چه‌ند ڕوونکردنه‌وه‌ و تێبینیه‌ک سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژادن له‌ کوردستانی باشوور (هه‌رێمی کوردستان)

Sunday, 05/07/2009, 12:00


زۆرم هه‌وڵ دا که‌ له‌م ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا بێده‌نگ بم و خۆم نه‌گلێنمه‌ ناو ئه‌و بانگه‌شه‌و ڕیکلامکردنانه‌ی که‌ لیسته‌ جیاوازه‌کانی ناو چوارچێوه‌ی خاکی هه‌رێمی کوردستانی سه‌رقاڵن پێیه‌وه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ شێوه‌ی ڕیکلام کردن و بانگه‌شه‌ کردنه‌کانی لیسته‌کان وایان لێکردم که‌ ئه‌م جه‌ند دێره‌ بنوسم و بڵاو بکه‌مه‌وه‌.

1. من له‌و بروایه‌دام که‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیسته‌کان زیاتر وه‌ک دان پیانانی تاوانبارێک ده‌چێت له‌ به‌رانبه‌ر دادگا دا نه‌ک بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن، بۆ؟ چونکه‌ له‌ کوێی دنیادا نه‌بووه‌ که‌ خه‌ڵک بێنیته‌ به‌رده‌م کامێراو بڵی من ده‌نگ ده‌ده‌م به‌ فلانه‌ لیسته‌ یان فڵانه‌ که‌سه‌، چونکه‌ ده‌نگ دان پرۆسه‌یه‌کی ئاشکراو له‌ ناوه‌رۆکیشدا نهێنییه‌. ده‌نگدان به‌ لیستێک و هه‌ڵبژاردنی لایه‌نه‌که‌ چه‌نده‌ ئازادانه‌ ده‌کرێت ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ش نهێنی بێت.
2. ئه‌م خه‌ڵک هێنانه‌ به‌رده‌م کامێراو ئاشکراکردنی ده‌نگانه‌ دوور نییه‌ که‌ له‌ دواڕۆژدا ببێت به‌ ئیزائیلی سه‌ری سه‌دان که‌س و ئه‌گه‌ر سه‌ریان تیا نه‌بات دڵنیام که‌ وه‌ک چۆن سه‌رۆک کۆماره‌که‌ی ئێڕاق و سکرتێره‌که‌ی یه‌کێتی به‌شێکی زۆر له‌ ئه‌ندامه‌ ناڕازییه‌کانی لایه‌نی خۆی نانبڕاو کرد ئه‌مانیش ئاوا نانبڕاو ده‌بن! بۆچی؟ چونکه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌و له‌به‌ر چاوی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستاندا گوتویه‌تی من ده‌نگ ده‌ده‌م به‌ فڵانه‌ لایه‌نه‌ و که‌چی سه‌رکه‌وتنیشیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌و ئێستا چاوله‌ده‌ستی لیستی دژبه‌ره‌که‌یانن.
3. ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رنجم دابێته‌ بانگه‌شه‌کان، هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌م که‌ لیستی یه‌کێتی و پارتی خه‌ڵک به‌ گێل و نه‌فام و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ کاتدا گه‌له‌که‌یان به‌ مه‌ڕوماڵات ده‌شوبهێنن و پییان وایه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان ئه‌رکی سه‌ر شانیانه‌ که‌ مه‌ڕو بزن ئاسا دوای سوانه‌که‌یان بکه‌ون و بێ پرسیارو وڵام ده‌ست بده‌ن به‌ ملیاندا بڵێن ئه‌شهه‌دو بیلا هه‌رچی کاک مه‌سعود و مام جه‌لال بیڵێن راسته‌و درۆی تیا نییه‌، بۆیه‌ پێویستیسه‌ ئه‌وان لیستێکمان بۆ دیاری بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی پێبده‌ین!! وه‌ک له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابوردودا تێبینیم کردووه‌ کاناڵه‌کانی یه‌کێتی و پارتی هه‌ڵده‌ستن به‌ چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌ناو سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌و ڕێکخراوه‌ سه‌ربه‌خۆ یان نیمجه‌ سه‌ربه‌خۆکانی ووڵاته‌که‌یان و له‌ ڕێگای ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین و ئیجازه‌ پێنه‌دانیان لیده‌که‌ن و ڕاسته‌وخۆ پییان ده‌ڵێن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک مافی ئه‌وه‌تان نییه‌ لیستی دڵخوازی خۆتان هه‌ڵبژێرن!!!
بۆ نموونه‌: سه‌رۆکی یه‌کێتی که‌مئه‌ندامانی کوردستان له‌ دیدارێکدا له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ کاناڵه‌کانی سه‌ر به‌ لیستی یه‌کێتی و پارتی گوتی من سه‌رکی یه‌کێتی که‌مئه‌ندامانی کوردستانم و ئیجازه‌ ناده‌م که‌س به‌ ناوی ئێمه‌وه‌ لێدوان بدات و ئێمه‌ش ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌ لیستی کوردستانی و به‌ کاک مه‌سعودی 12 !!! یه‌کێکی تر له‌ کاناڵه‌کانی لیستی کوردستانی بانگهێشتی جه‌ند که‌س له‌ پیاوماقوڵانی عه‌شیره‌ی میراوده‌لی کردووه‌و به‌ زۆری یان به‌ خواهیش به‌ڵێنی لێئه‌ستاندون که‌ ده‌بێ ده‌نگ به‌ خۆمان بده‌ن و بشڵێن که‌ که‌س له‌ عه‌شیره‌ته‌که‌ی ئێوه‌ مافی نییه‌ ده‌نگ به‌ لایه‌نێکی تر بدات!!!!
4. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک و دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ کردنی به‌ ناو ده‌ستوره‌که‌ی حکومه‌تی یه‌کێتی و پارتی.
به‌ پێی ئه‌وه‌ی که‌ بانگه‌شه‌ی دێمۆکراسی و ئازادی ده‌که‌ن و پێیان وایه‌ که‌ کوردستانی باشوور نمونه‌ی دێمۆکراسییه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستادا، ده‌بوایه‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم سه‌رۆکی نه‌بوایه‌و دێمۆکراسییه‌که‌یان لینگاوقوج نه‌کردایه‌ته‌وه‌!! چونکه‌ دێمۆکراسی و سه‌رۆک پێکه‌وه‌ ناگونجێن و سه‌رۆکایه‌تی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی دیکتاتۆریه‌ته‌، به‌ تایبه‌تیش سه‌رۆکێک که‌ وک ئه‌وه‌ی له‌ به‌ ناو ده‌ستوره‌که‌دا هاتووه‌، له‌ دوای خوا هه‌ر ئه‌مه‌و به‌س!!! که‌س بۆی نیه‌ قسه‌ له‌ قسه‌ی بکات، که‌س ناتوانێ ڕه‌خنه‌ی لێبگرێت و ته‌نیا که‌سێکه‌ که‌ بۆی هه‌یه‌ بڕیار بدات بۆ تێکدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حکومه‌ت و گرتن و ئازاد کردنی خه‌ڵکانی تاوانبارو و بێتاوان!!! ده‌سه‌ڵاتێکی بێسنورو له‌ ڕادده‌به‌ده‌ری دراوه‌تێ و لێپێچینه‌وه‌شی به‌ دوادا ناکرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌ نمونه‌ی دیمۆکراسی دابنێن ئه‌ی باشه‌ ده‌بێ له‌ کاتی بوون به‌ دیکتاتۆریدا هه‌ڵسوکه‌وتتان چۆن بێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که‌تاندا؟!
5. ڕێگاچاره‌ چییه‌؟
من له‌م بڕوایه‌دام که‌ ته‌نیا ڕێگاچاره‌ی ڕزگاربوون له‌ ده‌ستی خۆ به‌ شوان زان و خه‌ڵک به‌ مه‌ڕوماڵات زانه‌کانی ئه‌م دوو حیزبه‌ و نیشاندانی هێزی لافاو ئاسای گه‌ل، بۆ چاوله‌ده‌ستکردنی ئه‌م به‌ناو سه‌رکردانه‌ بۆ به‌رده‌رگای خه‌ڵکی ئازار دیتوو و مه‌ینه‌ت چێشتووی ئه‌م ووڵاته‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م دوو حیزبه‌ بسه‌لمێنن که‌ ئه‌وه‌ ئێوه‌ نین ئه‌م کورسیه‌تان به‌ ده‌ست هێناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێن ئه‌وه‌ گه‌لی کورده‌‌ خوێنیداوه‌و هه‌ر ئه‌و گه‌له‌ش ده‌توانێ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات. بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایان بکه‌نه‌وه‌ که‌ ئێوه‌ تواناو هێزی خۆتان هه‌یه‌و ده‌توانن ده‌سه‌ڵات بگۆڕن و له‌ ناو خه‌ڵکه‌که‌تاندا سه‌دان و هه‌زاران مه‌سعودو جه‌لالتان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانتان چاوله‌ده‌ستی ئێوه‌ بن و ئێوه‌ نه‌بنه‌ چاوله‌ده‌ستی دوو که‌س یان دوو بنه‌ماڵه‌، ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستێکی جیاواز له‌ لیستی کوردستانی و ئه‌م چوار ساڵه‌ به‌رزیان بکه‌نه‌وه‌و ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌رک و به‌ڵێنه‌کانی خۆیان هه‌ڵنه‌ستان و وه‌عده‌کانیان به‌ جێ نه‌گه‌یاند ئه‌وانیش به‌ ده‌ردی مه‌سعودو جه‌لال به‌رن و بیانخه‌نه‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌ لایه‌نێکی ترو که‌سانێکی کاراتر ده‌ستنیسان بکه‌ن و ئه‌م ئه‌رکه‌یان بخه‌نه‌ سه‌ر شان.
ئێوه‌ ئه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، تاکه‌ی چاو له‌ده‌ستی کۆمه‌ڵێک به‌ناو سه‌رکرده‌و هه‌لپه‌ره‌ست و مقام ته‌ڵه‌ب ده‌بن، تا که‌ی ته‌واویه‌تی مافی خۆتان ناناسن و نازانن که ده‌بێ ‌ حکومه‌ت خزمه‌تکاری خه‌ڵک بێت نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، تاکه‌ی سوپاسی ئه‌م که‌سانه‌ ده‌که‌ن که‌ پرۆژه‌یه‌ک پێشکه‌ش ده‌که‌ن و لاف و گه‌زافتان به‌سه‌ر دا لێده‌ده‌ن. ئێوه‌ خه‌ڵکی کوردستان خاوه‌ن ماڵ و خاوه‌ن سه‌روه‌تی ئه‌م خاکه‌ن و ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته‌ ده‌ست چه‌ند که‌سی مشه‌خۆر و پله‌وپایه‌ په‌ره‌ستن و ده‌یانهه‌وێت له‌م ڕیگایه‌وه و به‌ ناوی کوردایه‌تی و خزمه‌تکردنه‌وه‌ ماڵ و سه‌روه‌تی خاکه‌که‌تان به‌ره‌و بانکه‌کانی سویس و ووڵاته‌کانی تری ئوروپا به‌رن و قه‌سرو باڵه‌خانه‌کانیانی زیاتر پێبڕازێننه‌وه‌.
ئێوه‌ خه‌ڵکی ئازادیخوازو مافپێشێلکراوی کوردستان، دوای تێپه‌ڕینی 18 ساڵ به‌سه‌ر ڕزگاربونتان له‌ ده‌ست دڕنده‌ترین مرۆڤی ئاژه‌ڵ ئاسای سه‌رده‌م، ئێستا که‌وتونه‌ته‌ داوی کۆمه‌ڵێک گورگی برسی و ماوه‌ی 18 ساڵه‌ میو له‌ناو ده‌ستی خۆیاندا جۆنیان حه‌ز لێبێت ئاواتان لوول ده‌که‌ن و به‌ که‌یفی خۆیان ده‌تانشێلن، تاکه‌ی ئه‌و ناڕه‌وایی و ناعه‌داڵه‌تییه‌ی ئه‌م مسه‌خۆرانه‌ قبوڵ ده‌که‌ن و تاکه‌ی ڕێگه‌یان پێده‌ده‌ن گه‌مه‌ به‌ ئه‌قڵ و مرۆڤایه‌تیتان بکه‌ن؟؟ تاکه‌ی نایه‌نه‌وه‌ هۆش خۆتان و له‌ خه‌وی بێهۆشیدا ده‌تلێنه‌وه‌و له‌ ناو قوروچڵپاوی نه‌زانیدا سه‌ره‌نگرێ ده‌به‌ن و له‌م لاشه‌وه‌ جڵه‌وی به‌ناو سه‌رکده‌کانتان شل کردووه‌و ئه‌مانیش به‌ که‌یفی خۆیان هه‌ر ڕۆژه‌ روو له‌ لایه‌ک و هه‌ر سات نا ساتێ به‌ وێرغه‌و چوارناڵه‌ له‌ناو ده‌شتی پڕ به‌ پیت وبه‌ره‌که‌تی خاکه‌که‌تاندا ئه‌مبه‌ره‌وبه‌ر ده‌که‌ن.
درێژه‌ی هه‌یه‌...

که‌ریم موکریانی
4.7.2009‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە