کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیناریۆکه‌ی بارزانی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی چۆن ده‌بێت؟

Thursday, 24/02/2011, 12:00


بارزانی هه‌ر دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا ده‌نێرێت به‌ دوای کۆمه‌ڵێک مه‌لا و شاعیر و نوسه‌ر و مامۆستای زانکۆ و سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و بازرگان و لاو و باوکی لاوه‌ گیان به‌ختکردوه‌کانی خۆپیشاندانه‌کان و باوکی هه‌ندێک له‌ برینداره‌کان و کۆیان ده‌کاته‌وه‌.
خوتبه‌یه‌ک ئاماده‌ ده‌کات و تیایدا بێجگه‌ له‌ ده‌ربڕینی سه‌ره‌خۆشی و نیگه‌رانی به‌رامبه‌ر(خۆی واته‌نی) ڕژانی خوێنی کورد به‌ ده‌ستی کورد، ده‌که‌وێته‌ گله‌یی کردن له‌ به‌ختی خۆیی و حزبه‌که‌یی و به‌ مه‌غدوریان نیشان ده‌دات و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه‌ به‌ ئاماده‌ بوان و خه‌ڵک بسه‌لمێنێت، که‌ ئه‌و و حزبه‌که‌ی و ئه‌زمونه‌که‌یان کراونه‌ته‌ ئامانج و چه‌ندین هێزی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی له‌ ناوه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ شه‌و و ڕۆژ خه‌ریکی پیلان گێڕانن له‌ دژیان. دواتر زۆر به‌ خه‌مساردیه‌که‌وه‌ ده‌ڵێت:
ـ به‌ ڕاستی هه‌روه‌ک له‌ چه‌ند ڕۆژی رابردوشدا باسم کرد، مه‌شغوڵ بونی من به‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌لی کورد و ئه‌زمونه‌که‌یه‌وه‌ وای لێکردووم، ئاگام له‌ زۆر شتی ناوخۆ نه‌بێت. هه‌روه‌ک خۆتان به‌ چاوی خۆشتان بینیتان سه‌فه‌ری ئه‌مجاره‌ی من بۆ ده‌ره‌وه‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک لایه‌ن سوو ئیستیفاده‌یان لێکرد. له‌ سه‌ر بانگهێشتی ناتۆ و ژماره‌یه‌ک له‌ دۆستانی گه‌له‌که‌مان بوو، وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ بوو، که‌ به‌ڵگه‌ی دڵسۆزی به‌نده‌یه‌ بۆ ئاشتی و پێکه‌وه‌ ژیان. به‌ داخه‌وه‌ ده‌ڵێم و دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌، هه‌ندێک که‌س چاویان به‌م ده‌سکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ گه‌ورانه‌دا هه‌ڵنایه‌ت و ده‌یانه‌وێت به‌ شتی زۆر بچوک و که‌م ئه‌هه‌میه‌ته‌وه‌ ئه‌زمونه‌که‌مان(ئیتر لێره‌دا باسی ئاسایش و ئازادی و پێشکه‌وتن و چه‌ندین ده‌سکه‌وتی گه‌وره‌ گه‌وره‌ ده‌کات) ناشیرین بکه‌ن.
ئینجا ده‌ڵێت: ده‌بێت هه‌ر لێره‌شدا زۆر سوپاسی برای به‌ڕێزم کاک ... بکه‌م که‌ به‌ ڕاستی وه‌ک نمونه‌ی کوردێکی دڵسۆز بۆ گه‌له‌که‌ی و بۆ ئه‌زمونه‌که‌مان مه‌وقیفی نواند. من لێره‌دا و به‌ شاهیدی ئێوه‌ به‌ڵێن به‌ ئێوه‌ و به‌ هه‌موو خه‌ڵکی به‌ شه‌ره‌فی کوردستان ده‌ده‌م که‌ به‌ زوترین کات موسه‌بیبانی خوێنی ڕژاوی ... و ئه‌وانی تر بدرێنه‌ دادگا و سزای عادیلانه‌ی خۆیان وه‌ربگرن، هه‌ر که‌سێک بێت و له‌ هه‌ر پۆست و مه‌وقعیه‌تێکدا بێت(لێره‌دا تۆزێک ده‌وه‌ستێت، چونکه‌ ده‌زانێت کاتی خۆیشی له‌ که‌یسه‌که‌ی سه‌رده‌شتیشدا هه‌مان ئه‌م قسانه‌ی کرد و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بکوژانی سزا بدرێت، لیژنه‌که‌ی ئه‌و جارێکی تر سه‌رده‌شتیان کرده‌وه‌ ئامانج و به‌ ئاشکرا و به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ په‌لاماری که‌سایه‌تی پیرۆزیان دا! به‌ڵام هه‌ر زوو دێته‌وه‌ سه‌رخۆیی و بۆ نه‌گبه‌تی کادر و چه‌کداره‌کانی لقی چوار و بۆ ئه‌وه‌ی بیانکات به‌ ساقه‌سه‌ری بنه‌ماڵه‌که‌یی و حزبه‌که‌ی و سه‌رکرده‌کانی و بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت خۆیی و هه‌ندێک که‌س بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ ده‌توانێت هه‌ندێک جاریش ڕاست بکات، به‌ تایبه‌تی ئه‌و کاتانه‌ی که‌ مه‌ترسیه‌که‌ گه‌وره‌ بێت و پێویستی به‌ قوربانی دان و ده‌فعه‌لبه‌ڵا بێت! له‌و کاته‌دا له‌ دڵی خۆیدا بڕیار ده‌دات که‌ ئه‌م جاره‌یان به‌ ڕاستیه‌تی و ده‌بێت هه‌ندێکیان وه‌ک تاوانبار بدرێنه‌ دادگا) .
پاشان ده‌ڵێت: من داوا له‌ ئێوه‌ ده‌که‌م به‌ نوێنه‌رانی هه‌موو ئه‌و چین و توێژانه‌ی که‌ لێوه‌ی هاتوون، داواکاریه‌کانتان به‌ من بڵێن و منیش به‌ڵێنتان پێده‌ده‌م که‌ به‌پێی توانام و وه‌ به‌ یارمه‌تی و هیمه‌تی ئێوه‌ و دڵسۆزانی گه‌له‌که‌مان جێبه‌جێیان بکه‌م.
دوا به‌دوای ئه‌م قسانه‌ی بارزانی هه‌ندێک له‌و پیاو ماقووڵانه‌ هه‌ڵده‌سن و به‌ لایه‌کدا ماستاوێکی خه‌ستی کوڵکن بۆ ئه‌و و حزب و ئه‌زمونه‌که‌ی ده‌که‌ن و به‌ لایه‌کی تردا قوونه‌ ماستاوێکی ته‌ڕ و ڕوون ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ستی خه‌ڵکی ناڕازی.
+ هه‌ڵبه‌ته زۆرێک له‌ که‌سانی سه‌ر به‌ چین و توێژه‌ چه‌وساوه‌ و زه‌ره‌رمه‌ند و ناڕازیه‌کانی کوردستان به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ئاگاداری ئه‌م قسانه‌ ده‌بن و بیانه‌وێ و نه‌یانه‌وێ ئه‌م پرسیارانه‌یان لا دروست ده‌بێت:
ـ ئه‌رێ ئه‌و ئه‌زمونه‌ی ئه‌م کابرایه‌ هه‌میشه‌ باسی ده‌کات، بۆ خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌یی و کاربه‌ده‌ست و سه‌رمایه‌داره‌کان و مشه‌خۆره‌کان و ئینسان کوژه‌کان و دز و درۆزن و گه‌نده‌ڵ و دوو ڕوو و قاچاخچی یه‌کانی ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان چ (زه‌ره‌ر)ێکی هه‌بوه‌ و بۆ کرێکاران و کارمه‌ندان و لاوان و مامۆستایان و ئینسانه‌ شه‌ریف و ڕاستگۆکان و ژنان و مناڵانی ئه‌م وڵاته‌ چ(قازانج) ێکی هه‌بوه‌؟
ـ ئه‌رێ ئه‌و هه‌موو پێشکه‌وتنه‌ی باسی ده‌کات چه‌ندی به‌ نسیبی ده‌زگاکانی فریودان و ترساندن سه‌رکوت بوه‌ و چه‌ندی به‌ نسیبی دام و ده‌زگا خزمه‌تگوزار یه‌ گشتیه‌کان بوه‌؟
ـ ئه‌رێ ده‌کرێت بوترێت ئه‌و ئه‌زمونه‌ چ قازانجێکی بۆ ئه‌و سه‌دان هه‌زار پیاو و ژن و مناڵه‌ هه‌یه‌ که‌ خانویه‌کی گونجاویان نیه‌ و چ زیانێکی بۆ بنه‌ماڵه‌کانی ئه‌و و تاڵه‌بانی و ده‌سه‌ودایره‌کانیان و سه‌رمایه‌داره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کان هه‌یه‌ که‌ ئه‌و هه‌موو بینا و باڵه‌خانه‌یان کردوه‌ته‌ موڵکی خۆیان؟
ـ ئه‌رێ ئه‌و ئه‌زمونه‌ چ قازانجێکی بۆ ئه‌و لاوانه‌ تێدا بوو، که‌ ناچار بوون لێی ڕا بکه‌ن و ته‌مه‌نی گه‌نجی خۆیان له‌ که‌لاوه‌کانی یۆنان و که‌مپه‌کانی ئه‌وروپادا به‌فیڕۆدا؟
ـ ئه‌رێ ئه‌و ئه‌زمونه‌ چ زیانێکی بۆ ده‌وڵه‌ته‌کانی ئێران و تورکیا و عێراق هه‌بوه‌، تا بیانه‌وێت له‌باری ببه‌ن؟ ئه‌ی هه‌ر سه‌دام نه‌بوو به‌ هێزی سوپای کۆماری و ده‌بابه‌ هاوکاری بارزانی کرد تا به‌شه‌ ئه‌زمونه‌که‌ی خۆی بپارێزێت؟ ئه‌ی هه‌ر تورکیا نه‌بوو به‌ هێزی ئای ئێم ئێف هاوکاری بارزانی کرد؟ ئه‌ی هه‌ر ئێران نه‌بوو یارمه‌تی تاڵه‌بانی دا تا به‌شه‌ ئه‌زمونه‌که‌ی خۆی بپارێزێت؟ ئه‌ی هه‌ر تاڵه‌بانی و بارزانی نه‌بوون له‌ هه‌موو ڕویه‌که‌وه‌(ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی ئه‌منی و سه‌ربازیشه‌وه‌) ده‌وڵه‌تی عێراقیان داڕشته‌وه‌ و هه‌میشه‌ش شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌که‌ن؟
ـ ئه‌رێ هه‌بوونی ئه‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆریستی یانه‌ی که‌ گوایه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌که‌، ده‌بێت چ زیانێکیان بۆ ئه‌و ئه‌زمونه‌ هه‌بێت، که‌ به‌ قسه‌ی ئه‌مان گوایه‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌(له‌ مانگی ئایاری پاردا ئه‌و سه‌رده‌شت عوسمانه‌یان کوشت، که‌ وه‌ک ڕۆژنامه‌نوسێک له‌ دژی گه‌نده‌ڵی ئه‌م ده‌سڵاته‌ و نه‌بوونی ئازادی و یه‌کسانی له‌ سایه‌یدا هاتبوه‌ ده‌نگ!).
ئه‌ی ده‌بێت هه‌بونی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ چ زیانێکی بۆ ئه‌م ده‌سڵاتدارانه‌ هه‌بێت، که‌ گوایه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ئۆتۆمبیل و پشتێنی ‌بۆمبڕێژکراو و به‌ قه‌ناس به‌رببنه‌ گیانی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت له‌ دژی تاڵانچێتی و گه‌نده‌ڵی ده‌سڵاتی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ و حزبه‌کانیان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن؟ له‌ کاتێکدا که‌ هه‌ر چه‌ند ڕۆژێک له‌وه‌وبه‌ر بوو چه‌کدار و هیزه‌کانی ئه‌م دوو حزبه‌ خۆیان درێغی یان له‌ هیچ کارێکی دڕندانه‌ نه‌کرده‌وه‌ بۆ کوشتن و سه‌رکوت کردنی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌!
که‌واته‌ ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ گوایه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئه‌زمونه‌که‌ و به‌ بیانووی هه‌بونی ئه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵکی ناڕازی سه‌رکوت ده‌که‌ن، پشتیوانی ئه‌و ئه‌زمونه‌ نین؟ ئه‌ی ئایا به‌ دیوێکی تردا ناتوانین بڵێین که‌ هه‌بونی ئه‌م ئه‌زمونه‌ش به‌ قازانجی سه‌رچاوه‌کانی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ن و هه‌ر هه‌موشیان له‌ ته‌حالوفێکی پیرۆزدا دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی چین و توێژه‌ چه‌وساوه‌کانن؟ 24.02.2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە