرێت،چونکه‌ بڕوایان به‌ سیستێمی دادوه‌ری وسه‌روه‌ری یاسا نیه‌. ڕێفۆرم وخۆنوێکردنه‌وه‌ ته‌نها ووشه‌ی بریقه‌داری مێدیاحیزبیه‌کانیانه‌ . ستراتیژیان به‌رامبه‌ر به‌ حکومه‌تی به‌غداد ڕوون نیه‌ و له‌ئاستی پێویستدا بایه‌خ به‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان ناده‌ن . گرفتی ئابوری وکۆمه‌ڵایه‌تی(ژنان ، گه‌نجان ، پیروپه‌ککه‌وته‌و منداڵ) زۆرن وئاوڕیان لێنادرێته‌وه‌..مێدیای ئازاد ڕووبه‌ڕووی دادگا وسزا وکوشتن ده‌بێته‌وه‌. له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکرده‌دیاره‌کانی به‌ یه‌کێک له‌گه‌نده‌ڵترین سیستێم وملیۆنێره‌بازرگانه‌نایاساییه‌کان وه‌سف ده‌کرێن. ئه‌مانه‌وچه‌ندین دیارده‌ وحاڵه‌تی تر فاکته‌ری گۆڕان ن. گۆڕانی ڕیشه‌یی له‌هه‌موو کایه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا به‌ئامانجی به‌دیهێنانی یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موو تاکێک.

نوێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌ماندا به‌ 25 کورسی وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن ڕۆڵی چاودێرده‌بینن .که‌واته‌ له‌ ئێستا به‌دواوه‌ قۆناغی لێپرسینه‌وه‌ ولێکۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و سه‌رجه‌م که‌موکورتی وخاڵه‌لاوازه‌کان ده‌ست پێده‌کات . ئامانج کاراکردنی ئه‌دای په‌رله‌مان و خستنه‌گه‌ڕی کۆی داموده‌زگاکانی حکومه‌ته‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی پێداویستیه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان وخزمه‌تکردنیان به‌ بێ جیاوازی .

کێن ئه‌وانه‌ی گۆڕان ده‌خوڵقێنن ؟
مرۆڤی گۆڕانخواز خاڵیه‌ له‌هه‌موو کینه‌ وڕق وپیلانێکی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ‌ . زمانی شیرین وداوێن پاک و ڕاستگۆیه‌.
کاتێک ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئاوا مه‌زن بکات ،که‌ خاوه‌نی که‌سایه‌تیه‌کی به‌سه‌لیقه‌ وڕۆشنبیر وهێمن و له‌سه‌رخۆبێت .بڕوای ته‌واوی به‌دیالۆگ وئاڵوگۆڕی ڕاوبۆچوون و گفتوگۆی ئاشتیانه‌ هه‌بێت .بڕیاری خێرای بێ زانیاری له‌سه‌ر هیچ که‌سایه‌تی وڕووداو وحاڵه‌ت ودیارده‌یه‌ک نه‌دات .گیانی خۆبه‌خشی ،پێکه‌وه‌کاردن وهاوکاری به‌رامبه‌ری تێدایه‌ و سه‌رکه‌وتنی هه‌موو هاوڕێیانی به‌سه‌رکه‌وتنی خۆی ده‌زانێت. سیاسه‌تی پشت په‌رده‌ وڕکابه‌ری نادیموکراسیانه‌ی ناته‌ندرووست ناکاته‌ ئامانج و هه‌وڵی درووستکردنی کوتله‌ وده‌سته‌ وگروپی جیاجیا نادات وئه‌قڵیه‌تی ناوچه‌گه‌رێتی تێدا نیه‌ وپه‌یوه‌ندیه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی بۆ ئامانجی تایبه‌ت به‌کارناهێنێت.

ده‌بێت خه‌باتی داهاتوو چۆن ‌بێت ؟
هه‌ڵبژاردنی 25.07 ی ئه‌مساڵ گرنگی بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئاستی پێشوازی جه‌ماوه‌ری به‌رامبه‌ر به‌ خۆی سه‌لماند . ئه‌مه‌ سه‌رکه‌وتنێکی بێ وێنه‌ بوو ،له‌هه‌مان کاتدا سپاردنی ئه‌رکێکی ئێجگار گه‌وره‌ ومێژوویی قورس به‌ گۆڕانخوازان .

هه‌ڵبژاردنی دیکه‌تان له‌پێشه‌ . هه‌روه‌ها دیاریکردنی فۆرمێکی نوێی تایبه‌ت به‌ شوناسی بزووتنه‌وه‌ ،که‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ جیاواز ده‌بێت له‌و فۆرم وستروکتوره‌ی حیزبه‌ ستالینی وسه‌نترالیزمانه‌ی له‌ کوردستاندا هه‌ن‌ و جه‌ماوه‌ر لێیان بێزاربووه‌.
ئاشکرایه‌ ڕیزی پشتیوانانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ گه‌شه‌کردنێکی خێرای به‌رفراواندایه‌ . به‌رنامه‌ڕێژی و کار وئامانجی هاوبه‌ش ،یه‌ک سیاسه‌ت و یه‌ک گوتاری مه‌رجی زیاتر بردنه‌وه‌ی متمانه‌ی کوردستانیان وگه‌شه‌کردنتانه‌ . ئاساییه‌ لێره‌و له‌وێ که‌سێک یان چه‌ند که‌سێک به‌هه‌ر هۆیه‌ک بێت له‌یه‌کێک له‌ وێستگه‌کانی خه‌باتدا په‌شیمان ببێته‌وه‌ . سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ دیارده‌یه‌کی نوێ نیه‌ ،له‌به‌رئه‌وه‌ نابێت ئه‌و ‌ مایه‌ی ساردکردنه‌وه‌ی کۆڕی خه‌باتتان بێت.

به‌ پێی گۆڕانکاری وپێشهاته‌چاوه‌ڕوانکراوه‌کان ، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌بێته‌ یه‌که‌مین هێز . بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ر وپێشهاته‌کان خۆتان ئاماده‌بکه‌ن . به‌ڵێ گرنگی دان بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگ و ڕێژه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سوودمه‌ندن، به‌ڵام بۆناوخۆی بزووتنه‌وه‌که‌‌ و به‌تایبه‌تی بۆ ده‌سته‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌ران زۆر گرنگه‌ له‌سه‌ر چۆنایه‌تی نه‌ک چه‌ندایه‌تی کاربکرێت.
دوای چه‌ند مانگێک کارو چالاکی وهه‌ندێک که‌موکورتی ، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن وخۆنوێکردنه‌وه له‌سه‌ر ئاستی شار وشارۆچکه‌کان ده‌ستی پێکردووه‌‌.هه‌ڵبژاردنێکی دیموکراسیانه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌سته‌یه‌کی نوێ ،که‌ ئه‌رکی کار وچالاکیه‌کانی داهاتووی بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو پێ ده‌سپێرێت. بێگومان ئه‌و هاوڕێیانه‌تان له‌ چوارچێوه‌ وپابه‌ندوونی ڕاسته‌وخۆ به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی شه‌رعی ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ و ڕێگه‌مه‌ده‌ن هیچ که‌سایه‌تیه‌ک به‌ بێ هه‌ڵبژاردن وگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌نگی زۆرینه‌ ده‌ستنیشان بکرێت.
له‌ڕۆژی کۆبوونه‌وه‌ وهه‌ڵبژاردندا ده‌رگای گفتوگۆی نێوان هه‌موو ئاماده‌بووان بخه‌نه‌ سه‌رپشت‌ و دۆستانه‌ به‌ گیانی پێکه‌وه‌ کارکردن وه‌ک یه‌ک (تیم) گرنگی به‌ سه‌رخستنی ئه‌وئه‌رکه‌ مرۆیی وئه‌خلاقیه‌ بده‌ن.
خۆکاندیدکردن ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای لێوه‌شاوه‌یی وله‌خۆڕابینی و به‌ئه‌زموونی وخۆبه‌خشی بێت ، ئه‌نجامی باشی لێده‌که‌وێته‌وه‌.
ده‌نگدان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای لێ ڕابینین له‌به‌رامبه‌ر و دوور له‌ هه‌ڵچون و بڕیاری پێشوه‌خت دراو بێت ،ئه‌وا شانسی درووستکردنی تیمێکی کارا وتۆکمه‌ وته‌مه‌ن درێژ مسۆگه‌ر ده‌کات. هه‌وڵ وماندووبوون وخه‌باتی هه‌موو تاکێک به‌رزبنه‌رخێنن و تواناکانتان کۆبکه‌نه‌وه‌ بۆ پته‌وکردنی پردی په‌یوه‌ندیتان به‌ کوردستانیانی گۆڕانخواز و لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌کانی وڵاته‌که‌تانه‌وه‌ .

به‌ڵێ دیاره‌ ئه‌رکه‌کانتان زۆر وزه‌وه‌ندن . ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکی خۆبه‌خشانه‌ن .هه‌میشه‌ له‌ بیرتاندا بێت ،که‌ ئێوه‌ له‌به‌رده‌م مه‌زنترین به‌رپرسیارێتیدان . له‌به‌رئه‌وه‌ دڵنیابن له‌ خۆتان وله‌وانه‌ی توانا وئیراده‌ی کارکردن کۆیکردوونه‌ته‌وه‌ وهه‌مووتان پێکه‌وه‌ سوود له‌م هه‌له‌ نوێیه‌ وه‌ربگرن .

به‌ڵێ سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی هه‌ر بۆ ئێوه‌ی گۆڕانخوازه‌ .که‌ باهۆزی گۆڕان ێکی ڕیشه‌یی هه‌ڵیکردبێت و به‌ توانای مرۆیی سه‌دان هه‌زار له‌خۆبردوو پشتئه‌ستوور بێت ،ئه‌وا‌ به‌هیچ هێزێکی له‌رزۆک وفشۆڵ ،که‌ ته‌نها پروپاگه‌نده‌ وکارتی گوشاری موچه‌بڕینی به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ به‌ری پێناگیرێت !!!!

  - کۆبنهاگن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە