کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاخۆ هه‌ڵوێستی(مه‌سعود بارزانی) له‌ به‌رامبه‌ر گه‌مه‌ سیاسی یه‌که‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامیدا، چۆن ده‌بێت؟

Tuesday, 11/05/2010, 12:00




پێش نزیکه‌ی چل ڕۆژ ، وتارێکم به‌ ناوی(یه‌کگرتووی ئیسلامی هێرشی خۆی بۆ سه‌ر گۆڕان ده‌سپێکرد!) بڵاو کرده‌وه‌. له‌و وتاره‌دا، به‌ دیاریکراوی ئاماژه‌م به‌م سێ مه‌سه‌له‌ی خواره‌وه‌ کردبوو:
یه‌که‌م: یه‌کگرتوو گۆڕانێکی نه‌وعی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و له‌ بڕیارێکی سیاسه‌تمه‌داره‌ گه‌وره‌کانیدا، کۆتایی به‌ قۆناغی (کوله‌که‌ی ته‌ڕ) هێناوه‌ و هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، (بیلالی حه‌به‌شی) بنێرێته‌ په‌رله‌مان و به‌ ئاشکرا داوای به‌شه‌ سه‌روه‌ت و ده‌سڵات و یاسا بکات، به‌ڵکو یه‌کسه‌ر (عومه‌ر) ێکی به‌ شمشێره‌که‌یه‌وه‌ ناردوه‌ته‌ گه‌ڕه‌ک و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات!
دووه‌م: ئۆباڵی خێرا بوونی ئه‌م گۆڕانه‌ نه‌وعی یه‌م خستبووه‌ سه‌ر نه‌وشیروان و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی و به‌شێکی به‌رچاو له‌ نوسه‌ره‌کان.
‌سێیه‌م: ئه‌و نوسه‌رانه‌م له‌وه‌ ئاگادار کردبوه‌وه‌ که‌ دره‌نگ یا زوو، یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ کڵاویان بۆ ده‌دورن!
‌له‌م وتاره‌شدا ده‌مه‌وێت به‌ هه‌مان ده‌زگای فیکری و لۆژیکه‌وه‌، ئه‌م بڕگه‌ تازه‌یه‌ی ده‌وری یه‌کگرتوو له‌ ئاستی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا و ئامانجه‌کانی یه‌کگرتوو، چۆنێتی هه‌ڵوێستی(مه‌سعود بارزانی) وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌م هه‌رێمه‌ و وه‌ک گه‌وره‌ترین ده‌سڵاتدار(که‌ چ به‌ ئاشکرا و چ به‌ نهێنی خه‌ته‌ سوره‌کان ده‌کێشێت) ، چاره‌نوسی ده‌زگاکانی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاراس و سه‌رده‌م و نوسه‌ران، ئاکامه‌کانی، لێکبده‌مه‌وه‌.
یه‌کگرتوو، له‌ناو کوردستان خزمه‌ت ده‌کرێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ خزمه‌تکاری ئاماده‌ ده‌کرێت
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت، له‌ لێکدانه‌وه‌ گشتی یه‌که‌ واوه‌تر بڕۆین و ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌ڵێین که‌ ئه‌مڕۆ دوژمنایه‌تی کردنی چینی کرێکار و بیروباوه‌ڕی یه‌کسانیخوازی و به‌رگریکردن له‌ سیسته‌می چینایه‌تی، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی مانه‌وه‌ و هێزگرتنی حزبه‌ ئیسلامی یه‌کانه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی دیاریکراوتر، سه‌رچاوه‌کانی هێزگرتن و هێرش و په‌لاماره‌کانیان ده‌سنیشان بکه‌ین، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین، که‌ یه‌کێک له‌ سه‌رچاوه‌کانی خزمه‌تکردنی بزوتنه‌وه‌ ئیسلامی یه‌کان و حزبه‌کانیان، ئه‌و خزمه‌ته‌ بووه‌ که‌ بزوتنه‌وه‌ قه‌ومی یه‌کان و حزبه‌کانی به‌م بزوتنه‌وانه‌یان کردوه‌ و ده‌یکه‌ن. ئه‌ویش له‌ ڕێگای:
1. فریودان و ترساندن و سه‌رکوتکردنی چینی کرێکار و بیروباوه‌ڕی یه‌کسانی خوازی و ئازادیخوازی.
2. سه‌پاندنی ژیانێکی قورس به‌سه‌ر به‌شێکی به‌رین له‌ خه‌ڵکدا، که‌ توانا و بواری ئه‌وه‌یان نابێت، به‌پێی پێویست وشیاری و جورئه‌تیان بۆ تێگه‌یشتن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ جۆراوجۆره‌کانی ژیان، ده‌ستبکه‌وێت.
3. له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌(له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگی و یاسایی و په‌روه‌رده‌یی و...) په‌نا بۆ دین ده‌به‌ن بۆ دوژمنایه‌تی کردنی چینی کرێکار و پێداویستی یه‌کانی وشیاری و ڕێکخراوبوونی.
4. له‌شکرێک له‌ مه‌لا و هه‌زاران مزگه‌وت و ده‌یان ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن خراونه‌ته‌ خزمه‌تی دین و حزبه‌ ئیسلامی یه‌کانه‌وه‌.‌

هه‌رچی سه‌رچاوه‌کانی ده‌ره‌وه‌شه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌کگرتوو، لێی ڕاده‌بینرێت که‌: خزمه‌تکارێکی گوێڕایه‌ڵی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب بێت بۆ زه‌مانه‌تکردنی هێشتنه‌وه‌ی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا، خزمه‌تکارێکی ده‌سته‌مۆ بێت بۆ تورکیا بۆ سه‌رکوتکردنی زیاتری خه‌ڵکی کوردستانی تورکیا، زۆر به‌ ئاسانی ببێته‌ مه‌قاشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی کوردستانی ئێرانیش.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌کرێت ئامانجه‌کانی یه‌کگرتوو له‌ دو خاڵدا دیاری بکه‌ین، یه‌که‌میان بریتی یه‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی خۆیی و ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که‌(یه‌کێتی و پارتی و گۆڕان و نوسه‌ره‌کانیان بۆیان به‌دیهێناوه). دوه‌میشیان بریتی یه‌ له‌ پرۆڤه‌ کردن بۆ ئه‌و خزمه‌تکاری یه‌ی که‌ هێزه‌ عه‌ره‌بی یه‌ شۆڤێنی یه‌کان و سعودیه‌ و کۆماری ئیسلامی و تورکیا لێی ڕاده‌بینن.
مه‌سعود بارزانی چۆن هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت؟
ئه‌گه‌ر به‌ دوای دیاریکردنی هه‌ڵوێستی لۆژیکی یانه‌ی مه‌سعود بارزانیدا بگه‌ڕێین، پێویسته‌ سه‌ره‌تا مه‌سعود بارزانی پێش چه‌ند مانگێک و هی ئێستا و هی دوای ئه‌م گه‌مه‌ سیاسی یه‌ی یه‌کگرتوو، ڕه‌چاو بکه‌ین.
پێش چه‌ند مانگێک مه‌سعود بارزانی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی یانه‌ی هه‌بوو:
1. به‌شی شێری له‌ سه‌روه‌ت و سامانی کوردستاندا هه‌بوو، وه‌ تاقه‌ شه‌ریکێکی گه‌وره‌ که‌ هه‌یبوو یه‌کێتی بوو. له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا خۆیان بڕیاریان ده‌دا، وه‌ک سواڵ وسه‌ده‌قه‌ چه‌رده‌یه‌کی لێبده‌ن به‌ حزبه‌کانی تر.
2. چ بۆ فریودانی خه‌ڵکی کوردستان(به‌ تایبه‌تی لاوان) و دوور خستنه‌وه‌یان له‌ بیروباوه‌ڕی ئینسانی یانه‌ و یه‌کسانیخوازانه‌ و بۆ ته‌زویر کردنی ماناکانی ئازادی و پێشکه‌وتنخوازی و چ بۆ مونافه‌سه‌ کردنی ئیسلامی یه‌کان و حزبه‌کانیان و یه‌کێتی، مه‌سعود بارزنی ناچار بوو به‌شێکی ئه‌و پاره‌ زۆر و مشه‌یه‌ بۆ کڕین و ڕازیکردن و زیادکردنی له‌شکری قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستان به‌کاربێنێت و ده‌زگای جۆراوجۆریان بۆ دروست بکات.
به‌ڵام ئێستا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی یانه‌ی هه‌یه‌:
1. شه‌ریکی تری بۆ په‌یدا بووه‌ و له‌سه‌ر به‌شی خۆیان بێده‌نگ نابن و که‌م تا زۆر و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان خه‌ڵکی کوردستان له‌و قۆرخ کردنه‌ ئاگادار ده‌که‌نه‌وه‌.
2. فریودان و ترساندن و سه‌رکوتی خه‌ڵکی ناڕازی، تا ڕاده‌یه‌ک پێوه‌ره‌کانی خه‌ڵک به‌ گشتی و (لاوان به‌تایبه‌تی) بۆ به‌شه‌ ژیان و ئازادی و ده‌سه‌ڵات، له‌ ڕووی فکری یه‌وه‌ به‌ قازانجی سیسته‌می چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داران و مشه‌خۆران، له‌ قاڵب داوه‌.
3. ئێستا ئیتر پێویستی به‌ جۆرێکی تر له‌ ده‌زگا و که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌، که‌ له‌و ئاسته‌ی پاشه‌کشه‌ی فکریی لاوانه‌وه‌ بۆ زیاتر ده‌سته‌مۆ کردنیان و چه‌وساندنه‌وه‌یان و بچوک کردنه‌وه‌یان بکه‌ونه‌ گه‌ڕ و ده‌بێت به‌شێک له‌ سامانه‌که‌ی بۆ ئه‌وان سه‌رف بکات و ئه‌وله‌ویه‌ت بدات به‌وان و ئه‌و ده‌زگایانه‌ ئه‌و زه‌روره‌ته‌ی جارانیان نه‌ماوه‌. که‌ناڵه‌کانی کۆڕه‌ک و که‌ناڵ 4 گه‌واهی ئه‌مه‌ ده‌ده‌ن.
4. ئێستا هه‌م ژماره‌یه‌کی زۆری له‌ نوسه‌ر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه‌ کڕیوه‌ و ڕاو کردوه‌، که‌ له‌وانه‌ بوو پێشتر به‌ لایه‌کی تردا بڕۆشتنایه‌ و هه‌م به‌و جۆره‌ی جارانیش پێویستی پێیان نه‌ماوه‌ و ده‌بێت له‌ خێمه‌ گه‌وره‌که‌ی پارتیدا(که‌ هه‌ندێک له‌و قه‌ڵه‌م فرۆشانه‌ وا ناویان ده‌برد) کارێکی تر بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه‌!
5. ئێستا له‌ هه‌ر کاتێکی تر زیاتر، له‌وه‌ نزیک بوه‌ته‌وه‌ که‌ سه‌روه‌ته‌که‌ی له‌ وه‌به‌رهێناندا بخاته‌ گه‌ڕ(به‌ تایبه‌تی ئیتر هونه‌رمه‌ند و کۆمپانیا و سه‌رمایه‌دار و پرۆژه‌ نه‌ما سه‌رمایه‌ دزراوه‌کانی پێ سپی نه‌که‌نه‌وه‌).
6. ئێستا مه‌سعود بارزانی له‌وه‌ش دڵنیایه‌(هیچ نه‌بێت به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ته‌جروبه‌ی فه‌له‌ستین) که‌ ئه‌گه‌ر به‌هێز بوونی دین له‌لایه‌که‌وه‌ خێری بۆ سه‌رمایه‌ خستنه‌گه‌ڕ هه‌بێت، له‌ چه‌ندین لاوه‌ زیانی بۆ حزبه‌که‌ی، بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی، بۆ که‌سایه‌تی خۆی هه‌یه‌! چونکه‌ ئێستا ئیتر به‌هێز بوونی دین له‌ ڕووی سیاسی یه‌وه‌ ده‌چیته‌ گیرفانی حزب و که‌سایه‌تی تره‌وه‌! ته‌نانه‌ت ده‌چێته‌ گیرفانی بزوتنه‌وه‌ ناسیۆنالیسته‌ مونافسه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی کوردیشه‌وه‌ (وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌ب و تورک و ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌)!
هه‌رچی ئه‌و داهاتووه‌شه‌ که‌ بۆ خۆی له‌به‌رچاوی ده‌گرێت، کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی مه‌سعود بارزانی ده‌بێت، چونکه‌:
ـ ئه‌گه‌ر ته‌نیا چاوی له‌وه‌ بێت که‌ ببێته‌ سه‌رمایه‌دارێک، ئه‌وه‌ پاکانه‌ بۆ دین ده‌کات و هه‌ندێک هێڵی سووریش بۆ نوسه‌ران داده‌نێت و دووریش نی یه‌ بێجگه‌ له‌ ته‌ئکید کردن له‌سه‌ر پیرۆزی پێغه‌مبه‌ران و قورئان و داخستنی ده‌زگاکان یان قه‌ڕه‌م کردنیان و گۆڕینیان بۆ ده‌زگای(ئیرۆتیکی!) که‌ له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی که‌ناڵ چار و کۆڕه‌کدا دێته‌وه‌ و له‌ ئیسلامیشدا حه‌رام نی یه‌ و ئیتر ئه‌وله‌یه‌ت ده‌درێت به‌و نوسه‌رانه‌ی که‌ شیعر و چیرۆکی ئیرۆتیک پێشکه‌ش به‌ گه‌له‌که‌یان ده‌که‌ن! له‌وانه‌یه‌ وه‌ک هه‌میشه‌ ئاماژه‌ش به‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌کی یه‌کان بکات.
ـ ئه‌گه‌ر چاوی له‌وه‌ بێت وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌ک بمێنێته‌وه‌ و سه‌رمایه‌که‌یشی خێروبێری که‌لانی له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی کرێکاران و ئازادیخوازان بۆ بداته‌وه، ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ پاکانه‌ کردن بۆ دین، هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی باشیش له‌ یه‌کگرتوو ده‌کات و خه‌تێکی سووریان بۆ داده‌نیت و مه‌لاکانیش ناچار ده‌کات ته‌نیا به‌ پێی ڕێنمایی یه‌کانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بجوڵێنه‌وه‌ و هه‌ندێک نه‌سیحه‌ت یان هه‌ڕه‌شه‌ش له‌ نوسه‌ران ده‌کات و پێوه‌ری ئیسلامی یه‌کان بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین هه‌ڵده‌بژێرێت، یان ده‌بێته‌ ناوبژیوان.
ـ یان به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت، بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێت.
ئێستا بابزانین هه‌ریه‌که‌ له‌مانه‌ چۆن به‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی و بزوتنه‌وه‌ و حزبه‌که‌یدا ده‌شکێنه‌وه‌؟
به‌ڕای من هه‌ڵوێستی یه‌که‌م بێجگه‌ له‌وه‌ی مانای ته‌سلیم بوونیه‌تی به‌ تاکتیکه‌که‌ی یه‌کگرتوو، ده‌بێته‌ مایه‌ی ته‌شه‌نه‌ کردنی ئیسلام(که‌ بێگومان له‌مڕۆدا ئه‌وه‌ی ته‌شه‌نه‌ ده‌کات ئیسلامی سیاسی یه‌ و ئه‌وه‌ درۆیه‌کی گه‌وره‌یه‌ که‌ هه‌ندێک ده‌ڵێن، ئیسلامی ناسیاسی ده‌توانێت ته‌شه‌نه‌ بکات، چونکه‌ ئه‌م ئیسلامه‌ ئه‌و عاداته‌ نی یه‌، که‌ بۆ خه‌ڵک ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و ئیسلامه‌یه‌، که‌ حزبی هه‌یه‌، مه‌لای سیاسی هه‌یه‌، به‌رنامه‌ی ورد و تاکتیکی هه‌یه‌، له‌ ئاستی کۆمه‌ڵگادا هه‌ڵده‌سوڕێت، په‌یوه‌ندی به‌ ناوچه‌که‌ و دنیاوه‌ هه‌یه‌، توندڕه‌و خزمه‌ت به‌ میانه‌ڕه‌و ده‌کات، میانه‌ڕه‌و زه‌خیره‌ی مرۆیی بۆ توندڕه‌و فه‌راهه‌م ده‌کات، ده‌توانین له‌ ساده‌ترین جموجوڵدا ئه‌وه‌ ببینین، که‌ به‌ به‌رنامه‌ سه‌رپۆش ده‌ده‌ن به‌سه‌ر کچان و ژناندا، ...) و لێره‌شه‌وه‌ دیسان یانی به‌هێزبوونی جه‌ماعه‌تێکی ئیسلامی(جا یه‌کگرتوو بێت، کۆمه‌ڵ بێت، ڕه‌وتی گه‌شه‌ بێت، که‌ حه‌تمه‌ن ماوه‌یه‌کی تر ئه‌ویش وه‌ک ڕابیته‌ی ئیسلامی پێش 1994 خۆی ده‌کات به‌ حزبێکی سیاسی وه‌یان کادریان بۆ په‌روه‌رده‌ ده‌کات.....
که‌واته‌ هه‌ڵوێستی یه‌که‌می مه‌سعود بارزانی ته‌سلیم بوونه‌ به‌ چاره‌نوسی مه‌حمود عه‌باس، چاره‌نوسی ژه‌نراڵه‌کانی تورکیا و له‌مه‌ش زیاتر ڕوخاندنی پایه‌کانی کوردایه‌تی یه‌که‌ی خۆیه‌تی و گه‌وره‌کردنی ئه‌و هێزه‌یه‌ که‌ خه‌و به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت، خه‌ڵکی کوردستان ببنه‌ خزمه‌تکاری ئیسلام و بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌ب(هه‌ر ئێستا سه‌یری ئه‌و جلوبه‌رگ و ئه‌ده‌بیات و عاداتانه‌ بکه‌ن که‌ بره‌وی پێده‌ده‌ن).
هه‌ڵوێستی دووه‌م(که‌ له‌ ڕووی سیاسی یه‌وه‌ زیاتر لێی چاوه‌ڕوان ده‌کرێت) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، که‌ به‌ ڕواڵه‌ت گه‌مه‌یه‌کی سیاسی سه‌رکه‌وتوانه‌یه‌، به‌ڵام هه‌م کورتخایه‌نه‌ و هه‌مان ئه‌گه‌ری به‌هێز بوونی حزبه‌ ئیسلامی یه‌کان زاڵ ده‌کات و هه‌م ده‌شبێته‌ به‌ڵگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ ئاستی کۆمه‌ڵدا و به‌ ڕه‌سمی دووڕوویی خۆی پێ ده‌سه‌لمێنێت و ئیسلامی یه‌کان ده‌توانن زۆر به‌ ئاسانی بۆ لێدانی که‌سایه‌تی ئه‌و کاری له‌سه‌ر بکه‌ن و هه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ی که‌ ئه‌م (له‌ چوارچێوه‌ی موقه‌ده‌ساتی دین و عاداتدا) بۆ ئازادی دایده‌نێت، هه‌موو گۆرانی و فلیمێکی که‌ناڵ چار و کۆڕه‌ک به‌س ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلامی یه‌کان له‌ کۆڕ و کۆمه‌ڵ و کۆبونه‌وه‌کانیاندا بیکه‌ن به‌ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ ئه‌و دووڕویی یه و زاڵ کردنی که‌سایه‌تی یه‌ ئیسلامی یه‌کان. ئه‌مه‌ به‌جیا له‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر‌ فریودان و ترساندن و سه‌رکوت و چه‌وساندنه‌وه‌ و بێماف کردنی چینی کرێکار و لاواندا، له‌ سایه‌ی ئه‌و سیسته‌م و یاسا و عاداتانه‌دا، فه‌زایه‌کی ئینسانی و گونجاوی بۆ فه‌راهه‌م نه‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاقارێکی ئاساییدا بڕوات، ئه‌وا چه‌ند په‌نگ بخواته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ تووڕه‌ تر و تۆڵه‌سێن تر و ناڕۆشنتر دێته‌ ده‌ر و سه‌رباری هه‌وڵی به‌رده‌وامی به‌شێک له‌ هه‌ڵسوڕاوه‌کانیان(که‌ هه‌رکام له‌و هه‌ڵوێستانه‌ مه‌حدودیاتی زیاتریان بۆ دروست ده‌که‌ن) و له‌ هه‌ندێک بڕگه‌ی مێژووییدا، هه‌ندێک جار به‌ زیانی هه‌موو کۆمه‌ڵگا و به‌شه‌ریه‌تیش ده‌شکێته‌وه (ده‌رکه‌وتنی هیتله‌ر و خومه‌ینی نمونه‌ی زه‌قی ئه‌و هه‌ڵویستانه‌ن).
هه‌ڵوێستی سێیه‌میش ناتوانێت به‌کرده‌وه‌ نه‌بێته‌ یه‌کێک له‌و دوو هه‌ڵوێسته‌ی تر.
که‌واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا(که‌ ئه‌و چاوه‌ڕوانی یه‌ی لێناکریت!) به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئینسانی و ته‌نانه‌ت به‌سوود بۆ مه‌سعود بارزانی(وه‌ک ئینسانێک، نه‌ک وه‌ک دوژمنێکی ئینسان) ئه‌وه‌یه که‌ ڕاشکاوانه‌ بڵێت:
ئینسان موقه‌ده‌سه‌، هیچ شتێک له‌ ئینسان موقه‌ده‌س تر نی یه‌! هه‌ر حزب و لایه‌ن و گروپێکیش ئه‌مه‌ به‌ ڕه‌سمی نه‌ناسێت، بۆی نی یه‌ له‌ ژیانی ئینسانه‌کاندا ده‌خاڵه‌ت بکات!
سه‌باره‌ت به‌ ئاکامه‌کانی ئه‌م ململانێ یه، به‌وه‌وه‌ به‌نده‌ که‌ پێوه‌ری کام بزوتنه‌وه‌ بۆ ئازادی زاڵ ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ که‌ هه‌ڵسوڕاوه‌کانی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ک چۆن ده‌ور ده‌بینن (هه‌ڵبه‌ته‌ له‌م نێوه‌دا پێوه‌رێکیش هه‌یه‌ که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ کۆ ده‌کاته‌وه‌، که‌ به‌ر له‌هه‌ر شتێک ئینسان موقه‌ده‌سه‌ به‌ لایانه‌وه‌).
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ یه‌کێک له‌ ئاکامه‌کان ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ یه‌کگرتووی ئیسلامی ئیتر ناتوانێت ژماره‌ و ڕێژه‌ بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌ ده‌خاڵه‌تی ئه‌و له‌ کۆمه‌ڵگادا به‌کاربێنێت، چونکه‌ هه‌رگیز ناتوانێت دوو ملیۆن ئیمزا کۆبکاته‌وه‌. ئیتر ڕه‌قه‌م ده‌بێت به‌ یه‌کێک له‌و وشانه‌ی که‌ یه‌کگرتوو و هه‌موو ئیسلامی یه‌کان له‌ کوردستاندا حه‌ساسیه‌تیان پێی ده‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر بشکشێنه‌وه‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ملیۆن ئیمزایه‌ ئه‌وا سفر ده‌بێت به‌ دوژمنیان. ئه‌گه‌ر ناوی نهێنی دابنێن ئه‌وا بێ سێ و دوو ده‌زانین، ئه‌وه‌ ناوی باڵه‌ تیرۆریسته‌که‌یانه‌! وه‌لحاێل یه‌کگرتوو نه‌ک هه‌ر خۆی به‌ڵکو زه‌خیره‌ دینی یه‌که‌ی خۆیی و سه‌رجه‌م هێزه‌ ئیسلامی یه‌کانیش که‌شف ده‌کات! هه‌روه‌ها بۆ زۆر که‌سی ساده‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌ یه‌کگرتوو ده‌یه‌وێت لاسایی کۆمپانیا و باڕ و چێشتخانه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بکاته‌وه‌، که‌ چۆن ناوی گۆرانیبێژ و ئه‌کته‌ره‌کان بۆ بره‌و پێدانی کاسبی یه‌که‌یان به‌کار دێنن. ئه‌ویش ده‌یه‌وێت ناوی پێغه‌مبه‌ر بۆ بره‌و پێدانی کۆمپانیاکه‌ی به‌کار بێنێت و له‌ ئێسک و پروسکی ئه‌و (کورسی په‌رله‌مان) دروستبکات! لێره‌دا نازانم کام کاریکاتێر و قسه‌ی نه‌سته‌ق باشتر حاڵ و وه‌زعی یه‌کگرتوو ده‌رده‌بڕێت: داره‌که‌ی ژێر خۆی ببڕێته‌وه‌؟ یان بۆ ڕیش چوو، سمێڵیشی دانا!
له‌ کۆتاییدا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ من له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵم داوه‌ ململانێکه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ بۆ خه‌ڵک ده‌رده‌که‌وێت(که‌ ململانێ یه‌که‌ له‌ نێوان پێوه‌ری ده‌زگا و نوسه‌ره‌کانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات و پێوه‌ری ئیسلامی یه‌کاندا بۆ ئازادی ڕا ده‌ربڕین) ئه‌گینا ئه‌وه‌ بۆ من و زۆر که‌سی تریش مه‌علومه‌ که‌ هه‌ردوو پێوه‌ره‌که‌ له ‌ناوه‌ڕۆکدا هه‌میشه‌ یه‌ک ده‌ور و ئامانجیان هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، که‌ ئه‌ویش ته‌لبه‌ند کردنی ئه‌و ئازادی یه‌یه‌ که‌ (چینی کرێکار و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کان) بتوانن بۆ به‌ده‌سهێنانی به‌شێکی زیاتری وشیاری و ژیان و ده‌سه‌ڵات سوودی لێوه‌ربگرن. چونکه‌ هه‌م ته‌جروبه‌ی کوردستان و هه‌م ته‌جروبه‌ی وڵاته‌کانی تورکیا و میسر(که‌ پێوه‌ری ده‌سڵاتی پێش چه‌ند ساڵێک یان ئێستایان، له‌ پێوه‌ری ده‌سڵاتی ئێره‌ ده‌چێت و پێوه‌ری ئیسلامی یه‌کانیشیان له‌ پێوه‌ری ئیسلامی یه‌کانی کوردستان ده‌چێت) ئه‌وه‌یان نیشان داوه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ توانای ده‌سڵاته‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌سڵات زۆر سه‌رسه‌ختانه‌ و به‌بێ هیچ سازشێک له‌ چوارچێوه‌ی قازانجی خۆی و چینه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌که‌دا، به‌رگری له‌ ‌ پێوه‌ره‌کانی خۆی ده‌کات و به‌ ئاشکرا و به‌ نهێنی هه‌موو ساتێک ئه‌و سنورانه‌ ده‌به‌زێنێت، که‌ ئیسلام دایناوه. ئیسلامی یه‌کانیش به‌ کرده‌وه‌ ته‌سلیمی ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ بوون و ده‌بن و ته‌نیا کاتێک و ته‌نیا به‌و مه‌به‌سته‌ بواری مانه‌وه‌ و زاڵبوون و شانه‌خڕێی پێوه‌ره‌کانی ئیسلامی یه‌کان ده‌درێت، که‌ ده‌وره‌که‌ی و کاریگه‌ری یه‌که‌ی و ئامانجه‌که‌ی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی ده‌سڵات و چینه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌که‌دا و بۆ دژایه‌تی کردنی چینی کرێکار و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کان و بیروباوه‌ڕی یه‌کسانیخوازیدا جووت بێت، ئه‌گینا هه‌مو که‌س ئه‌وه‌ باش ده‌زانێت که‌ ده‌مێکه‌ ژیان بنه‌ما و پێوه‌ره‌کانی ئیسلامی به‌جێ هێشتووه‌ و وه‌ک ئه‌و مردووه‌ وایه‌ که‌ زیندووه‌کان له‌ سه‌پاندنی ڕاو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا بۆ سوێند خواردن به‌کاری دێنن!‌ (هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ فرسه‌تێکی تردا، باسی کاریگه‌ری ژه‌هری ئیسلامی یه‌کانی تورکیا(که‌ مه‌سه‌لی عولیای یه‌کگرتوون) له‌سه‌ر چینی کرێکاری ئه‌وێ بکه‌م) .
ئه‌وه‌نده‌ش که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر جیاوازی کوردستان و تورکیا ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رێکی ئه‌م کێشمه‌کێشه‌ له‌ که‌سێکدا(که‌ مه‌سعود بارزانی یه‌) به‌رجه‌سته‌ بووه‌، که‌ چاره‌نوسی که‌سایه‌تی خۆی یان بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و هه‌ڵوێسته‌وه‌ که‌ ئێستا ده‌ینوێنێت و که‌مترین لایه‌نگیری له‌ پێوه‌ره‌کانی ئیسلامی یه‌کان بۆ ئازادی وه‌یان بێده‌نگی له‌ به‌رامبه‌ر گه‌مه‌ سیاسی یه‌که‌یاندا، به‌ دوو ئاقاردا ده‌ڕوات:
یه‌که‌م: لێدانی به‌شێکی به‌رین له‌ خه‌ڵکی کوردستان و ئاماده‌کردنیان بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به‌ خێرایی و به‌ ئاسانی ژه‌هری ئیسلامی یه‌کان کاریگه‌ری یان له‌سه‌ر دابنێت. ئه‌مه‌ش یانی له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکدا ده‌بن به‌ هێزێک و هه‌موو شتێک جیاواز ده‌بێت له‌ خه‌ونه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و که‌سایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یی یه‌کانی مه‌سعود بارزانی.
دووه‌م: سه‌رکوتکردنی ناڕه‌زایه‌تی و هه‌وڵه‌کانی چینی کرێکار و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کان و ئازادیخوازان و ڕێگه‌ گرتنه‌ لێیان، که‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌توانن به‌ ئاشکرا و به‌ ڕه‌سمی سوود له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی خۆیان و به‌شه‌ریه‌ت وه‌ربگرن و به‌ ئاراسته‌ی وشیار بوونه‌وه‌ و به‌هێز بوونی خۆیان و کۆمه‌ڵگادا بیبه‌نه‌ پێش و پێوه‌ره‌کانیان زاڵ بکه‌ن. ئه‌و سه‌رکوتکردنه‌ش بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ (تاوان) ێکه‌ و ده‌رهه‌ق به‌وان ده‌کرێت، زه‌مینه‌ خۆشکردنیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تی یانه‌ به‌ ئاقاری تردا بچنه‌ پێش، که‌ سه‌رباری هه‌وڵی به‌رده‌وامی به‌شێک له‌ هه‌ڵسوڕاوه‌کانیان، زۆر جار به‌ زیانی هه‌موو کۆمه‌ڵگاش ده‌شکێته‌وه(سه‌رهه‌ڵدانی هیتله‌ر و خومه‌ینی نمونه‌ی مێژوویی زه‌قی ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ن).‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر مێژوو بگه‌ڕێته‌وه‌، نه‌ ده‌سڵاتداره‌کانی ئه‌و کاته‌ی ئه‌ڵمانیا و نه‌ شای ئێرانیش ناتوانن بڵێن ئێمه‌ ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ ده‌نوێنین که‌ ڕێگه‌ بۆ هاتنی هیتله‌ر و خومه‌ینی خۆش ده‌که‌ن و خۆشمان به‌ (ئینسان، عاقڵ) ده‌زانین‌! 04.04.2010
[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە