کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


31 ئاب و پێى یەكێتى لەداوى پارتى

Thursday, 02/09/2010, 12:00


زۆرن ئەوكەسانەى هەمیشە خەم لەتەندروستى یەكێتى دەخۆن ، لەوانەشە نەحەقیان نەبێت . چونكە گەر كەسى خەمخۆر خۆشى هیچى نەكردبێت ئەوە ئەندامێكى خێزانەكەى یان خزمێكى نزیكى شەهیدى یەكێتى هەیە . ئەى ئەوەى خۆى خەباتى تێدا كردبێت و قوربانیشى تێدا هەبێت بێگومان جەرگى بۆ یەكێتى ژان دەكات ، ئەو یەكێتییەى بەسرودى" مەشخەڵانى شۆڕشى نوێى ئەمجارە " گڕى ڕەواى ڕەنجدەران و هەژارە" شۆڕشى نوێى هەڵگیرساند . كەلەسەرەتاوە بوە جێگاى ئومێدى جەماوەر بۆ ڕزگاربون لەدەست زوڵم و زۆرى بەعس . بۆیە جەماوەر بەگوڕو تینەوە لەپێشوازى ئەو شۆڕشە نوێیەبون و بەزوترین كات كردیانە تاكە لایەنى كاریگەرو گرنگى مەیدانى خەباتى گەلى كوردستان ، یەكێتى چالاكوانێكى زەبروەشێنى مەیدانى خەباتى چەكدارى بوو ، كە بەكەمترین ماوەى تەمەنى بەهاوكارى جەماوەر توانى زۆربەى ناوچەكانى كوردستان پاوان بكات و شەڕى كراوە لەگەڵ بەهێزترین سوپاى دەوڵەتێكى وەك عێراق بكات ، تاكو كارگەیشتە ئەوەى سوپاى عێراق لەدژى چەكى كیمیاوى بەكاربێنێت ، یەكێتى هێزێكى پارتى زانى بێوێنەبو لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، بۆیە لەهەر قۆڵ و لایەكەوە بۆى بلوایە دەستى لەهێزەكانى ڕژێم دەوەشاندو بەقەرز نەدەترسا ، تاكار گەیشتە ئەوەى لەسەرتاپاى ناوچەى حكومى زاتى لەساڵانى 1985وە تاكو 1988 و نمانى هێزى پێشمەرگە لەناوچەكان ، ڕژێم بڕیارى قەدەغەكردنى هاتوچۆى دا لەنێوان هەموو شارو شارۆچكەكان لەكاتژمێر چوارى پاش نیوەڕۆى هەموو ڕۆژێك ، كەئەم كاتە بۆ وەرزى هاوین زۆریش زوبو كە ئەوكاتى كار بەكاتژمێرى هاوینە دەكرا و جادەكانیش لەنێوان هەر كیلۆمەترێك لەوبەرو ئەوبەریشى ڕەبایەى سوپاى میللى و جاش و لەهەندێك جێكاش هێزى سەربازى هەبوون ، كەچى هێشتا ڕژێم لەخۆى ڕانەدەبینى بتوانێت پارێزگارى لەجاداكانى نێوان شارەكان بكات بەتایبەتیش ڕێگاى نێوان شارى هەولێرو كەركوك كە ڕێگایەكى تەختاییە و بێ چیاو شاخ و گردیشە ، بەڵام لەبەر مەفرەزە هەڵۆ ئاساكانى یەكێتى ئەم ڕێگایە لەكاتژمێر چوارى پاش نیوەڕۆوە دادەخرا ، كەئەمەش ئەو پەڕى بەهێزى ئەوكاتى یەكێتى دەردەخست ، یەكێتى حزبە جەربەزەكەى ساڵانى 80 تا 87 بوو ، ڕاوچیەكى بێوێنەبوو بۆ گیان حزبە كوردستانییەكان ، بۆیە زۆربەى لایەنەكانى كوردستان پێیان كەوتە ناو داوە كوشندەكەى یەكێتى و هەتا تەواو ئیفلیجى بوون یەكێتى بەریانى نەدا ، وەك حزبى سۆشیالست و شیوعى و دواى ڕاپەڕینیش بزتنەوى ئیسلامیش پێى كەوتە داوى چێنراوى یەكێتى ، یەكێتى ئەم هێزە باوڕ بەخۆبوو لەخۆبایەبوو كەهەرگیز قبوڵى نەدەكرد هیچ لایەنێك بەرانبەرى لێبگرێت و بڵێت من هاوتاى تۆم ، جچاى بڵێت من لەیەكێتى گرنگ ترم ، چونكە یەكێتى خۆى بەخاوەنى دەستكەوتى ڕاپەڕین و خاوەن زۆرترین شەهید و بكوژى بەعسیەكان دەزانى ، بۆیە قبوڵى نەبوو بەهیچ شێوەیەك گڤ و هەڕشەى لێبكرێت و یان ڕێگرى لەبڕیارو فەرمانى بكرێت ،
یەكێتى چونكە لەنەخشەسازى سەربازى بەتوانابو ، واى دەزانى دەتوانێت پارتیش بەدەردى لایەنەكانى تر بەرێت و بەیەكجارى داوەكە لەملى گرێبداو بۆ هەتاهەتایە بوونى پارتى لەسەر خاكى كوردستان ڕشكاتەوە ، هەرچەندە لەجەولەى یەكەم و دوەمى شەڕى ناخۆدا پارتى پێى كەوتە ناو داوى یەكێتى و یەكێتیش قسورى نەكرد لەشەتەك كردنى داوەكە كەهێندەى نمابو پارتى بەتەواوى ئیفلیج بێت و بۆ هەتاهەتایە لەپێ بكەوێت ، بەڵام پارتى دەستەو وەستان نەبوو ، بەڵكو بەناچارى دەستى بۆ مقەستى دوژمن برد بۆ قرتاندنى داوى یەكێتى لەملى ، كەبەو قرتاندنە نەك هەر پارتى لەخنكان ڕزگارى بوو ، كەیەكێتى ماوەى (بیست) مانگ لەهەولێرو زۆر ناوچەى دیكەى لەمل و پێى ئاڵاندبوو ، بەڵكو پارتى لەتۆڵەدا داوێكى كوشندەى بۆ یەكێتى داناوە كەجگە لەپێى بەهەزار حاڵ یەكێتى توانى سەروملى خۆى لەو داوە سەختەى پارتى ڕزگار بكات ، ئەوە ماوەى (168)مانگە پارتى داوى لەپێى یەكێتى لەهەولێر شەتەك كردوە كە(148)مانگى زیاترە لەو ماوەى پارتى پێى بەداوى یەكێتیەوە بوبوو لەهەولێر ، كەچى یەكێتى تاكو ئێستاش نەیتوانیوە نەك هەر داوەكە بپسێنێ بەڵكو تواناى شلكردنەوەى شەتەك بوونەكەشى نییە ، مەگر بەختى یەكێتى لایەنە بەر هەڵستكارەكان هێندە بەتوانابن تاكو پارتى لەبەر ئەوان كەمێك گرێكە شل كاتەوە ، دەنا یەكێتى بەخۆى بەهیچ شێوەیەك و بەهەزار نەرمى نواندن قوربان و سەدەقە تواناى كردنەوەى ئەم داوە پۆڵاینەى پارتى نییە لەهەولێر ، بەڵكو چارەى كردنەوەى تەنیا قرتاندنە ، ئینجا ئایا یەكێتى دەستى بەهیچ كەتەرو مقەستێك ڕادەگات ئەو داوەى پێ بقرتێنێ لەكاتێكدا پارتى هەموو كەرەسەیەكى لەدەستى یەكێتى دورخستۆتەوە ؟ لەو سەردەمەشدا لەچاوى هیچ كەسێكى شرۆڤەكارى سیاسى و سەربازى دیارنییە كەمقەستێك هەبێت یەكێتى دەستى بۆ بەرێت ، بەڵكو دەبێت بەردەوام بێت لەنەرمى نواندن لەگەڵ پارتى تاكو داوەكە توند نەكات و تەواو لەپێ نەكەوێت ، پێ لەداو گیربونى یەكێتى بەداوى پارتى و بەداوى كاتەوە ، بەهەزار پلینۆم و كۆنفراس و گۆنگرە چارە ناكرێت ، چونكە داوەكە لەبنە ڕەتدا داوى سەربازیە ، بۆیە هەر بەمقەستى سەربازیش دەكرێتەوە نەك تكاو پارانەوەو ڕێككەوتنى ستراتیژى و خۆباش نیشاندان ، بەڵام كێ دەڵێت تاكو یەكێتى مقستێكى بەردەست دەكەوێت بۆ قرتاندنى داوى پارتى لەپێى ، داوى كات و گەشەى گۆڕان تەواو هەرچوارپەلى یەكێتى ناپێچتەوە ؟ هەرچەندە زۆرینەى چاودێرانى سیاسى و سەربازیش بۆچونیان وایە لەهەر وڵاتێكى دواكەتودا دوو حزب هاوتاى یەكبن ئەستەمە بەگژ یەكدا نەچن ، بەڵام گەر یەكیان یەكیانى بەستاوە ئەوە ئاشتى و ئارامى باڵ بەسەر وڵات دێنێت و خەڵكیش لەوانەیە برسى بكرێن و مافی ڕەواى خۆیان پێنەدرێت و گەر كەسێكیش قسەى زیادیش بكات زمانى دەبڕن و دەیكوژن ، بەڵام هەر باشترە لەوەى بەدەرزەن گەنجان لەبەرەكانى شەڕ بكوژرێن و خەڵكیش بەهۆى لاینگریەوە ڕەشبگیرو دەربەدەر بكرێن ، كەواتە بەرقەرابونى ئاشتى و ئارامى لەهەرێمى كوردستان ، لەژێر پاڵەپەستۆى ناچاری لاوازبونى لایەنێكە ، نەوەك لەبەر چاوە ڕەشەكانى گەل كەئەوان پڕوپاگەندەى بۆ دەكەن ، دەبێت ئەوەش بزانین نەسلێمانى و نەدهۆكیش نابنە سەنتەرى تەواو بەهێزى هیچ لایەك ، بەڵكو هەولێرى ناوەندى دەرخستەى هێزى هەرلایەكە كەئەو شارەى بەدەستەوە بێت . چونكە هەم ناوەندى وڵاتەو هەمیش پایتەختە . كەواتە دەست ڕۆشتویى یەكێتى لەسلێمانى و گەرمیان و شارەزورو پشدەر قەت بەقەدەر هەولێر نابێت ، هەرچەندە سەركردایەتى یەكێتیش ئەم ڕاستیە باش دەزانێت ، بەڵام چونكە یەكێتى لەسنورى دەسەڵاتى خۆى گەندەڵیەكەى لەلوتكەدایەو لەڕوى ئیداریەوەش لەبەخێوكردنى جەماوەرەكەى كابان نییە ، بۆیە بۆ دەست بەسەراگرتنەوەى هەولێر جەماوەرەكەى لێى بێئومێد بونە ، هەرچەندە وتمان یەكێتى بەداوى سەربازى كۆت و بەند كراوە لەهەولێر ، بەڵام دەشێت لەجیاتى هێزى سەربازى بازوى خزمەتگوزارى ڕاستەقینە هەڵبكات ، چونكە لەو سەردەمەدا عەدالەتبون و جوان بەخێوكردنى میللەت باشترین و بەهێزترین چەكە بۆ بەهێزبونەوەو دەست بەسەراگرتنى تەواوى وڵات و ڕاكێشانى هەست و سۆزى میللەت و سەركەوتنى یەكجارەكى كەخۆشبەختانە جێگاى شەڕو شۆرى گرتۆتەوەو دەتوانرێ لەوڕێگایەوە بەربەستە سەربازیەكان بشكێنرێ و بێ تەقە سەركەوتن بەدەست بهێنرێت ، بەڵام ئومێدى چیت بەیەكێتى هەبێت لەكاتێكدا تاكەكەسێك لەسەركردایەتى یەكێتى پابەند بونى بەناوەرۆكى سرودى مەشخەڵان نماوەو كردویانە بەسرودى :
مەشخەڵانى پۆست و پلەى ئەمجارە هەر بۆ خۆمانە سەد بارە "
لەبەر خۆشویستنى پــــــــول و پارە ئەوەى لەبیرماننیە ڕەنجدەرو هەژارە"
كوردستانم خەمى گەورەم گیرفانم سەد ملیۆنم هەیە بەتەماى سەدى ترم " كەچى هێشتا خۆم بـەفەقیر دەزانم كوردستانم هەڵبجەو ئەنفال بەقوربانى گیرفانم"
* تێبینى : سرودى مەشخەڵانى شۆڕشى نوێى ئەمجارە : كەمارشى یەكێتیە و هۆنراوەو ئاوازەكەى گیانى شۆڕشگێڕى و خزمەتكردن بەچینى ڕەنجدەرو هەژار دەبەخشى و كاریگەرى زۆرى لەسەر هەست و سۆزى جەماوەر هەبوو كاتێك لەكردنەوەى ئێزگەى دەنگى گەلى كوردستان پەخشدەكرا ، بەڵام بەهۆى خۆپەرستى سەركرادایەتی یەكێتیەوە ناوەرۆكى ئەم سرودە گۆڕاوە بۆ ئەو مەشخەڵانەى من لەسەرەوە نوسیومە ، كەواتە حزبێك لەگەڵ مارشەكەى ڕاستگۆ نەبێت چۆن دەتوانێت لەشكەستەكانى ڕاستبێتەوە ؟! [email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە