ئەم هەموو بێخەمییە بۆ؟؟

Sunday, 13/06/2010, 12:00


محمد مەلا على سەفەرى زۆر و بێ ئەرزشى سەرۆكەكانمان تەواو منى سەرسام و بێزار كردووە، وەك بڵێى ئەم وڵاتە تەواو لە ئارامى و ئاسایش دا بژى و هیچ كێشەیەكمان نەبێ كە بمانەوێ بەدواى حەلى دا بگەڕێین، ئیتر ناچارن جەوێك بگۆڕن!!
ناحەقیشیان ناگرم ئەو ناوچەیەى ئەوان ژیانى تیادا دەگوزەرێنن تەواو ئەم وەسفەى سەرەوە دەگرێتە خۆى كە ناكرێ بەراوردى بكەین بەژیانى پڕ لە كێشە و نەهامەتى خۆمان!! كە ناوچەیەكە تەنانەت مێشولەیەكیش بۆى نىیە بچێتە ئەوێ چ جاى هیچ هۆیەكى تر كە ببێتە هۆى تێكدانى ئارامى ناوچەكەیان.
غەدرێكى گەورەمان كردووە ئەگەر بمانەوێ لەگەڵ ژیانى دەیان و سەدان خێزانى قوربەسەرى گوندەكانى بنارى قەندیل و ناوچە سنوورىیەكانى ترى حاجى ئۆمەران بەراوردى بكەین كە نزیكى دووهەفتەیە ژیان لە ئاوارەیى دا بەسەر دەبەن و تەواو ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێ هێشتووە بەهۆى تۆپبارانە یەك لەدواى یەكەكانى كۆمارى نا ئیسلامى ئێران.
كەچى ئەم سەركردانەى ئێمە وەكو ئەو ناوچانە ئەسڵەن سەر بە سنورى هەرێمەكەى نەبن، بەڵام لەڕووى ئەو وەسفە وەهمىیەى كە بۆ هەرێمەكەیان كردووە حەق لاى ئەوانە، چونكە بەپێى وەسفەكە ئەو ناوچانە ناكەونە ئەو چوارچێوەیە، ئەگەر بیكەن خەجاڵەتىیەكى گەورە دەیانگرێ بەوەى كەهەست دەكەن چى درۆیەكیان لەگەڵ خۆیان كردووە،ئەو بەناو سەركردانەى ئێمە تاڕاددەیەك بێدەنگییان هەڵبژاردووە كە هیچ سەركردەیەكى دیكتاتۆریش لەم جیهانەدا ئەوەندە بێ هەڵوێست نىیە بەرامبەر كێشەكانى وڵاتەكەى خۆى، كەچى بەناو سەركردەكانى ئێمە تائێستا بچوكترین لێدوانیان نەداوە و بچوكترین هەڵوێستیان نەنواندووە لەم بارەیەوە كە لێرە پێویست بێت ئاماژەى پێبكەم.
تازە بە تازە حكومەتى عێراقى هەڵوێستێكى بچوكى نواند لەچاو خۆیدا كە شیاوى باس نىیە، بەڵام لەچاو بێهەڵوێستى هەرێمەكە هەڵوێستێكى جوامێرانە بوو كە كۆمەكى گەیاندە ئاوارەكان.
ئەبێ سەركردەكانى ئێمە سەیرى كام تەلەفیزیۆن بكەن؟! یان چاكترە بڵێم ئەبێ سەركردەكانى ئێمە سەیرى ڕاگەیاندنە كوردىیەكان نەكەن تا لە وەزعى ئەم دەڤەرە تۆزێ بەئاگابن؟؟!!یان ئەبێ هەواڵ پڕ لە ڕەخنەى گۆڤار و ڕۆژنامە ئەهلىیەكانى ئەگەر چاویش پێنەكەوێ بەرگوێیان نەكەوێ؟؟!! هیچ نەبێ بۆ مەعلوماتى خۆیان باشترە تا چیتر درۆ لەگەڵ خۆیان و دەوروبەریشیان دا نەكەن بەوەى كە وەسفى ناوچەكەى پێ دەكەن.
نەخێر، ئەمانەى من باسى دەكەم (گۆڤارو ڕۆژنامە ئەهلىیەكان و .....)لە ئاستى ئەوەدا نین كە سەركردەكانى ئێمە بیانخوێننەوە!! ئەوان خویان بە موتابەعە و موتاڵەعەى تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤارە بیانىیەكانەوە گرتووە!!
یان نا، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت كە كاتى ئەوەیان نىیە بیر لە كێشەكانى ئەم وڵاتە بكەنەوە، خوا نەیبڕێت داهاتى ئەم وڵاتە ئەوەندە زۆرە كە ئەگەر سەردانى ئەم وڵات و ئەو وڵاتى پێ نەكەن تەواو نابێ!!
بەڵام با بپرسین لەسەر حەق كام سەردان؟؟
ئەو سەردانانەى كە بە میپقاله زەڕڕەیەكیش دەلالەت لەسیاسەتى ناوچەكە ناكەن و جێى هیچ ئومێدێك نین بۆ ئەم میللەتە! كەدەتونین ناوى سەردانى تەرفیهى لێبنێین . هەر بەڕاست تەرفیهى؟؟!! بەڵێ ئەوەنى سەرۆكى بەناو هەرێمەكەمان سەردانى توركیاى كرد ئاڵاى (علم) ى ئەم هەرێمە لێقەوماوەى لەلا نەبوو!!
بەڵێ ئەمەیە وڵاتمان ،بەڵێ وڵاتێك كەتیایدا كاتێك ئەتەوێ بنووسیت لەسەر كێشەكانى دەبێت ماوەیەكى تەواو لەبیركردنەوەدا بیت بۆ ئەوەى بڕیار بدەیت لەسەر كام كێشە بنووسیت؟؟!!
لەهەموویشى سەیرتر ئەوەیە سەرۆكى بەناو هەرێممان دواى سەردانەكەى بۆ توركیا ڕاستەوخۆ بۆ ئەوروپا بەڕێكەوت بۆ درێژەدان بە سەردانە تەرفیهىیەكەى!! چیبكات لەم هەرێمە بەبێ كار با جار جار جەوێك بگۆڕێت!!
بۆیە دەڵێم تەرفیهى، چونكە تا ئێستا بچوكترن ئەنجامى پۆزەتیڤى سەردانە سیاسىیەكانى سەركردەكانى خۆمانمان نەبینیوە كە سوودى هەبووبێت بۆ ئەم هەرێمە كە ئەوان خۆى بە خاوەن و سەركردەى دەزانن.
با كۆتایى بەباسەكەم بێنم بۆ ئەوەى چیتر لێمان نەڕەنجێن!
بەڵام بەرلەوەى كۆتایى بێنم بە باسەكە دەمەوێ بپرسم كێ بەرپرسە لەو هەموو كێشانەى ڕووبەڕووى ئەم هەرێمە دەبێتەوەو بەرۆكى ئەم میللەتە بێچارە بەرنادات؟
دەمەوێ بپرسم سەركردەكانمان بەچىیەوە خەریكن كە سەریان نایپەرژێتە سەر كێشەو كەم و كوڕى-یەكانى ئەم هەرێمە؟ تا بۆ چەند ساتێك لەتەكیان دا هەڵوێستەیەك بكەن و بیر لە چارەسەرێك بكەنەوە بۆى، بۆ ئەوەى چیتر ئەو قسە دووبارەیە نەدەن بەگوێچكەمان دا كە بڵێن ئەم هەرێمە لەڕووى ئاسایشەوە تەواو پاێزراو و سەقامگیرە و ڕۆژ بەڕۆژ هەنگاوى بەرەو پێشەوە دەڕوات.
ئاخر ئەم هەموو بێخەمىیە بۆ لە ئاست ئەو هەموو پەرتەوازەیىیەى كە ڕووبەڕووى تاكى كوردى بۆتەوە ؟؟!! كە بەڕاستى نازانیت چى وشەیەكى بۆ بەكاربهێنیت كە دەلالەت لەم هەموو بێخەمىیە بكات!!
E- mail: [email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە