کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هستریای سه‌رانی پارتی له ترسی ڕاپه‌ڕین‌(کوشتنی خه‌ڵکی سلێمانی و ئیهانه کردنی خه‌ڵکی هه‌ولێر) ‌دا‌!

Saturday, 26/02/2011, 12:00




ڕوداوه‌کانی 17 ی شوبات و ڕۆژانی دوایی له‌ سلێمانی و ناوچه‌ جیاجیاکانی هه‌ر له‌ کوشتنی لاوان و مێرمناڵانی ڕاپه‌ڕیوه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی مه‌سعود بارزانی و فازڵ میرانی و هێنانی هه‌زاران چه‌کدار، تا ده‌گاته‌ قسه‌ و هه‌ڵوێستی مشه‌خۆره‌ جۆراوجۆره‌کانی ده‌وروبه‌ری ده‌سڵاته‌ تاڵانچی و سه‌رکوتگه‌ر و گه‌نده‌ڵه‌که‌ی، هه‌ر هه‌موویان ته‌نیا ده‌یانتوانی به‌ دیوێکدا ئه‌و هستریایه‌ بنوێنن که‌ سه‌رانی پارتی داگرتبوو و به‌ دیوێکی تریشیدا ئه‌وه‌ی نیشاندا، که‌ سه‌رانی پارتی جگه‌ له‌ کوشتن و بڕین و خوێن ڕشتن هیچ ڕێگایه‌کی تریان له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن گڕکانی ئه‌و هستریایه‌یان دابمرکێننه‌وه‌.
به‌ڵام هه‌رچی ڕوداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌ولێره‌(که‌ خۆی له‌ ئاهه‌نگ گێڕان و خۆشی ده‌ربڕینی به‌ڵته‌جیه‌ سه‌ربازی و ئیعلامیه‌کانی پارتی و بنه‌ماڵه‌دا نیشان ده‌دات) دیسانه‌وه‌ شتێک نه‌بوو جگه‌ له‌ نواندنی هه‌مان هستریا به‌ شێوازی ئیهانه‌ کردنی خه‌ڵکی هه‌ولێر! ئیهانه‌ کردنێک که‌ خه‌ڵکی هه‌ولێر وه‌ک خه‌ڵکێک پێناسه‌ ده‌کات، که‌ گوایه‌ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌تونراوه‌ له‌ شاره‌که‌یاندا، خۆپیشاندان له‌ دژی سه‌رانی تاڵانچی و سه‌رکوتگه‌ری پارتی ئه‌نجام بدرێت، ئیتر ئه‌وه‌نده‌ دڵخۆشن، ئه‌وه‌یان له‌ بیر چوه‌ته‌وه‌، که‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی چه‌ندین وڵاتی ڕۆژه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق و به‌شێک له‌ هه‌رێمه‌که‌ی خۆشیان(له‌ دژی نایه‌کسانی و پێشێلکردنی که‌رامه‌تی ئینسانی یان و له‌ دژی دزی و سه‌رکوتی نهێنی و ئاشکرای بنه‌ماڵه‌ و حزب و لایه‌نه‌ ده‌سڵاتداره‌کان) خۆپیشاندانیان ئه‌نجام داوه‌ و ده‌سڵاتداران له‌ به‌رامبه‌ریاندا به‌ بریندار کردن و کوشتن و فڕاندنی خۆپیشانده‌ران لاپه‌ڕه‌یه‌کی ڕه‌شی تریان بۆ مێژووی خۆیان زیاد کردوه‌. ته‌نانه‌ت سه‌رانی پارتی ده‌یانه‌وێت وێنایه‌کی وا له‌ خه‌ڵکی هه‌ولێر بخه‌نه‌ ڕوو، که‌ گوایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌توانراوه‌ خۆپیشاندان له‌ دژی سه‌رانی پارتی ئه‌نجام بدرێت، ئیتر به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌(که‌ هه‌ر به‌ هۆی جموجوڵه‌ سه‌ربازی یه‌کانی ده‌سڵاتداران و هاشه‌وهوشه‌ی په‌رله‌مانتار و ڕاگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه‌) ترس و دڵه‌ڕاوکێی شه‌ڕی قه‌ومی نیگه‌رانی کردوون، ئه‌مان له‌ خۆشیاندا که‌وتونه‌ته‌ سه‌ر جاده‌کان و باکیان به‌وه‌ نیه‌، که‌ له‌ ژێر ئه‌و بیانوانه‌دا ده‌کوژرێت و ئاواره‌ ده‌بێت و ئیهانه‌ ده‌کرێت.
به‌وپێیه‌ چ کوشتنی لاوان له‌ سلێمانی و چ ئاهه‌نگ گێڕان له‌ هه‌ولێر هه‌ردوکیان هه‌ر ئه‌و هستریایه‌ ده‌نوێنن که‌ ترسی ڕاپه‌ڕین به‌سه‌ر سه‌رانی پارتیدا دایسه‌پاندوه‌. هستریایه‌ک که‌ تا ئه‌و کاته‌ی سه‌ره‌نجام سه‌ری بنه‌ماڵه‌ و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ده‌خوات، شکڵ و شێوازی جۆراوجۆر به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و قه‌باره‌ی کوشت و بڕ و ئیهانه‌کانیان زیاتر ده‌بن، که‌ هه‌ندێکیان کۆپیی ده‌سڵاته‌ دیکتاتۆره‌کانی تر ده‌بن و هه‌ندێکیشیان له‌ ئیبداعی بنه‌ماڵه‌ ده‌بن!
هه‌موو ئه‌مانه‌س پێکه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئه‌وه‌نده‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌ی قه‌زافی ده‌چن ، ئه‌وه‌نده‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی موباره‌ک ناچن و ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستان(به‌ تایبه‌تی لاوانی ناڕازی و هه‌ڵسوڕاوانی چین و توێژه‌ چه‌وساوه‌کانی شاری هه‌ولێر) له‌مڕۆ به‌ دواوه‌ هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م جیاوازیه‌ له‌ تاکتیکی ڕاپه‌ڕیندا جێبکه‌نه‌وه‌، تا زیانه‌کان که‌متر بن.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە