کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌که‌وه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

Monday, 11/10/2010, 12:00


کاتێک باس له‌سه‌ره‌تاکانی شۆڕش ده‌کرێت ... له‌خاڵی سفره‌وه‌ ده‌ست پێئه‌که‌ین و ده‌لێین له‌چه‌ند که‌سێك پێكهاتبون که‌ به‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست ئه‌ژمار ئه‌کران له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یامی رزگاربونی نه‌ته‌وه‌یه‌کیان ئه‌دا به‌ خه‌ڵک ، له‌ ماوه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراودا ژماره‌کان زۆر بوون و گه‌شه‌یان سه‌ند تاوای لێهات بوون به‌ که‌رت و تیپ و هه‌رێم و مه‌ڵبه‌ند سه‌دان باره‌گای گه‌وره‌و بچوک له‌ناوچه‌ جیاجیاکانی کوردستان کرانه‌وه‌ ، بونه‌ خاوه‌نی ده‌یان و سه‌دان چیرۆکی قاره‌مانێتی ، شۆڕش بوو به‌ خاوه‌نی هه‌زاران شه‌هید ، له‌راپه‌ڕین خه‌ڵك هه‌موو بوون به‌ پێشمه‌رگه‌ ، هه‌ر میلله‌ت بوو ده‌نگیان دایه‌ شۆڕش و شۆڕش بوو به‌ ‌ ‌حکومه‌ت ، بوینه‌ هه‌رێمێکی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام ئه‌فسوس ، حکومه‌ت له‌ نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ کرایه‌ کۆمپانیاو ، کۆمپانیاکانیش زه‌وتکران و دابه‌شکران به‌سه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌دا ، ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ش به‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست ئه‌ژمار ئه‌کرێن .

من ته‌نها پێشمه‌رگه‌یه‌کم واته‌ مرۆڤێکی ئه‌م وڵاته‌م ، خۆ ئه‌گه‌ر درێژه‌ به‌و گله‌یی و گازه‌ندانه‌ بده‌م که‌ به‌رامبه‌ر خۆم کراوه‌ وه‌کو حیکایه‌تی میشی لیدێت چونکه‌ زۆر پێشمه‌رگه‌ی هاوشێوه‌ی من هه‌یه‌ .

ناڵێم په‌شیمانم له‌رابوردوم ، به‌ڵام به‌هه‌ڵه‌ پێشمه‌رگایه‌تیم کرد ، چونکه‌ بێ مه‌رج بومه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌زانانه‌ و سه‌رشێتانه‌ ، نه‌فامانه‌ و مناڵانه‌ ، چونکه‌ به‌زه‌بری ئێمه‌ وچه‌که‌کانمان بوو هه‌ر رۆژه‌ و جه‌سته‌ی لایه‌نێکمان خه‌ڵتانی خوێن ئه‌کرد ... هه‌ر جاره‌ وبه‌ بیانویه‌ک یان ناو نیشانێک ، شه‌ڕی لایه‌نێکیان پێ ئه‌کردین . شه‌ڕی ئێران شه‌ڕی عێراق شه‌ڕی تورکیا ، شه‌ڕی شیوعی ، پارتی ،حسک ،پاسۆک ، ئیسلامی و پ ك ك ، شه‌ڕی ئیسلام و کافر زه‌وی و ئاسمان ، ئه‌وانه‌شى ئه‌کوژران رۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌ بوون ، هاوڕێکانم لێم ببورن ئێمه‌ کۆیله‌ و داشی دامه‌ بوین ، نەزانانە‌ به‌کاربراین ، ده‌کوژرایین و ده‌مانکوشت ، له‌گه‌ڵ هه‌موو خاڵه‌ لاوازه‌کان هه‌مومان عاشق بوین بەخاکی کوردستان و کوردایه‌تی .

زۆر له‌هاوڕێکانیشمان شه‌هید بون ، هه‌ندێکیان له‌برسانا و هه‌ندێکیان له‌سه‌رمادا ره‌ق بونه‌وه هه‌ندێکی تریان بون به‌ژێر که‌ڵوه‌زو شاخه‌وه‌ ، زۆربه‌شیان هه‌ر بۆ ئه‌و‌ سوێنده‌ شه‌هید بون که‌بۆ نیشتمانی دایکی خواردبو ، هه‌ندێکیان به‌پێوه‌ ده‌مردن ، هه‌ندێکی تریشیان هه‌ر له‌خه‌ودا و جارجاریش پیاوی ئازاو قاره‌مانیش به‌فیشه‌کی خۆمان شه‌هید ده‌کران .

بیرتان نه‌چێت پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵکه‌وتو به‌ڕێز وهوشیار ئه‌که‌وته‌ ژێر فشاری هه‌ندێ له‌ فه‌رمانده‌ گه‌نده‌ڵ و فایلداره‌کانی شاخه‌وه‌ ، سوکایه‌تی پێئه‌کراو باناچاری سه‌ری خۆی هه‌ڵئه‌گرت بۆ هه‌نده‌ران جارجاریش ته‌سلیم به‌ دوژمنه‌که‌ی ئه‌بوه‌وه‌ ، چه‌ندانی تریش خۆی ئه‌روخاو ئه‌به‌زی به‌ویستی خۆی په‌شیمان ئه‌بوه‌وه‌ چۆکی دائه‌دا ، پێشمه‌رگه‌ی واش هه‌بوو پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید ئه‌کردو ئه‌بووه‌ جاش ، کۆمه‌ڵێک فه‌رمانده‌

ولێپرسراوەكان فایلدار بون .به‌نهێنی په‌یوه‌ندیان کردبو به‌ رژێمه‌وه به‌ به‌رگی پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه‌ هه‌ر خائین بون .

فه‌رمانده‌ش هه‌بو نه‌برسی بوو نه‌ تینوی ئه‌بو نه‌بێ پاره‌ بو نه‌ماندو ئه‌بو نه‌ته‌قه‌ی ئه‌کرد و نه‌نانی خراپی ئه‌خوارد .

هه‌ر ئه‌وانه‌ی که‌ شه‌هید بون تاجی سه‌روه‌ریان له‌سه‌ر ناو بێ خه‌م سه‌ریان نایه‌وه‌ و به‌مه‌ردی شه‌هید بون ، سه‌د خۆزگه‌ش ئێمه‌ش یه‌کێک له‌وانه‌ بوینایه‌ .

ئێستاش په‌یامێکه‌ بۆ گرده‌که‌ ، که‌ جه‌ماوه‌ر ناوی لێناوه‌ گردی گۆڕان ، گردی یه‌کسانی و کوردبون ، ئه‌و گرده‌ی که‌ باخه‌وانێکی شاره‌زا تۆوی چاکسازی لێچاندووه‌ ، هه‌موو ئه‌م گه‌له‌ کۆێله‌کراوه‌ چاوی بڕیوه‌ته‌ به‌رهه‌می ئه‌و باخه‌ ، چونکه‌ بێگومانین پیاوێکی شاره‌زاو به‌ئه‌زمون و خاوه‌ن سه‌لیقه‌ چاودیری باخه‌ .

هۆ باخه‌وان ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ جاران هه‌ر به‌ ته‌نها خۆمان و کۆڵه‌پشت و تاقم و تفه‌نگه‌کانمان بوین ، شۆڕشێکمان به‌رپاکرد وگه‌لمان گه‌یانده‌ رزگاربون به‌ڵام ئێستا خۆمان و خێزانه‌کانمان ، که‌سوکارمان‌ ، دۆست ودراوسێ وناسیاوه‌کانیشمان کۆده‌که‌ینه‌وه ، تکات لێئه‌که‌ین به‌ئاگابه‌ هه‌ندێ سن و کیسه‌ڵه‌ و کوله‌ی لاق درێژ به‌نیازن کاتی کۆکردنه‌وه‌ی به‌روبوم ببنه‌ برابه‌ش و ئه‌زمونه‌کانی رابوردویان دوباره‌ بکه‌نه‌وه‌ ، هه‌ر له‌ئێستاوه‌ نه‌بنه‌ کوێخاو زمانحالمان .

دڵنیابه‌ ئێمه‌وه‌ مانان جوانترین له‌ناو خه‌ڵکدا چونکه‌ نانی که‌سمان نه‌بڕیوه‌ ، ریزه‌ خانو و پاره‌ی که‌ڵه‌که‌کراومان نییه‌ ، حیمایه‌مان نییه‌ مۆڕه‌ له‌خه‌ڵک بکات له‌مۆنیکای جام ره‌شه‌وه‌ . زۆربه‌مان کرێچین ، له‌سه‌ر جاده‌ین ، هه‌مومان پیاده‌ین ، پۆستی گه‌وره‌و به‌رچاومان نه‌بووه‌ ، ئیهانه‌ی پێشمه‌رگه‌مان نه‌کردووه‌ ،نه‌سریه‌مان نه‌بوه‌ ، به‌نان و پیازی خۆمانه‌وه‌ هاتوین ، پشتیوانی پڕۆسه‌که‌ ئه‌که‌ین ، هیچمان ناوێت ته‌نها بۆ سه‌رنگومکردنی گه‌نده‌ڵکاران و ریسواکردنی مشه‌خۆران هاتوین ، هه‌ندێ په‌ڵه‌ی ره‌ش وناشرین هه‌یه‌ له‌گرده‌که‌ ، رابوردویان ناسڕێته‌وه‌ به‌و گرده‌ .

پێش ئاشکراکردنی سه‌روه‌ت وسامانی کاربه‌ده‌ستانی ده‌سه‌ڵات با ئه‌وانیش بێن سه‌روە‌ت وسامانی خۆیان ئاشکرا بکه‌ن ، عاره‌قی شه‌رمه‌زاری له‌به‌رده‌م پێشمه‌رگه‌یه‌کی كەم ئەندامى گرده‌که‌دا بڕێژن ، چونکه‌ هه‌ندێکیان له‌به‌ر ئه‌وانه‌ هه‌تونه‌ته‌ ئه‌و گرده‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ قیامه‌ته‌که‌ی گه‌ل لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌کرێت ، توڕه‌بونی ئێمه‌ش زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه‌ خۆیان به‌ بێشەنكىئیمە دەزانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە