حیزبی شیوعی سەنگەری یەکەمی یەکێتی و پارتی!

Friday, 03/02/2012, 12:00


ئەوەی، کە حیزبی شیوعی کوردستانی لە حیزبێکی قیادیی و مەیدانیی کردۆتە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتی و یەکێتی، تەنها گۆرانکارییە جیهانییەکان نییە، بەڵکو دابڕانی ئەم حیزبەیە لە هەڵوێست و دوورکەوتنەوە لە کاری مەیدانیی لەناو خەڵکدا بەگشتی و هێز و بازووی ئەندامەکانی بەتایبەتی، جگە لەوەیش ڕیبەرایەتیکردنی پۆلێک لە بەرپرس بەتایبەتی ستافە گەندەڵەکەی کەمال شاکر و حەیدەر فەیلی. ئەمانە لە داڕشتن و سیاسەتی لەرزۆک و بازرگانییکردن بەخوێنی دەیان هەزار شەهید و ماندونەناسی ئەم حیزبە لەگەل سیاسەتی ڕۆژدا کار دەکەن و خۆیان گونجاندووە.
حیزبێک خۆی پێ نیشتمانی بێت، چۆن شەرم لە خۆی ناکات، کە ببێتە بەشداربوویەکی سەرەکی کابینەکەی 31ی ئابی پارتیی!؟ حیزبێک ئەگەر حیزبی هەژاران بێت، چۆن بەرپرسەکەی، دەبێتە گوتەبێژی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەر!؟ ئەگەر حیزبێک باوەڕی بە (عەدالەت و یەکسانی) هەبێت، دەبوو لە ماوەی 20 ساڵەی راپەڕینەوە هەڵوێستێکی مەردانەی هەبووایە، شەقام بجولێنێت و لە سەنگەری هەژارانەوە بەرەو رووی چەوسانەوە و دەسەلاتیی رەهای بنەماڵە بێت، نەوەک بچێتە سەری رەش و قەڵاچۆلان و بۆ ئەو خائین و ناپاکانە بچەمێتەوە!؟
 
لەگەل سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆران و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان سەردانێکی بارەگای مەکتەب سیاسی ئەو حیزبەم کرد، باس باسی پشت ئاشان و تاوانی نەوشیروان مستەفا بوو، منیش بەهێمنی پێم وتن : ئەرێ ئیوە بەس لە پشتئاشان تاوان دەبینن و هەر لەوێ تاوان بەرامبەرتان کراوە؟ ئەرێ ئێوە ئەگەر باسی پشتئاشانیش دەکەن، بۆ ناوی تالەبانی تێدەپەڕێنن، مەگەر تالەبانی نەبوو، لە ئیستگەکەی خۆی بروسکەی دەستخۆشی بۆ هێزەکە دەنارد؟ ئەرێ ئێوە بۆ باسی لە سەدان تاوانی هاوشێوەی کانی ماسی و سالانی 73 بۆ 78 ی پارتی ناکەن؟ ئەرێ ئێوە لاتان وایە گۆران هێزی دەسەڵاتە و پارتی و یەکێتی ئۆپۆزیسیۆنە، بۆیە وا ئەوەندە بە چڕی ڕەخنە لە گۆڕان دەگرن؟
لە گەرمەی بارەگا سوتاندنەکانی یەکگرتوی ئیسلامیش لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، من خۆم پێ نەگیرا، سەردانێکی راگەیاندنەکەیانم کرد، دووبارە باس باسی مەترسی ئیسلامی سیاسیی و پاساوهێنانەوە بوو بۆ لێدانی ئیسلامیەکان، گوایە ئەوانە لە ئایندەدا دەبنە هێزێکی ترسناک و دووبارە رەخنەیان لە گۆران دەگرتەوە، کە چۆن بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنیان لەگەڵدا پێکهێناوە. ئەمجارە خۆم گرت، قسەم نەکرد و هاتمە دەرەوە، وتم ئەم شیوعیانە شەرم لە خۆیان ناکەن، سەیرە تا دوێنی ئەم ئیسلامیانە لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی لەبەرەیەکدا بوون، کەچی هیچ قسەیان نەدەکرد، تەنانەت بۆ خۆشیان لەگەڵ (پاریزگاران) و یەکگرتووی ئیسلامی بەرەی 5 قٶڵیان هەبوو، لایان شەرم نەبوو، بەڵام ئەمرۆ بۆ خاتری ئەوەی شەڕی نەیارانی پارتی بکەن، ئەو هێزە دۆستەی دوێنێ، ئەمڕۆ بە دوژمنی خۆیان دەزانن، چونکە لە پارتیی و یەکێتیی جیابوونەتەوە؟

ماوەیەکیشە مەسەلەی تاپۆکردنی شوقەکانی پەرلەمان بۆتە باس و خواسی میدیا و خەڵک ، هەروەها نامەکەی نەوشیروان مستەفاش تەکانێکی گەورەی بە ریسواکردنی ئەو پەرلەمانتارانە داوە ، بۆیە ئەم حیزبە بە حیزب و کەوادیرو دۆستەکانی، تووشی ناڕەحەتیەکی گەورە بوون، بەهەموو شێوەیەک هەڵمەت دەکەنە سەر گۆران و نەوشیروان مستەفا، ئیتر لە رێگای بەناو رۆژنامەنووسەکانی وەک رەحمان غەریب، کە یەکەم کەسیان بوو، هەموو نامەکەی نەوشیروانی خستە گومانەوە هەوڵی دا نامەکە وا نیشان بدات ئەم شەڕەی نەوشیروان دژ بەگەندەڵکاری درۆیە؟ باشە کاکە ڕەحمان دە خۆتان بوێربن و یەک بابەت لەسەر حیزبەکەی خۆشت بنووسە، داوای بکە، کە هەرچی بەرپرسە شیوعییەکانی خۆتانە لە دەسەڵاتدا با موڵک و ماڵی خۆیان ئاشکرا بکەن، بەتایبەتیی کەمال شاکر و حەیدەر فەیلی؟ شەرمە بۆ ئێوە ئەوەندە رووی پێستان قایمە، کە گەندەڵیی و خیانەت لە ناو خۆتاندا زۆرە، کەچی بۆ خزمەتی پارتیی و بنەماڵە پەلاماری لایەکی دیکە دەدەن! یان فەرموو ئەوەی نەوشیروان مستەفا دەیکات، با کەمال شاکرەکەی تۆ بیکات، کێ دەستی گرتوون، ئەگەر ئەمە هەلپەرستی و دۆرانی سیاسەتی و موڕاڵی خۆتان نەبێت ئەی چییە؟
رەحمان غەریب بە لایەوە ئاسایە ئەو قسانە بکات، چونکە ئەو یەکەم کەس بوو گوڵی لە یەخەی جەلادانی 17ی شوباتی کرد لەنزیک بارەگای لقی ٤ پارتی دا دەکرد بە ئێخەیانەوە. ڕەحمان غەریبی شیوعی ئەوەندە، بێئابڕوی سیاسی بوو، لەو بابەتەیدا نەهاتووە وردە رەخنەیەکی ڕاشکاوانە لە پەرلەمانتاری حیزبەکەی خۆی بگرێتنە، بڵیت خانم تۆ خۆت بەنوێنەری شیوعی دەزانی، چۆن لەو مینبەرەوە خۆت دەکەیتە بازرگان؟
هاژە سلیمانیش لەم رۆژەی چۆتە پەرلەمان، تا ئێستا هەڵویستێکی جیاوازیی لە چاو پەرلەمانتارەکانی پارتی و یەکیتی نەبوو، بەپێچەوانەوە چەندین جار پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و پارتی هەلوێستی بوێرانەتریان لەسەر ئازارەکانی خەڵک هەبووە، کەچی ئەم خانمە متقی نەکردووە، تەماشای دەست و هەلویستیی پەرلەمەنتارەکانی پارتی کردووە، ئەوسا لەگەڵ ئەواندا هاوڕا بووە و دەستی بەرزکردۆتەوە! ئەو خانمە دوای ئەوەی لە میدیا و ناو خەلک ، رسوای هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانە ی داوای کڕینی خانوەکانی پەرلەمانیان کردبوو، ئەوکات دێت و دەلێت واژوەکەم کشاندۆتە! ئێ خانمی بەڕیز مادام لەژێر فشاری میدیا و خەڵکدا دێیت واژوەکەت دەکشێنیتەوە، ئەوە ئیدی نایخوات، تۆش دزێک و گەندەڵێکیت، نەک شیوعییەکی خاوەن ویژدان! تۆ دەبوو لەگەڵ وازهێنانەکەشتدا دەبوایە داوای لێبوردنیشت بکردایە، یان وەک ئیسماعیل گەڵالی دەستت لە کار بکێشایەتەوە. ئاخر تۆ بەس پێم بڵێ لەم ڕۆژەی چوییتەتە پەرلەمان، کەی بۆ جارێکیش توانیوتە یەک قسەی بوێرانە بکەین، کە تەعبیر لە ئازارەکانی خەڵک بکەیت و دەسەڵاتی پێ قەڵس بکەی؟ بۆیە من رام وایە و دەڵێم، ئەمڕٶ حیزبی شیوعی حیزبێکی بێموڕاڵە بە ئەندام و بە نووسەر و بە لایەنگرەکانیشیانەوە، ئەوەی کەمێک موڕڵی هەبووبێت، ویژدانی ئازاری دابێت و هەستی بەوە کردووە خەریکە لە ئازارەکانی ئەو خەڵکە دوور دەکەوێتەوە، هاتۆتە دەرەوە ئەو حیزبە و وازی لێهێناون!


کەمال کەرکوکی لە دواین کۆنگرە ی ڕۆژنامەگەری ووتی: هاژە سلێمان بەرپرسی لیستی ئازادیی و عەدالەت واژوی خۆی بۆ گەرانەوەی دەستور بەفەرمی و بەنامە کشاندۆتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی حەیدەر و کەمال شاکر بانگیان کردبوو، پێیان راگەیاندبوو چی دەکەی ماڵ وێران، تۆ بنەمالەی بارزانیت لە ئێمە وەک زەردەواڵە لێکردوە. تۆ نازانی گەرانەوەی دەستور واتا کەمکردنەوەی دەسەلاتی سەرۆک مەسعود بارزانی؟ بۆیە بە پەلەپەل خۆی گەیاندە لای کەمال کەرکوکی (پاراستن) وتی: واژوەکەم دەکشێنمەوە ببورە هەڵە بووم؟
خەلک زۆر دەڵێن حیزبی شیوعی، کە خاوەنی 57 هەزار شەهید بێت لە (عێراق ولە کوردستان)، کە لە دوایین هەلبژاردن بۆ پەڕلەمانی عێراق 13 هەزار دەنگی هێنا، واتە ژمارەی شەهیدەکانی رابردوویان زۆرتر بوو لەوانەی لایەنگریانە، ئایا ئیتر شایستەی ئەوەیە، چیدی قسەیان لەسەر بکەی؟ ئەم حیزبە و زۆرینەی حیزبەکانی تر، کە لە هەولێر دەژین لەگەل سەدان نووسەری هەلپەرست و دوورووی قەڵەم ، هەموو ئەمانە گەورەترین پالپشتی دەسەڵاتن ، ئاخر ئەوان بەناوی حیزب و کەسانی سەربەخۆ، سەنگەری یەکەمن لە شەرکردندا دژ بە هەموو هێزو ئەو لایەن و کەسایەتیانەی کە دژی دەسەڵاتی مافیان بەرەوە روو بوونەتەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە