کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی نه‌ تیرۆری کردوه‌ و نه‌ تیرۆریش ده‌کات‌!

Tuesday, 18/05/2010, 12:00



بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستی یه‌ی سه‌ره‌وه‌، من نامه‌وێت لێره‌دا به‌ دورودرێژی بچمه‌ سه‌ر به‌ڵگه‌ مێژوویی یه‌کان. ته‌نیا ئاماژه‌ بۆ هه‌ندێک بڕگه‌ی مێژوویی ژیانی ئه‌م حزبه‌ ده‌که‌م:

ـ ئه‌م حزبه‌ له‌ ئاخر و ئۆخری سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا، به‌ ئاشکرا خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئاغاکانی ده‌کرد و جوتیاره‌کانی فه‌لاقه‌ ده‌کرد و هه‌ڵسوڕاوه‌کانیانی ده‌کوشت و ئاگری تێبه‌رده‌دان. پشتگیری و ده‌سخۆشی له‌و مه‌لایانه‌ ده‌کرد، که‌ (وه‌ک مه‌لاکانی ئێستا و ئیسلامی یه‌کان) به‌رگری یان له‌ عادات و به‌ها کورده‌واری یه‌کانی ئه‌و کاته‌ ده‌کرد(که‌ حوجره‌ مه‌کته‌بی ڕه‌حمانی و قوتابخانه‌‌ مه‌کته‌بی شه‌یتانی بوو) و به‌ درۆ و بوختان دژایه‌تی شوعی یه‌کانیان ده‌کرد(چونکه‌ شوعی یه‌کان به‌رگری یان له به‌رژه‌وه‌ندی جوتیاره‌کان ده‌کرد. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ندێک جار یه‌کێکیشی له‌ په‌ناوه‌ یان له‌(پێچی بێمه‌حکه‌مه‌)دا بکوشتایه‌ ، ئه‌وه‌ زیاتر بۆ ڕیعایه‌ت کردنی بارودۆخی عه‌شایری بوو، تا خوا نه‌خواسته‌ دوژمنایه‌تی یه‌ک بۆ ئه‌ندامه‌که‌ی پارتی دروست نه‌بێت! ئه‌گینا پارتی هه‌رگیز که‌سی تیرۆر نه‌ده‌کرد!‌
ـ ئه‌م حزبه‌ به‌ ئاشکرا و به‌ به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌، له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی جیاواز سه‌دان که‌سی له‌ عێراق و ئێران و تورکیا کوشتوه‌.
ـ ئه‌م حزبه‌ له‌سه‌ر پاره‌ و ده‌سه‌ڵات، له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا، سه‌دان که‌سیان به‌ ئاشکرا له‌یه‌ک کوشتوه‌ و به‌ ڕادیۆکانیشیان ڕایانده‌گه‌یاند.
ـ له‌ کوێ ئه‌م حزبه‌ به‌هێز بێت، له‌وێ که‌سانی ناڕازی و خاوه‌ن بیروبۆچونی جیاواز، هه‌ر زۆر زوو ده‌کوژرێن و که‌س گومان ناخاته‌ سه‌ر که‌سی تر‌ و هه‌ر یه‌کسه‌ر ده‌زانن که‌ ئه‌م حزبه‌ کوشتوونی.
ـ ئه‌م حزبه‌ هێڵه‌ سوره‌کانی به‌ ئاشکرا ده‌کێشێت و به‌ ئاشکراش ئه‌و سزایانه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت، که‌ بۆ به‌زێنه‌ره‌کانی داناوه‌.
ـ ...
له‌ کوشتنی سه‌رده‌شتیشدا(ئه‌گه‌رچی که‌س نه‌یبینیببێت کێ و به‌ فه‌رمانی کێ گولله‌کانی پێوه‌ نراوه‌) به‌ڵام خۆ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ئاشکران:
1. له‌ هه‌ولێر هه‌موو دزگا ئه‌منی یه‌کان(پاراستن، ناوخۆ) و سه‌رجه‌م ئه‌فسه‌ره‌ پله‌ داره‌کانیان و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری(ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌ر هه‌موو) پۆلیس و ئاسایشه‌کانیش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌مر و ئه‌وامری پارتیدا هه‌ڵده‌سوڕێن.
2. هه‌ر هه‌موو بازگه‌کانی نێوان هه‌ولێر و موسڵ له‌ژێر ده‌سڵاتی ئه‌و ده‌زگایانه‌دان که‌ له‌سه‌روی هه‌ردوکیانه‌وه(مه‌سرور بارزانی و که‌ریم سنجاری) هه‌ن.
3. له‌و هه‌موو کۆلیژ و زانکۆیه‌ی کوردستان، بۆ مه‌سرور بارزانی ته‌نیا خه‌می ئه‌و کۆلیژه و ئه‌و به‌شه‌ی بوو، که‌ سه‌رده‌شت تیایدا خوێندکار بوو؟! ئه‌مه‌ سه‌ردانی خێر بوو یا شه‌ڕ؟
 
 4. هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ده‌که‌ن گه‌وره‌ترین موحه‌قیقی دۆزینه‌وه‌ی تاوان و دایکم که‌ شه‌ست ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی و خوێنه‌واریشی نی یه‌(ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی لێنه‌کرێت!) هه‌ردوکیان وه‌ک یه‌ک و له‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌قه‌یه‌کدا تاوانباره‌که‌ ده‌سنیشان بکه‌ن. که‌واته‌ کوشتنه‌که‌ ئاشکرایه‌ و هیج کاتێک تیرۆر نی یه‌. ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ به‌ به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌.
له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش زیاتر به‌یاننامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی زۆر به‌ ڕوونی و ڕاشکاوی خه‌ڵکی کوردستان له‌وه‌ دڵنیا ده‌کاته‌وه‌، که‌ پارتی هه‌رگیز تیرۆر ناکات به‌ڵکو ئه‌و چۆن له‌ ڕابردودا، زۆر به‌ ئاشکرا ناڕازی یه‌کان و نه‌یارانی سیاسی خۆی کوشتوه‌، ئێستاش ئاماده‌یه‌ نه‌ک یه‌ک یه‌ک، بگره‌ به‌ کۆمه‌ڵیش بیانکوژێت. ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا ئه‌م کوشتوبڕه‌ وا لێده‌کات جارێک که‌س نه‌یبینێت و جارێک هه‌موو دنیا ئیعازه‌که‌ی بیبستن و کوشتنه‌که‌ش بیبینن، ئه‌وه‌یه‌ که‌ کامیان بۆ ترساندن و سه‌رکوته‌که‌ ده‌سکه‌وتی زیاتره‌، ئه‌گینا مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌ نی یه‌ که‌ پارتی به‌ ئاشکرا نایانکوژێت!
پارتی چۆن پێشتر(له‌سه‌رده‌می ئاخروئۆخری سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا) به‌ ئاشکرا بۆ پاراستنی ئه‌و سیسته‌مه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کان، جوتیاران و هه‌ڵسوڕاوه‌کان و لایه‌نگره‌کانیانی ده‌کوشت،‌ ئێستاش هه‌روا بۆ پاراستنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌دارانی ناوخۆ و ناوچه‌که‌ و جیهان و کۆمپانیا و سه‌رمایه‌ی سه‌رۆکه‌که‌ی، به‌بێ ئاشکرا ناڕازی و نه‌یاره‌کانی خۆی ده‌کوژێت. ئه‌و ده‌یه‌وێت ده‌سڵات و سیسته‌مێک بپارێزێت که‌ تیایدا چینێک چینێکی تر ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌(سه‌رمایه‌داران و مشه‌خۆره‌کان، چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش ده‌چه‌وسێننه‌وه‌) ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وان هه‌روا به‌ئاسانی ناچێته‌ سه‌ر و پێویستی به‌ فریودان و ترساندن و سه‌رکوت هه‌یه‌، ئه‌گینا کێ ڕازی ده‌بێت چینێک خۆیان و مناڵه‌کانیان له‌وپه‌ڕی خۆشی و به‌خته‌وه‌ریدا بژین و چینێکی تر شه‌ووڕۆژ بده‌نه‌ ده‌میه‌ک که‌چی هه‌ر فریای ژیان نه‌که‌ون، ئه‌گه‌ر پارتی ناڕازی و نه‌یاره‌کان نه‌کوژێت، ئیتر کێ بیکوژێت!؟ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێردا ئه‌وه‌ ته‌نیا پارتی و سه‌رۆکه‌که‌یه‌تی که‌ خێروبێری کوشتنی ناڕازی یه‌کان ده‌چێته‌ سه‌ر کۆنتۆیان. ئه‌گینا بۆچی گواستنه‌وه‌ی ڕفێنراوێک(به‌ زیندوویی بێت یان به کوژراوی) له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ موسڵ له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌ر شتێک که‌ خێر له‌ گومرک کردنیدا بێت ئاسانتره‌، که‌س ده‌توانێت هه‌ندێک که‌لوپه‌ل که‌ ئه‌گه‌ر پارتی بیه‌وێت گومرک بکرێت به‌ ناو 11 بازگه‌دا تێپه‌ڕ بکات؟! که‌واته‌ ڕفاندنی ئه‌و که‌سه‌ پێشوه‌خت به‌ ئه‌مری پارتی باجی له‌سه‌ر هه‌ڵگیراوه‌ و بازگه‌کان ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌ست نه‌هێننه‌ ڕێگای! (به‌داوای لێبوردن له‌ بنه‌ماڵه‌ی کاکه‌ سه‌رده‌شت، که‌ ئه‌م به‌راورده‌ ده‌که‌م).
به‌و پێیه‌ پارتی چ له‌ ڕابردودا که‌ به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کان و پاشماوه‌کانی سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی ده‌کرد و چ ئێستا که‌ به‌رگری له‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داران و سه‌رۆکه‌ سه‌رمایه‌داره‌که‌ی ده‌کات، هه‌میشه‌ ئه‌و ئه‌رکانه‌ی جێبه‌جێکردوه‌، که هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ چه‌وسێنه‌رانه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌ چه‌وسێنه‌ره‌کان و سه‌رۆکه‌که‌ی (که‌ ئێستا سه‌رمایه‌دارێکی گه‌وره‌ی ناوچه‌که‌یه‌)‌ و زه‌مانه‌تکردنی قازانجی زیاتر پێویستی پێیه‌تی. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا کوشتنی نه‌یارانی خۆیی و ناڕازی یانی ئه‌و سیسته‌مانه‌ و ناڕازی یان و ئازادیخوازان پێویستی یه‌کی چاوه‌ڕوانکراوه‌ و هه‌ر کاتێک بزانێت فریودان و ترساندن کاریگه‌ری یان نی یه‌، ده‌ستی بۆ ده‌بات. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ئه‌و نه‌یاره‌ یا ئه‌و ناڕازی یه‌ له‌ناو ببات و هه‌م خه‌ڵکی تریش بترسێنێت.
که‌واته‌ پارتی نه‌ که‌سی تیرۆر کردوه‌ و نه‌ که‌سیش تیرۆر ده‌کات به‌ڵکو هه‌موو شتێکی به‌ ئاشکرا کردوه‌ و به‌ ئاشکراش ده‌یکات!
هه‌ربۆیه‌ بۆ ڕێگه‌ گرتن له‌ شاڵاوی کوشتوبڕی پارتی، هه‌موو ئه‌و ڕێگا و هه‌وڵانه‌ بێکه‌ڵکن که‌ ڕوو ده‌که‌نه‌ پارتی خۆی و ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی که‌ خۆی بۆ پاراستنی خۆیی و سیسته‌مه‌که‌ی و به‌رژه‌وه‌ندی چه‌وسێنه‌ران دایمه‌زراندوون(وه‌ک په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی داد و یاسا و ئاژانسی پاراستن و چی و چی...) و لێره‌شه‌وه‌ یانی بۆ کوشتوبڕ دایناون و داوای لێده‌کرێت که‌ ئه‌و ئینسانکوژانه‌ ئاشکرا بکات!!!
 هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ داهاتودا قسه‌ له‌سه‌ر چۆنێتی ڕێگرتن به‌و کوشتوبڕه‌ بکه‌م...
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە