دامەزرێنەرانى یەكێتى كەمئەندامانى كوردستان لەئەگەرى هەبوونى گەندەڵى لەڕێكخراوەكەیاندا دەكۆڵنەوە
Thursday, 02/02/2012, 12:00
لەساڵى 1996 داو لەڕۆژگارێكى یەجگار سەختدا دەستەیەك لەكەمئەندامانى ئازاو لەخۆبوردوو وێڕاى خراپى بارودۆخى ئابورى ئەوساى كوردستان و سەختى ژیان و گوزەرانیان دامەزراندنى (یەكێتى كەمئەندامانى كوردستانیان) ڕاگەیاند و ئامانجیشیان (خۆشگوزەرانى بوو بۆ سەرجەم كەمئەندامان) لەكوردستان ، هەرلەم پێناوەدا ئەم دەستەیەو ژمارەیەك لەئەندامانى تر شەوڕۆژیان خستە سەریەك و تەواوى ژیانیان بەخشییە خزمەت ئەم ئامانجەیان و هەتا ساڵى 2001 و ڕوخانى ڕژێمى بەعس لەگەڵ ئەوخراپییەى بارى ئابوورى ئەوساڵانەى هەرێمدا ئەمان خزمەتێكى گەورەیان بەڕەوش و ژیانى كەمئەندامان كرد لەهەموو بوارەكانى كۆمەڵایەتى و تەندروستى و ئابورى و هونەرى و وەرزشى و .. هتد ، تەنها هەڵدانەوەى ئەرشیفى ئەوساڵانەى ڕێكخراوەكە(ئەگەر پارێزراوبێت) سەلمێنەرى ئەم ڕاستییەن .
لەدواى ساڵى 2001 و بەنەمانى ڕژێمى بەعس بارى ئابورى عێراق و كوردستان بەتایبەت ڕووى لەگەشەسەندن كردو خێرو بێرى ووڵات بەڕوى خەڵكدا كرایەوە و هاوكات ئەم ڕێكخراوە یەكەم كۆنگرەى خۆی سازداو دەسستەیەكى نوێى دیارى كرد هەتاوەكو باشتر بتوانن سوود بەكەمئەندامان بگەیەنن و ببنە هۆكارێك بۆ گەیشتنى كەمئەندامان بەئامانجەكانیان ، ئەم دەستە هەڵبژێردراوە جارێكى ترو دوور لەویستى دامەزرێنەران و ئەندامانى ترى ڕێكخراو بوونەوە بەكارگێڕان و بەرپرس لەڕێكخراو !
ئیستا وا 10 ساڵ بەسەر كارى ئەم كارگێڕانەدا تێدەپەڕێ هەقى خۆیانە ئەندامانى دامەزرێنەرى ڕێكخراوەكە بەخەم ڕێكخراوەكەیانەوە بن و لێپرسینەوە و بەدواداچوون بكەن بۆ كارى ئەم 10 ساڵەى كارگێڕان ، هەرچەندە لەكاتى خۆیدا هەوڵى زۆردراوە بۆ لێپرسینەوە لەچۆنیەتى كاریان و ئاشكراكردنى داهات و خەرجیان بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا كەس نازانێ كێ پارەو كەلوپەلى داوە بەم ڕێكخراوەو كێ وەریگرتون و چۆن سەرف كراوەو كەلوپەلەكان بۆ چ مەبەستێك بەكاردەهێنرێت ! ؟
وائەمجارەو لەهەوڵێكى ترى یاسایی و مەدەنیانەدا دامەزرێنەران و خەمخۆرانى ڕێكخراوەكە لەنوسراوێكیاندا لە 1/2/2012 دا داوادەكەن لەبەڕێوەبەرایەتى كاروبارى ناوخۆى سلێمانى و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدەم ئەم كێشەیەیانەوە بێن و لەڕێگەى یاساوە یەكلاى بكرێتەوە ، ئەگەرنا ئەوا بڕیاریانداوە ڕێگە لەبەردەم كارى نایاسایی و ناشەفافانە بگرن كەلەڕێكخراوەكەیاندا ئەنجام دەدرێت و لەمانگرتنێكى ئەندامانیاندا لەبەردەم بارەگاى ڕێكخراوەكەیان لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانیدا دوا پەیامى خۆیان ڕادەگەیەنن بۆ ڕاى گشتى و كەمئەندامان بەتایبەتى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست