قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌لفوبێی باڵدار!
Saturday, 27/09/2014, 12:00
ئه‌لفوبێ به‌و نیشانانه یاخود پیتانه ده‌گوترێ كهلهجیاتی ده‌نگه‌كانی زمانێك به‌كارده‌هێنرێن. ئهلفو بێ له‌پیتی یه‌كه‌می ئه‌لفوبێی ئهغریقیو یۆنانیه‌وه وه‌رگیراوه كه پێیان ده‌گوترێ (ALPHA AND BETA).
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و پێناسه‌یه‌دا مامۆستا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار ساڵی 1948 له‌قوتابخانه‌ی گوندی جاسه‌نه‌ی بناری چیای هه‌ژدیهای ناوچه‌ی سورداش، ئه‌لفوبێیه‌كی كوردیی بۆ مناڵانی كوردستان دانا‌و دوای ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی مه‌عاریفی عیراق‌و یونسكۆ، ساڵی 1951 چاپكراو به‌سه‌ر قوتابخانه‌كانی كوردستاندا دابه‌شكرا.
ساڵی 1953 مامۆستا باڵدار ئه‌لفوبێیه‌كی تری دانا‌و به‌شێوه‌ی ره‌نگاو ره‌نگ له‌به‌غدا چاپكراو بڵاوكرایه‌وه. ساڵی 1956جارێكی تر هه‌ندێ گۆڕانكاری لهئهلفوبێكهیدا كرد‌و چاپی كرده‌وه.
ئیدی ئه‌و چاپه بۆ زیاتر له 35 جار چاپكرایهوهو بۆماوه‌ی زیاتر له‌نیو سه‌ده تاكه سه‌رچاوه‌ی ئیلهامبه‌خشی فێربوونی زمانی كوردیی مناڵانی كوردستان بوو. مامۆستا باڵدار بۆ نوسینی ئهلفو بێكهی 36 پیتی به‌كارهێنا، هه‌ر وه‌ك مامۆستا(ع.ع.شه‌ونم) ده‌ڵێت: سێیه‌كی ئه‌و پیتانه له‌داهێنانی خۆی بوون‌و پێشتر هیچ كه‌سێكی تر به‌كاری نه‌هێنا بوون‌و پیته نوێیانه‌ش ئه‌مانه بوون(ڕ، ڵ، ێ، ی، ۆ، وو، ئا، ئه، ئێ، ئی، ئۆ، ئو).
له‌و كاته‌وه هیچ كه‌سێكی تر نه‌یتوانیوه ته‌نها یه‌ك پیت بۆ زمانی كوردی زیاد بكات! مامۆستا باڵدار به‌ئه‌مه‌كه‌وه باسی ئه‌وه ده‌كات كه‌بۆ نوسینی ئه‌لفوبێكه‌ی سوودی زۆری له‌به‌رهه‌مه‌كانی بواری رێزمان‌و رێنوسی كوردی پێش خۆی وه‌رگرتووه, له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئاماژه به‌نوسینه دره‌وشاوه‌كانی سه‌عید كابانو تۆفیق وه‌هبی بهگو حامید فه‌ره‌ج ده‌كات كه بوونه‌ته بناغه‌و بنچینه‌ی دانانی ئهلفو بێكهی. ئه‌لفوبێكه‌ی باڵدار زیاتر له‌نیوسه‌ده به‌بێ ركابه‌ر چاوگی فێربوونی زمانی كوردیی خوێندكارانی پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی بوو. چه‌ندین نه‌وه به‌و ئهلفو بێیه به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌و ئاسان فێری خوێندنه‌وه‌و نووسینی كوردی بوون. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی رێز له‌م شاكاره گه‌وره نه‌ته‌وه‌ییه‌ی باڵدار بگیرێ‌و درێژه به‌كاروانه‌كه‌ی بدرێ، كه‌چی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌بێ هۆیه‌كی زانستی‌و قه‌ناعه‌تپێكه‌ر لهپهروهردهكانی سنووری ئیداره‌ی سلێمانی وه‌لاوه نراو ئه‌لفوبێیه‌كی لاواز جێگه‌ی گرته‌وه.
لهههولێرو بادینانیش ئه‌لفوبێكه‌ی باڵدار هه‌موار كرا‌و تا ساڵی خوێندنی رابردوو خوێنرا. ئه‌مساڵ به‌یه‌كجاری بارگه‌و بنه‌ی ئه‌لفوبێكه‌ی باڵدار پێچرایه‌وه‌و له‌سه‌رانسه‌ری كوردستاندا قه‌ده‌غه‌كراو رێگه‌ی پێنه‌درا بچێته هۆڵه‌كانی خوێندنی خوێندكاره چاوگه‌شه‌كانی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تییه‌وه.
كتێبێكی دیكه‌ی كوردی جێگه‌ی ئه‌لفوبێ نازدارو ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی باڵداری گرته‌وه. ناوی كتێبه نوێیه‌كه (خوێندنی كوردی)یه، ناوونیشانه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی باڵدار سه‌رنجڕاكێش نییه، ئه‌وه بێ له‌وه‌ی كه كتێبێكی قهبهیهو له‌دوو به‌رگ پێكهاتووه، به‌رگی یه‌كه‌میان بۆ وه‌رزی یه‌كه‌مه‌و 194 لاپه‌ڕه‌یه‌و به‌رگی دووه‌میشیان بۆ وه‌رزی دووه‌مه‌و 121 لاپه‌ڕه‌ی له‌خۆگرتووه، واته هه‌ردوو به‌رگه‌كه پێكه‌وه 315 لاپه‌ڕه‌یه.
مناڵێكی بچووكی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵ چۆن ئیستعابی 315 لاپه‌ڕه ده‌كات؟ یاخود له‌وڵاتێكی پڕ له بۆنه‌و پشووی وه‌ك هه‌رێمی كوردستاندا چۆن ئه‌و دوو به‌رگه قه‌به‌یه ته‌واو ده‌كرێن؟ بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆگرامه ته‌واو نه‌كرێ خوێندكاری پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی پیته‌كان فێر نابێ‌و ناتوانێ بنوسێو بخوێنێته‌وه. ئه‌گه‌رئه‌م كتێبه قه‌به 315 لاپه‌ڕه‌ییه به‌راورد بكه‌ین بهئهلفوبێكهی باڵدار، پێنج ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و ده‌بێ، چونكه هه‌موو وانه‌كانی كتێبه‌كه‌ی باڵدارتهنها 60 لاپه‌ڕه بوو.
سه‌یره چۆن مامۆستا ئیبراهیم باڵدار به‌ر له‌زیاتر 60 ساڵ لهمهوبهرو له‌قوتابخانه‌ی گوندێكی كوردستانه‌وه دركی به‌وه كردبێ ئهلفوبێییهكی ساده‌و ساكار له‌دووتوێی 60 لاپه‌ڕه‌دا بۆ مناڵانی پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی كوردستان دانبێ، چه‌ندین نه‌وه‌ی به‌سانایی پێ فێری خوێندنه‌وه‌و نوسین بكرێ. به‌ڵام لیژنه‌یه‌كی 20 كه‌سیی شاره‌زایانی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌دوای 60 ساڵ له‌و مێژووه‌و له‌سه‌رده‌می پێشكه‌وتن‌و جیهانگیریدا، كتێبێكی گه‌وره‌و قه‌به‌ی 315 لاپه‌ڕه‌یی بكه‌نه دیاری مناڵانی قۆناغی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی! سه‌رنجێكی تر له‌كتێبی نوێی خوێندنی كوردیی ئه‌مساڵ ئه‌وه‌یه كهلهلاپهڕه یه‌كدا نوسراوه له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاوه دانراوه، كه‌چی له‌لاپه‌ڕه سێ‌و له‌پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه كهلایهن لیژنه‌یه‌ك لهبهڕێوهبهراتیی گشتیی پڕۆگرام‌و چاپه‌مه‌نییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه دانراوه‌و هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا نه‌كراوه. خاڵێكی تری جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه كه‌له‌م كتێبه نوێیه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌وه نه‌كراوه كه‌سوود لهئهلفوبێكهی باڵدار وه‌رگیراوه، ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه‌چه‌ندین وشه‌ی ناو كتێبه‌كه‌ی باڵداری وه‌ك (دار ، دارا، دۆ، داده، زارا) و چه‌ندانی تر له كتێبه تازه‌كه‌دا به‌كارهاتوون.
له‌هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌م كتێبه نوێیه بۆ پارێزگاكانی هه‌ولێرو سلێمانی‌و كه‌ركووك به‌شێوه‌زاری كرمانجی خواروو(سۆرانی)و بۆ ناوچه‌ی بادینانیش به‌شێوه‌زاری كرمانجی سه‌روو(بادینی) نووسراوه. ئهلفو بێكهی باڵدار به‌شێوازی زمانی ستانداردی كوردی بۆ سه‌رانسه‌ری كوردستان نوسرابوو، كوردستانی وه‌ك یه‌ك نیشتمان ناسی بوو، به‌ڵام كتێبه نوێیه‌كه كوردستانی له‌رووی زمانه‌وه بۆ دوو ناوچه دابه‌ش كردووه. له‌هه‌شتاكاندا ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له‌رژێمی به‌عس ده‌گیرا، كهرۆژنامهی ئاسۆی بهسۆرانیو رۆژنامه‌ی بزاڤی به‌بادینی ده‌رده‌كردو باسی ئه‌وه ده‌كرا كه‌به‌عس ده‌یه‌وێ بادینان‌و سۆران له‌یه‌كتری داببڕێت.
كه‌چی ئێستا خۆمان له‌رێی پرۆگرامی خوێندنه‌وه دووناوچه‌ی كوردستان له‌یه‌كتری داده‌بڕین! سه‌یره مامۆستایه‌كی وه‌ك باڵدار ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ی به‌بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن كردبێ‌و شۆڕشێكی له‌بواری رێنوسیی كوردی‌و په‌روه‌رده‌دا به‌رپا كردبێ‌و ئه‌لفوبێكه‌ی بۆ زیاتر له‌نیو سه‌ده له‌سایه‌ی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقدا چاوگی خوێندنه‌وه‌و نوسینی مناڵانی كوردستان بووبێ.كه‌چی وه‌ك پێویست رێزی لێنهنرێو زوڵمی گه‌وره‌ی لێبكرێت. سه‌ره‌تاو له‌سه‌رده‌می دوو ئیداره‌ییدا ئه‌لفوبێكه‌ی له‌سلێمانی وه‌لاوه نراو دواتریش لهههولێرو له‌سه‌رانسه‌ری كوردستاندا قه‌ده‌غه‌كرا. ئه‌وه‌ش ئه‌و كاره‌بوو كه مامۆستا باڵدار تا له‌ژیاندا بوو لێی دهترساولهساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا كه‌سه‌ردانی داموده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كرد ئه‌و ترسه‌ی خۆی ده‌رده‌بڕی كه ئه‌لفوبێكه‌ی بگۆڕدرێت، ئه‌وه‌شی له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بووه كه كتێبه‌كه هی خۆیه‌تی، به‌ڵكو وه‌ك زانا‌و پسپۆڕێكی بواری په‌روه‌رده خه‌می ئه‌وه‌ی بووه مناڵانی كورد زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن. ترسه‌كه‌ی مامۆستا باڵدار رهواو له‌جێی خۆیدا بوو، چونكه به‌لابردنی شاكاره‌كه‌ی مناڵانی كوردستان زه‌ره‌یان كردووه‌و له‌مه‌ودواش زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن.
له‌سلێمانی ته‌نها قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی به‌ناوی باڵداره‌وه ناونرابوو، كه‌چی له‌دوای تێكدانی بینای ئه‌و قوتابخانه‌یه‌و دروستكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خێرخوازێكه‌وه، ناوی باڵدار لابراو قوتابخانه‌كه كرا به‌ناوی كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌و بنه‌ماڵه خێرخوازه‌وه!. كه‌ده‌بوو نه‌ك قوتابخانه‌یه‌ك، به‌ڵكو چه‌ندین سه‌نته‌ری گه‌وره‌ی رۆشنبیری‌و پهروهدهییو چه‌ندین شوێنی گشتی وه‌ك شهقامو باخچه به‌ناوی ئه‌و كه‌ڵه زانا‌و داهێنه‌ره‌وه ناونبرایهو په‌یكه‌ری بۆ دروست بكرایه. بێجگه له‌وانه كه‌ده‌چیته سه‌ر مه‌زاره پیرۆزه‌كه‌ی له‌گردی سه‌یوانی شاری سلێمانی، زیاتر خه‌مبار ده‌بی به‌وه‌ی كه مه‌زارێكی شایسته بۆ ئه‌و زانا گه‌وره‌یه دروست نه‌كراوه. هیچ شتێك له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی نه‌نوسراوه،ته‌نها له‌سه‌ر چه‌تری گۆڕه‌كه‌ی به‌زمانی عه‌ره‌بی نوسراوه (الاستاژابراهیم امین بالدار1923-1998). سه‌یره ئه‌و مامۆستا گه‌وره‌یه خاوه‌نی ئه‌لفوبێی كوردییه‌و هه‌زاران كه‌سی فێری زمانی شیرینی كوردی كردووه، كه‌چی له‌سه‌ر مه‌زاره‌كه‌ی به‌زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه!.
ته‌نانه‌ت ساڵی لهدایكبوونهكهشی به‌هه‌ڵه نووسراوه، چونكه مامۆستا باڵدار له‌دایكبووی ساڵی(1920)ه. له‌پای ئه‌و خزمه‌ته گه‌وره‌یه‌ی كه مامۆستا باڵدار پێشكه‌ش به‌بواری په‌روه‌رده‌و خوێندنی كردووه ده‌بوو رێزی زۆری لێبنرایهو ئهلفو بێكهشی به‌و شێوه ناڕه‌وایه زینده بهچاڵویاساغ نه‌كرایه. بۆ گونجاندنی له‌گه‌ڵ قۆناغی ئێستا‌و گیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌كرا هه‌موار بكرایه‌و هه‌ندێ وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی نوێی تێهه‌ڵكێش بكرایه‌و به‌ناوی باڵداره‌وه درێژه بهكاروانهكه بدرایه، به‌ڵام لابردن‌و سڕینه‌وه‌ی شاكاره‌كه‌ی باڵدار زوڵمێكی گه‌وره‌یه‌و رۆحی بێگه‌ردی ئازار ده‌دات.دڵی مێژووش وه‌ك به‌رد وایه‌و له‌هیچ كه‌س له‌وانه خۆش نابێ كه‌به‌و شێوه‌یه‌یه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ باڵدار كردووه.
ئەم نووسینە جێگای سەرنچڕاکێشانە، کوردستانپۆست بە باشی زانی هەمان نووسین لێرەدا بڵاوبکاتەوە
ئەم نووسینە لەم شوێنەی خوارووە بڵاوکراوەتەوە
http://www.xendan.org/drejaWtar.aspx?NusarID=19&Jmara=523
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست