کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەزارەتی مافی مرۆڤ و دە ساڵ گەندەڵی

Wednesday, 26/05/2010, 12:00


چاو تیژێک لە سەرەتاكانی دووهەزارەوە ، حكومەتی هەرێمی كوردستان (هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی) داهێنانێكی تریان خستە ناو كاروانی ئەو داهێنانانەی كە یەكبەوای یەك كابینەكانی ئەم حكومەتە دایدەهێننن، یەكێك لەو داهێنانانە (وەزارەتی مافی مرۆڤ) بوو كە من لێرەدا نامەوێت بچمە ناو باسی ئەوەی كە لە ولاتانی دیموكراسیدا شتێك نییە بەناوی وەزارەتی مافی مرۆڤ، و ئەوە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆژنامەی ئازادە وادەكات ڕاستسییەكان بەدەربخەن و پەنجە لەسەر پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ دابنێن و هەرچی گەندەڵی و لەیاسا دەرچوونێك هەیە بیخەنە بەردیدی كۆمەڵگا.
من لێرەدا مەبەستم زیاتر ئەوەیە كە تیشكێك بخەمە سەر بەشێك لەو گەندەڵی و دزی و مشەخۆرییەی ئەم وەزارەتە لەماوەی دە ساڵی خۆی بەرهەمیهێنا، من لێرەدا دەمەوێت ناوی ئەو چەند دز و بێتوانا و مشەخۆرە بهێنم كەلەسەر گیرفانی هەژارانی ئەم وڵاتە لەڕێگەی ئەم وەزارەتەوە بوون بە خواپێداو.
سەرەتا دەمەوێت باسی كورتە مێژووێكی ئەو وەزارەتە بكەم و باسی كاربەدەستانی ئەم وەزارەتە بكەم هەر لە دروستبوونییەوە تا توانەوەی كە ئەمساڵ بڕیاردرا بكرێت بە دەستەیەكی سەربەخۆ و وەكو وەزارەت هەڵبووەشێتەوە.
ئەم وەزارەتە لە هەولێر وەك باسم كرد لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەوە دروستكرا و وەزیرەكەی (محەمەد احسان) بوو ئەم وەزیرە لەئەسڵدا خەڵكی لادێًیەكی نزیك زاخۆیە (سلیڤان) كە زۆرجاریش پێی دەوترێت (محەمەد سلیڤانەیی)، ئەم بەڕێزە لە بنەماڵەیەكی جاش و خۆفرژشی ئەم ناوچەیەوە چاوی بە دونیادا هەڵهێناوە و دواتر وەك باسدەكەن لە زانكۆی موسڵ خوێندنی تەواوكردووە و لەوێ بەرپرسی (اتحاد تەلەبەی) حزبی بەعس بووە و ئازاری زۆرێك لە خوێندكارەكانی كوردی داوە و دواتر لەساڵانی نەوەدەكان ڕوو لە بەریتانیا دەكات و لەوێش ماوەیەك بەڕێوەبەری نوسینگەی (ئەیاد عەلاوی) بووە و هەر لەوكاتەشدا كتێبی یەكێك لە نوسەرەكانی ئەوروپای بە ساختە كردووە بە تێزی دكتۆراكەی خۆی و لەو چەند ساڵانەی دواییشدا ئەم ساختەكارییە ئاشكرابوو و هەموو خەڵكی كوردستان پێیانزانی، دواتر محمد احسان بانگ دەكرێت بۆ گرتنە دەستی وەزارەتی مافی مرۆڤ و هەر لەسەرتای دروستبوونی وەزارەتیشەوە تا یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی حكومەتی هەولێر و سلێمانی وەزیر دەبێت و دواتر لە كابینەی پێنجەمدا خۆی و دارودەستە ماستاوچییەكەی دەچن بۆ (وەزارەتی كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم) و لەوێ دەبێت بە وەزیر و كە ئەمەشیان یەكێكە لە داهێنانەكانی كابینەی پێنجەم و تا ئێستاش یەك دەستكەوتی نەبووە و بە دەردی وەزارەتەكەی مافی مرۆڤ چووە.
محەمەد احسان لەڕێگەی ئەو نەسریە قەبەیەی كە مانگانە بۆ وەزارەت تەرخانكرا بوو و هەروەها لەڕێگەی ئەو پاڵپشتیكردنە ماددییانەی كە لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە بۆ كوردستان دەكرا ولەڕێگەی ئەو كۆڕ و كۆنفرانسانەی كە ساڵانە بەناوی مافی مرۆڤەوە ئەنجام دەدرا، ڕۆژ بەدوای ڕۆژ گیرفانی خۆی پڕتر دەكرد و خوێنی خەڵكی ئەم وڵاتەی بە تاڵان دەبرد، لەگەڵ خۆیشیدا كۆمەڵێك لە چڵكاوخۆرەكانی بە نەمونە وەك (نەرمین قەرەداغی عەدالەت بارزانی) تێر دەكرد.
لە ساڵانی 2006- 2005 دا محەمەد احسان هەڵسا بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ئەنفالكراوانی بارزانی لە(نوگرە سەلمان) بۆ ئەوەی خۆی لە بنەماڵە زیاتر نزیك بكاتەوە و بەڕاستیش ئەمەی بۆ چووەسەر و لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی پارتیدا بۆ ماوەیەكی زۆر محەمەد احسان وەكو قارەمانێكی ئەم میللەتە نیشاندەدرا و لە شاشەكانەوە محەمەد احسان نیشان دەدرا كە لەو بیابانەی نوگرە سەلمان و بەم گەرمایە و لەم تەپوتۆزەی كە لەژیانیدا نەیبینیبوو چۆن خۆی لەم خۆڵە وەردەدا و بە جامانەیەكی سوورەوە لەگەڵ كۆمەڵێك عەرەبی خەڵكی ناوچەكە وەستابوون و لە ڕاپۆرتێكدا نیشانیدەدرا كە چۆن بە شەو و بە ڕۆژ كاری بۆ دۆزینەوەی ئەم ڕوفاتانە دەكرد (ئەگەر ئەو بۆ نزیكبوونەوە لە بنەماڵە ئەم كارەی نەكردووە ئەی بۆ ڕۆژێك لە ڕۆژان بۆ گۆڕی بەكۆمەڵی گەرمیانییەكان نەدەگەڕا) ، ئەمە پرسیارێكە وەڵامەكەی هەموومان دەیزانین.
وەزارەتی مافی مرۆڤ جگە لەم كارە كە ئەویش محەمەد احسان بە كارێكی شەخسی زیاتر خستییە ڕوو نەك وەكو وەزارەتێكی حكومەت، ئەم وەزارەتە جگە لەم كارە هیچی تری نەكردووە و جگە لە پارە دزین و ئابڕووچوون هیچ دەستكەوتێكی تری نەبووە.
یەكێكیتر لە دزە نەقۆڵاكانی ئەم وەزارەتە (نەرمین قەرەداغییە) كە بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مافی مرۆڤ بوو لەم وەزارەتە، (دیارە مەبەستی من لە ئاشكراكردنی ناوی دزەكان تەنها بۆ ئەوەیە كە كۆمەڵگا دز و مافیاكانی خۆی بناسێت چونكە بڕوامان بەوە هەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان هەموو ئەوانەی قورگی خۆیان بە خۆێنی ڕۆڵەی ئەم وڵاتە تەڕكردووە ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە: (نەرمین قەرەداغی) هەر لە سەرتای دروستبوونی وەزارەتەوە دەكرێت بە بەڕێوەبەری گشتی تا یەكگترنەوەی هەردوو وەزارەت، وە لەم ماوەیەدا لە دوای محەمەد احسان سوودمەندی یەكەم بووە و سەرپەرشتیار و جێبەجێكاری هەر بەناو چالاكییەكیش هەبووبێت ئەم ئافرەتەبووە، و لەبەر ئەوەی ماستاوچییەكی باشی خودی محەمەد احسانیش بوو و، جێگەی متمانەی محمد بوو و ئەمەش وایكردبوو لەڕووی پارەوە محمد دەستكراوەبێت لەگەڵیا.
عەداڵەت بارزانی و كۆمەڵێك كەسی تریش كە من نامەوێت ناویان بهێنم چونكە لە ماستاوچییە بچوكەكان بوون و بەقەد ئەمانەی ناویانم هێناوە سوومەند نەبوون دیسانەوە كۆمەڵێك كەس بوون كە هاتبوونە سەر سفرەی حازری پارە دابەشكردن.
عەدالەت كە ئافرەتێكی ڕاوێژكاری محەمەد احسان بوو جگە لە سەیارەی مۆدیل بەرز لێخوڕین زیاتر هیچی تری نەدەزانی و بەپێی ئەوەی كە بەكرێگیراوێك و یەكێك لە ئافرەتە بەدڕەوشتەكانی بەردەستی بنەماڵەبوو كرابوو بە ڕاوێژكاری وەزیر و لەگەڵ نەرمین قەرەداغیشدا پێشبڕكێیەكی بەهێزیان هەبوو بۆ نزیك بوونەوە لە وەزیر و ئامادەبوو هەموو شتێك دابنێت بۆ ئەم وەزیرە.
لێرەدا دەبێت خەڵكی كوردستان لە كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بپرسێت: دە ساڵ خەرجی لە وەزارەتێكی ئاوا بێ دەسەڵات و بێ بەرهەم و داخستنی مانای چییە؟ ئەی ئەو هەموو پارەیەی كە لەم وەزارەتەدا سەرف كرا بۆ كوێ چوو؟ ئەی بۆ تەنها لێكۆڵینەوەیەكیش لەگەڵ تاقە بەرپرسێكی ئەم وەزارەتە ناكرێت؟ كوا بەدواداچوونی ئەم وەزارەتە بۆ ئەو هەموو پێشێلكارییانەی لەماوەی ئەم دەساڵەدا ئەنجام دراوە و بەرد بەدەنگ هاتووە و وەزارەت نا؟ بۆ كەسانی وەك (عەداڵەت و نەرمین قەرەداغی و محەمەد احسان) بانگ ناكرێن بۆ بەردەم یاسا؟ كوا وەڵامی ئەو خەڵكە داماوانەی كە لەبەر بێكەسی و بێ پشتی پەنایان دەبردە بەر بەشی سكاڵای ئەم وەزارەتە؟ ئەی دەستەی مافی مرۆڤ كە بڕیاردراوە دامبمەزرێت هەر لە سەردەستی ئەم مافیایانە بەڕێوەدەبرێت یان كۆمەڵێك دەموچوی تر دادنرێن؟ و ئەمانە و كۆمەڵێك پرسیاری تر دەبێت هەموومان لە حكومەت و خۆمانی بكەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە