شوکر بارزانی وەجاغی کوێر نییە!!!!!
Wednesday, 18/08/2010, 12:00
بە دوای چاوپێکەوتنەکەی عیرفانی قانعی فەرد و درکاندنی هەندێک ڕوداوی نەبیستراو یان باشترە بڵێم پەردەپۆشکراوی کە تا ئێستاش ڕوون نییە ڕاستن یان درۆ بنەماڵەی بارزانی بێدەنگ و هەستن، بەڵام جیرەگرو خزمەتکارانی بەر دەرگای بنەماڵە زۆر بە هەڵەداوان کەتونەتە خۆو هەر یەکەو لە لایەک و هەر کامەیان بە جۆرێک بە شانوباڵی مەلا مستەفاو بنەماڵەکەیەوە هەڵدەڵێن!!
جیرەگرانی بەردەرگای بنەماڵەی بارزانی بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکی رونیان لەبەر دەستدابێ کەتونەتە وێزەی قانعی فەرد و چی خراپەو چی بە دەمیان داهاتووە بە ناوبراویان گوتووەو بە بەژنیان بڕیوە! یەکیان دەڵێ بنەماڵەکەی دەناسێتو دەزانێ کە کەم دەستو بێ سەرمایەنو توانای ئەوەیان نییە کە پوڵوپارەی سەفەرکردنەی کوڕەکەیان دابین بکەنو حەتمەن لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەعمورییەتی پێدراوەو پارەی بۆ تەرخانکراوە! ئەمیتریان بە جاش و خۆفرۆش ناوی دەباتو سوێندی لەسەر دەخوات کە قانعی فەرد دەستی لەگەڵ موحسین رەزایی هەیە! یەکیتریان دەڵێ کە بە قسەکانیدا دیارە سەر بە کۆماری ئیسلامییە! ئەویتریان دەڵێ من هەر لە سەرەتاوە دەمزانی کە ئەم کابرایە دژی گەلەکەمانەو باوکیشی هەر سەر بە کۆماری ئیسلامی بووە! لەولاوە ئەمیتریان هەڵدەداتێ و دەڵێ چونکە نەیهشتووە من نوسراوەیەکەم لە کۆڕێکدا بخوێنمەوە بۆم دەرکەوت کە سەر بە کۆماری ئیسلامییە!! ئەوە لەکاتێکدایە کە قانعی فەرد هیج خراپەیەکی بۆ هیچ کام لەو کەسایەتی و حیزبانە نەبووەو بە کردەوە خراپەیەکی دەرهەق بەم کەسایەتی و لایەنانە نەکردووەو هیچ بەڵگەیەکیش نییە لەسەر ئەوەی کە ناوبراو سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێت. دەبێ لەوەش دڵنیا بین کە هەر کەس ئەکسی دەگەڵ خومەینی، خامنەیی، موحسین ڕەزایی و رەفسەنجانی گرتبێت نابێ بە حیزبوڵایی و نابێتە بەڵگەی جاشێتی و یان خۆفرۆشی، ئەگەر بەم جۆرە بێت دەبێ تاڵەبانی و بارزانی بەر لە هەموو کەس بخرێنە لیستی خۆفرۆشانەوە چونکە ئەکس و فیلمی ڤیدیۆیان لەگەڵ یەک یەکی ئاخوندەکانی ڕێژیم دا هەیەو دەستی هەموانیان ماچ کردووە! دکتۆر قاسملو، شێخ عیزەدینی حوسەینی و....... لە یەکەم کەسەکانن کە سەردانی خومەینیان کرد و فیلمی ڤیدیۆی و ئەکسیان لێهەگیراوەتەوە. ئەمە بە جێگای خۆی، بەڵام هەر کوردێک کە لە خاکی کوردستان و لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بژیت جاش و جاسوس و خۆفرۆش نییە، ئەگەر ئەم جیرەگرانە پێیان وا بێت کە خەڵکی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی جاشوخۆفرۆشن ئەوە زۆر بە هەڵەداچون و نیشانەیان نەپێکاوە، چونکە ئەگەر ئاوا بڵێن و باوەڕیان بەمە بێت کە ئەوەی لە ناوخۆو لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بژیت خائینە دەبێ دڵنیا بن کە ئەمانیش ناتوانن دە دوازدە ملیۆن خەڵکی خائین بێننە سەر ڕێگای کوردایەتییەکی وەک خۆیان و بیانهێنن بۆ کۆیەو لەوێ بیانکەن بە جیرەگری بنەماڵە! ئەم کەس و لایەنانە دەبێ باش بزانن کە شۆڕشگێڕەکان لە ناوخۆدان نەک لە کۆیەو زەرگوێزەڵە، قارەمانەکانی ڕۆژی تەنگانە لە کوردستان و لەژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی دان و تەحەمولی سەختی دژوارییەکان دەکەن نەک لە سێبیران و کانیقرژاڵەو بەحرکەو ناحیەی خەبات سەرقاڵی جیرەگری بن و پاسی دەرگای بارزانی بکەن. ئەوانەی کە قانعی فەرد بە خائین دەزانن و پێیان وایە ئەم کابرایە خۆفرۆشە، نەیانتوانیوە تاقە بەڵگەیەک بۆ خۆفرۆشی ناوبراو بێننەوە، بەڵام بە پێچەوانە قانعی فەرد زۆر ڕاشکاوانە دەڵێ بەڵگەی دەنگیی مەلا بارزانی لە ئارشیوی لەندەن دا هەیەو هەر کەس بیهەوێت دەتوانی بیبینێت!! هەروەوها دەڵێ من هیچ قسەیەک لەخۆمەوە ناکەم و هیچ کام لە قسەکان هی خۆم نین، بەڵکو من مێژوو وەک خۆی باس دەکەم و وەک چۆن هەیە دەیخەمە پێش چاوی خەڵک، کەچی جیرەگرانی بەردەرگای بنەماڵە وەک ئەوەی مەعموریەتیان پێدرابێت کەوتونەتە وێزەی کەسێک کە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات و پەردە لەسەر خیانەتی بنەماڵەی سەرمایەداری بارزانی هەڵدەداتەوە.
هەروەک هەمومان دەزانین پارتی دیموکرات و بنەماڵەی بارزانی لە باوکیانەوە بگرە تا دەگاتە کوڕو نەوەو نەوەزاکانی هیچ کارێکی خراپ نەماوە کە دژ بەم لایەن و کەسایەتیانە نەیانکردبێت، شەهیدکردنی دەیان کادرو پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول و ڕێبەرایەتی مەلا بارزانی و تەحویلدانەوەیان بە شای ئێران، هاوپەیمانییەتی قیادەی موەقەت و ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوی ئاخوندەکانی ئێران بۆ کوشتن و راونانی پێشمەرگەی کوردستان و داگیرکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان لەسەر دەستی ئیدریس بارزانی ئەندازیاری خۆفرۆشی، بە قۆنترات گرتنی ناوچە بە ناوچەی کوردستان و کوشتنی خەڵکی بێدیفاع و تەحویلدانەوەی بە کۆماری ئیسلامی لە لایەن بنەماڵەی بارزانی و قیادەی موەقەتەوە، دوای هاتنەوەیان بۆ هەرێمەکەیانو بە دەسەڵات گەیشتنیان لەم ناوچەیەدا دیسانەوە کەوتنە وێزەی کادرو ئەندام و پێشمەرگەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیو سەدان کەسیان تیرۆر کردو دەیان کەسیان بە زیندوویی تەحویلی کۆماری ئیسلامی داوە. کەچی بۆ جارێکیش ئەم کەس لایەنانە بە دەمیان دا نەهات بڵێن بنەماڵەی بارزانی ئەو خیانەتەیان کردو ئەمە دەچێتە خانەی جاشێتی و خۆفرۆشییەوە! دڵنیام کە دەڵێن ئەمە کاتی بەسەر چووەو ناکرێ کای کۆن بە با کەین و برینەکان تۆزێ ساڕێژ بوونە.
ئەم جیرەگرانەی بەردەرگای بنەماڵە ئەگەر مەبەستیان دیفاع لە کەسایەتییە نەتەوەییەکانی گەلی کوردە بۆچی هەتا ناوی بارزانی نەهێندرێ و گۆشەیەک لە خیانەتەکانی بارزانی پەردەی لەسەر هەڵنەدرێتەوە ناکەونەخۆ؟ هەر دوێنێ بوو بنەماڵەی بارزانی لە هەولێری ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بێڕێزیان بە پێشەوای مەزنی کورد قازی محەمەدەوە کردو یادی جەلادو خوێنمژێکی وەک خومەینیان لە هۆڵێکدا کردەوە کە بە ناوی پێشەواوە ناونراوە!! ئەی باشیە ئەمە بێڕێزی نەبوو بە کەسایەتییە نەتەوەییەکان؟؟؟ باشە ئەمە بێڕێزییە یان ئەوەی کە بڵێن مەلا بارزانی ئەو شەکرەی شکاندووە!! ئەم کابرایە دەڵێ قسەی من نییە بەڵکو قسەی مەلا بارزانی و بە دەنگی خۆی هەیە، ئیتر ئەمە کەی بێڕێزییە؟! کەچی بنەماڵەی بارزانی بە ئەنقەست و بۆ بێڕێزی بە ناوی بەرزی پێشەوا یادی خومەینی لەو ساڵٶنەدا دەکەنەوە؟ بەڵام هیچکام لە جیرەبگیرانی بەر دەرگای بنەماڵە نایەنە گۆ! باسە کەسایەتی پێشەوا جێگای فەخرو شانازییە کە گیانی لە پێناو گەلەکەیدا کردە قوربانی یان کەسایەتی مەلا بارزانی کە لە خیانەت بە گەلی کورد نەپرینگایەوە؟ مەلا مستەفایەک کە بە دەیان کادرو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی ڕادەستی سای ئێران کردەوە! مەلا مستەفایەک کە بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی زیاتر شۆڕشێکی گەورەو گرانی تێکوپێکداو ئاشبەتاڵی بە گەورەترین شۆڕشی کورد کرد، مەلا بارزانییەک کە ئاوی خیانەتکردن بە کوردی بەدوای خۆیدا رشت و بوو بە سیمبولی خیانەتکردن.
ئەم بەناو کەسولایەنانەو لە ڕاستیدا جیرەگرانەی بەردەرگای بنەماڵە بۆچی لە بێڕێزیکردن بە کەسایەتی پێشەوا نەهاتنە دەنگ و هیچ راگەیندراوو هیچ جاوپێکەوتنێکیان ئەنجام نەدا بۆ مەحکوم کردنی دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی بارزانی. بەڵام شوکر بۆ خوا مەلا بارزانی وەجاغی کوێر نییەو گیرەگری زۆر لەبەر دەرگای وەستاون بۆ خزمەت و دیفاعلێکردن و پیاهەڵدان بە بەژنوباڵاو قەڵافەتی بە پارە دروستکراوی درۆینە.
لە کۆتاییدا هیوادارم خوێنەران بە هەڵە لە نوسینەکەم نەگەن و پێیان وا نبێت کە من دیفاع لە قانعی فەرد دەکەم، بەڵکو من مەبەستمە کە بڵێم ئەگەر پێویست بێت پەردە لە سەر ڕووی خۆفرۆسان هەڵبماڵدریت، سەرەتا دەبێ لە گەورە پیاوو بنەماڵە ناودارەکانەوە دەست پێبکات پاشان کەسایەتییە بێسامان و چاولەدەستەکان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست