کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زمانى(بەشدار عوسمان)مەبڕن،زمانى سیخور دز و درۆزنەكانتان ببڕن..!

Tuesday, 15/03/2011, 12:00




بەپێى هەواڵەكان لەم رۆژانە هەڕەشەى كوشتن و زیندانى و رفاندن و زمان بڕین لە بەشدار عوسمان(بەشدار على) دەكرێت...
هەرەشە و زمان بڕین ،ئەوە پەیامى دەزگایەك و حیزبێكە كە هەست بە لێژبونەوەى بەرژەوەندییەكانى دەكرێت بەهۆى زمانەكانى حەقبێژى و راستگۆیى نوسەران و رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان، بۆیە هەر زوو فریاى لەناوبردن و زیندان و زمان بڕین دەكەن، بەتایبەت لەم كاتەیە كە هاوارى خەڵك لە دژى گەندەڵى و نایەكسانى و بەرتەسكردنەوەى ئازادییەكان لەوپەڕى خۆییدایە و رۆژانەش هەواڵى پەلاماردان و هەرەشە و زیندانیەكانى خەڵكانى نارازى و رۆژنامەنوسان دەبیستین و دەبینین،بۆیە ئەمە هەرەشە و پەیامى حیزب و دەسەڵات و دامەزراوەیەكە كە هاوارەكان و قسەكانى بەشدارەكان زیان بە پەزەكانیان دەگەیەنێ و هەرەشەیە بۆ سەر كۆشك و تەلار و رەفاهەتیەكانیان،بەڵام زیانێكى گەورە بەخۆیان دەگەیەنن و پێویستە دەستى لێهەڵگرن..
زمان بڕین و تۆقاندن و تیرۆر و توندوتیژى پیشەى كەسە نەخۆش و دەسەڵاتە دیكتاتۆر و تۆتالیەكانە ،ئەوانەى كە لە كار و كردەوەى خۆیان دڵنیان و پشت ئەستورن بە هێزى جەماوەر،هەرگیز رەخنەكانى ئێمە هێندە ئازاریان نادات كە بەم شێوەیە پەلامارمان بدەن،بەپێچەوانەوە لە زۆرێك لە وڵاتانى پێشكەوتودا دەسەڵاتى سیاسى بودجەى وڵات بۆ رەخنەگر و چاودێران تەرخان دەكات تەنها لەبەر ئەوەى كەموكوڕییەكان زوو درك پێبكەن و خزمەتى زیاترى خەڵك بكەن و كەموكورییەكان چارەسەر بكەن،بەڵام بەداخەوە لێرە تۆمەتمان بۆ دورست دەكەن و پەلامارمان دەدەن و تیرۆرمان دەكەن،(بەشدارەكان) جگە لە قەڵەمەكانیان هیچیتر شك نابەرن تا بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن..
زمان بڕینى ئێمە ئاسانە، پێویستى بە تەرخانكردنى دەیان ملیون دۆلار و سەرقاڵكردنى هەزارەها گەنجى و لاوى ئەو وڵاتە نیە،ئەو گەنج و لاوانە وەرن لە پرۆژەى وەبەرهێنان بخەنە گەڕ كە هەموو دنیا سوود لە سامانەكانمان وەردەگرێت،وەرن جیاوازى چینایەتى و سەروەت و سامانى خەڵك بگەڕێننەوە بۆ خەڵك،مناڵان لە برسان مەكوژن،گەنجان سەرگەردان و ئاوارە مەكەن،سۆز و خۆشەویستى بۆ پیر و پەككەوتوان بگەڕێننەوە،مەوداكانى ئازادى تەسك مەكەنەوە و بە ووشەكانەوە هەڵمانمەواسن ،.. .بەم شێوەیە دەتوانن زمانى ئێمە ببڕن،نەك بە لەناوبردنى فیزیكى یەكێكمان كە دڵنیابن سەدان و هەزارەها زمانیتر دورست دەبێتەوە،زمانى بەشدار پاكە و تەنها بۆ دڵسۆزى بەكارهاتوە،برۆن زمانى ئەنفالچیەكان ببڕن....
ئێمە دڵسۆز و خەمخۆرى ئەو وڵاتەین و دەمانەوێت ئێمەش وەكو هەموو ئینسانەكانى دنیا لە خۆشى و رەفاهیەتەكانى ژیان،ئازادى و بەختەوەرییەكان،پاكى و ئیمكانیاتەكان بەهرەمەندبین كە ئەمانە سەرەتاترین مافى خۆمان،دەمانەوێت ئەو وڵاتە زۆر باشتر و جوانتر بێت كە ئیمكانى هەیە،ئیمە دوژمنى كەس نین،دوژمنى گەندەڵى و نەبونى یاسا و سیستەمێكى مۆدێرنن لەم وڵاتە ئەگەریش دەسەڵات و حیزب و دەزگایەك بەم ووشانەى ئێمە لەباردەچێت ئەمە خۆى لە بنەمادا نە دەسەڵات و نە حیزبە، زمانى (بەشدارەكان)بۆ جوانكردنى ئەو وڵاتە دەبێت هەبێت و ئەو زمانانە زیاتر بكەین،برۆن ئەو زمانانە ببڕن كە جاسوسى بەسەر ئەو وڵاتە دەكەن،درۆ و خیانەت و دزى لەم وڵاتە دەكەن...
ئەمە كارەساتە،ئێمە هەرەشەمان لێدەكرێت و تیرۆر دەكرێین و تۆمەتمان بۆ دورست دەكرێت و دەخرێینە زیندانەكانەوە،كەچى دەیان دەزگاى جاسوسى و مخابراتى زڵهێز لە شارەكانى كوردستان تەراتێن دەكەن، بۆیە ئەگەر (بەشدار عوسمان)بە رووداوى هاتوچۆش تیابچیت ئەمە قەدەر نیە و رووداوێكى پیلان بۆ دانراوە چونكە رۆژانە لەسەر هەڵوێست و كارە رۆژنامەنوسیەكان هەڕەشە و پەیامى فیشەك و خوێنى بۆ دەنێرن..پێویستە دەسەڵاتى سیاسى بەخۆییدا بچێتەوە دەست بردن بۆ هەر كارێكى عەمەلى بۆ هەر رۆژنامەنوسێك و ئازادیخوازێك جاڕى كۆتاى دەسەڵاتیان دەدرێت..




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە