لە نێوان ڕەخنە بە چەکوش و ڕەخنە بە زمانی گوڵدا... با بزانین ڕۆشنبیرانی کوردستان کامیان هەڵدەبژێرن؟
Friday, 26/07/2013, 12:00
چەندین جار گوێمان لەوە بوە کە کوردستانپۆست وەک دروشمەکەی دەڵێت ڕەخنەکانی توندن و وەک چەکوش دەیماڵێ بە سەر ڕەخنەلێگیراودا، هەندێک کەسیش پێیان ناخۆشە و دەڵێن کوردستانپۆست زمانی زبر بەکاردەهێنێت.
لە وتارێکدا کە لەم سایتە بەڕێزەدا بڵاوکراوەتەوە چەند وشەیەکی جنێو نوسراون، بەڕێزێکیش وەک ڕەخنە لە وتارێکدا دەڵێت ئەو وشانە جوان نین و کوردستان پۆستیش هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە ڕوون کردۆتەوە، منیش وەک خوێنەرێکی کوردستان پۆست لەو بڕوایەدام گەر ڕەخنە بە زمانی گوڵ بتوانرێت هێندە بەهێز و بەڵگەدار بێت و کاریگەری هەبێت لەسەر کەسی ڕەخنە لێگیراو ئەوە پێویستمان بە چەکوش و زمانی زبر نابێت.
بەڵام لێرەدا پرسیارێک هەیە ئایا سەرسەختی و کەلە ڕەقی چەند کەسانێکی نێو دەسەڵاتی کوردستانە کە گوێ لە هیچ ڕەخنەیەک ناگرن وا لە نوسەران دەکات کە بە زمانی زبر بنوسن یان هەڵەی نوسەران خۆیانە بە زمانی چەکوش دەنوسن؟
ئەگەر یەکێتی و پارتی و لایەنگرانیان دەتوانن سود لە ڕەخنە بگرن و گوێ بە قسەی خەڵکی دەدەن و هەوڵ دەدەن بە دڵی ئەو ڕەخنانە بکەن کە زانستی و مەنتقین و بە زمانی بەڵگە و لێکدانەوە باوەڕ دەکەن و هەر لەگەڵ گرتنی ڕەخنەکەدا کاردانەوەی پۆزەتیڤانەیان دەبێت ئەوسا چ پێویستە خەڵکی بە زمانی زبر بنوسێت؟
جا بۆ ئەوەی ئەم قسانەی من تاقی بکرێنەوە هەمو کەسیش ئاگادار بن ئەم نامە کراوەیە لە ڕێگەی کوردستان پۆستی بەڕێزەوە دەنێرم بۆ بەڕێز جەمال خەمبار و هیوادارم بە چاک و خراپ وەڵامێکی هەبێت و ئەویش وەک یەکێتی و پارتی نەکات کە بێدەنگ لە هەمو جۆرە ڕەخنەیەک جا چ بە زمانی گوڵ بێت یان بە چەکوش.
با بزانین کاک جەمال خەمبار چۆن وەڵامی ئەو دوو ڕەخنەیە دەداتەوە کە لەم سایتەوە ئاڕاستەی کراون یەکێک بە زمانی گوڵ و یەکێک بە زمانی چەکوش.
............................................................................
نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز جەمال خەمبار
تۆ کە نەتوانی گوێ لە یەک گەنجی دڵشکاو بگری، سبەینێ لە پەرلەمان چۆن دەتوانی چارەی خەمی میللەتێک بکەیت؟
ئێستاش نەچوە بچێ ، ئازا بەو دەست لە خۆ کاندیدکردن هەڵگرە
بەڕێز کاک جەمال خۆت و شیعرەکانت لە تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورسدان، خەتای کەسیش نییە و ئەگەر یەکێک هەبێت گلەیی لێ بکرێت تەنها خۆتی، چونکە:
(بە دەستی خۆت جامی ژەهرت خستە سەر لێوت و تاڵاوەکەشی هەرچیەکە دەبێت بینۆشی) (١)
ئەگەر ئەحمەد سالار لە پەرلەمانی کوردستاندا نەیتوانی تەلاری وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕاست کاتەوە و نەهێڵێت بە داڕوخانی ساڵانی ڕابردودا بڕوات!
ئەگەر شێرکۆ بێکەس نەیتوانی ڕێگە لە داخستنی گۆڤارە ئاڵ و واڵاکەی (وڵات) بگرێت و دەستی لە کارکێشایەوە!
پێم ناڵێیت تۆ بە تەمای چیت و دەتەوێ چی بگۆڕی لە پەرلەمانی کوردستاندا؟
باشە خۆ تۆ هێشتا تامی دانیشتنی کورسیەکەی پەرلەمانت نەکردوە ئەوەندە سەرسەختانە شەڕی ئەو کورسیە دەکەیت و بە لاتەوە گرنگ نییە شیعرەکانت دەسوتێ!
ئەی خاک بەسەر ئێمەی داماو ، خۆ ئەگەر چویتە سەر کورسیەکە بە تۆپ و تەیارەش لاناچی!
تکایەکی کوردانە و برایانە لە هاوزمانێکی خۆتەوە،
تکایەکی دۆستانە لە هاوشاریەکی خۆتەوە،
تو بی خوا و مەرقەدی کاک ئەحمەدی شێخ لەم کەلی شەیتانە وەرە خوارێ و دەست لە خۆ کاندید کردن هەڵگرە!
من پێم سەیرە ئەوەندە دڵت ڕەق بێت بەزەییت بە کۆرپەی دڵی خۆتدا نەیەتەوە سبەینێ گەرەنتی چییە گەر جەرگێکیش سوتا تۆ بێیتە زمان؟ (٢)
هێشتا تۆ هیچ دەسەڵاتێکت نییە گەنجێک بۆ دەربڕینی نیگەرانی پەنای بردە بەر سەرنج ڕاکێشانت بۆ بێدادیەکانی نێو دنیای سیاسەت و ویستی پێت بڵێ:
نەکەی کورسی پەرلەمان و پۆست و پایەی سیاسی ببێتە بەرهەم و مایەت
بە نینۆک گەر بژاری کەی بە پولێ هەمو ئەو سەرمایە
ئەوەی بۆنی وەفا و شیعر و مۆڕاڵ بێت لە زۆربەی سیاسیەکان نایەت (٣)
کەچی تۆش دڵڕەقانە لە ئاوێنەدا وەڵامت دایەوە و دەڵێی من هەر سورم لەسەر خۆ کاندید کردن و
نەک شیعر گەر ڕەزیش بسوتێ (٤)
من هەر خۆم کاندید دەکەم و کێش پێی ناخۆشە، کام کێوە بەرزە با بیگرێ.
http://www.awene.com/article/2013/07/24/24040 چاوەڕێ بوم کە تۆیەکی هەست ناسک و شاعیر گوێ بۆ چرپە و هەناسەکانی گەنجانی وڵاتی خۆت هەڵخەیت و بزانی ئەوان چی دەڵێن و پاشان بە دڵی ئەوان بکەیت تاوەکو کلتورێکی تازە پێشەکەش بە سیاسیەکان و ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان بکەیت و پێیان بڵێیت:
ئەگەر گەنجانی وڵاتەکەم لە بێدادیدا دەستیان برد بۆ خۆپیشاندان
نەکەن فیشەکیان پێوە بنێن، بەڵکو داواکاریەکانیان جێ بە جێ بکەن.
کەچی تەماشا دەکەم تۆ هێشتا نەچویتە سەر کورسیەکەت دەتەوێت بە گەنجەکەی کەلار بسەلمێنی کە ئەو هەڵەیە و تۆ ڕاستی؟!
گریمان واشبو:
ئەی نەتبیستوە:
دەبێ بەخشندە مل کەچ کا لە ئاستی ... (٥)
ساڵانێکی زۆرە خەڵکانێکی هەژار و بێ دەسەڵات لە کوردستان داوا لە فەرمان ڕەواکانی کوردستان دەکەن کە ئاوڕ لە بێدادیەکانی ناو کوردستان بدەنەوە بەڵام فەرمانڕەواکان دڵڕەقانە ئەوەی گوێی پێ نادەن ڕەخنە و گلەیی و گازندەی خەڵکییە!
ئەی باشە خۆ تۆ هێشتا نەچویتە سەر ئەو کورسیەی کە شیعرەکانت لە پێناویدا بە سوتان چو، گەرەنتی چییە ئەگەر چویتە پەرلەمان تۆ گوێ لە خەڵکی بگری؟
بەڕێزم تەنها یەک دەرفەتە و لەپێشت ماوە ئەگەر دەتەوێت بیسەلمێنی تۆ جیاوازی و گوێ لە ڕەخنە دەگری، فەرمو ئەوە قەڵەم و ئەوەش ڕووپەڕی میدیا کوردیەکان:
تا زووە بە چامەیەک دڵی هەمو لایەک ئاشت کەرەوە و بڵێ منیش هێندەی بەهجەت یەحیا و کەمال محەمەد ئازایەتی و لەخۆبوردنم تێدایە کە بتوانم پۆست و پلە و پارە وە لانێم. (٦)
١ لە هۆنراوەیەکی پیرەمێرد خواستراوە
٢ زۆربەی شاعیران بەرهەمەکانیان بە کۆرپەی خۆیان دەزانن
٣ هۆنراوەی شاعیرێکە و کراوە بە گۆرانی من دەستکاریم کردوە ، من ڕێزم هەیە بۆ ئەو سیاسەت مەدارانەی کە ویژدان و مۆڕاڵ لە گوفتار و ڕەفتاریاندا ڕەنگ دەداتەوە بەڵام بە داخەوە لە هەمو دنیادا سیاسەت تێکەڵ بە خراپەکاری کراوە بۆیە ناچارم ئاوا بیر بکەمەوە
٤ هۆنراوەی شاعیرێکە ببورن ناوەکەیم لە یاد نییە
٥ هۆنراوەی پیرەمێرد
٦ هەردوو هونەرمەندی خۆشەویست خەڵاتی داهێنەرانیان ڕەت کردەوە
دوا تکاشم ئەوەیە ئەگەر هەر گوێ بەم ڕەخنەیەش نادەیت و هەر سوری لەسەر خۆ کاندید کردن تکایە مەرجی خۆت بۆ یەکێتی و پارتی ڕاگەیەنە کە بە چ مەرجێک تۆ دەچیتە نێو دنیای سیاسەتەوە و ئەگەر مەرجەکەت جێ بە جێ نەکرا ئەوسا هەڵوێستت چی دەبێت؟!
تکایە ببورن ئەگەر وشەیەکی زبر لەم نوسینەدا هەبێت دڵنیام بە گەورەیی خۆتان دەمبەخشن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست