کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کاریگه‌ریه‌کانی په‌یامی ڕاپه‌ڕین له‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی

Tuesday, 22/03/2011, 12:00


ئاشکرایه‌ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستانیش وه‌ک هه‌موو ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت ئاڵوگۆر له‌ به‌شی چین و توێژ و لایه‌نه‌ زه‌ره‌رمه‌ند و ناڕازیه‌کاندا به‌دی بێنن، توانیویه‌تی هه‌رزوو کاریگه‌ریه‌کانی په‌یامه‌که‌ی خۆی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگا به‌رجه‌سته‌ بکاته‌وه‌ و بۆ هه‌ر به‌شه‌ و هه‌ر یه‌که‌ به‌ زمانی خۆیان و به‌ پێی پێویستی خۆیان چه‌رده‌یه‌ک وره‌، باوه‌شێک ئومێد پێشکه‌ش بکات: هه‌روا نوسه‌ره‌ و ده‌ست له‌ نوسینه‌وه‌ی(بێئومێد نامه‌) که‌ی خۆیان هه‌ڵده‌گرن و شیعر و سرود و په‌خشانی گه‌شبینی و خۆڕاگری و سه‌رکه‌وتن ئاماده‌ ده‌که‌ن، هه‌روا په‌رله‌مانتار و مه‌لا و کاربه‌ده‌سته‌ و مۆڕه‌ له‌ کورسی و ئیش و پۆسته‌کانیان ده‌که‌ن و بۆ خۆ دزینه‌وه‌ و شان ده‌رکێشان له‌ژێر(ئه‌رکه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کانی خاوه‌نکار) و بۆ خاتری نه‌خلیسکانه‌ ناو گۆماوی گومان و ڕسوایی زیاتره‌وه‌ که‌م تا زۆر ده‌ستیان له‌ ده‌فته‌ره‌ دۆلاره‌کانی مووچه‌کانیان شل ده‌که‌ن. هه‌روا سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تمه‌داری گه‌وره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ که‌مبونه‌وه‌ی(کاریزما) ی خۆی ناترسێت و بێباکانه‌ له‌ شه‌ووڕۆژێکدا نه‌ک هه‌ر هه‌ڵوێست، به‌ڵکو ئه‌و وشانه‌ش ده‌گۆڕێت، که‌ به‌شداربوانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌ی پێ وه‌سف ده‌کرد!
ئه‌گه‌رچی له‌م کاروانی گه‌یشتنه‌ مه‌نزڵه‌ی نیازمه‌ندانی وره‌ و ئومێد و ته‌حه‌ددا و جورئه‌ته‌دا ته‌نیا ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌یه‌، که‌ هه‌رکه‌س ساتێک زووتر گه‌یشت، فرسه‌خێک زیاتر له‌و مانایه‌ نزیک بوه‌ته‌‌وه‌ که‌ ڕاپه‌ڕین له‌ ئێستادا بۆ تاک تاکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی به‌ ڕه‌وا ده‌بینێت، به‌ڵام هه‌مویان هه‌مان دووری یان نیه‌! هه‌یانه‌ ئه‌وه‌نده‌ دوور که‌وتوه‌ته‌وه‌ که‌ مه‌گه‌ر کاری گه‌وره‌ و هه‌نگاوی گه‌وره‌ و باجی گه‌وره‌ وایان لێبکه‌ن ته‌مه‌نیان به‌شی گه‌یشتنیان بکات.
دوایین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌و په‌یامه‌ی ڕاپه‌ڕین، دوێنێ له‌‌ ده‌سڵاتدارترین که‌سی ئه‌م جوگرافیایه‌دا بینرا‌، دوێنێ ده‌رکه‌وت: نه‌ ئه‌ستووری دیواره‌کانی قه‌ڵای ده‌سڵات، نه‌ چپه‌ چپی ده‌زگا سیخوڕیه‌کان، نه‌ جنێو و نه‌ڕه‌ نه‌ڕی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن، نه شریخه‌ی تفه‌نگه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و زێڕه‌ڤانی و پۆلیس و ئاسایش، نه‌ تۆخی وشه‌ی نوسه‌ره‌کانی ده‌ربار، نه‌ بازگه‌کانی چوار ده‌وری هه‌ولێر، نه‌ فتوای مه‌لاکان، نه‌ غرور و کاریزمای سه‌رۆک و بنه‌ماڵه‌ و حزب، ... نه‌یانتوانیوه‌ به‌ر به‌و په‌یامه‌ و کاریگه‌ریه‌کانی بگرن!‌
په‌یامه‌که‌ی دوێنێی مه‌سعود بارزانی به‌ر له‌وه‌ی په‌یامێک بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ڵک بڵێت ده‌یه‌وێت ‌له‌ سێ چوار مانگی داهاتودا چ ئاڵوگۆڕێک له‌ ئاستی کۆمه‌ڵگادا به‌دی بێنێت، په‌یامێک بوو ئه‌و ئاڵوگۆرانه‌ی نیشان دا که‌ له‌ژێر کاریگه‌ری په‌یامی ڕاپه‌ڕیندا به‌سه‌ر خۆیدا هاتوه‌!
ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و له‌م ڕه‌نگ له‌خۆ دانه‌یدا چ مه‌به‌ستێکی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت یان ده‌توانێت ئه‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێ بکرێن، مه‌سه‌له‌یه‌که‌ تازه‌ نه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ویست و توانای ئه‌وه‌وه‌ ماوه‌ و نه‌ ده‌شتوانێت به‌ر به‌و ته‌وژمه‌ به‌هێزه‌ بگرێت، که‌ پێشتر نه‌ بن عه‌لی و نه‌ موباره‌ک و نه‌ قه‌زافی توانی یان به به‌ڵێندان و ته‌نازول کردن و پارانه‌وه‌ و بیرهێنانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری! و نواندنی خه‌مخۆری و نه‌ پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان(ڕابه‌ری شۆڕش) ن نه‌ک سه‌رۆک و نه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان هێشتا موهیمه‌یان ماوه‌ و ده‌بێت کاروانی شۆڕش بگه‌یه‌ننه‌ مه‌نزڵ و نه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و نه‌ گرتن و کوشتن و نه‌ درۆ هه‌ڵبه‌ستن بۆ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیو و نه‌ و نه‌ و....تد، به‌ری پێبگرن و کاریگه‌ریه‌کانی له‌سه‌ر خۆیان و کۆمه‌ڵگا و ناوچه‌که‌ و جیهانیش که‌م بکه‌نه‌وه‌! هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ته‌نانه‌ت خودی بارزانیش ناتوانیت بزانێت، که‌ په‌یامه‌که‌ی ئه‌و چ کاریگه‌ریه‌کی ده‌بێت له‌ سه‌ر خه‌ڵکی راپه‌ڕیو!
ته‌ماشاکه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێم، سه‌رۆکی پارتی، ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی که‌ مێژووی بیست ساڵی ڕابردوو پڕاوپڕ بریتی بوه‌ له‌ مێژووی گه‌یاندنی خۆی و حزب و بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ لوتکه‌ی ده‌سڵاتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئابوری و سیاسی وئیداری و سه‌ربازی و ئیعلامی و دیبلۆماسی و یاسایی و سیخوڕی، که‌ تا ئه‌م ساته‌ش له‌ زۆربه‌ی کوردستاندا و له‌ ترسی ئه‌و باڵاده‌ستیه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌، په‌نجا که‌س ناتوانن کۆبونه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی چه‌ند سه‌عاتی ئه‌نجام بده‌ن! له‌م په‌یامه‌یدا ئاوا خۆی نیشاندا:
1. له‌ به‌رنامه‌ڕێژی و پلاندانانی یه‌کده‌ست بونه‌وه‌ و قۆرخ کردنه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی باسی (به‌ش دان و دابه‌شکردن) بکات!
له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردودا مه‌سعود بارزانی و بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌که‌ی ئه‌م پلانانه‌یان جێبه‌جێکردوه‌‌:
ـ پاکتاوکردنی سیاسی سه‌رجه‌م نه‌یاره‌کانیان له‌ هه‌ولێر و دهۆک.
ـ قۆرخ کردنی ئابوری و سیاسی و سه‌ربازی و پۆلیسی و ئه‌منی و ئیداری
ـ ده‌رکردنی یاسای جۆراوجۆر و به‌کارهێنانی یاسای جۆراوجۆر بۆ ترساندن و سه‌رکوت کردنی نه‌یاره‌کان.
به‌ڵام مه‌سعود بارزانی له‌م په‌یامه‌یدا تا ئه‌و شوێنه‌ ده‌ست ئاوه‌ڵایی خۆی نیشاندا، که‌ هه‌وڵ ده‌دات ته‌نانه‌ت کۆمپانیا گه‌وره‌کان هه‌ندێک (سهم) بفرۆشن به‌ خه‌ڵکی تر!
2. له‌ هه‌ڕه‌شه‌ کردنه‌وه‌ بۆ خۆگونجاندن
له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا هیچ په‌یامێکی بارزانی نه‌بوه‌، که‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی له‌ کرۆکدا نه‌بوبێت، هیچ هه‌مانه‌یه‌کی هه‌ڵنه‌گرتوه‌ ته‌وراسێکی له‌ناودا نه‌شاردبێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی که‌ هێڵه‌ سوره‌کانی سه‌روه‌ریه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و عادات و ئادابی ره‌سمی ده‌به‌زێنن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دانی به‌ خۆیدا گرت و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌کرد!
3. له‌(خاوه‌ندارێتی کوردستان و کۆمه‌ڵگا) وه‌ بۆ ئاستی که‌سێک که‌(هه‌وڵ ده‌دات سێ لاپه‌ڕه‌ چاکسازی بکات)
4. له‌ باسکردنی (خه‌بات و فه‌زڵ) ی شێخانی بارزانه‌وه‌ به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا بۆ باسکردنی فه‌زڵی خه‌ڵکی سلێمانی به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌یانه‌وه‌!
5. له‌ نکولی کردنه‌وه‌ بۆ دانپیانان
مه‌سعود بارزانی پێشتر له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌وڵێکی نه‌یاره‌ سیاسی یه‌کانی خه‌ڵکی ناڕازیدا، چه‌ندین (تۆمه‌تی پاکه‌تی) دابه‌ش ده‌کرد و خۆی له‌ قه‌ره‌ی خواسته‌کان نه‌ده‌دا و نکولی له‌ بوونی هه‌ر جۆره‌ تاڵانی و گه‌نده‌ڵی و سه‌رکوتێک ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ زمانی خۆی ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌م دیاردانه‌ له‌ کوردستانه‌که‌ی ژێر ده‌سڵاتی ئه‌و و حزبه‌که‌یدا هه‌یه‌ و ته‌نیا ئه‌وانه‌س ئه‌نجامیان داوه‌، که‌ له‌ ڕووی سیاسی و ئابوری و ئیداری و سه‌ربازی یه‌وه‌ به‌هیز بوون:
ـ هه‌بوونی کۆمپانیای زه‌به‌لاح که‌ توانیویانه‌ بازاڕ قۆرخ بکه‌ن.
ـ دزی و تاڵانی، له‌ ڕێگای به‌کارهێنانی پۆسته‌ حزبی و ئیداری یه‌کانه‌وه‌.
ـ ناشه‌فاف بوونی بودجه‌.
ـ ناشه‌فاف بوونی ته‌نده‌ر و فرۆشتنی.
ـ هێنانی خۆراک و ده‌رمانی ئیکسپایه‌ر له‌ لایه‌ن بازرگانه‌ گه‌وره‌کانه‌وه‌.
ـ بێکار کردنی که‌سانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی حزبه‌ ده‌سڵاتداراه‌کان (هه‌بوونی ته‌زکیه‌ی حزبی بۆ دامه‌زراندن).
ـ هه‌ڵلوشینی سامانی کۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن حزبه ده‌سلاتداره‌کانه‌وه‌ و ته‌خشان و په‌خشان کردنی به‌شێک له‌ سامانی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر چه‌ندین ده‌زگا و که‌ناڵ و کارمه‌ندی سه‌ر به‌ حزبه‌کاندا.
...
هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌روه‌ک چۆن ئه‌وه‌ به‌ لای منه‌وه‌ مه‌علومه‌ که‌ بارزانی به‌ چ مه‌به‌ستێک ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ ناچاری یه‌ نیشان ده‌دات. هه‌روه‌ک چۆن ئه‌وه‌ مه‌علومه‌، که‌ هیچ زه‌مانه‌تێک نیه‌ بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی ناو ئه‌م په‌یامه‌(که‌ تا ئێستا ته‌نیا فرسه‌خێک له‌ هه‌زاران فرسه‌خی بڕیوه‌) بۆ بارزانی یه‌که‌ی جاران و له‌و فرسه‌خه‌ په‌شیمان نابێته‌وه‌ و تۆڵه‌شی لێناکاته‌وه‌، ئه‌وه‌شم به‌لاوه‌ مه‌علومه‌ که‌ چ ڕێگه‌ گرتن له‌و گه‌ڕانه‌وه‌ و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌وه‌ و چ نزیک کردنه‌وه‌ی بارزانی و ده‌سڵاتداران و سه‌رمایه‌داران فرسه‌خێکی تر له‌و مانایه‌ی که‌ ڕاپه‌ڕین بۆ(ئینسان) کردویه‌تیه‌ ئامانجی خۆی، پێویستیان به‌ زیاد کردنی فشاری ڕاپه‌ڕین و گه‌وره‌تر کردنی ماناکانیه‌تی! 22.03.2011



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە