کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕیفراندۆم

Saturday, 18/05/2013, 12:00








دوێنێ لە سلێمانی
گوێم لێ بو لە ڕادیۆ خشە خش کەرەکەی ساڵی هەشتاکانەوە دەنگێك هاواری دەکرد:

ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆم!
ئەمجارەیان بە دەنگدان نا،
بە فیشەک و ئاگربارانە ، ڕیفراندۆم!
ڕیفراندۆمە ، ڕیفراندۆم
ئەمجارەیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان نا،
بۆ کۆتایی سیناریۆکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ڕیفراندۆم!
بۆ ئەوانەی باوەڕ ناکەن کە مام جەلال هێشتا زیندووە ،
فیشەک ئەبارێنین بەسەرتانا ، ئاسمانتان لێ ئەکەین بە چراخان!
بۆ ئەوانەی کە بە تەمابون مامە کۆچی دوایی بکات،
سەربانتان لێ ئەکەینە شەقامەکانی دیمەشق و
ڕاوتان ئەنێین بۆ ناو ماڵەکانتان.
ئێمە کوڕانی بە جەرگی یەکێتی نیشتمانین،
تەنها و تەنها بۆ سەربەخۆیی فیشەک ناتەقێنین،
ئەگینا هەمیشە و بۆ هەمو شەڕێکی لابەلا لەسەرپێیە تفەنگەکانمان!
....................................................................................................

ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆم!
ئەگەر پارتی دەیزانی بزربونی مام جەلال تەنها سیناریۆیە،
بۆچی زووتر ئەو ڕاستیەی بۆ گەل نەدرکاند؟!
تازە بە تازە پاراستن و نوسەرەکانی بەخەبەر دێن،
ئەڵێن خەڵکینە وێنەکانیش درۆ ئەکەن لەگەڵتان!
ئەی قوڕ بەسەر خەڵکی کوردستان کە دوو حیزب و دوو سەرۆک و دوو حکومەت،
پێکەوە کەوتونەتە گەوجاندنی عەقڵی مرۆڤەکان!
.......................................................................................

ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆم،
ئەمجارەیان یەکێتی نیشتمانی کوردستانە ڕاپرسی دەکا،
پێشمەرگەکانی لە کوێ هەبن لەوێ ئاگر دەبارێت بەسەر خەڵکا ، فیشەک ئەچەقێتە سەرتان!
دە تۆش ئەی شاری بە ناو ڕۆشنبیری..... سلێمانی!!!
بۆچی لە داخا خۆت ناکوژی تاوەکو تۆ و ئێمەش نەجاتمان بێت لەم وێرانەیەی کە پێی دەوترێت کوردستان!
پێم سەیرە تۆ شاری شێخ و شاری مێژووی تەقاندنی فیشەکی بەرگری و شاری ڕاپەڕین بیت!
ئێستا دوو کەس نەتوانێت بە ئارامی بە شەقامەکانتا گوزەر کات،
لە ترسی فیشەکە ترسنۆکەکانی چەند گەنجێکی بە ناو پێشمەرگە و لایەنگری ی ن ک ی جاری جاران!
...........................................................................................

ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆم
بۆ سەربەخۆیی کوردستان نا،
بۆ سەلماندنی ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە ڕائەبوێرێت پێمان!
ئەمجارەیان بە ناو یەکێتیەکان، ئەوانەی کە گوایە لە پێناوی مامە و یەکێتیدا خۆیان دەکەنە قوربان!
وا شاریان هەڵکێشا لە خوێن و
دەڵێن بۆچی خەڵکی دڵی خۆش نییە؟!
خۆ ئەمە تەنها تەقەی خۆشییە!
وەرنە سەر جادە چۆپی بگرن،
با ئێمەش بە ئارەزووی خۆمان
وەک دڵ- خۆرەکەی سوریا
فیشەک بنێین بە سەرتانەوە بە قاچتانەوە، کەس نەتوانێت ڕێگری بکات لێمان.
ئەی داخ هەزار داخ بۆ شارەکەی شێخ،
ئەمە چ بەڵایەکە هاتوە بەسەرمان؟!
تۆ بڵێی ئەو ئاسایش و زیرەڤانییەی کە سەرکوتی ١٧ ی شوباتیان کرد؟
ئێستا بێ خەبەر بن لە کوشتنی ئەو هەمو مرۆڤە بێ تاوانە،
بە دەست چەند چەکدارێکی نەزان؟
ئەی داد ئەی بێداد ، پەنا بۆ کوێ بەرم ؟
لە دەست ئەم هەمو خەم و خەفەتە،
کێ بێت بیکات چاری کوردان؟
.....................................................................................
ڕێفراندۆمە، ڕیفراندۆم!
ئەمجارەیان نە سەربەخۆییە هۆکار،
نە ئازادبونی ئۆج ئالان.
دەڵێن گوایە چەند گەنجێک لە کەرکوک و لە سلێمانی ،
لە هەمو شارەکانی باشوری کوردستان!
دەستیان لەسەر پەلە پیتکەی تفەنگە نەکا دوژمن زەفەر بەرێت بە کوردستان!
بەڵام ئەی داخ سەد هەزار داخ!
لەبری دوژمن ڕووی تفەنگەکان کرانە خەڵکی و
لە هەر شارە و چەندین جەرگیان سوتان.

پرسیاریان کرد لەو گەنجانە: چییە؟ بۆچیە فیشەکەکانتان؟
وتیان: ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆم،
وەی لەوەی پێی خۆش نییە مام جەلال زیندوە،
بە یەک فیشەک ڕۆحی ئەکێشین تاوەکو تەمەن درێژ بێت مامی خۆمان.
......................................................................................
ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆم!
نە ڕۆشنبیرێ ئەوێرێت فزە بکات،
نە گۆڕانیش پێی تەحلیل ئەکرێت مەسەلەکان!
هەر فێمینیستە و باسی توند و تیژی دەکات،
یەکێکیان ناوێرن بێنە سەر سەرچاوە و دایکی هەمو توندو تیژیەکان!
......................................................................

ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆم!
لە لایەک دەڵێن کوردستان دەبێت بە دەوڵەت،
لە لایەک تورکیا و ئەمریکا پەکەکە چەک دەکەن،
کەسێک ناوێرێت باسی ئەسڵی مەسەلەکان بکات!
یەکێتی ٥ مانگە سیناریۆی مام جەلال دەرخواردی خەڵک ئەدا و
پارتیش دادی نادات سیناریۆیەک هەزاری تر دەخاتە نێو کەناڵەکان!
نەفرەت لەوەی سیاسەتی دروست کرد
نەفرەت لەوەش کە ناتوانێت لە سیاسەت بگات و
خەڵک ئەباتە سەر سندوقی دەنگدان!
..............................................................................

ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆم،
پێش دەنگ دان و پێش ڕاپرسی،
ئەمجارەیان یەکێتی بە خوێنی خەڵکی بێ تاوان
لەسەر سنگی سلێمانی و کەرکوک و قەڵادزێ
بۆ تا هەتایە سەلماندی کێیە براوەی هەڵبژاردنەکان!
باشە قوربان... خۆ بە بێ ئەو فیشەکانەش دەتانتوانی بیسەلمێنن زیندووە مام جەلال و نایشکێنێ تۆپی زەمان.
ئەی داد ئەی بێداد لە دەست زوڵمی ڕۆژگار و هەمو حیزبە کوردیەکان،
منی بابایەکی هەژار و بێ دەسەڵات
کونێک نەماوە خۆمی تیا حەشار دەم ،
لە دەست فیشەکی وێڵ و بەڵای ئاخر زەمان!

ئەگەر تۆی خوێنەر دیندارێکی موسڵمان یان مەسیحی لە دەمی تۆوە دەڵێم:
خوایە قبوڵی نەکەیت ئەم زوڵمە ئیتر بەسە پێ ڕابواردن بە خەڵکی کوردستان!
خوایە کۆتاییەک بە هەمو ئەم سیناریۆیانە بێنیت و بە ناخی عەرزیدا بەریت ئەوەی ئەو مرۆڤە بێ تاوانانەی لە خوێندا گەوزان!

ئەگەر تۆی خوێنەریش عیلمانیەکی و باوەڕت بە دین نییە ئەوە لە دەمی تۆوە دەڵێم:
نەفرەت لە یەکەم کەس لە مێژوودا کە فیکر و وشە و فەلسەفەی سیاسەتی داڕشت
ئەگەر سیاسەت بۆ ئەوە بێت کە ئاوا زەوی لە مرۆڤەکان بکرێتە جەهەنەم ئیتر چ پێویستە ئێمە لێکدانەوە بکەین بۆ ڕاستی و دروستی جەهەنەمی دوای ژیان.

ئەوەی کە هانی دام ئەم دێڕانە بنوسم هاواری ئەو مرۆڤە بێ تاوانانەیە کە کەوتنە بەر فیشەکی وێڵی چەند کەسێکی دوور لە ویژدان و دوور لە هەستی مرۆڤایەتی
هەرچەندە من دژ بە توند و تیژی ئەمەم نوسیوە بەڵام ڕەنگە توڕە بون لێرەدا خۆی توند و تیژی بێت ، بەڵام ئەوەندە ناڕەحەت بوم بەو ڕووداوە نەمتوانی ڕێ لەو توڕەییە بگرم.
ئەم پەخشانە شیعرە ڕەخنەیە لە سەرجەم سیستەمی کوردستان بە دەسەڵات و ئۆپزسیۆنەوە ئەگەرچی ناوی تەنها چەند کەس و لایەنێکی تێدا هاتوە
گریانێکە بۆ ئەو مرۆڤە بێ توانا و بێ دەسەڵاتانەی کە خەریکە دەبن بە ژێردەستەی سیستەمێکی بێ ڕەحم و دڵڕەق کە خەریکە لە کوردستاندا تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت
هاوارێکە بۆ ئەو مرۆڤانەی کە هێشتا ویژدانیان زیندوە تاوەکو فریای ئەوە بکەون کە هێشتا ماوە و لە دەست نەچوە
ئەگەر حیزبە کوردیەکان ئاوا خەریکی سیناریۆ گێڕان بن لە دژی یەکتری و گوێ نەدەن بە یاری کردن بە هەست و هۆش و ویژدانی خەڵکی ڕەش و ڕووتی کوردستان دەبێت هەمومان چاوەڕێی داهاتویەکی زۆر ڕەش بکەین کە زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی هەر ئەو خەڵکە ڕەش و ڕووتەیە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە