خوا قەزای تەلەفۆنكەو خا لێم، ئەمجارە منت بیرنەچێت..
Sunday, 06/02/2011, 12:00
خەجاڵەتم كە نازانم مسەقەفانە قسەكەم و بە زمانێكی پاراو بنوسم. گەورەم منیش تاكێكی ئەم كۆمەڵەم و خەم و مەینەتییەكان زۆر شتی بیر بردومەوە.
ڕەبی سەد شوكور ئەمڕۆ كارەبا نەبوو دانیشتبووم بە دیار ڕادیۆوە، گوێم لە هەواڵێك بوو كە جەنابت تەلەفۆنت بۆ سەرۆك موبارەكی میسر كردووە و باسی متمانە و دۆستایەتی و خەمخۆریتانت كردووە، خوا دەزانێت ئەگەر من ڕەقەم تەلەفۆنەكەیم لابووایە ئاوا جەنایتن بێزار نەئەكرد، بەڵام زۆر دەمێكە خەو بەوەوە ئەبینم لە سوچێك.. لە گۆشەیەك.. یا لەو كاتەی لەسەر شۆستەی شەقامەكانا سەوزە دەفرۆشم، بێن موقابەلەیەكم كەن. بەشكوم ئێه خوایە ئەو پیاوە لەو كاتەیا لەماڵەوە سەیری تەلەفزوێن بكات.. (ئۆه كەس جەرگی نەسوتێ خوایە) پرسیارم زۆر لەو سەرۆكە هەیە جا ئیشەڵڵا بەو هیوایەم بە زمانی موبارەكی وەڵامم باتەوە، بەڵام كەس نەهات.. ئاخر كێ ئەمدۆزێتەوە ؟! كێ موقابەلەم ئەكا؟!! ئاخر من روخسارە ناشیرینەكەی وڵاتم.. من موخالەفەم.. خۆم ئەزانم دیمەنی شار تێك ئەیەم .. خۆپەرستم و خاینم بەم وڵاتە، یەك دانە مەتر شۆستە داگیر ئەكەم بۆ ئەوەی بژێوی كوڕەزا هەتیوەكانم پەیدا بكەم (دایكت كوێر بێت رۆڵە ئەوە 14 ساڵە ئیتر بێ هیوام لە گەڕانەوەت بۆیە وا بە مناڵەكانت ئەڵێم هەتیو، ئاخر ئەڵێن ڕەنگی هەتیو دیارە كزەی جەرگم)..
دەی سەرۆك با هەر خەمەكانم نەزانی و بێمەوە سەر باسی تەلەفۆنەكە، توخوا گەر ئەمجارە تەلەفۆنت كردەوە بەو كاك موبارەكە بڵێ، كەنیشكەكەم بۆ بنێرێتەوە ؟ ئەو كاتەی ئەنفالیان كردین ئەویان لێ دور خستمەوە لەگەڵ دەستە خوشكەكانی بردیانن، شەو خەوم بینی لەگەڵ كەنیشكەكانی هاوسێمان لە میسر بوون، ئەیوت فریامان كەون، خۆ ئێمە بێكەس نین. توخوا بڵێ مردم ئەوەنە بەسەر وێنەكانیا گریام ، توخوا سەرۆك مادام تۆ ئەیناسی ئەو تەكلیفەم بۆ بكە. بڵێ دایكی جەرگ سوتاوە و لەوەتەی هەیە خێری لەخۆی نەبینیوە و داوادەكات كچەكەی بۆ بنێریتەوە بۆ باوشی دایك و گەرمیانە دوجار ئەنفالكراوەكەم.
6/2/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست