سۆران مامه‌حه‌مه‌‌و عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف به‌ده‌ستی پاراستنی پارتی له‌شاری كه‌ركوك تیرۆركران

Friday, 14/05/2010, 12:00


سۆران مامه‌حه‌مه‌‌و عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف به‌ده‌ستی پاراستنی پارتی له‌شاری كه‌ركوك تیرۆركران
Thursday, May 13, 2010
قه‌باره‌ی فۆنت بگۆڕه‌

گروپی رۆژنامه‌نووسانی بێسنوری كوردستان له‌ به‌یانامه‌یه‌كیاندا كه‌ له‌ رۆژی 12-5-2010 به‌ زمانی كوردسی‌و ئینگلیزی بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ره‌كه‌ی خۆیان‌و ئاراسته‌ی چه‌ندین لایه‌نی نێوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تیان كردووه‌، ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ سۆران مامه‌ حمه‌ و عبدالستار تاهیر شه‌ریف به‌ده‌ستی پاراستنی پارتی له‌شاری كه‌ركوك تیرۆركران.

ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یانه‌:

به‌یاننامه
بۆ:ڕای گشتی

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژیَكه‌ به‌هۆی ڕفاندن دواتر تیرۆركردنی كاكه‌ سه‌رده‌شته‌وه‌ نائارامی سه‌رانسه‌ری هه‌ریَمی كوردستانی گرتۆته‌وه‌. ئیَمه‌ له‌كاردانه‌وه‌ی پیَشووتردا داوامان له‌به‌ڕیَز سه‌رۆكی هه‌ریَم كردبوو ئه‌گه‌ر ڕوونكردنه‌وه‌ی پیَویست نه‌دات، له‌سه‌ر ئه‌م تیرۆركردنه‌ هه‌ڵویَست وه‌رده‌گرین. ویَڕای سووربوونمان له‌سه‌ر به‌ڵیَنه‌كه‌مان، بۆیه‌ لیَره‌دا به‌پیَویستی ده‌زانین چه‌ند نهیَنیه‌ك ئاشكرا بكه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك ڕاستیه‌كانی بۆ ده‌ربكه‌ویَت.

به‌ڕیَزان، سۆران مامه‌ حمه‌ و عبدالستار تاهیر شه‌ریف به‌ده‌ستی پاراستنی پارتی له‌شاری كه‌ركوك تیرۆركران. ئه‌گه‌رچی ته‌واوی كونسوڵخانه‌ی ووڵاتانی بیانی له‌هه‌ریَمی كوردستان ئه‌و ڕاستیه‌یان زۆرباش ده‌زانی و له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ریَگه‌ی كه‌ناڵه‌ تایبه‌تییه‌كانیان ورده‌كاری ئه‌و تیرۆركردنانه‌یان به‌به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گریان هه‌بوو، به‌ڵام له‌م نیَوه‌نده‌دا بیَده‌نگیان هه‌ڵبژارد و هیچ هه‌ڵویَستیَكیان نیشان نه‌دا.

ئیَمه‌ وه‌كو گروپی ڕۆژنامه‌نووسانی بێ‌ سنووری كوردستان زۆر به‌توندی بێ‌ هه‌ڵویَستی باڵویَزخانه‌ی وڵاتانی بیانی له‌عیَراق و كونسوڵخانه‌ی وڵاتی بیانی له‌هه‌ولیَر شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین. بۆ دواین جار داوایان لیَده‌كه‌ین كه‌به‌م بیَده‌نگی نواندنیان، نه‌بن به‌هاوبه‌شی ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤیانه‌ و چیتر به‌دروشمی بریقه‌دار خۆیان نه‌خه‌ڵه‌تیَنن. چونكه‌ پیَویسته‌ هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ بزانن كه‌بیَده‌نگی ئیَوه‌ ده‌گه‌ڕیَته‌وه‌ بۆ ئه‌و هاوبه‌شیه‌ی ئیَوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ریَمی كوردستان و به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسیَنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان.

سه‌باره‌ت به‌ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌ریَمی كوردستان، به‌ڕاستی جیَگه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌ كه‌خویَنی ڕۆڵه‌ی كوردستان زۆر بێ‌ بایه‌خ بوو لای، ڕاسته‌وخۆ نه‌هاته‌ سه‌ر شاشه‌و ئیدانه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌ قیَزه‌ونه‌ی نه‌كردو ڕاسپاردن بۆ پیَكهیَنانی لیژنه‌ نه‌ك هه‌ر جیَگه‌ی ده‌ستخۆشی نییه‌، به‌ڵكو جیَگه‌ی ئیدانه‌كردن و شه‌رمه‌زاركردنیشه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌كه‌م گرتنی دۆسیه‌كه‌یه‌.

لیَره‌دا به‌پیَویستی ده‌زانین هه‌ریه‌كه‌ له‌كریستۆڤه‌ر هیَڵ باڵویَزی ئه‌مریكا له‌عیَراق و ئاد میڵ كه‌رت نویَنه‌ری UN له‌عیَراق ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ له‌مه‌ڕ ئه‌و بیَده‌نگیه‌یان، چونكه‌ بیَده‌نگی نواندن ڕاستگۆیی ده‌خاته‌ ژیَر پرسیاره‌وه‌.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌دوای تیرۆركردنی كاكه‌ سه‌رده‌شت له‌چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووس كراون ئیَمه‌ زۆر به‌توندی ئه‌م سیناریۆنانه‌ی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین كه‌ده‌یانه‌ویَت ڕاستیه‌كان چه‌واشه‌ بكه‌ن و خۆیان بخه‌ڵه‌تیَنن چونكه‌ گه‌لی كورد و چینی ڕۆشنبیر زۆر ووشیاره‌و به‌ئیَوه‌ ناخه‌ڵه‌تیَت.

گروپی ڕۆژنامه‌نووسانی بێ‌ سنووری كوردستان پاڵپشتی له‌ته‌واوی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ ده‌كات، كه‌بۆ ئیدانه‌كردنی ئه‌و كاره‌ قیَزه‌ونانه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌هه‌ریَمی كوردستان به‌ڕیَوه‌چوون و داواش له‌سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و دۆست و لایه‌نگرانی خۆمان و سه‌رجه‌م ئازادیخوازان ده‌كه‌ین كه‌زۆر به‌گوڕ و تینه‌وه‌ به‌شداری چالاكی مه‌ده‌نی بكه‌ن و سوپاس و پیَزانینی تایبه‌تیش ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و ڕیَكخراو كه‌سایه‌تیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌به‌شداری پرسه‌كه‌یان كرد سوپاسی هه‌موولایه‌كتان ده‌كه‌ین نمونه‌تان زۆربیَت چونكه‌ به‌شداربوونی ئیَوه‌ له‌هیَنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی و به‌خاك سپاردن و به‌ڕیَوه‌چوونی پرسه‌كه‌ی له‌خه‌م و ئازاره‌كانی كه‌مكردینه‌وه‌.

سڵاو له‌گیانی شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م

گروپی ڕۆژنامه‌نووسانی بێ‌ سنووری كوردستان

بۆ:

سه‌رۆكی هه‌ریَم

باڵویَزخانه‌ی ووڵاتانی بیانی له‌عیَراق

كونسوڵخانه‌ی ووڵاتانی بیانی له‌هه‌ولیَر

سه‌رجه‌م ڕیَكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كانی جیهان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە