کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ویکیلیکسی کوردی و چەند پرسیارێک

Thursday, 17/04/2014, 12:00






ئەوانەی کە شارەزان دەزانن ویکی لیکس چییە و چۆن دامەزرا و بۆچی دامەزرا ، بەڵام تەنها وەک بیرهێنانەوەیەک و زۆر بە کورتی گەر بۆ خوێنەران ڕوون بکرێتەوە ئەوا دەتوانین بڵێین ویکی لیکس دەزگایەکە لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە دامەزرا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری جۆراوجۆر، هەندێکیان نهێنی و هەندێکیان ئاشکرا دەربارەی وڵاتانی جیهان و حکومەتەکانیان و هەندێک لەو زانیاریانە زۆر نهێنین و پەیوەندیان بە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانەوە هەیە هەر لە ئەمریکاوە بیگرە کە یەکێکە لە هێزە گەورەکان تاوەکو بچوکترین وڵاتی ئەم جیهانە.

بۆ زانینی زانیاری دەربارەی ویکی لیکس کارێکی زۆر زەحمەت نییە کە سەردانی ویکی لیکس بکەیت تاوەکو زیاتر لەو بارەیەوە بزانیت ، بەڵام زۆر بە پوختی وەک لە ویکی پیدیادا ئاماژەی پێدراوە ئەم دەزگایە ئامانجی بریتیە لە ئاشکراکردنی زانیاری و بەڵگەنامەی نهێنی سەربازی و هەواڵگری و ئابوری و سیاسی، جا هێندەی هەوڵیان داوە تاوەکو ئێستا بە ملیۆنان بەڵگەیان دەربارەی شەڕی عێراق و ئەفغانستان بڵاوکردۆتەوە و بە هەزارەها بەڵگەنامەیان لە سوپای ئەمریکیەوە بەدەست هێناوە بەڵام چۆن و لە ڕێگەی کێوە ئەوە خۆی بۆ خۆی نهێنیەکی ترە و دەبێت زۆر بە ووردی بەدواداچون بکەیت بۆ کەیسی جۆلیان ئاسانج و ئێدوارد سنۆدن تاوەکو بگەیتە هەندێک ڕاستی لەو بارەیەوە ئەگەرچی زانیاری تەواوەتی دەربارەی ئەم دەزگا موخابەراتیە کە لە ژێر ناوی ڕۆژنامەگەری و مافی دەست گەیشتن بە زانیاری کار دەکات زۆر زەحمەتە ئەگەر ئاستەم (موستەحیل) نەبێت.
بۆ زانیاریش ئەم دوو کەسەی کە ناومان هێنان واتە جولیان و سنۆدن ئێستا لە ئەمریکا قاچاخن و بە تاوانی خیانەت کردن لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە دوایاندا دەگەڕێت و دەیەوێت دادگاییان بکات، وەک وتم چیرۆکەکە لای هەموان لەوانەیە زانراو بێت ئێستاش میدیاکان جارجارە لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە دەکەن.
بەڵام ئەوەی کە مەبەستی ئەم نوسینەیە پەیوەندی بە ئێمەی کوردی نەگبەتەوە هەیە کە جار جارە لە ڕۆژنامە ئەلکترۆنیە کوردیەکاندا و لە ژێر ناونیشانی (ویکی لیکسی کوردی) هەواڵمان بۆ بڵاودەکرێتەوە گوایە سەرچاوەیەک لە ویکی لیکس ئەم زانیاریەی گەیاندوە، جا زانیاریەکە یان دەربارەی حیزبە کوردیەکان وە یان کەسایەتیە سیاسیەکان وە یان هەر بارودۆخێکی تری کوردستانە، هەروەک بۆ نمونە لە خەنداندا ئەم هەواڵەیان بڵاوکردۆتەوە:
http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=87967&Jor=1
وە یان لە ئاوێنەدا:
http://www.awene.com/article/2014/04/14/31266
هەروەها لە کەی ئێن ئێن و سبەی دا:
http://www.sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=7426&AuthorID=16

پرسیارەکانیش لێرەوە دەست پێدەکەن و پێویستە هەر میدیایەکی کوردی کە خۆی بە میدیایەکی ڕاستگۆ دەزانێت هەوڵ بدات بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بگەڕێت:
- ئایا ویکی لیکسی کوردی هەیە؟ ئەگەر هەیە بۆچی لە گەڕان لە ئینتەرنێتدا نادۆزرێتەوە؟
- ئەگەر نییە ئەی ئەم سەرچاوانەی کە جار جارە میدیا کوردیەکانی وەک سبەیی و خەندان و ئێن ئاڕتی و ڕووداو و هاوڵاتی و ئاوێنە و چەندانی تر پەنجەی بۆ ڕادەکێشن کامانەن؟
- ئایا ئەو سەرچاوانە وجودیان هەیە ؟ ئەگەر هەیە بۆ کێ کار دەکات؟ لە بەرژەوەندی کورد وە یان دژ بە کورد؟
- ئەگەر سەرچاوەی ویکی لیکسی کوردی هەمان ئەو ویکی لیکسە ئینگلیزیەیە کە جۆلیان ئاسانج و هاوڕێکانی دایانمەزراندوە باشە دزینی زانیاری دەربارەی حیزبە کوردیەکان و ناردنی بۆ ئەو دەزگایە لە کوێی ئەمن و ئاسایشی کوردیدا دەوەستێت؟ بەڵام ڕەنگە پرسیارەکە ئەوە بێت جا کورد ئاسایشی نەتەوەیی هەیە تاوەکو زانیاری لێ بدزرێت؟
- باشە لە کاتێکدا ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی تری دنیا دزینی زانیاری و بڵاوکردنەوەی لە ویکی لیکسدا بە خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانن ئایا کورد مەبەستم کوردی پاک و بێ لایەن و خۆنەفرۆش و ڕاستگۆیە هەڵوێستی چییە لەوەی کە کورد هەیە زانیاری دەربارەی کورد دەدات بە ویکی لیکس؟
- هەواڵەکەی خەندان کە نازانرێت سەرچاوەکەی کوێیە دەڵێت نەوشیروان زانیاری دەرباری یەکێتی داوە بە ئەمریکا، چۆن ئەم زانیاریە ئاشکرا بوو؟ نازانرێت، کێ داویەتی بە ویکی لیکس؟ نازانرێت، ئایا گۆڕان زانیاریەکەی داوە بەم شتە نەزانراوەی کە پێی دەوترێت ویکی لیکسی کوردی؟ یان نەخێر پەیوەندی کردنی نەوشیروان بە ئەمریکاوە بە نهێنی بوە و ویکی لیکسی (ئینگلیزی یان کوردی) زانیاریەکەیان دزیوە و دوایی داویانە بە ئاوێنە و خەندان؟ وە یان لە سبەیدا لینکی ویکی لیکسی داوە بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە کەرکوک یەکێتی و پارتی ئیشیان تەنها ئەوەیە ڕاپۆرت لەسەر یەکتری بدەنە ویکی لیکس و ئەمریکیەکان؟! ئەمە لە کوێی کوردایەتی و مەردایەتی و سیاسەت و ئەمنی قەومی کوردایە؟
- ڕەنگە ئەم ئەگەرانەی سەرەوە هەموی ناڕاست بن و ئەسڵی مەسەلەکە پڕوپاگەندەی هەڵبژرادن و شەڕە پەڕۆ حەیاتەکە بێت؟
خوێنەری بەڕێز پرسیار زۆرن و وەڵام کەم، بۆیە چیتر کات لە کەس ناگرم و دوا پرسیارم ئەمەیە:
نازانم ئەم میدیا کوردیانە دەیانەوێت بەم ویکی لیکسە کوردیە کێ لە خشتە بەرن؟ خوێنەری کورد؟ یان حیزبی کوردی یان ئەو میدیایانەی تر کە بە دژی خۆیانی دەزانن؟
خۆزگە میدیای کوردی ڕاستگۆیانە لەگەڵ کورد دەدوا و بە هیچ شێوەیەک پەنای بۆ درۆ و بوختان و سەرلێشێواندنی خوێنەر نەدەبرد. خۆزگەیەکی تریشم ئەوەیە ئەگەر ئەوەی کە ناویان لێناوە ویکی لیکسی کوردی لە ڕاستیدا وجودی هەیە و دەتوانێت زانیاری نهێنی کەشف بکات، بۆ بەرژەوەندی کورد کاردەکات نەک دژ بە کورد ئەوا تکایەکی کوردانەیان لێ دەکەم ئەم زانیاریانەمان بۆ کەشف کەن:
- کێ سێ ژنە کوردەکەی لە فەرەنسا تیرۆر کرد؟
- کێ کاوە گەرمیانی تیرۆر کرد؟
- کێ سەردەشتی تیرۆر کرد؟
زۆر نهینی تریش کە هەموی لە ژێر سەری حیزبە کوردیەکاندا ماوە هەرچەندە ئاشکرا بونی زانیاریش بۆ خۆی لە خۆیدا بەڵایەکی ترە و دەبێت بڵێین خوا لامان دات لەو هەمو بەڵایەی کە حیزبی کوردی بەسەر خەڵکیاندا هێنا.

(تێبینی : لەوانەیە ئاوێنە و خەندان کە ئەم نوسینەیان خوێندەوە وا بزانن من گلەیی ئەوەیان لێ دەکەم کە سەرچاوەی زانیاریەکەیان واتە لینکی ئەو بابەتە کە وەرگیراوە لێی ئاشکرا نەکردوە،(هەرچەندە ئەوەش بۆ خۆی کەم و کوڕییەکە) بەڵام نەخێر من پرسیار لە خودی کردەوەی زانیاری دان بە دەزگایەکی دەرەوەی کوردستان دەکەم؟ ئایا چەندە ڕاستە کورد زانیاری لەسەر کورد بدات بە دەرەوەی کوردستان؟ ئایا ئەمە لە ڕابردودا پێی نەدەوترا جاشایەتی و خیانەت؟!)





ئەمە هەواڵەکەی خەندانە:
http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=87967&Jor=1


ویكیلیكس: نه‌وشیروان مسته‌فا لای ئه‌مریكییەکان شكات له‌ یه‌كێتی ده‌كات
PM:12:44:15/04/2014

خه‌ندان ئاوێنه‌

به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی سایتی ویكیلیكس كه‌له‌لایه‌ن دپلۆماتكاره‌ ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ له‌عیراق نوسراوه‌ ئه‌وه‌ی تێدا هاتووه‌ كه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ریی گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای یارمه‌تی له‌ئه‌مریكا كردووه‌ بۆ ره‌وینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕشانه‌ی له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر ئه‌ندامانی گۆڕان.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌،" خودی مام جه‌لال هێزی پشت هه‌راسانكردنی لایه‌نگرانی گۆڕانه‌، چونكه‌ تووشی ئیحراجی بووه‌ به‌هۆی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی یه‌كێتی له‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی ته‌مموزی 2009 به‌ده‌ستیهێناوه‌ كه‌خۆی به‌شه‌خسی سه‌رپه‌رشتیی كردووه‌".

هه‌ر له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یدا كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2010 ، ئه‌وه‌هاتووه‌ كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌به‌غدا پێشبینی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق 15 كورسی یان زیاتر به‌ده‌ست بێنێت، هه‌روه‌ك یه‌كێتی 8 بۆ 10 كورسی به‌ده‌ست بێنێت و پارتیش له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا كه‌متر له‌ 35 كورسی به‌ده‌ست بێنێت.

نه‌وشیروان مسته‌فا پێشبینی كردووه‌،" گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقدا زۆر له‌یه‌كێتیی باشتر بێت، هه‌روه‌ك باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هه‌راسانكردنی لایه‌نگرانی گۆڕان له‌لایه‌ن یه‌كێتیی به‌رده‌وامه‌، حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت به‌وه‌ی كه‌ به‌ یه‌كێتی رابگه‌یه‌نێت كه‌پێویسته‌ ئه‌وه‌ بوه‌ستێنێت، ئه‌گه‌رنا گۆڕان له‌حكومه‌تی نوێدا هاوكاری یه‌كێتی ناكات له‌پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌كورد".

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌، " ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكا له‌به‌غدا ساڵی 2010".


هەواڵەکەی ئاوێنە:
ئه‌مه‌ریکییه‌کان له‌به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ ویكیلیكسدا: یه‌کێتی له‌که‌رکوک لایه‌نگرانی گۆڕانی تۆقاندوه‌
14 نیسان, راپۆرت كه‌ركوك - ش ش -
ئه‌مه‌ریكیه‌كان پێیانوایه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌كه‌ركوك، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌ش یه‌كێتی‌ "كه‌مپینێكی ترس‌و تۆقاندنیان ده‌ستپێكردوه‌".
ئا: هاوكار حسێن
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ سایتی‌ ویكیلیكس كه‌ له‌لایه‌ن دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانه‌وه‌ له‌عێراق نوسراوه‌و ئاوێنه‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌كوردی‌، به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكا پێیانوابوه‌، "گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌لایه‌ن پارتێكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كوردیه‌وه‌یه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌‌و به‌به‌رده‌وامی‌ ئه‌ندامه‌ ناڕازییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌لای‌ خۆیدا په‌لكێشده‌كات".
هتد.......




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە