سەرى بێ رزق لەژێر خاك دایە
Friday, 07/01/2011, 12:00
لەبیرم دێ بەردەوام دڵخۆشیان دەكردم لەماڵەوە بە خوێندن لە قوتابخانە، باوكم
ئامۆژگارى دەكردم و پێى دەوتم ڕۆڵەگیان دەبێت باش بخوێنیت چونكە خوێندن
رووناكى یە و ئێمە كوێرین !!! چونكە نەخوێندەواریان بەكوێر لەقەڵەم دەدا !
بەسەرچاو بابەگیان ئەوەندەى لەتوانامدا بێت هەوڵ و كۆشش دەكەم ، ساڵى نوێى
خوێندن (1991) دەستى پێ كرد و خرامە بەر خوێندن و سەرەتایەكى باشمان دەست پێ
كرد، بەڵام بێزاری هەموو خێزانێكى كوردى گرتبویەوە لە دەستەڵاتى ئەوكاتى
(ڕژێمى بەعس) وەكاریگەریەكى بێ ئەندازەى دروست كردبوو لەسەر نەوەكان داهاتووى
ئەم گەلە ، ڕۆژەكان بەزووى لەسەرمان تێدەپەڕین بەهۆى خۆشەویستیمان بۆ خوێندن تا
گەیشتینە مانگى (3)ى ئەوساڵە ، ئەم مانگەش لاى هەموان ئاشكرایە ناسراوە بە مانگى
(ڕاپەڕین) ڕۆژێك دەوامان ئێواران بوو گەیشتینە ناو قوتابخانە ، حاجیەكى رۆح
سوكى دڵسۆزى كار گوزار لە قوتابخانە سەرقاڵى پاككردنەوە بوو، بە دەنگێكى نزم
پێى ووتین ئەمڕۆ دەوام ناكرێت بگەڕێنەوە، ئێمەش بەهۆى تامەزرۆیمان بۆ خوێندن
پێداگریمان كرد لە مانەوە ، بەڵام ناچاربوو ووتى لەقوتابخانە تەقینەوە دانراوە بۆ
ئەوەى بگەڕێنەوە، لەگەڵ بیستنى ئەم وشەیە بەپەلە بەرەو ماڵ گەراینەوە... پێش
گەیشتنمان بەماڵ تەقەكردن دەستى پێ كرد ... هەواڵ درا راپەرین دەستى پێ كردووە
لە زۆربەى شاروشاروچكەكانى كوردستان . ئەنجامیش سەركەوتن بوو، قۆناغێكى نوێ هاتە
پێشەوە هەموان دڵخۆش بوون بەڵام زۆرى نەخایاند كۆڕەو دەستى پێ كرد، هەر
خێزانێك ڕوى لەشوێنێك كرد .. لەپاش گەڕانەوە، بەهەناسەیەكى نوێ و بە
هیوایەكى زۆرەوە دەست كرایەوە بە خوێندن لەلایەن قوتابیان و خوێندكارانەوە.
بەڵام چەسپاندنى ئابڵوقەى ئابورى عێراق سەرەتایەكى نوێ بوو بۆ چەوساندنەوەى
گەلانى عێراق و گەلى كورد بەتایبەتى ئەویش لە ئەنجامى سەر كێشیەكانى ڕژێمى
بەعسى عێراقى بۆ سەر ووڵاتانى دراوسێ ، هەموان دەزانین چ گورزێكى گاریگەرمان
چەشت بەم هۆیەوە خەڵكى بەزۆرى لەبیرى پەیداكردنى بژێوى ژیانى ڕۆَژانەدابوو نەك
خوێندن و فێربون ، بەڵام كۆمەلێك لەبەرمبەرى ئەم نارەحەتى و ناخۆشیەیانە چۆكیان
دانەداو بەردەوامبون لەسەر خوێندن و بڕینى قۆناغەكانى ، خوێنەرى بەڕێز: باسى
سەختیەكان ناكەم چونكە هەموان دەزانین زۆربەى هاوڵاتیان تواناى دابین كردنى
ژەمێكى ڕۆژانەى نەبوو، قۆناغێكى سەختتر بەرۆكى گرتین كە ئازارەكانى شیاوى
لەبیركردن نیە بۆ كەسێك كە هەستى هەبێت و ژیرى لەدەست نەدابێت ئەویش (شەڕى
براكوژى) بوو ، هۆكارى فراوانكردنى دەستەڵات و قەڵەمڕەوى و تێر كردنى ئارەزووى
كەسایەتیە سیاسیەكانى (پارتى و یەكێتى) بوو، كەئەنجامەكەى قڕكردنى بەشێكى زۆرى
خەڵكى كوردستانى لێكەوتەوە و گەنجانیش پشكى شێریان بەركەت.هەروەهائەم شەڕە ماڵ
وێران كارە بو هۆى دوركەوتنەوەى رێژەیەكى زۆر وبەرچاو لە گەنجان لەناوەندەكانى
خوێندن هەروەها هێنانە كایەیى مۆدیلێكى تاڵ لە حیزبایەتى و ئاوارەبون و گرتن و
كوشتن بەبێ بونى پاساوى دروست كە هەموان توشى چەندین گرفتى (كۆمەڵایەتى و ئابورى
و نەخۆشى دەروونى ...) بوون ، سەروەرى یاسا و دادگاكان لەسەر زمان زۆر ئاسانەو چاو
بەستى كۆمەڵێكى باشیان پێ كردوە، باسى ئەم قۆناغەش ناكەم چونكە بڤەیە، ئیستا كەس
خۆى بەرپرسار نازانێت بەرامبەر بەو تاوانانەى ئەنجامین داوە ، رێكەوتنامەى
ستراتیژى خۆش بیت و بەردەوام بێت ، حاڵى دایكانى جەرك سوتاو هەروا دەبێت ،
لەچاوەروانى رۆلەكانیان شەو بە رۆژ دەكەنەوە، قۆناغێكى نوێ دەستى پێ كرد بە قسەى
خۆیان ناویان لێنا (پرۆسەى ئازادى عێراق) لەلایە ئەمریكاوە ، هەروەها هەندێكى
تر بە پرۆسى بەتاڵان بردن و بەرەڵاكردنى سامانى عێراق ناویان دەبرد ، با لەوەش
گەڕێین بزانین ئەنجامى ئەو قوتابى وخوێندكارانەى ئەم هەموو قۆناغە سەختانەیان
تێپەڕاند لە هەرێمى كوردستان بەكوێ گەشتن ، هەر زۆر ئاسانە هەموان دەزانین
ئەوەى سەرى گەورەى نەبێت لەیەكێك لەم دوو حیزبە دەستەڵات دارە ئێستا زۆر
بەڕێزەوە لەتەمەنى (22) ساڵیەوە پاش تەواو كردنى چەندین ساڵى خوێندن،
خانەنشینى دەكات لەماڵەوە ، ئەوەش رێزى ئەو ماندوبونەیە كە لەپێناوى خوێندن
كێشاویەتى ، روو لە هەر دامودەزگایەكى ئەم هەرێمە دەكەیت لەجیاتى پێشوازى كردن
زۆر بەگەورەى و بە جوانى نوسراوە (تكایە دامەزراندن نیە) ، ئەى باشە خۆ
هەواڵێكم بیستوە دەلێن ناوى كۆمەڵێك گەڕاوەتەوە لەزۆرێك لەبەڕێوەبەرایەتی
پەروەردەكان ڕاستە؟ بەڵى ڕاستە بەڵام من و تۆ ناگرێتەوە چونكە ئەوان لە ڕێگە
(لق و مەڵبەندەكان)ى پارتیەوە یەكێتیەوە ناویان گەراوەتەوە. تۆش چاوەروانبە
خوا گەورەیە (سەرى بێ رزق لەژێر خاكدایە).
(
[email protected])
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست