کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاگادارییەك لە پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ رەوەندى كورد لە دەرەوەى وڵات

Sunday, 19/07/2009, 12:00


ئێمە كۆمەڵێك لە ئەندامانى پارتى دیموكراتى كوردستان لە ژێر ناوى پارتیە گۆڕانخوازەكان هەر زوو لەگەڵ دەستنیشانكردنى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان كە لە 25/7/2009 ئەنجام دەدرێت رامانگەیاند و بەیاننامەى گۆڕانخوازیمان دەركرد، لەبەرئەوەى ئەبینین كە وا خەریكە خوێنى شەهیدان و خەباتى چەندین ساڵەى تێكۆشەرانى گەلەكەمان بەفیڕۆ ئەڕوات ، خەڵكانێك دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست كە جگە لە گەندەڵى و یاریكردن بە پیرۆزیەكانى گەل هیچ كارێكى رەزامەندى و دادپەروەریان ئەنجام نەداوە ، سەربارى ئەوەیش نادادپەروەرى باڵى بەسەر پارتى دیموكراتى كوردستان كێشاوە ، پارتى لە میتۆدە سەرەكیەكەى خۆى لایداوە، پرسە نەتەوەیى و مەسەلە چارەنوسسازەكانى پشتگوێ خستووە، بەرژەوەندى تاكەكەسى لەسەرووى بەرژەوەندییە گشتیەكانەوەیە، دەیان دیاردەى قێزەون رۆژانە لەنێو دەسەڵاتى كوردیدا سەرهەڵدەدات و زیاتریش ئەبێ، بەم بۆنەیەوە داوا لە ڕەوەندى كوردستانى لە دەرەوەى وڵات و گشت تاكێكى بەشەرەفى ئەم گەلە ئەكەین كە پەیوەندى بە كەسوكاریان لەناوەوەى كوردستان بكەن و داوایان لێبكەن دەنگ نەدەن بە لیستى كوردستانى چونكە ئەم لیستە ئایندەى گەلەكەمان بەرەو هەڵدێر دەبات مایەى لەگۆڕنانى خەونەكانمانە، ئیمڕۆ كە هەڵبژاردن لەئارادایە دەرفەتێكى لەبارە بۆئەوەى شۆڕشێكى دیكەى پێشكەوتنخواز بێنینە كایەوە بەناوى شۆڕشى گۆڕانخوازى و لەناوبردنى حوكمى نادادپەروەرى.
ئێمە كە ئەبینین گەندەڵى و قۆرخكردنى دەسەڵات و گیرفان پڕكردنى بەرپرسە نابەرپرسەكان و زۆر بێویژدانانە كەوتونەتە بازرگانیكردن و بەتاڵانبردنى مافى ڕەواى ئەم گەلە، هاوارمان بۆ كوردستانیانى دەرەوەى وڵاتە كە فریامان كەون و بەهاناى كەسوكارتان وەرن رزگارمان بكەن لەدەست ناعەدالەتى و ستەمى دەسەڵاتى كۆنەپەرستانە.
هەرلەم ئاگادارییەوە داوا لەسەرجەم ئەندام و دۆست و لایەنگرانى پارتى دیموكراتى كوردستان لەدەرەوەى وڵات دەكەین كە بەرژەوەندیە حزبى و تایبەتیەكانیان وەلاوە بنێن لەبەر زەرورەتى گۆڕان پەیوەندى بە كۆمیتەكانى پاڵپشتى لە لیستى گۆڕان بكەن، با هەموولا بەیەكەوە بەگشت بیرو بۆچوونە جیاوازەكانەوە هەوڵى گۆڕان بدەین لە سیستەمى بەڕێوەبردنى وڵات و مسۆگەركردنى ژیانێكى ئاسودە بۆ كۆمەڵگاكەمان.
- نا بۆ گەندەڵى
- نا بۆ بازرگانیكردن بە پیرۆزییەكانى گەل
- بەڵى بۆ حوكمى یاساو دادپەروەرى كۆمەڵایەتى
- بەڵى بۆ گۆڕان
ئیتر بۆ پێشەوە ........
پارتى دیموكراتى كوردستان - گۆڕانخوازەكان
17/7/2009



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە