هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رایه‌تیی پارلمانی ئێران له چ که‌شوهه‌وایه‌کدا
Saturday, 17/12/2011, 12:00
هه‌روه‌ک ده‌زانین کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ماوی 34 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌تی فه‌قیه و ده‌سه‌ڵاتی زاڵی یاسای ئیسلامی‌دا، هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماریی و پارلمان و ده‌ستنیشانکردنی سه‌رۆکی پاریزگا و فه‌رمانداری شار، له‌ژێر کاریگه‌ریی فیلته‌ری ویلایه‌تی فه‌قیه و مه‌جلیسی شاره‌زایان (خبره‌گان) و شۆرای باڵای ده‌ستنیشانکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان حکومه‌ت به‌ڕێوه‌چووه. ئه‌مه‌ش بۆته هۆکارێک که بۆشاییه‌کی به‌رچاو له‌نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵات بێته‌ئاراوه. نابێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو نه‌گرین که رێژه‌ی دانیشتوانی ئێران له‌چاو 34 ساڵی رابوردودا 2 به‌رامبه‌ر بووه. حکومه‌تی ئیسلامیی ئێران که خۆی به نوێنه‌ری شیعه‌ی هه‌موو دونیا ده‌زانێت و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتی ولایه‌تی فه‌قیه خۆی به نوێنه‌ری خودا و ئیمامی زه‌مان داده‌نێت و ده‌سه‌ڵاتی زالی ئایینیی بۆته هۆکارێک که هه‌رکه‌س ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ک له‌به‌رامبه‌ر پرسه چاره‌نووسسازه‌کانی کۆمه‌ڵگای فره‌نه‌ته‌وه‌ی ئێران وه‌کو زمان و تایبه‌تمه‌ندییه کولتوریه‌کان، کێشه‌ی بێ‌کاری.... به‌نێوی دژی خودا (محارب) و دژی شۆڕش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی حکومه‌ت، له زیندانه‌کاندا سزای له‌سێداره‌دران یان زیندانیی درێژخایه‌ن به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێندرێت. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، ترس و تۆقاندن به‌ده‌ست هێزی سوپای پاستاران که گۆپاڵی هێزی ده‌سه‌ڵاته، بۆته هوۆکارێک له‌ناو ئێران‌دا که وه‌کو سیستمێکی ئیلیگاریشی خۆی داسه‌پێنێت و هه‌موو ماف و ئازادییه‌کانی مرۆڤی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه پێشێل بکرێت و شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ته‌واویی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه. هه‌رچه‌ند به رواڵه‌ت له‌ناو خۆی ده‌سه‌ڵاتدا، ناکۆکیی به‌ره‌ی توند هاژو و به‌ره‌ی به‌ناو میانه‌رۆ له ململانێی ده‌سه‌ڵات دان، به‌ڵام له ئانیکاتدا ئامانج، راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانه و له‌ژێر ناوی یاسای بنچینه‌ییدا خۆیان ده‌بیننه‌وه، نمونه‌ی هه‌ره‌به‌رچاو هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری و ساخته‌کاریی له‌ژێر چاودیری ویلایه‌تی فه‌قیه و ناکۆکییه‌کانی به‌ناو بزوتنه‌وی سه‌وز و له‌ئاکامدا به لاڕێدابردنی ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری ئێرانی لێکه‌وته‌وه. له‌م سیستمی ئێران بۆ زیاتر زاڵکردنی خۆی به‌سه‌ر گه‌لانی ئێران‌دا هێزی سوپای پاستاران و به‌سیجی هێنایه سه‌رشه‌قامه‌کان و به‌دڕندانه‌ترین شێوه خه‌ڵکیان سه‌رکوت کرد.
گه‌نده‌ڵی و دزی و راوڕووتی ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی نێو ئێران گه‌یشتۆته راده‌یه‌ک که هه‌ژاری، بێ ئه‌خلاقی، گیرۆده‌بوون به ماده سڕکه‌ره‌کان، بێکاریی له‌ناو کۆمه‌ڵگا زۆر به‌رچاو کۆمه‌ڵگای ته‌نیوه‌ته‌وه که ئه‌مه بۆته هۆکارێک زۆربه‌ی رۆشنبیران و که‌سانی پسپۆڕ و مێشکی کارا و ته‌نانه‌ت به‌شێک له ناڕازیانی ناو ده‌سه‌ڵات سه‌رمایه‌کانی خۆیان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بکه‌ن و ئێران به‌جێبێڵن. هه‌روه‌ها ئه‌م قه‌یرانانه وای لێهاتووه وه‌کو ئاوری بن کا، لهکهمینی ده‌سه‌ڵاتدایه و بۆته هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆسه‌ر حکومه‌ت که راپه‌ڕینی ئه‌مجاره‌ی گه‌ل ده‌توانێت پێ‌داگر بێت له‌سه‌ر رووخانی یه‌کجاریی سیستمی کۆماری ئیسلامی.
جێگای ئاماژه‌یه که بڵێین، له‌کاتێکدا ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ناوخۆ بگاته راده‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی ئێران به‌هێزی چه‌کداری هاوڵاتیان سه‌رکوت بکا و خوێنی گه‌ل بڕژێنێت، ئه‌وه سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ناتوانێت له‌ئاست ئه‌م پێشێلکاریانه‌دا بێده‌نگ بێت. به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی که له رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوکان له‌م دوایانه‌دا په‌سند کراوه، ئه‌گه‌ر حکومه‌تێک بیه‌وێت بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، میلله‌تی خۆی قه‌تڵوعام بکات و مافی هاوڵاتیانی پێشێل بکا، یاسای نێوده‌وڵه‌تی رێگا به نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌دا هێزی سه‌ربازی بنێرێت و نمونه‌ی هه‌ره به‌رچاو و زیندوو وڵاتی لیبی یه.
هه‌روه‌ها ئێران له‌ئاستی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا له گه‌مارۆ دایه که وه‌کو وڵاتێکی جیهانی سیهه‌می ده‌یه‌وێت ببێته خاوه‌ن چه‌کی ئه‌تومی و ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵاتی زلهێزانی دونیادا ناگونجێ و بۆته‌هۆی مه‌ترسی له‌ئاستی بازاڕی ئابووری و نێوده‌وله‌تی و هه‌روه‌ه له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا، هه‌ر بۆیه‌ش پێداگریی ئێران بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ئه‌تومی که وه‌کو وڵاتێکی جیهانی سیههمیی وابه‌سته ده‌توانێت زور مترسیدار بیت بو ئاسایشی جیهانی، به‌تایبه‌ت که ئێران وڵاتیکی ئایینیه و خۆی وه‌کو نوێنه‌ری باوه‌ڕی شیعه ده‌زانێت، گوشاره‌کانی نێوده‌وڵه‌تی تاڕاده‌یه‌ک گه‌یشتۆته ئاستێک که ئه‌گه‌ر ئێران پێداگربێت، بکه‌وێته‌به‌ر په‌لاماری هیزی سه‌ربازیی ناتۆ. هه‌رچه‌ند که ئێران وه‌کو گه‌وره‌ترین وڵاتی تیرۆریستی و پشتیوانی تۆڕ و رێکخراوه‌کانی تیرۆریستی له ئاستی دونیا دایه، ده‌توانێت گه‌وره‌ترین قه‌یران دروست بکات له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین و جیهاندا، ههربوێهش سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ده‌یه‌وێت به هه‌ستیارییه‌ک له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵسوکه‌وت بکا، چونکه ئێران وڵاتیکی فره‌نه‌ته‌وه‌یه و جیاوازه له‌گه‌ڵ وڵاتانی وه‌کو ئێراق و ئه‌فغانستان. له‌لایه‌کی دیکه‌وه نایانه‌وێت ئێران له‌ده‌ست بده‌ن به‌هۆی نزیکبوونه‌وه‌ی ئێستای ئێران له‌گه‌ڵ روسیه و چین له بواری ئابورییه‌وه. به‌ڵام ئێران ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌که له‌ململانێی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا وه‌کو پشندهیهک رۆڵی گرینگی گێڕاوه.
له بارودۆخی ئاوادا ئێران به‌رو پیشوازیی هه‌ڵبژاردنی پارلمانی ده‌چێت که هه‌م ترسی ئاڵۆزی و ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆیی له‌پێشه و هه‌م قه‌یرانی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی که ده‌بێ ئێران خۆی ئاماده بکات بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر رووداوێک له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا. هه‌ڵبژاردنی خولی نویه‌می پارلمان ده‌توانێ بو سیستمی کۆماری ئیسلامی چاره‌نوس سازبێت و له‌لایه‌کی دیکه‌وه، چاوه‌ڕوانیی کۆمه‌ڵگای ئێران له ده‌سه‌ڵاتی سیستمی کۆماری ئیسلامی به‌هه‌موو ئیتنیکهکانیهوه، له‌ناو خۆی ئێران به‌شێوه‌یه‌ک ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیردرێت و ده‌سه‌ڵات گوێ رایه‌ڵی ویست و داخوازیه‌کانی گه‌ل بێت.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه زۆر جیاوازه. به‌پێی ئاڵوزیه‌کانی ساخته‌کاریی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماریی و ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری، له ئێستادا ده‌توانێت هه‌وێنێک بێت بۆ په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌مجاره‌ی ناڕه‌زایه‌تیی له‌ناوخۆی ئێران و پشتیوانیی وڵاتانی ده‌ره‌کی و ئۆپۆزیسیون له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به‌تایبه‌ت له‌بواری بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارلمان و سنوردارکردنی نوێنه‌رایه‌تیی جه‌ماوه‌ر.
به پێی ئه‌م راستیانه‌ی که ئاماژه‌مان پێ‌کرد، ئێستا ده‌توانین بڵێین ئایا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌توانێت روویه‌کی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی بینێته ئاراوه، بۆ مان یان نه‌مانی؟
ده‌توانین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له چه‌ند به‌شدا بێنینه به‌رباس:
یه‌که‌م، ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێ متمانه ببخشێته گه‌لانی ئێران و قبووڵی راستییه‌کان له روانگه‌ی فره‌نه‌ته‌وه‌ییه‌وه و دانپێدانان به ویست و داخوازییه‌کانی ناوخۆی ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی له پشتیوانیی ناوخۆیی سود وه‌رگرێت و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ک که به‌ساڵانه پشتگوێ خراوه ده‌سه‌ڵات ده‌بێ پابه‌ندی به‌ڵێنه‌کان بێت.
دووهه‌م، ئه‌وه خه‌ڵکی ناوخۆی ئێرانه به‌هه‌موو ئیتنیکهکانهوه ده‌توانن بریاڕ بده‌ن له هه‌ڵبژاردن یان بایکۆتکردن .
سێهه‌م، له که‌شوهه‌وای ئێستادا که کۆماری ئیسلامی له ژێر گوشار و گه‌مارۆی نێوده‌وڵه‌تیی دایه و ده‌یهه‌وێت له پشتیوانی جه‌ماوه‌ریی سوود وه‌ربگرێت، ده‌بێ کارئاسانیی بکات بۆ خۆپاڵاوتنی که‌سانی سه‌ربه‌خۆ و رێگا خۆشبکات بۆ سازدانی که‌شوهه‌وایه‌کی ته‌ندروست و راوێژکاریی که به‌بێ ترس و دڵه‌راوکێ گه‌ل بتوانێت له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌شداریی بکات.
چواره‌م، هێشتا به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیون خاوه‌نی ئیستراتیژیی هاوبه‌ش نین که بتوانن وه‌ڵامده‌ری ویست و داخوازییه‌کانی ناوخۆی ئێران بن که گه‌ل راسته‌وخۆ له‌ناو رووداوه‌کان دان.
پێنجه‌م، ده‌بێ کاربه‌ده‌ستانی کوماری ئیسلامی ملکه‌چی هه‌موو ویست و داخوازییه‌کانی گه‌ل بێت.
شه‌شه‌م، به‌سه‌رنجدان به‌م هه‌لومه‌رجه له هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی نۆهه‌می پارلمان، ده‌بێ ئامانجه‌کان دیاریی بکرێت که هه‌موو تاکی کومه‌ڵگا خۆی تێدا ببینێته‌وه، وه‌کو ماف و داخوازیی که له‌چه‌ند خاڵدا ده‌توانین ده‌ستنیشانی بکه‌ین.
1 - خۆپاڵاوتنی که‌سانی سه‌ربه‌خۆ که جێگای متمانه‌ی گه‌ل بن و به‌ربه‌ستێک نه‌یه‌ته ئاراوه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه.
2 - پێکهێنانی که‌شوهه‌وایه‌کی ته‌ندروست که بۆ هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ی خۆیان ده‌پاڵێون و دواتر پڕوپاگه‌نده و ململانێ ده‌که‌ن.
ده‌ستنیشانکردنی ئامانجه‌کانی خولی نۆهه‌می پارلمان:
1 - ئازادیی خوێندن به‌زمانی دایک بۆ هه‌موو ئیتنیکه‌کانی ناوخۆی ئێران، به‌پێی ماده‌کانی 15 و 19 و 25 یاسا ئازادیی بیر و را و ئایین و زمان مسۆگه‌ره.
2 - ئازادیی ده‌ربرینی بیر‌و باوه‌ڕ.
3 ئازادیی رۆژنامه و و گۆڤار.
4 ئازادکرانی زیندانییه سیاسیه‌کان.
5 کارکردن و په‌ره‌پێدان بۆ ژێرخانی ئابووریی.
6 ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی ئێران کارئاسانیی بکات بۆ کار و بنبڕکردنی دیارده‌ی بێ‌کاری.
7 - ده‌بێ ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیار بێت له‌به‌رامبه‌ر دیارده‌ی گیرۆده‌بوون به ماده سڕکه‌ره‌کان.
8 - ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌و شوێنانه‌ی ئه‌ندامان خۆیان ده‌پاڵێون، نووسینگه‌ی تایبه‌تیان بۆ بکرێته‌وه که رێکخراوه‌کانی ناوچه‌یی و جه‌ماوه‌ر بتوانن به‌ئاسانی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ر وههلبژاردهی خۆیان راوێژ بکه‌ن.
9 ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی ئێران رێگا بدات بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سیستمی ئیداری که‌سانی له‌لایه‌ن خه‌ڵکی خۆجێییه‌وه کاروباره‌کانی ناوچه‌ی خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن.
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م ته‌وه‌ره‌دا ده‌توانین بڵێین هه‌رچه‌ند له‌ناوخۆی ئێران و له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ناڕه‌زایه‌تییه‌کان په‌ره‌یسه‌ندوه و ته‌نانه‌ت قه‌ڵغانی موشه‌کیی هێزی ناتۆ چوارده‌وری ئێرانی گرتووه و ئه‌گه‌ری زه‌بری هێزی سه‌ربازیی ناتۆ له ئارادایه، به‌ڵام رووخانی ده‌سه‌ڵاتی ئێران به‌ده‌ست ده‌وڵه‌تانی ده‌ره‌کیی ده‌توانێت ئاڵۆزییه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین زیاتر بێت، به‌وپێیه‌ی که هێشتا ئۆپۆزیسیۆنه‌کان خاوه‌نی پڕۆژه نین و هه‌روه‌ها گرفتی سه‌ره‌کیی ئیتنیکه‌کانی ناوخۆیی که له‌ناو ویلایه‌ته‌کاندا پێکهاته‌یه‌کی دوو میللیهتین، ده‌توانێت ببێته هۆی ئاڵۆزیی زیاتر، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته من ناتوانم هاوده‌نگ بم له‌گه‌ل هه‌رهێزێکی ده‌ره‌کیی بۆ ئه‌گه‌ری رووخانی ئێران و هه‌ر هێزێکی ئۆپۆزیسیون بیه‌وێت هاوده‌نگ بیت له‌گه‌ڵ دهستتێوهرددانی هێزی ده‌ره‌کیی، ئه‌وه له داهاتوودا ده‌بێ خه‌ڵکی ئێران باجه‌که‌ی بده‌ن.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌ناوخۆدا په‌ره‌بستێنێت، ده‌بێ خه‌ڵکی ئێران بۆخۆیان به ده‌ستنیشانکردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی له‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ناوخۆی وڵات پێک‌بێت.
له‌کۆتاییدا ده‌بێ ئاماژه بکرێ که پاراستنی که‌رامه‌تی کۆمه‌ڵگا له ئه‌ستۆی ئهرتهشهو به‌رپرسیاره له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری کاره‌ساته‌کانی سه‌ر ده‌ستی سوپای پاستاران و به‌سیج که مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی بیانه‌وێت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک خه‌ڵکی ئێران سه‌رکوت بکه‌ن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست