یەكگرتوو لە بادینان بەرەو كوێ...!؟
Saturday, 13/03/2010, 12:00
لەم چەند ساڵەى دوواییدا و بە تایبەت دواى 25 / 7 كە هەردوو هێزە ئیسلامییەكانى كوردستان هەریەكەیان لەم خوڵەى پەرلەمان چەند كورسیەكیان كەمتر كرد لە خولى پێشترى پەرلەمانى كوردستان چەندین خوێندنەوەى جیا كراون بۆ رەوتى ئیسلامى لە كوردستان و هەركەسێك بە بووچونى خۆى ئاییندەى ئەم رەوتەى بەرەو ئاقارێكى بردووە ، دەڤەرى بادینانیش كە بە دەڤەرێكى داخراو لە ئازادى ناسراوە و رەوتى ئیسلامیش كە خۆى لە یەكگرتووى ئیسلامى كوردستاندا دەبینێتەوە حزورى هەبووە هەر لە سەرەتاى ئیعلانكردنیەوە ، لەم دەڤەرەش یا لەو جۆرە خوێندنانەدا حساب بۆ هەبوونى نەكراوە یاخود ئەویش خراوەتە ناویانەوەو وەكو هەموو دەڤەرەكانى ترى كوردستان ئاییندەى بەرەو هەمان ئاقار بردراوە ، لێرە من ئەمەوێ چەند راستیەك دەربخەم لە سەر رەوتى ئیسلامى لەم دەڤەرە و ئەو ئاقارەى كە ئەم رەوتە بۆى دەڕوات ، سەرەتاى دەركەوتنى (ئیسلامیەكان) لەم دەڤەرە هەلگرانى ئەو بیرۆ بڕوایانە ڕوبەڕوى چەندین دژایەتیكردن و دەستگیركردن و توقاندن و نەفیكردن و فەێل كردن و بگرە تا كوشتنیش بوونەوە تا واى لێهات كەس نەیدەتوانى لە مالى خۆشیان باسى (ئیسلامیەكان) بكات و بوبووە هێلى سوورى ناو دڵەكان كە نابێ كەس بیر لەوە بكاتەوە كە رۆژێ لە رۆژان ئەمان ئەچنە پەرلەمان یا پۆستێكى حكومى وەردەگرن یا بارەگایەكیان دەبێت لەم دەڤەرە یا ... هتد ، دواتر بە پێچەوانەوە دەرچوو چەند دژایەتیان دەكرا ئەوەندە رێژەیان زیاتر دەبوو تا دواى 2003 و رۆخانى رژێمى بەعس گوڕانكاریەكى زۆر روویدا لەم دەڤەرە و خەڵك بە گشتى چاو كراوەتربوو و دەسەڵاتیش رەفتارى گوڕا بەرامبەر (ئیسلامیەكان) و ئیتر بارەگا كرانەوە و خەڵك دەیتوانى لە دەرەوە ناوى (ئیسلامیەكان) بەرێت و نەشترسێ و هەڵبژاردن هاتە كایەوە و هێز و سەنگشیان دەركەوت لەوهەلبژاردنانە و هەموو كەس بەچاوى خۆیان بینى كە یەكگرتوو خاوەن (9) كورسى پەرلەمانە و هەروەها خاوەن وەزیرێكیشە ، ئەمە بووە هۆى ئەوەى كە خەڵك زیاتر حسابیان بۆ بكات و لێیان بكوڵینەوە ، ئەم ڕەوشەش هەروا رۆیشت تا یەكەم هەلبژاردنى پەرلەمانى عیراق لە سالى 2005 كاتێ یەكگرتوو بەلیستێكى جیا دابەزى و تاكە لیستى كوردیش بوو كە بەجیا لە لیستى دەسەلات بەشدارى هەلبژاردنى پەرلەمانى عیراقى كردبوو ، ئەمیش وایكرد كە دەنگۆى هەبوونى حزبێك بە ناوى یەكگرتووى ئیسلامى كوردستانەوە لە دەرگاى هەموو ماڵێك بدات و هەموو تاكێكى ئەم دەڤەرەش گۆێى لێبێت و وایلێهات ئیتر دەسەڵات خۆى بۆ نەگیرا كە چوون ئەبێ لە دەڤەرى تەواو زەرد كەسێك هەبێ بڵێ من زەرد نیم وەك ئەوە كە ئەم دەڤەرە بەناوى زەردەوە تابوو كرابێ ، ئەم بیركردنەوە تەسكەو یەكتر قەبولنەكردنە وایكرد كە پەلامارى یەكەكە بارەگاكانى یەكگرتوو بدەن لە دەڤەرى بادینان و ویستیان جارێكیتر دەڤەرەكە بەتەواوى بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ بیكەن ، بە جۆرێك پەلاماریان دا كە هەموو خەلك وایدەزانى ئیتر ناوى یەكگرتوو ئەبێ لە فەرهەنگى سیاسى دەڤەرى بادینان بسڕێتەوە، بەڵام ئەم پیلانەش سەرى نەگرت و بەڵكو وایكرد زیاتر دەنگۆى بڵاوبێتەوە و خەلكێكى زیاتر بۆى بچێت و توانى (5) كورسى لە پەرلەمانى عیراق بەدەست بێنێت ، ئەم ئەنجامە تەواو دەسەلاتى دەڤەرى بادینانى هەراسانكرد بۆیە دووبارە دەستیان كرد بە فەسلكردنى ئەندامەكانى و دەستگیركردنیان و چەندین رێگاى ترى ناشارستانى و دیكتاتوریانە تا هەڵبژاردنى ئەم دوواییەى پەرلەمانى كوردستان لە 25 / 7 كە یەكگرتوو بە لیستێكى چوار حزبى بەشدارى تیاكرد و بووە هۆى لە دەستدانى سێ كورسى پەرلەمان ، دواى ئەمە دەنگۆى ئەوە بڵاوبووە كە ئیتر وەرزى بەهارى (ئیسلامیەكان) بەسەرچوو و وەرزى پاییزیان دەستیپێكرد ، لە هەردوو پارێزگاى هەولێرو سلێمانى ژمارەى دەنگەكانى (ئیسلامیەكان) لە كەمییان دا بەڵام لە دەڤەرى بادینان بە پێچەوانەوە رووى لەزیادبوونكرد ، لە سالى 2005 یەكگرتوو لە بادینان (35) هەزار دەنگى هێنا بەڵام لە 25/ 7 كە راستە چوار حزب بوون بەڵام لەو چوار حزبانە تەنها یەكگرتوو حزوور هەبوو لەم دەڤەرە و توانى (45) هەزار دەنگ بەدەست بێنێت بەڵام بە تەزویر كران بە (43) هەزار ، وە لەم هەلبژاردنەشدا بە شێوەیەكى چاوەڕواننەكراو دەنگەكانى رووى لە زیادبوون كردو توانى (61) هەزار دەنگ بەدەست بێنێت و لە هەندێ شوێنى ئەم دەڤەرە بە هێلى سوور سنوورداركراوە دا بە پێش لیستى دەسەلات بكەوێت كە لیستێكى (13) حزبى بوو .
ئەگەر سەیرى لێڤڵى ژمارەى دەنگەكانى یەكگرتوو بكەین لەم سێ هەلبژاردنەى رابردوودا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە لەو كاتەى یەكگرتوو هاتووتە بادینان تا ئێستا لە بەرەو پێشچوونێكى نا سرۆشتیدایە و بە جۆرێكە كە زۆرێك لە یاسا ناسان وا ئەبینن كە یەكگرتوویە بەدیلى دەسەلات لەم دەڤەرەو لە ئاییندەیەكى نزیكدا جڵەوى دەسەلات ئەگرێتە دەست ، ئەمەش مژدەى ئەوەمان دەداتێ ئەم هێزە كە رەوتى ئیسلامى بەتەواوى لە دەڤەرى بادینان خۆى تیادا دەبینێتەوە بەرەو ئەو ئاقارە ناڕوات كە كەسانێكى زۆر خەونى پێوە دەبینن و چاویان بە سەركەوتنەكانى هەڵنایە بەڵكو خەونى ئەو كەسانەى تیایەكە خەمى ئەم رێبازەیان لە دڵدایەو ئۆمێدیان بەرەو ئاسۆیەكى گەشتر دەڕوات .
ئاكرێ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست