تۆری بەرگری لە ماف و ئازادیدەکانی خەلک- بەیاننامەی ژمارە دوو‏

Wednesday, 15/02/2012, 12:00


تۆری بەرگری لە ماف و ئازادیدەکانی خەلک
١٧-ی شوبات، ساڵرۆژی گولەبارانکردنی گەنجانی سلێمانی، رۆژی هاتنە مەیدانە بۆ بەدادگا گەیاندنی تاوانباران و دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر
پەیامێکی بەپەلە بۆ گەنجانی ولات-داینەمۆی گۆرانکاریەکان و سەرجەم خەلکی کوردستان
 
٧٢ کاتژمێریتر گوێبستی زەنگی کۆمەلکوژیەکەی ١٧ شوباتی شاری سلێمانی ئەبن، کە بەفەرمانی راستەوخۆی رێبەرانی باڵاو بەدەستی جەلادەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دژ بەگەنجانی سلێمانی ئەنجامدرا.
دەرئەنجامی ستەمکاری دەیان ساڵەی دەسەلاتی یەکێتی و پارتی و توشبونی تەواوی کایەکانی کۆمەلگا بەگەندەلی سیاسی، کۆمەلایەتی، ئابوری خەلکی کوردستان وەبەهۆی خراپی باریگوزەرانی زۆرینەی خەلکی کوردستان، لە رۆژی ١٧ شوباتی 2011 لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری بەرفراواندا خەلکی سلێمانی رژانە سەرشەقامەکانی شارو داوای گۆرانکاری ریشەیی و ژیانێکی باشتریان کرد. هاوکات پیرۆزبای و هاوسۆزی خۆیان بۆ ولاتانی تازەراپەریوەی تونس و میسر دەربری، بەهۆی بەدیکردنی هاوچەشنی ئەو ولاتانە لەگەل کورستان لە سیتەمی حکومرانی و گەندەلی و ستەمکاریدا.
بەداخەوە وەک پیشەی هەمیشەی خۆیان و بەعس ئاسا، چەکدارانی پارتی لەبەرامبەر نارەزایەتیەکانی خەلک و دروشمە پر لە راستیەکانی گەنجانی شاری سلێمانی خۆیان پێڕانەگیرا.وە بەبەرچاوی مێدیا ناوخۆی وجیهیانیەکانەوە، بە شێوەیەکی زۆر درندانە کەوتەنە گولەبارانکردن و تێرۆکردنی گەنجان و پاشان بە هەماهەنگی پارتەنەیارەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەردەوامیاندا بە خوێنرشتن وسەرکوتکردنی خەلکی کوردستان.
لەسەروبەندی یادکردنەوەی کۆمەلکوژیەکەی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتر و درێژەدان بە نارەزایەتیە جەماوەریەکان لە بەرامبەر دالدەدانی بکوژان و وەلام نەدانەوەی داخوازیەکانی خەلک، جارێکیتر دەسەلات کەوتوەتە هەرەشەو ئامادەباشی بۆ کوشتن و سەرکوتکردنی خەلک.
وە لەهەمان سەروبەندی خۆئامادەکردنی شەقام بۆ دەستپێکردندەوەی نارەزایەتیەکان لە بری پشتوانی دەربرینی پارتە ئۆپۆزیسیونەکان بۆ جەماوەر، کەچی بە لێدوان و دربرینی وهەلوێستی شەرمنانەی خۆیان خەریکی ساردکردنەو بەلارێدابردنی نارەزایەتیەکانی خەلکن. بۆیە لێرەوە هۆشداری ئەدەینە هەر پارتێکی ئۆپۆزیسیون لەهەر گەمەو سات وسەودایەک کە بیەوێت بەهیزو داخوازیەکانی جەماوەرو خۆپێشاندەرانەوە ئەنجامیبدات لە پێناوی بەرژەوەندەیە تایەبەتیەکانیان، هاوشێوەی رابوردوو لە ساردکردنەوەی شەقام و خۆبەدورگرتن و چۆشدانی خەلک لە هەرئان و ساتێکدا کە ئەوان پێیان باشبێت، ئەمەش گەمەو پشت هەلکردنەش هەر لەیەکەم رۆژەی روداوەکانەوە تا وەختی سەرکوتکردنی خۆپێشادانەکانی پارسال بەئاشکرا لەلایەن هەندیک لایەنەوە ئەبینرا؟! لەرودانی وەهاحالەتێکدا ئەوانیش ئەکەونە بەر رەشەبای تورەیی ونارەزایەتی لایەنگەرانیان و خەلکی کوردستان و روبەروی بەرپرسیاریەتی گەورەی مێژویی و ئەخەلاقی ئەبنەوە.
چاوسورکردنەوە و هەرەشە بەردەوامەکانی کاربەدەستانی حیزب و حکومەت بۆ دەستبرینەوە وسەرکوتکردنی خۆپێشاندەران، ئەوراستیە دوپات ئەکاتەوە کە هێشتاش دەسەلات پەندی لە گۆرانکاریەکانی ناوچەکە و هەلە و تاوانەکانی رابوردوی وەرنەگرتوە. بۆیە خەلکی کوردستان لەبەردەم بەرپرسیاریەتیەکی گەورەدایە بۆ بەردەوامیدان بە نارەزایەتیەکان و هاتنەوە سەر‌شەقام و بەکارهێنانی فشارو ئەنجامدانی چالاکی جۆربەجۆر بۆ لەپێناو ئەم ئامانجانەی خوارەوە:
1- راپێچکردنی تاوانبارانی ١٧ شوبات ورۆژانی دواتر بۆ بەردەم دادگایەکی عادیلانە، ئەگەر نا لە حالەتی دەستێوەردانی حیزبیدا، سەرجەم دۆسێکان رەوانەی دادگای نیودەولەتی بکرێت یان دادگای خەلک پێک بهێنرێت بۆ ئەم مەبەستە.
2- جێبەجێکردنی داخوازیەکانی پێش ١٧ شوبات، بۆ کۆتایهێنان بە گەندەلی لەگشت کایەکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەلایەتیدا و ئەنجامدانی ئالوگۆری ریشەی لە تەواوی بوارەکانی ژیاندا.
3- هەلوەشاندنەوەی یاسای خۆپێشاندان و سەرجەم ئەو یاسایانەی کە ئامانج لێیان سەرکوتکردن ورێگریکردنە لە بەرتەسک کردنەوەی ئازادی کاری رۆژنامەنوسان، پارت ورێکخرواوە سیاسیەکان، نوسەران و ئازادیەکانی تاک و بیروبۆچون و سەرجەم کایەکانی تر.
4- دورخستەنەوەی بارەگای سەرجەم پارتەسیاسیەکان بۆ دەرەوەی شار وشاررۆچکەکان.
5- بەکارنەهێنای هیچ هیزێکی چەکدار دژ بە خۆپێشاندان و چالاکیە جەماوەریەکان.
6- راپێچکردنی سەرجەم ئەو کاربەدەستە حیزبی و حکومیانەی کە فەرماندەربوون لە سەرکوت وبەکارهێنانی هیزدژ بەخۆپێشاندەران و ئەو کەسانەی کە بە ئیستاشەوە دەستیان هەیە لە هەرەشە و تۆقاندنی خەلک.
7- دروستکردنی پەیکەر بۆ شە‌هیدانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتر و قەرەبووکردنەوەی مادی ومەعنەوی بە قوربانیان و زیان لیکەوتوان.

بە فەرامۆشکردنی خواست و داواکاریەکانی خەلک و جێبەجێ نەکرندی، دەسەلات روبەروی بەرپرسیاریەتی گەورەو ئەگەری چاوەروان نەکراو ئەبێتەوە. بۆیە رێنمای ئیمە لەسەرانی یەکێتی و پارتی ئەوەیە کە، لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان لە ژێرناوی حکومەتی کوردیدا چیتر بەردەوامی نەدەن بە کوشتن و سەرکوتکردنی خەلکی کوردستان. تکایان لێ ئەکەین کە دەسەلات هاوشێوەی ولاتانی زەبەلاح و خاوەن هێز وچەک و جبەخانەی ناوچەکە نەچێت بەگژ قولەی قافا ، چونکە ئەوە ئاشکرایە کە هیچ هێزێک خۆی لەبەردەم رەشابای تورەی گەنجان و جەماوەرکوردستان راناگرێت، روبەروی هەمان چارەنوسی ئەوان ئەبنەوە.
تۆری بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خەلک
14/2/2012
[email protected]
https://www.facebook.com/toribargri?sk=wall

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە