کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گومانێك

Friday, 13/04/2012, 12:00


بینەرێکی کەنالی ئێن ئار تی دواى پتر لە مانگێك لە رووداوەكەى كوشتنى مامۆستا ئەمریكیەكە لەلایەن خوێندكارێكیەوە، دایكوباوكى ئەو خوێندكارە دێنە سەر تەلەفزیۆن و هەڕەشە دەكەن و هەندێك نهێنى سەیر ئاشكرا دەكەن و بەگوتەى خۆیان هەندێكیشیان دێلنەوە بۆ كاتێكى دیكە و داواى لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن...! ئەم دەركەوتنەى دایكوباوكى ئەو خوێندكارە لەو كاتە و لە تەلەفزیۆنێك كە بەناو بێ لایەنە یان ئەهلیە، زۆر پرسیار و نیشانەى سەرسووڕمان قووت دەكەنەوە. لەوانە:
بۆچى لەو كاتە و دواى ئەو ماوە درێژە دەردەكەون پاش ئەوەى هەر دواى رووداوەكە بە ماوەیەكى كەم باوكى ئەو خوێندكارە باوەشى بە باوكى مامۆستا كوژراوەكە كرد و رایگەیاند كە ئەوان هیچیان لەسەر ئەوان نیە و دایكوباوكى مامۆستا ئەمریكیەكەش بەهەمان شێوە، تا ئەو رادەیەى كە تەرمى كوڕەكەى خۆیان نەبردەوە بۆ وڵاتى خۆیان و هەر لەو شارە ناشتیان وەكو نیشاندانى نیازپاكى و هاوسۆزیەك...؟
جێى سەرسوڕمانە باوكى خوێندكارەكەى كە مامۆستاكەى كوشت و خۆشى كوشت، هەر زوو دواى رووداوەكە بە وتارێك داواى كرد كە هیچ گۆڤار و سایت و لایەن رووداوەكە نەقۆزنەوە..! چونكە تەنیا رووداوێك بوو هات و بڕایەوە و لەئەنجامى هەڵچوونێكى كاتى خوێندكارەكە بوو و هیچ پاشخانێكى ئایینى و سیاسیى نیە...؟
هەر جێى تێڕامانە كە دواى ئەو ماوەیە دایكوباوكى ئەو خوێندكارە لە تەلەفزیۆن دەربچن و هەڕەشە و گوڕەشە بكەن و هەندێك نهێنى ئاشكرا بكەن كە ببنە هۆى شڵەژانى دایكوباوكانى خوێندكارەكانى دیكەى ئەو خوێندنگەیە و لە تەلەفزیۆنێكیش ئەوانە رابگەیەنن كە بەقسان ئەهلى و بێ لایەن و بواریش پتر بە دایكەكە بدرێ كە بەو سۆزەوە باسى رێكوپێكیى كوڕەكەى بكا و باوكەكەش بەو جوامێرەى كوڕەكەى شانازى بكا كە وەكو پیاوێك رەفتارى كردووە...
ئەمانە و زۆر پرسیارى دیكە كە من لەلام دروستبوون مایەى تێڕامان و لێكۆڵینەوەن.
هەموو دەزانین ئەو خوێندنگایە ئەمڕۆ نیە دامەزراوە بەڵكو ماوەیەكى زۆرە و ئەوانەى تێی دەخوێنن منداڵى بەرپرس و دەسەڵاتدار و خاوەن نفووزن. ئەوانەش كە منداڵەكانیان بەخواهشتى خۆیان و رەنگە بە واستەش رەوانەى ئەو خوێندنگایە كردووە و چاكیش دەیانزانى كە مامۆستاى بیانى و، وەكو دەڵێن لادینى، تێدایە و تەنانەت خوێندن تێیدا بە زمانى ئینگلیزیە. ئەو دایكوباوكانە زانیبیان یان نا، ئەوا لایان روون بووە كە ئەو خوێندنگەیە تایبەتە و بۆ ئەوەیە پیاوى دوارۆژى دیار و خاوەن پەروەردەى تایبەت دروست بكا و بێگومان دەستى دەسەڵاتیشى لەپشتەوە بووە. ئەوانەش كە دەنێردران بۆ وانە گوتنەوە و پەروەردەكردن ئەوا بێگومان هەڵبژێردراون و بەبێ ئاگادارى دەسەڵاتى وڵاتەكەیان نەبوون. رۆژاوا و ئەمریكا بەتایبەت دەزانن كە كورد لەئەنجامى چەوسانەوەى بەدەستى عەرەب لەعێراق ئەوەندە سۆزیان بۆ نەتەوەى عارەب و ئایینەكەیان نیە و بگرە ئایینى ئیسلام بەهۆكارى دواكەوتن و ژێردەستەیى كورد دەزانن، بۆیە ئەوان دەیانەوێ ئەوە بقۆزنەوە و بۆ دوارۆژى ئەو نەتەوە و ناوچەیە كەسانێك پەروەردە و گەورە بكەن كە ئەگەر رۆژێك هاتو دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئەوا هاوسۆزى ئەوان بن. دایكى ئەو خوێندكارە لە دیمانەكەیدا دەیگوت و دەیگوتەوە كە كوڕەكەى هەمیشە باسى ئەوەى دەكرد كە مامۆستا ئەمریكیەكە گاڵتە بە پێغەمبەر و ئایینى ئیسلام دەكا و زۆر لە هاوڕێكانى لەدین گۆڕیوە و وەكو باوكەكەى گوتى وشەى (كۆنڤێرت) ببووە وێردى سەرزمانى ئەو منداڵانە. ئەگەر راست دەكەن ئەوەندە خەمى پێغەمبەر و ئایینى ئیسلامن بۆ زوو منداڵەكەیان دەرنەدەهێنا و رەوانەى خوێندنگایەكى دیكەیان نەدەكرد، ئەمە وەكو ئەزعەفوئیمان..؟ كوڕەكەى ئەوان ئەوەندە منداڵ نەبووە و تەمەنى نزیك هەژدە و لە قۆناغێكى پێشكەوتووى خوێندندا بووە. ئەوان دەڵێن ئەو كوڕە هیچ پێیەوە دیار نەبووە كە خۆى بۆ كارێكى وا ئامادە كردبێ و كە لەماڵیش دەرچووە چەكى پێ نەبووە... باشە دەبێ لایەنێك هەبێ ئەو چەكەى بۆ هێنابێ و ئەوى ئامادەكردبێ بۆ ئەو كارە..! ئاشكرایە ئەو كوڕە لەتەقەكردن شارەزا بووە و هیچ گوللەیەكى بەفیڕۆ نەداوە و كەسى دیكەشى بریندار نەكردووە. ئەمانەش هەموو جێى تێڕامانن.. خۆ یەكەمجاریش نەبووە كە ئەو مامۆستایە وانەكانى بەنوێژى كڵیسایى دەست پێكردووە...؟
ئەوانە بەڕاى من، هەمووى لەوەوە خۆى دەبینێتەوە كە ئەو باوك و دایكەى خوێندكارەكە لەكاتى رووداوەكە كە ئەوەندە بە هێمنى و بەبێ هەڵچوونەوە مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەكە كرد، چاوەڕێى ئەوە بوون كە حكوومەتى ئەمریكا خەڵاتیان بكا یان هەرنەبێ بەرپرسە كوردەكانى كە خزمى نزیكى خۆیانن و حكوومەتى هەرێم پاداشتێكى ئەوەیان بەباشى بداتەوە یان هەر لایەنێك كوڕەكەیان بەشەهید ناوببا و ناووناوبانگێكى پێ وەدەست بێنن... بەڵام كە ئەوە رووى نەدا و نە حكوومەتى ئەمریكا خۆى لێ كردن بەخاوەن و نەحكوومەتى هەرێم و بەرپرسەكانیش ئەوەندە بایەخیان بە رووداوەكە دا... ئەوە بووە هۆى كاردانەوە لەلایەن دایكو باوكى كوڕەكە و كەوتنە بیانوو هێنانەوە و پەلەقاژە و پەنایان بۆ ئەم و ئەو برد و خۆیان پێ رانەگیرا و هاتنە سەر تەلەفزیۆن و گەفیان كرد...
بۆ لەم تەلەفزیۆنە..؟ دەڵێن تەلەفزیۆنێكى ئەهلى بێلایەنە...! دەبێ كەس بەو دوعایە بڵێ ئامین..؟ ئاخر لەكوردستانێكى كە هەر جێى هەژار و برسیان بووە، ئەمڕۆ ملیۆنێرى لێ پەیدا بووە، كەى دەوڵەمەندى وامان هەبووە سەرمایەیەكى وا گەورە لە تەلەفزیۆنێك خەرج بكا كە ساڵانە ملیۆنان دۆلارى تێدەچێ هەر لەبەر خاترى چاوى میللەت..؟ ئاخر تا ئێستا پارەدارى وامان نیە خوێندنگایەك دروست بكا یان خانووێك بە هەتیوو و بەساڵاچووان ببەخشێ. ئەو تەلەفزیۆنە و ئەوانەى هاوشێوەى ئەون ئەگەر دەسەڵاتێكى پارەداریان لەپشتەوە نەبێ بەخودا دوو هەفتە دەوام ناكەن... ئەدى ئەگەر بێلایەنە بۆچى هەواڵەكانى و بەرنامەكانى ئەوها بەیەك ئاڕستەیە...؟
بەهەرحاڵ زۆر نهێنى هەیە كە رۆژگار لەو رووداوە ئاشكرایان دەكا ئەگەر زوو بەرپرسان و حكوومەت بەهانایەوە نەچن....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە