کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وه‌زیری شه‌هیدان سوکایه‌تی به‌روفاتی ئه‌نفالکراوه‌کانه‌وه‌ ده‌کات

Monday, 26/09/2011, 12:00




ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌ کوردستان پۆستدا نوسراوێکم خوێنده‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌زیری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالکراوه‌کان به‌ ناونیشانی (وه‌زیری شه‌هیدان‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی کار ده‌کات) دیاره‌ من وه‌ک کوره‌ ئه‌فالکراوێک گومانم ده‌کرد که‌ بێویژدانی کرابێت به‌رامبه‌ر به‌و وه‌زیره‌و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری باس کراوه‌ ڕقێکی شه‌خسی بوبێت و ئه‌وانه‌ی باسکرابون له‌سه‌ری ته‌نها بوختان بن .
به‌‌ڕیکه‌وت له‌م شه‌وانه‌دا له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ هێنانه‌وه‌ی ڕوفاتی چه‌ند ئه‌نفالکراوێکیان پیشاندا ‌ له‌ شاری دیوانیه‌وه‌ له‌ مهاری یه‌کو مهاری دوو دۆزراونه‌ته‌وه‌و هێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان که‌ ژماره‌یان (495) ڕوفات بووه‌ ته‌نانه‌ت له‌و ژماره‌یه‌ ته‌نها (100)ڕوفاتیان ناردۆته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان (395) ڕوفات له‌ پزیشکی دادوه‌ری نه‌جه‌ف‌و به‌غداد ماونه‌ته‌وه‌ .خۆزگه‌م ده‌خوازت ئه‌و دیمه‌نه‌ دڵته‌زێنه‌م نه‌دیبایه‌ که‌ چۆن سوکایه‌تی به‌ئێسک ‌و پروسکی ئه‌و قاره‌مانانه‌وه‌ ده‌کرا به‌ به‌رچاوی که‌سوکاره‌کانیانه‌وه‌ .
له‌ دوای بینینی ئه‌و دیمه‌نه‌ دڵنیا بوم له‌وه‌ی که‌ ئه‌و نوسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زیره‌ بێ ئه‌زمونه‌ نوسیبو پڕ به‌ پڕی خۆی که‌سایه‌تی ئه‌و مرۆڤه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندبو که‌ چه‌ند شه‌خسێتێکی بێ تواناو خۆپه‌رست‌و کاڵو کرچه‌ له‌ڕوی شاره‌زایی کاره‌که‌یه‌وه‌ که‌ پێێ سپێردراوه‌ بۆ خزمه‌ت کردنی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان‌وئه‌لفالکراوه‌کان.
نیشاندانی ته‌رمی هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌رمانه‌ جگه‌ له‌ سوکایه‌تی کردنی ئه‌و شه‌هیدانه‌و کولانه‌وه‌ی برینی که‌سوکاره‌کانییان هیچ ڕیزو حورمه‌تێک به‌دی نه‌ده‌کرا نه‌ له‌ بینینی ئێسکو پروسکی ئه‌و نه‌مرانه‌و نه‌ له‌ وته‌ بێنرخه‌کانی جه‌نابی وه‌زیردا که‌ به‌ مژده‌و ده‌ست که‌وتێکی مێژویی گه‌له‌که‌مان ئاماژه‌ی پێده‌کردو ده‌یدایه‌ قه‌ڵه‌م.
ئاخر ئه‌ی وه‌زیری خۆفرۆش ئه‌ی وه‌زیری گێل‌ و نه‌فام.... کام؟ ده‌ست که‌وت کام مژده‌ ؟ بۆ که‌سوکاری ئه‌و شه‌هیدانه‌ ، هه‌مومان به‌چاوی خۆمان بینیمان وه‌ک دوکانێکی دارتاشی به‌ مشارێکه‌وه‌ که‌وتبونه‌ بڕینه‌وه‌ی ئێسکه‌کانیان وه‌ک ئێسک و پروسکی گیانه‌وه‌رێک به‌ به‌رچاوی تێگڕای جیهانه‌وه‌ که‌وتبونه‌ شکاندن و بڕینه‌وه‌ی ئێسقانه‌کانیان به‌ پاساوی ناسینه‌وه‌یان ته‌مه‌نی کاتی شه‌هید بونیان، ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی ئێوه‌ی بێ باک له‌ ئازارو خه‌می بنه‌ماڵه‌کان برینی هه‌زاران خێزانی ئه‌نفالکراوتان نوێ کرده‌وه‌و سه‌لمانیشتان بۆ جیهان ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وه‌ی ڕێزو حورمه‌تی لێنه‌گرن شه‌هیدو ئه‌نفالکراوه‌کان‌ و بنه‌ماڵه‌کانیانه‌.
گه‌ربتان ویستایه‌ دڵنیاش بن له‌ ناسینه‌وه‌ی که‌سایه‌تیه‌کان پێویستی به‌و خۆده‌رخستنه‌ نه‌ده‌کرد له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فیزۆنه‌کانه‌وه‌ بکه‌ونه‌ که‌رت و په‌رت کردنی ئێسقانه‌کانیان، له‌ولاشه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک عه‌لاگه‌ی ڕه‌ش دا بنێنو ئێسکی پیرۆزیان بکه‌نه‌ ناو ئه‌و عه‌لاگانه‌وه‌.
سوکایه‌تی کردن به‌ شه‌هیدان به‌ ئه‌لفالکراوه‌کان له‌ ئه‌ستۆی تۆی وه‌زیردایه‌ ئێوه‌ بڕیار ده‌ری یه‌که‌من له‌و سوکایه‌تی کردنه‌ی که‌ کرا به‌ رامبه‌ر به‌ ئه‌و نه‌مرانه‌، پاشان دۆزینه‌وه‌و هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌رمانه‌ نه‌ ئازایه‌تی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان بووه‌و نه‌ هی وه‌زیره‌که‌شی به‌ڵکو له‌ رێی وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌و روفاتی پیرۆزیان ده‌رهێنراوه‌ته‌وه‌و ڕه‌وانه‌ی پزیشکی دادوه‌ری شاری نه‌جه‌فی پیرۆز کراوه‌و.
پاشان له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حکومه‌تی عێراقی فیدڕاله‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی کوردستان کراونه‌ته‌وه‌و هیچ ماندو بونێکی نه‌ وه‌زیری شه‌هیدان‌ و نه‌ هیچ کارمه‌ندێکی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی پیوه‌ نه‌بووه‌ ، باشتر وابو وه‌زیری مافی مرۆڤی عێراقی بهاتبایه‌‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزۆنه‌کان‌و ورده‌کاری ئه‌و ڕوفاتانه‌ی بۆ گه‌لی کوردو سه‌رجه‌م جیهان باس بکردایه‌ ! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م له‌ڕوی قوربانیه‌وه‌ کوڕه‌ شه‌هیده‌و هه‌م له‌ ڕویه‌کی تروه‌ وه‌ک یاسا ئه‌وان هاڵساون به‌و کاره‌ پیرۆزه‌ نه‌ک وه‌زیرێکی نه‌شاڕه‌زای وه‌ک مامۆستا ئارام که‌ بیه‌وێت بێ توانایو لاوازی خۆی پشارێته‌وه‌و بێ ئه‌زمونی له‌ ئیداره‌دا دیزه‌ به‌ده‌رخونه‌ بکات به‌ چالاکیه‌ک هه‌رگیز ماڤی به‌سه‌ر ئه‌و کاسایه‌تیه‌وه‌ نه‌بێت.
پێویسته‌ ئێمه‌ی بنه‌مه‌ڵه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کان‌و تێگڕای بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ده‌نگمان بخه‌ینه‌ پاڵ ده‌نگی ئه‌و نوسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ی ئاماژه‌ی به‌ بێ‌ توانایو خۆفرۆشی ئه‌و وه‌زیره‌ کردبو داواشی له‌ به‌رپرسانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان کردبو هه‌رچی زوتره‌ ئه‌و وه‌زیره‌ نه‌شاره‌زایه‌ له‌و شوێنه‌ پیرۆزه‌ لابده‌ن‌و که‌سێکی دڵسۆزو شیاو بخه‌نه‌ جێگاکه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی چیتر له‌وه‌ زیاتر بواری پێنه‌درێت سوکایه‌تی به‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالکراوه‌کان‌و ته‌نانه‌ت یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیشه‌وه‌ بکات.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە