کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەڕەلاوژەى ئەم رۆژگارە، بەرهەمى پارتى و یەكێتیە..

Friday, 04/05/2012, 12:00




 
لە دیدارەكەى كاك مەریوانى وریا قانیعەوە كە كەناڵى كەى ئێن ئێن لەگەڵیدا سازى دابوو، ئەم وشەى گەڕەلاوژەیەى بۆ باسكردنى دەوڵەتى كوردى لەسەر زارى سەرۆكى هەرێمەوە، جوان تەوزیف كردبوو، بۆیە منیش ئەم وشە جوانە رەسەنەم بیر كەوتەوە كە، بۆ وێناكردن و وەسفكردنى رەوشى ئەمڕۆى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ژیانى تاكەكانى كۆمەڵگاكەمان سەد دەر سەد گونجاوەو بێسەروبەرەیى لە زۆرینەى شتەكان و ئامرازو شێوازى ژیانمان و ئیدارەو حوكمڕانیماندا وەكو رۆژى روناك وایە.
گەڕەلاوژە، بە ماناى بێسەروبەریى و پشێوى و فەوزاو تاكڕەوى و دەرچوون لە یاساو هەركەس بۆ خۆى دێت.. پێچەوانەى چەمكەكانى رێكوپێكى و رێكخستن و دیسیپلین دەگەیەنێت. ئەم وتەزایە: واتە (گەڕەلاوژە) تۆزێك میللیەو دوورە لە وشەى نێو فەرهەنگ و ئەدەبییاتى كوردییەوە.. بەڵام بۆ وێناكردن دەقاودەقەو پڕ بە پێستى زۆرینەى ئەو حاڵەت و دیاردەو هەواڵە سیاسى و كۆمەڵایەتییانەو هەروەها رەوشى گشتى ناو كۆمەڵگاى هاوچەرخى كوردیمانە.
بێسەروبەرەیى و پابەندنەبوون بە یاساو دەستوورەوە ، گەڕەلاوژەكەى لە هەرەمى حوكمڕانییەوە گواستۆتەوە بۆ سەر زەوى و پانتایى ژیانى یەكە بە یەكەى تاكى ئەم كۆمەڵگایە.. ئەم دیاردەى گەڕەلاوژەییە لە زۆر هۆكارەوە سەرچاوەى گرتووە، بەڵام گرنگترینیان، سیاسەتى چەواشەى بەرپرسەكانى كوردستانە كە ئەوان یەكەمین كەسێكن پابەند نین بە یاساو رێساوە، رێز لە دادگاو دەستوورى حكومەتەكەى خۆشیان ناگرن، ئەمەش ئیشى ئەمڕۆیان نییە، درێژەپێدراوى بیستوو دوو ساڵى ناو شار و دەیان ساڵى ناو شاخیانە.. عەقڵییەتى تاكڕەوى و خۆسەپێنى و بەكارهێنانى هێز لاى ئەم بەرپرسانە لە دووتوێى حزبەكانیانەوە، سیاسەتێكیان پیادە كردووە، كە راستەوخۆ چوونە ژوورەوەو تەداخول بووە لە ژیانى هاونیشتمانى و هاوڵاتیەكانى خۆیان كە خەسڵەت و پێناسى (هاونیشتمانى) و (هاوڵاتى) بوونیان لە مێژە لێسەندراوەتەوە.
گەڕەلاوژەى بەكارهێنانى هێزى دەسەڵات و خۆسەپاندنى بیرى تاكڕەوى و خۆسەپێنى ئەم بەرپرسانەى كوردستانە كە دیاردەى گەندەڵى و ناشەفافیەت و ناعەدالەتى و دوو ئیدارەیى و جیاكاریى سیاسى دروستكردووە كە چارەسەركردنیان بۆتە مەحاڵ و وەهم.
ئەگەر مەسەلەكە گەڕەلاوژە نییە، ئەى ئەم رەوشە بێسەروبەرەیە چییە كە بەرپرسێك باس لە دەوڵەتى سەربەخۆ و هەڕەشە لە مەركەز دەكات و بەرپرسێكیش باس لە خەونى مەحاڵى دەوڵەتى كوردى و چاكى و باشى حكومەتى بەغدا دەكات!؟
ئەم گەڕەلاوژەیە چۆتە هەموو كونجەكانى ژیانمانەوە.. پەیوەندیمان لەناوخۆو ماڵى كوردا، پاشاگەردانى و بێسەروبەریى و گەڕەلاوژەیە.. لەگەڵ دەرو دراوسێكاندا هەروەها.. لەنێو وەزارەتەكانماندا سیماى بێسەروبەرەیى و پابەند نەبوون بە پرۆگرام و بەرنامەى زانستیەوە، بە ئاشكرا دیارە.. لەنێو بەڕێوەبەرایەتى و خوێندنگەكاندا هەر مەپرسە.. لەنێو رۆژنامەو گۆڤارەكاندا، گەیشتۆتە ئەوپەڕى.. بێسەروبەریى و گەڕەلاوژە تاكە خەسڵەتێكە لە بوارى رۆژنامەگەرى و میدیاكانماندا كە تەنیا بەو سیفەتەش دەناسرێینەوە.. ئەو هەموو رۆژنامەو گۆڤارە حزبى و بەناو ئەهلى سێبەرە، رەنگدانەوەى ئەو دۆخەیە كە ناومان لێنا، گەڕەلاوژە.
چونكە زۆرینەیان خەسڵەتەكانى ناپرۆفیشناڵى و ناپسپۆڕى تیایاندا زەق و دیارە.. لێشاوێك لە سەرنووسەرو بەڕێوەبەر و خاوەنى ئیمتیازى ناشى و نەخوێندەوار و حزبى و لەژێرەوە مووچەخۆرى دەسەلاچت، سوارى ئەو شەپۆلە بوون كە ناوى لێنراوە، میدیاو رۆژنامەگەرى.!! هەر ئەو گەڕەلاوژەیەشە كە خوێنەرى تۆراندو بۆ دواجار خوێندنەوەى ئەو فەوزایەى تەڵاقداوەو تەنیا دوو جۆر بڵاوكراوەو گۆڤار لە كوردستانى ئەمڕۆدا دەخوێندرێنەوە: ئەو گۆڤارانەى كە سكانداڵى بەرپرس و سیاسەتمەداران بڵاو دەكاتەوەو ئەو بڵاوكراوانەش كە سێكسین، بۆیە لەمبوارەوە لێشاوێك گۆڤارى سێكسى (كۆپى یەكتر) ئەمڕۆ لە كوردستاندا بڵاو دەبنەوە كە گەنجى سووتاو و تینوو بە سێكس ئەو گۆڤارانە دەقۆزنەوەو خەریكى وروژاندن و شەهوەت رشتنى ئارەزووەكانیانن، كە دواجار ئەم دیاردەیەش لە ئاییندەیەكى نزیكدا خراپترین ئاسەوارو كاریگەرى و بەركەوتەى دەبێت لەسەر گەنجانى كوردستانمان و دیدو رەفتارى ئەوان بۆ ژیان..
ئەم گەڕەلاوژەیە لە كۆڵان و شەقامەكانیش بە ئاشكرایى هەستى پێدەكرێت، ئەو هەموو سەیارەیە كە چوونەتە ناو چاڵى چاومانەوەو رووداوى هاتووچۆى بێشومارى دروستكردووەو كەس ناتوانێت ئەو لێشاو و لافاوە لە هێنانى سەیارە بۆ شارو شارۆچكەكانمان رابگرێت، چونكە ئەوە كارى مافیایى بەرپرسەكانەو بێسەروبەرەیى و نایاسایى حكومڕانییەت ئەو دیاردەى مۆنۆپۆڵییەت و كۆنترۆڵكردنى ئابوورییەى دروست كردووە كە هەرگیز چارەسەرى نییەو باسكردنى چاكسازیى لەمبوارەوە وەهمێكى گەورەیە..
هەروەها دیاردەى زۆریى فرۆشیارو دەستگێڕو سەیارەى سێ تایەیى سەر شەقام و كۆڵان و شۆستەى هەموو شارەكانى داگیر كردووەو ئەوەش بەسەر دەروونماندا رەنگ دەداتەوە.
زۆریى خوێندكار لەناو پۆلەكانى خوێندنگەو قوتابخانەكانى كوردستاندا درێژ كراوەى ئەم دیاردەى گەڕەلاوژەیەیە.. هەروەها قەرەباڵغى نەخۆشخانەو عەیادەى دكتۆرەكمانمان و بێسەرو بەرەیى لە نرخ و دەرمانى ئێكسپایەرو شێوازى چارەكردندا، هەمان دۆخ و حاڵەتە..
لە هەموو ئەمانە دڵتەزێنتر دۆخى فەوزاى ناو زۆرینەى ئینتەرنێت و فەیسبووكى كوردەكانە، فەیسبووكى كوردى، سیخناخە لە سكانداڵ و شوورەیى و ناشرینى هزرو بیرو بۆچوون و رەفتارى تاكى كورد.. ئەمانەش تێكڕا بە فاكتەرى ئەم دیاردەى بێسەروبەرەیى و گەڕەلاوژەیە فەراهەم بوون.
لە كۆتاییدا وەكو كۆمەڵناسێك، دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە دەمێكە : مامۆستا عەلى وەردى/ كۆمەڵناسیى گەورەى عێراقى: باسى لەم دیاردەیە بەو شێوەیە كردووە كە كۆمەڵگاى عێراقى زەمینەى سیاسى و كۆمەڵایەتى خۆشكردووە بۆ ئەوەى كە كەسان و سەرۆك هۆزو حزب بە ئاسانى بتوانن كۆنترۆڵى ژیان و مردنى تاكەكانى ئەم كۆمەڵى ئیسلامییە بكەن و چۆنیان دەوێت ئاوەها بیئاژۆن و ئاراستەى بكەن، لەبەرئەوەى تاكەكان، موسەیەرن نەك موخەیەر، هۆشیار نین و خوێندەواریش نین، عەشایرن و مەدەنى نین، ترسنۆك و بەرژەوەندیخوازن، نەك ئازاو رچەشكێن و مرۆڤدۆست و جەنگاوەر. ئەو وتانەى ئەم مامۆستا هێژایە، چەند دەیەیەكى دیكەى ماوە لە ساڵانى تەمەنى هەناسەساردمان تاكو تۆزێك لە روخسارى كۆمەڵگاى مەدەنى و كراوەو پێشكەوتوو ببینین.. كە دیسیپلین و پشتبەستوو بێت بە یاساو دەستوورێكى مەدنى دیمۆكراسیخواز.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە