کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەندەكانى دواى هەڵبژاردن

Thursday, 03/09/2009, 12:00



لەغیابى ئۆپۆزیسیۆندا میدیا سەربەخۆكانى كوردستان هەمیشە دەكەوتنە سەنگەرێكەوە كە وێنا دەكرا بەسەنگەرى ئۆپۆزیسیۆن بوون، ئەگەرچى ئەوە ئەركى میدیاى ئازاد نەبوو كە ئەو رۆڵە ببینێت، بەڵام میدیا سەربەخۆكان رۆڵێكیان ئەدا كرد، سەرەنجام هۆشیاریى كۆمەڵگایى گەیاندە ئاستێك تابتوانێت لەهەناوى خۆیدا ئۆپۆزیسیۆنێكى كاریگەرو بزێو بهێنێتە نێو گۆڕەپانى سیاسییەوە. هەڵبژاردنەكانى25 تەمووز كۆتایى قۆناغێكى راگەیاند دەسەڵاتێكى شێواو و تێكەڵ و پێكەڵ لەرووى سیاسیى وئیدارییەوە بەڕێوەى دەبرد، دەسەڵاتێكی سەرەڕۆ تا ئەو ئاستەى ئامادە نەبوو بۆ هیچ بڕیارێك بگەڕێتـەوە بۆ راى جەماوەرو هەمیشە ئەم دەسەڵاتە كۆمەڵانى خەڵكى بەقەرزاربارى خۆی زانیوەو پێیوابوو دەبێت لەپێناوى جێبەجێكردنى هەر پڕۆژەیەكدا هەزاران جار مەتح وسەناو سووپاسگوزار بكرێت.
پێش25-7 دەسەڵاتەكانى یاسادان، جێبەجێكردن، دادوەریى، بەمیزاجى هەردوو مەكتەبى سیاسیى بەڕێوە دەبران، هەر هەنگاوێكى یاسایى یان جیبَەجێكردنى هەر پڕۆژەیەك ئەگەر میزاج ویستى ئەوانى لەسەر نەبووبێت جێبەجێ نەكراوە. ماوەى (19)ساڵە ئەم دەسەڵاتە بەبێ ئۆپۆزیسیۆن وبەبێ بوونى هێزێكى ركابەر هەر چییەكیان ویستبێت ئەنجامیانداوەو هیچكاتێكیش ترسى ئەوەیان نەبووە كەهێزێك هەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات. پەرلەمانى كوردستان لەماوەى ئەم نۆزدە ساڵەدا نەك نەیتوانیوە تەنیایەك كاربەدەستى حكومى لەسەر كارەكەى دەربكات، بەپێچەوانەشەوە هەمیشە لەرێگاى ئەم دەزگا گرنگ وباڵایەوە شەرعیەتی بەكارە نایاساییەكانى دەسەڵات دراوە. ئەگەرچى ئێمە لەواقعى حاڵدا چەندین حزب یان رێكخراوى سیاسیمان هەیە بەڵام ئەوحزبانە لەچەپەوە بۆ نەتەوەى تادەگات بەئیسلامییەكانیش هەمیشە لەئاستى پارتى ویەكێتـى خۆیان، بەبراى بچووك زانیوەو بەبەشى خوارەوە رازیبون، پەیڕەونەكردنى سیاسەتى ئۆپۆزیسیۆن بوون لەلایەن ئەو حزبانەوە لەساڵانى رابردوودا زیانێكى زۆری گەیاندووە بەپرۆسەى سیاسیى لەهەرێمى كوردستان ولەگەڵ ئەوەشدا بەشێكیانى بەرەو لاوازبوون یاخود پووكانەوە بردووە. هەڵبژاردنەكانى25 تەمووزیش ئەو راستییەى پیشانداین، ئەو سیاسەتە بەزیانى خۆیان تەواوبووەو تەنیا یەكێتى وپارتى لێى سودمەندبوون، بەدەستنەهێنانى رێژەى (1%) دەنگەكان لەلایەن شەش حزبى چەپى هاوپەیمان لەنێو یەك لیستدا گەواهیدەرى ئەو راستییەى سەرەوەیە.
بێدەنگبوونى ئیسلامییەكانیش لەتێپەڕاندنى رەشنووسى دەستوورو بەشداریكردنیان لەحكومەتى پێشوودا زیانى لەقازانج زیاتربووە كەمبوونەوەى كورسییەكانیان لەپەرلەماندا هەردوو حزبى یەكگرتووى ئیسلامى، كۆمەڵى ئیسلامى گەیاندە ئەو باوەڕەى بەخۆیاندا بچنەوەو یەكەمین هەنگاویشیان لەوەدا بەرجەستەبوو بەشداریى لەحكومەتدا نەكەن وهەڵەى پێشوویان دووبارەنەكەنەوە، ئەو فاكتەرەى هانى ئیسلامییەكانى داوە بۆ ئەم هەنگاوە پێویستەوگرنگە، سەركەوتنى گەورەى لیستى گۆڕان بوو كەتوانى بەماوەیەكى كورت بەهۆى رەخنەى توندەكانى و رەتكردنەوەى دەستوورو ئاشكراكردنى خاڵە لاوازەكانى دەسەڵات بێ سڵكردنەوە لەهەڕەشەكانى پارتى و یەكیـَتى لەم پەڕلەمانە نوێیەدا " 25" كورسى بۆخۆى مسۆگەر بكات ودەنگە ناڕازییەكان لەخۆى كۆبكاتەوە. ئەگەرچى هێشتا زوو بۆ ئەوەى دڵنیابین ئیسلامییەكان بەهەڵەكانى پێشوویاندا دەچنەوە بەڵام ئەوەى لەئێستادا پێویستەو گرنگە هەنگاوێكى بوێرانەى بۆبنرێت لەلایەن ئیسلامییەكانەوە پێشنیازكردنى هەمواركردنەوەى رەشنووسى دەستوورە، هەڵگرتنى هەنگاوێكى لەمجۆرە یارمەتیدەرێكى باش دەبێت بۆ تێپەڕاندنى ئەو شكستەى تۆماریان كردووە، لەگەڵ ئەوەى ئیسلامییەكان لەهەوڵى خۆسازدانەوەو بەخۆداچوونەوەن بۆئەوەى لەهەڵبژاردنەكانى ئەنجومەنى پارێزگاكان وپەرلەمانى عێراقدا قەرەبووى زیانەكانیان بكەنەوە.
كەچى بەپێچەوانەوە چەپەكان وەك ئەوەى نە"با"یان دیبێت نەباران، مێش لایان میوان نییەو هەر لەسەرەتاى ئاشكرابوونى دەرەنجامە سەرەتاییەكان پێشوازییان لەشێوازى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەكان كردو تەنانەت تانەشیان لەدەرەنجامە سەرەتاییەكان نەداو بەپرۆسەیەكى سەركەوتوویان ئەژماركرد! هەر لەئێستاشەوە خەریكى موجامەلەى پارتین بۆئەوەى لەحكومەتى داهاتوودا بەشدارییان پێبكات، لەم پێناوەشدا هەریەك لەحزبى شیوعى وزەحمەتكێشانى- باڵى مەكتەبى سیاسیى لەچاوەڕوانى دادوەریى پارتیدان بۆئەوەى شیوعى لەپەرلەمان بێت و لەبەرامبەریشدا پۆستێكى وەزاریى لەسەرحسابى كورسییەكەى حزبى شیوعى بدرێتە ئەو باڵە جیابووەوەى زەحمەتكێشان.
زۆر رەشبینم و لەوبڕوایەشدانیم ئەم حزبە چەپانە بەخۆیاندا بچنەوەو پەند لەم هەڵبژاردنە وەربگرن كە دۆڕاویی یەكەمن، بەخۆدانەچوونەوەیان بەئاڕاستەی قەیرانێكى قووڵتر لەوەى ئێستایان دەبات كەوەك چاوەڕێ دەكرێت بەلێكترازانى ئەو حزبانە كۆتاییان پێبێت وجارێكی ترو بۆدەورانێكی تر بزووتنەوەى چەپ دوور دەخرێتەوە لەسەر شانۆى سیاسەت لەكوردستاندا. بەدەستهێنانى نزیكەى 40 كورسى لەلایەن لیستەكانى ئۆپۆزیسیۆنەوە سەرەتاى زەنگێك بوو بۆ دەسەڵاتى پارتى و یەكێتى كە ماوەى نۆزدە ساڵە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە ئامادەنین چاكسازیى لەخۆیاندا بكەن، لەگەڵ ئەوەى ئێستا بەشێكى زۆرى كورسییەكانیان لەدەستداوە، بەڵام ئاماژەكان ئەوەمان پیشان دەدەن دەسەڵات ئامادەى بەخۆداچوونەوە نییەو سوچى گوناهەكانیش ناخاتە ئەستۆى خۆى، لەوانەش كۆمیدیتر ئەوەیە كەوتوونەتە نانبڕین وسوێندانى ئەندامان ولایەنگران ومووچەخۆرانیان رازیش نین دان بەشكستەكانیاندا بنێن و بیرێك لەهەڵە گەورەو گەندەڵییە زۆرو زەوەندەكانیان بكەنەوە. وەك خۆم هیچ ئومێدێكم نییە بەو هەنگاوانەى ئێستا دەنرێت بۆ چاكسازیى بەتایبەت لەدەڤەرى سلێمانى كەدەسەڵاتەكەى دان بەدۆڕاویى خۆیاندا نانێت، لەباتى ماڵئاوایى لەپۆستەكانیان بكەن داوا لەخەڵك دەكەن پۆستەكان چۆڵبكەن، ئەم هەڵسوكەوتەى یەكێتى هاوشێوەى رەفتارەكانى فرانكۆی دیكتاتۆری ئیسپانیایە. كاتێك خەڵك دێن بەچەپڵە لەپێش كۆشكەكەی لەدەسەڵاتی بخەن، خێزانەكەی لە خەو بەخەبەری دێنێ و پێیدەڵێت: فرانكۆ هەستە، گەل هاتووە خواحافیزیت لێبكەن، فرانكۆش دەپرسێت:بۆ؟ بۆ كوێ دەچن؟!.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە