کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چەند موداخەلەیەكی خێرا لەسەر بەرنامەی "نەرین"ی نەورۆز تیڤی

Saturday, 05/06/2010, 12:00


چاودێرێك لە باشووری كوردستان ئەم نووسینە لەهەمان شەوی بەرنامەكەدا نووسراوە، بەڵام لەبەر بێ ماوەیی و نەبوونی دەرفەت لە بڵاوكردنەوە دواكەوتووە...
ئیمشەو كە دەكاتە شەوی هەینی 27 لەسەر 28/ 5/ 2010 بەدیار بەرنامەیەكەوە دانیشتبووم لەكەناڵی ئاسمانی (نەورۆز تیڤی)یەوە پەخش دەكرا بەناوی "نەرین" كە تا سەعات 10:15 شەو بەردەوامبوو.
دوو میوان دەعوەتی بەرنامەكە بوون، یەكێكیان ڕۆشنبیرێكی كوردی ڕۆژهەڵات بوو ئەوی دیكەیان ڕۆژنامەڤانێكی كوردی باكوور بوو كە بەداخەوە ناوەكانیانم نەزانی لەبەر ئەوەی من تەنها فریای (25) دەقیقەی كۆتایی بەرنامەكە كەوتم. بۆیە لێرەشەوە ئەم گلەییە ئاراستەی پێشكەشكاری بەرنامەكە دەكەم وەك عورفی كەناڵە ئاسمانیەكانی دیكەی جیهان دەبوایە ناوی هەردوو میوانە بەڕێزەكە پیشان بدرابوایە لەكاتی ئاخافتن و گفتوگۆكانیان. ئەوەندەی من بەدیاری یەوە دانیشتم نەمبینی ناوی دوو میوانەكە تەنانەت بۆ جارێكیش پیشان بدرێت جگە لەناوی (نەواف خلیل) نەبێت كە ڕۆژنامەڤانێكی ڕۆژئاوای كوردستان بوو لە پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆ لە سوریاوە بەشداری لە بەرنامەكەدا كرد. سەرنج و تێبینیەكانی من ئەوەیە: كە پێشكەشكاری بەرنامەكە وەك مەترەح گلەیی لەسەر ئەوە هەبوو كە بۆ ئەو خۆپیشاندان و ڕێپێوانە بەرفراوانەی لەباشووری كوردستان بۆ ڕۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) ڕێكخراو سازدرا چ لەسەر ئاستی ناوەوە یان لە تاراوگە بۆچی شتێكی ئاوا لەمجۆرە بەدی نەكرا بۆ لەسێدارەدانی پێنج شەهیدەكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان یان بۆ باكوور یان بۆ ڕۆژئاوا..؟؟ دیارە من هاوڕام لەگەڵ ئەو بۆچوونەی بەڵام دەبێت بەدوای فاكتەرو هۆكارو چارەسەریەكان دابگەڕێین كە بۆچی ئەم (وەعیە قەومیە) غائیبەلەناو هزری تاكی كورد بەگشتی؟؟ بۆچی ئەم وەحدەت و یەك رۆحیەتە بەدی ناكرێت؟؟ بۆ وەك یەك "لاشە" وا نین كاتێك پارچەیەكی ژان دەكات یان برینێكی تێدا دروست دەبێت هەموو لاشەكە بۆی دەكەوێتە لەرزەو هەژان؟! بۆ و بۆ و بۆی دیكە زۆرن...؟؟ ئەم پرسیارانە بەهەمان شێوە دەگونجێت بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان ئاراستە بكرێن. نازانم شانسی ئێمەی كوردە كە بەبیر كردنەوەیەكی ئیجابیانەو عەقڵیەتێكی (كۆ) ناپڕژێینە سەر كاری چاك و، بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و ڕوانین و تێڕامانی پۆزەتیڤانە لە عەقڵیەتی كوردی وەك دەستە جەمعی لە مێژوودا بەدی ناكرێت، مەگەر تەنها لە بێ پلانی و تەفكیری سەقەت و بیركردنەوەی سەلبی دەستە جەمعی كورد بەدی بكرێت؟؟!! دیارە كە هۆكارەكان دەست نیشان كران ئەوسا باس دێتە سەر چارەسەریەكان. ئەم باسە گرینگە هەڵوەستەی قووڵ و شرۆڤەی زۆری دەوێت لەسەر پێكهاتەو پاڵنەرو سروشتی ناخی گەلی كورد. ئەوەی كە بۆ شەهید سەردەشت عوسمان كرا كەم نەبوو بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویست نەبوو. بۆ یەكەم جار بەم شێوە لە باشووری كوردستان كە تەنانەت لەسەر شەهید كردنی د. عبدالستار تاهیر شەریف و ڕۆژنامەنووسی جوانەمەرگ سۆرانی مامە حەمەو چەندان بوێرو دلێری دیكەی كورد بەم شێوە خۆپیشاندان و ڕێپێوان سازو ڕێكنەخراوە؟؟ ئەمە دەبێت جێگەی خۆشحاڵی گشت لایەكمان بێت كە شانازی بەو كۆشش و شۆڕشە جەماوەریەوە بكەین كە لە باشوور لەژێر نیری ستەمكارە خێڵەكیەكاندا هاتۆتە ئاراوە. بەڵێ هیچ كێشەیەكی ناوخۆیی بە درێژایی ئەم 18 ساڵەی ڕابردوو لە باشوور وا بە گوڕ و تینەوە جەماوەر بۆی نەهاتۆتە سەر شەقام و دەنگی هەڵنەبڕیوە.. ئەمە گەشبینیەكی مەزن و تروسكاییەكی ڕۆشنە لە ئاسۆی بیری نەتەوەكەمان. لەسەر ئاستی دەرەوەش دەروازەیەكی پڕ بەها بوو. سوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو لایەك بەتایبەت (سایتی كورستانپۆست) كە مەردانە ئەم كەیسەیان بە جیهانی كردوو وەئەستۆیان گرت و گڕیان بەردا دەسەڵاتی داپلۆسێنەر. گۆڕان، كۆڵیان نەدا بەهەمان شێوە بوێرانە داخیل بە كەیسی مەزڵومیەتی سەردەشت عوسمان بوون. خودی ئەم كەناڵەی ئێوە لەگەڵ "ڕۆژ تیڤی" هەواڵەكانیان مەردو بوێرانە دەگواستەوەو بە گەرموگوڕی و ئازادانە باسیان لێوە دەكرد. لە تاراوگە بەهەمان شێوە نەوەستان و بەهەڵوێست بوون. ئەمە سەرەتایەكە بۆ شكاندنی بلۆكی باكوور و سەكۆی سوڵتە و كۆنكرێتەكانی حیزب... بزمارێكە دەدرێت لە تابوتی دیكتاتۆریەتی بنەماڵەو خێڵ و ئەشرەتگەرێتی لە باشوور. بەڵام بۆچی ئەم هەڵوێستە نەبینراو نەنوێندرا لە باشوور بۆ چوار شەهیدەكەی كورد لە ڕۆژهەڵات؟ ئەوە پرسیارێكە بەسەر هەر سێ بەشەكەی دیكەی كوردستان دا فەرز دەبێت و ئاراستەی تێكڕای گەل و ڕادەی هۆشیاری تاكی كورد دەكرێت.. بێگومان بە پلە یەك (دەسەڵات) لێی بەرپرسیارە. هەرچەند لە شاری ئازادی و بەرخودان شاری سلێمانی، هەڵوێست و ڕێپێوان هاتە كران بۆ ئەو چوار هەڵۆیەی كە بەناهەق خوێنیان لەلایەن كۆماری "شەیتانەوە" حەڵاڵ كراو لە سێدارە دران بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێت سارێژی كۆستەكە ناكات لەسەر ئاستی نەتەوە و داخوازییەكانی وەك دەستەجەمعی كە باسمان لێوە كرد. كەواتە لەدوای دەسەڵات، ئەو پرسیارە دەبێ ئاراستەی تێكڕای گەلی كورد بكرێت بەهەموو چین و توێژەكانیەوە هەر لە باشوور و باكوورەوە تا ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، كە بۆچی وەك پێویست بە تەنگەوەچوونی كێشەكانی یەكترەوە نین؟؟ بۆ خەمساردیەكی ئەسەفی بەدی دەكرێت لەم ڕووەوە كە وەك برینێكی قووڵی مێژوویی نەقشی لەلاشەكەدا كێشاوە. پێویستە تیشك بخرێتە سەر دوو جەمسەر، جەمسەری دیكتاتۆریەتی دەسەڵات لە باشوور ئەوی دیكە گەندەڵی دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەهەردوو جەمسەری (حیزبی و ئەهلی). جارێ دەسەڵاتی دیسپۆتیزمی باشوور بەچەشنێك ڕۆچووە لە خراپەكاری و بەدرەفتاری سیاسی وای كردووە كە خۆزگە بە ڕژێمی پێشووی سەددامی دیكتاتۆر بخوازرێت ئەوەنە تۆقین و ترسیان بەسەر خەڵكی مەزڵوم و كەم دەرامەت لەم پارچەیە داسەپاندووە كە كەس نەتوانێت گوزارشت لەڕاوبۆچوونی ئازادانەی خۆی بكات!! چ جای لەوەی تەنگەژەیەكی سیاسی یان كێشەیەكی كارەسات بارو دژوار بێتە پێشێ كە هێلی سوور بێت لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەوە كەس جورئەتی دەنگ هەڵبڕین و هاتنە سەر شەقام ناكات؟؟؟ ئێوە تا ڕادەیەك بێئاگان لە هەقیقەتەكان! فەرموون وەك كەناڵێكی ئاسمانی كوردی تەشریف بێنن بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بارزانی، ئینجا هەست بەو ترس و لەرزو تۆقینە دەكەن كە بەزۆر سەپێنراوە و سەپاندوویانە بەسەر خەڵكی هەولێر و بادینان و دەورووبەریان!! تەنانەت دەڤەری بارزان، بڕۆن سەردانی ئەم شوێنەو ڕوماڵی ــ تەغتیە ــ ڕووداوەكان بكەن ئینجا دەزانن كە وەك شارۆچكەكانی ئەوسای ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سەددامە، تكریت وەك نمونە. واتە دەڤەری بارزان یەكسانە بە شاری تكریتی سەردەمی سەددام؟؟!! ئاخر چۆن بتوانن بێنە سەر شەقامەكان وەك ناڕەزایی دەربڕین بۆ برا كوردەكانیان لە گشت پارچەو شوێنێكی ئەم جیهانە بەتایبەت لە (ڕۆژهەڵات و باكوور) لەكاتێكدا دەسەڵاتی باشوور تا سەر ئێسقان نۆكەرو ئەڵقە لەگوێی ئێران و توركیایە! بێ ئەوان جورئەت ناكا (دەسەڵات!) تەنانەت بەیاننامەیەك دەربكات و تیایدا ئیدانە و پرۆتستۆی ئەو هێرش و تۆپبارانەی ناوچەكانی باشووری كوردستان بكات كە بەردەوام دەكوترێتەوە لەلایەن ئەو دوو دوژمنە سەرسەختەی میللەتەكەمان مەگەر مۆڵەت و ئیزنی (ئیدانەكەش!) هەر لەوان وەربگرن بە پاساوی كڕینەوەی شەڕەفی نیشتمانی و (فرۆشتنی بیری نەتەوایەتی؟) بەوەی كە خەمخۆری بەرژەوەندیە باڵاكانی گەل و خەریكی نمایشكردنی سیمای (وەتەن) یەتن؟؟ ئاخر چلۆن هەڵوێست بنوێنن لەكاتێكدا ئێستاش لە هەولێر بەشوێن ئەوانەن كە لەمەسیڕات و خۆپیشاندانەكان بەشداریان كردووە؟؟ ناوە ناوە بەسەر چەند شوێنێك دا دەدەن و دەست دەگرن بەسەر كۆمپیوتەرو دۆكومێنتەكانی ڕۆژنامەڤانان و چالاكڤانان وەك "موشتەڕەكە"ی كۆنە دەزگای بەعسی ئەوسا كە جەرگبڕانە برینە سارێژ نەبووەكانی كۆنمان بیر دەكەوێتەوە و بە یاد دەخاتەوە؟!! دەزگا ئیعلامیەكانیش تاوانباری هەرە سەرەكین لەم ئاشوب و ڕەوشە نالەبارەی كوردان. تا ئێستا وەك پێویست دەوری ئەوەیان نەبینیوە كە چۆن یەكبوون و یەكێتی ڕیزەكانی كوردان بپارێزن و وەحدەتی سەف دروستبكەن؟ یاخود چۆن میللەت تەییار بكەن بە (وەعی قەومی) و هۆشیاری نەتەوەیی؟ یان بەتەنگەوە هاتن بۆ یەكتر، و باسی كێشە چارەنووس سازەكان بكەن بەدروشمی بەرنامەكانیان لەكایەو نێوەندو ڕایەڵەكان بانگەوازی بۆ بكەن. ئەمە بەدی ناكەیت لەهەگبەی ڕاگەیاندنەكانی ئەهلی ــ وەك پێویست ــ چ جای لە دەزگا ئیعلامیەكانی سەر بەدەسەڵات و ڕاگەیاندنەكانی دیكەی حیزبە سەر بەدەسەڵات و بێ دەسەڵات و ئەسیرەكان؟؟ كەواتە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەپلە یەك تاوانباری سەرەكین لەم ڕەوشە دژوارەدا بۆیە تا ئێستاش وەك پێویست نەوەیەكی بیرگەورە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و كێشە چارەنووس سازەكانی گەلی كورد، فەراهەم نەهاتووە لە باشووری كوردستان كە غەمخواری هەموولاشەكە بێت نەك تەنها بەشێكی لاشەكە بكاتە خەم و خولیای سەری؟؟ هەردوولا بەرپرسیارن، دەسەڵات و گشت دەزگاكانی بەتێكڕا بە (پیاوانی ئاینی)یشەوە لەمپەرن لەپێش دروست نەبوونی (وەعی قەومی) و هۆشیاری نەتەوەیی لەناو هزری كوردان لە باشوور و تەنانەت بەشەكانی دی... لێرەدا پرسیارێك سەرهەڵدەدات ئایە بەپلە یەك كێ لەم ڕەوشەی كوردان بەرپرسیارە بەدرێژایی مێژوو: دەسەڵاتدارەكانن بەدونیایەك دەزگاو ڕۆشنبیرەكانیەوە یان ئەوە بەرەی میللەتە كە بێ ئاگایەو هۆشیاری نەتەوەیی نی یە؟؟ دەترسم (ماسی) میللەتەكەی ئێمە لە كلكیەوە بۆگەن بوو بێت! بۆیە ڕەوشەكە بەم ئاقارە نالەبارە دەڕوات بە درێژایی مێژوو. كە تاكی مەدەنی و هۆشیارت نەبوو میللەتێكی نەخۆش و پەككەوتەت بەرهەم دەبێت كە ئەویش وەك پێویست ناپڕژێتە سەر ڕەوڕەوەی پێشكەوتن و بۆشاییەكی فراوانیش لەنێوان خۆی و پێشكەوتنی گەلان دروست دەكات بەوەی كە هەرگیز نەتوانێت خۆی بگەیەنێتە ئاستی گەلە سەرقافڵەكان و بەردەوامیش بۆشاییەكە لە فراوان بوون دا دەبێت. لێرەدا واتایەك بۆ چەمكی شارستانیەت و مەدەنی بوون لەهەگبەی ئەم گەلەدا بۆ بوون بە نەتەوەیی بوون و بیری گەورە فەراهەم ناهێت بۆ هەست كردن بەزام و مەینەتەكانی بەشەكانی دی تا سەرتاپای لاشەكە بۆی بكەوێتە هەژان و جولان. پرسیاری یەكلاكەرەوە ئەوەیە: ئایا ئەوە دەسەڵاتی باشوورە ــ مەبەست لە دەسەڵاتی بارزانی یە ــ كە چەندان ساڵە ئەم بێ دەنگیەی ناو شەقامی كوردی فەرز كردووە، یان ئەوە بێ دەنگی شەقام و میللەتە ئەو دیكتاتۆرەی بەرهەمهێناوە؟! وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ ئێوە جێ دەهێڵم كە چەند ئەڵقەیەكی تایبەت تەرخان بكەن و بەدوورو درێژی باس و خواسی ئەم تەوەرە شرۆڤە بكەن. كەسانی پسپۆڕ و شارەزا بانگهێشتی بەرنامەكەتان بكەن لە هەرچوار بەشی "لاشە" نەخۆشەكە و بە جددی كار بۆ ئەمە بكەن و ئەم پرسیارە بووروژێنن لەڕووی مێژوویی و سیاسی و سایكۆلۆژی و ئابووری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیەوە وەڵامی بە تێرو تەسەل بدنەوە كە ئایا "بارزانی" ئەم بێ دەنگیەی دروست كردووە یان ئەوە بێدەنگی شەقامە بارزانی فەراهەمهێناوە؟؟؟
بێمە سەر ڕۆلی پیاوانی ئاینی كە یەكجار پێویستە بۆ هۆشیاریی و ئاگاهی و تێگەیاندن و پێگەیاندنی كورد لەم نێوەندە دا كە چۆن بە كەناڵی مینبەرەكانیان میللەت ئاگادار بكەنەوە و باسی زام و برینەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان بكەن و ئاماژە بدەن بەخوێنی بەناهەق ڕژاوی ڕۆلەی میللەتەكەمان لە هەموو بەشەكانی و شەقامی لێ ئاگادار بكەنەوە، گەر ڕاگەیاندنەكان بەم ئەركە هەڵناستن خۆ ئەوان دەتوانن ئەم بۆشاییە پڕ بكەنەوە و سترێس دروست بكەن و ببنە ژمارەیەكی قورس لە كەناڵ و مینبەرو پەیوەندی و ئۆرگانەكان بۆ تۆكمە بوون و توندوتۆڵكردنی پێكهاتەی نەتەوەییمان. لێ حەیف و مخابن كە ئەوانیش لە هەمان بازنەی بچوككراودا دەقی خوتبەكانیان مەندو گیركردووەو هەر لەوێدا وتارەكانیان دەخولێتەوە و خەمی گەورەیان لەناو حەوشەی مزگەوتدا تێپەڕ ناكات؟! ئەوان لە بازنەیەكی بچووك و تەفكیرێكی تەسك و بریسكدا بیر دەكەنەوە بێ ئەوەی هەستی بێ بكەن كە پەیامی ئاینەكان بۆ خزمەتی تێكڕای مرۆڤایەتی هاتووە و دەقە نەمرەكانی ئاراستە كراوە بۆ بەختەوەركردن و خۆشنوود كردنی انسانیەت چ جای لە هاو زمان و خاك و نیشتمانەكەت. پەیامی من بۆ ئەوان ــ پیاوانی ئاینی ــ ئەوەیە كە بەرپرسیاریەتێكی ئێجگار گەورەیان لە ئەستۆدایە، پێویستە لێ ی وریابن كە رۆلی ئەوان گەورەو ترسناكە! بێ دەنگبوونیان لە ئاست هۆشیار كردنەوەی تاكی كورد لە كەناڵەكانیان ڕوو ڕەشیە بۆ دونیاو قیامەتیان.
ئێمە لە باشوورەوە ڕایدەگەیەنین كە هەماهەنگین و هاو خەم و هاو جەم و دڵگیرو پەرۆشین بۆ ئازاردان و مەزڵومیەتی كورد لەهەر شوێنێكی ئەم زەمینەدا بێت جەرگمان بۆ ئەو چوار شەهیدە كوردەی ڕۆژهەڵاتیش دەقرچێت و كزە دەكات. هەست بە قووڵی برینی پارچەكانی لاشەی میللەت دەكەین لە باكوور و ڕۆژئاوا، بۆیان دەسوتێین وەك مۆم بۆیان دەتوێینەوە. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ چاوەڕێی خۆری ئازادین بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان.
دەمانەوێت خامەی خانی و جەزیری و حەریری، مێژووی نەتەوەكەمان سەر لەنوێ بۆ بنووسێتەوە.. نالی و مەحوی و سالم و پیرەمێردیش بەرگی ناوەڕۆكەكەی بە ئاڵتونی وشەكانیان زێڕساز بكەن.. جگەرخوێن و خەزنەوی و مەعشوقیەكانیش قەڵغانی دێڕو سەربازی ئەوین و بوێری دێڕ بەدێڕی ناو پەرتووكەكە بن.. سەڵاحەدین و شێخی پیران و حەفیدی مەردو، قازی شكۆو، ئۆجەلانی خۆڕاگریش داڕێژەری نەخشەی هەر چوار پارچەی لاپەڕەكانی پەرتووكی "كوردستان" بن....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە