باوكى منداڵە شەهیدەكەى بنارى قەندیل: "ناكرێ مام جەلال وكاك مەسعود هەوا بێدەنگ بن وهیچ نەڵێن".
Friday, 13/03/2009, 12:00
قەڵادزێ
دایك وباوكى ئەومنداڵە تەمەن یەكساڵ و نیوەى كە لەشەوى 10-3-2009 بەهۆى بەركەوتنى تۆپى هێزەكانى ئێرانەوە لەبنارى قەندیل گیانى لەدەست دا داوا لەسەرۆك كۆمارى عێراق وسەرۆكى هەرێمى كوردستان دەكەن كە لەئاست تۆپبارانەكانى ئێران هەڵوێستیان هەبێ و داواش دەكەن ڕێگاچارەیەكى گونجاو بۆ ژیان وگوزەرانى ئاوارەكانى قەندیل بدۆزنەوە چونكە لەڕەوشێكى نالەباردا ژیان بەسەردەبەن.
شەوى 10-3 ى ئەومانگە ڕژیمى كۆمارى ئیسلامى ئێران گوندى (ڕەزگە)ى بنارى قەندیل تۆپباران دەكات ولەئەنجامدا تۆپێك بەرماڵى هاوڵاتى (عەلى حەمەد) تەمەن31 ساڵ دەكەوێت بەوهۆیەشەوە خاوەن ماڵ وخێزانەكەى برینداردەبن و منداڵە تەمەن یەكساڵ ونیوەكەشى بەناوى (محەمەد عەلى) گیان لەدەست دەدات.
عەلى حەمەد و خۆشى بایز دایك وباوكى ئەومنداڵە ئێستا لەنەخۆشخانەى گشتى قەڵادزێ لەژێر چاودێرى پزیشكى دان و ڕەوشى تەندروستیان باشە.
لەلێدوانێكدا عەلى حەمەد وێڕاى ئێدانەو شەرمەزاركردنى دەست درێژیەكانى كۆمارى ئیسلامى ئێران بۆسەرگوندەكانى بنارى قەندیل گوتى"حكومەتى ئێران بەبیانوى بونى گەریلاكانى(پژاك) گوندەكانمان تۆپباران دەكات ,بەڵام گەریلاكان لەبەرزایى چیاكانن,كەچى ئێران تۆپبارنى ئێمەدەكات وهەرئێمەش باجەكەى دەدەین".
ناوبراو جەختیشى كردەوە كە پێویستە سەرۆك كۆمارى عراق و سەرۆكى هەرێمى كوردستان هەڵوێستیان هەبێ و لەهاوڵاتیەكانى خۆیان بپرسنەوە و گوتیشى" ئێمە ئاوارەبووین وماڵ و حاڵمان شێواوە ,ژیان وگوزەرانمان زۆرسەختە,سەربارى ئەوەش زیانى گیانیشمان بەركەوتووە, ناكرێ مام جەلال وكاك مەسعود هەوا بێدەنگ بن وهیچ نەڵێن".
ئەوهاوڵاتیەى بنارى قەندیل داواشى لەحكومەتى هەرێمى كوردستان وڕێكخراوەخێرخوازەكان كرد كە چارەسەرێكى گونجاوى ئەوخەڵكەئاوارەبووەى گوندەكانى بنارى قەندیل بكەن و لەونەهامەتیەى كەتێ ى كەوتوون ڕزگاریان بكەن.
لەدرێژەى قسەكانیدا دا ناوبراو وێڕاى ئاماژەدان بە وەى كە لەماوەى ساڵانى خەباتى شاخدا گوندەكانى بنارى قەندیل لانكەى شۆڕش و پشت وپەناى پێشمەرگەبوون بەڵام بەرپرسانى ئێستاى كورد لێیان ناپرسنەوە و توركیاو ئێرانیش بەئارەزوى خۆیان ئەوناوچەیە بۆردومان دەكەن وگوتى"ماوەى چەند ساڵێكە ڕەوشى ژیان وگوزەرانمان بەوشێوەى ئێستا نالەبارە ولەژێرمەترسى فڕۆكەجەنگیەكانى سوپاى توركیاو تۆپبارانى ئێران داین بەڵام لەونێوە دا كەس بیرێك لەچارەنووسى ئەوخەڵكەى بنارى قەندیل ناكاتەوە,ئایا ئاوا پاداشتى ئەوخەڵكەى بنارى قەندیل دەدەنەوە؟ یا ئەوەتا پێمان بڵێن ئەوناوچەیە چۆَڵ كەن وناتوانین بتان پارێزین یان ئەوەتا لەگەڵ وڵاتانى دەورو بەر ڕێك بكەون و ئەو مەترسیانەش لەكۆڵ ئێمە بكەنەوە و ڕزگارمان بكەن".
............................................................................................
07701447589
07501130859
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست