هەباسە . . . لە سەنتەرى رۆشنبیرى هەڵەبجە چ باسە!؟
Friday, 04/09/2009, 12:00
هەڵقەى یەكەم
سوپاس بۆ خوا و سوپاس بۆ هیمەتى ستافى كوردستانپۆستى بوێر هیچ شتێ لەم كوردستانە ئازیزەدا نابێت بە نهێنى بمێنێتەوە و خەڵى بە شەرەف و زوڵم لێ كراوى كورد دەبێت بە یەكە بە یەكەى گەندەڵەكان ئاشنا بكرێن. منیش وەك ئەركى نیشتمانى خۆم لەباسى ئەمجارەمدا هەندێك لەگەندەڵیەكانى سەنتەرى رۆشنبیرى هەڵەبجە كەشف دەكەم و بەزنجیرە و هەرجارەو لەسەر یەكێك لە ستافەكەى بابەتێك بۆ جەماوەرى كوردستان و خەڵكى بەستە زمانى هەڵەبجەى چەندجار شەهید دەخەمە روو.
سەنتەرى رۆشنبیرى هەڵەبجە وەك هەموو دامەزراوە حیزبیە بە ناو حكومیەكانى پارتى یەكێكە لە گەندەڵترین رێخراوەكان. بە پێى زانیاریەكان كە دەست من كەوتوون مانگانە زیاد لە پێنج ملیۆن دینار نەسریەى هەیە. سەرف كردنى ئەم پارە زەبەلاحە تەنها بەناوى چەند كارێكى فاشیلەوەیە لەوانە:
مانگى یەك جار چەند لاپەڕیەكى بێمانا بە ناوى گۆڤارى مناڵانەوە دەردەكەن. ئەم بەناو گۆڤارە تیراژەكەى 500 دانەیە و كەچى دەڵێن 1000 نوسخەى لێ چاپ دەكرێت. ئەوەى كە من بیزانم تێچونەكەى نزیكەى 500 هەزار دینارە و كەچى دەڵێن دوو ملیۆن دینارى تێ دەچێت.
یەكێكى تر لە كارەكانى سەنتەر كە دوایەمین كاریەتى دەركردنى گۆڤارێكە بە ناوى هەڵەبجەوە كە ئەمیش تەنها 200 نوسخەى لێ چاپ دەكەن و بۆ ئەوەى خەڵك و دارایى بخەڵەتێنن لە سەرى دەنووسن تیراژەكەى 1000 دانەیە. تێچوونى ئەم گۆڤارە نزیكەى 500 هەزار دینارە و كەچى دووبارە لەمیشیانا دەڵێن و دەنووسن كە گوایە یەك ملیۆن و نیوى تێ دەچێت. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى كە لە ڕووى ناوەرۆكەوە هەمووى هەر بریتیە لە دزینى بابەتى نوسەران لە ئەنتەرنێت و دابەزاندنەوەى بابەتى دووبارەى نووسەران كەپێشتر لە گۆڤارى تر یان وەك كتێب بڵاویان كردووەتەوە.
كەواتە لەرووى دارایەوە مانگانە تەنها 650 هەزار دینار سەرف دەكەن و بەواسیتەى ئەم تەنها دوو كارەوە پێنج ملیۆن حەپەلووش دەكەن. ئەوانەشى كەئەم كارە دەكەن تەنها چەند كەسێكى حیزبین. چونكە ئەم سەنتەرە بەبریارى بەرپرسى لقى 12ى هەڵەبجە دوو كارمەندیان بە ناوەكانى (م. ه.) و (ف. ه.) لەم ماوەیەدا بەتۆمەتى ئەوەى كە دەنگیان بە لیستەكەى پارتى و یەكێتى نەداوە و بە تۆمەتى ئەوەى كە نوێژ دەكەن دەركردووە ئەمەش بۆ ئەوەى كە هیچ خەبەرێك سەبارەت بە پارەخواردنەكەیان دزە نەكاتە دەرەوەى سەنتەر.
لەرووى دەوامەوە بەیانیان سەعات 8 حەرەس و چایچیەكان دەبێت لە سەنتەر حازر بن لە سەعات 9 وە چەند كارمەندێكى تر دێن بۆ چاخواردنەوە و فشقیات. هەندێك لە كارمەندەكانیش تەنانەت بۆ وەرگرتنى مەعاشەكەیان نایەن بەڵكۆ بۆیان دەنێرن بۆ سلێمانى یان بۆ هەولێر یان بۆ ماڵەوەیان.
بەرپرسى سەنتەر عادەتى وایە كە ئێواران سەعات 5 بگاتە سەنتەر . ئەو دەوام ناكات بەڵام شەوان بۆ هەندێ كارى تایبەت دەچێت بۆ سەنتەر.
ئەوەى كە لە دەمى دراوسێ ماڵەكانى سەنتەرەوە بە من وتراوە ئەوەیە كە دراوسێیەكى سەنتەر كەنەیویست ناوى ئاشكرا بكرێت وتى "پێم سەیرە لەم سەنتەرەوە بەردەوام و بەتایبەت شەوان بۆنى رازیانەو سیر دێت" ئەو گلەیى زۆرى هەبوو لەسەر ئەوەى كەسەنتەر بووە بە نادى و دەیوت "ئێستە ئێمە وا حیساب دەكەین كە نادیەك دراوسێمانە" هەروەها داواى لە منیش كرد كە رێگایەكى یاسایى بۆ بدۆزمەوە تا بتوانێت داوا بكات كە سەنتەر بار بكات بۆ گەڕەكێكى تر.
بەم پێیە من بۆم دەركەوت كە ئەو پێنج ملیۆن دینارەى كەمانگانە بەناوى بوژانەوەى لایەنى رۆشنبیرى هەڵەبجەوە وەر دەگیرێت لەباتى چاپكردنى كتێب و بەستنى كۆڕ و سیمینار و ئیشوكارى رۆشنبیرى لە مەشرووب و مەزەدا سەرف دەكرێت.
ئاوایە كە خەڵى هەڵەبجە گیرۆدە دەبن بە دەست چەند حیزبییەكى گەندەڵەوە و بە ملیۆنان دینار دەدزن و كەچى رۆشنبیرانى هەڵەبجەش موحتاجى چەند دینارێكن تا قەڵەم و كاقەزى پێ بكڕن یان كتێبێكیان چاپ بكەن یان لە هۆڵێكدا دوو قسەى جددى بكەن.
خوێنەرى ئازیزى كوردستانپۆستى خۆشەویست . . . ئەمە تەنها هەڵقەى یەكەم بوو لە سەر سەنتەرى بەناو رۆشنبیرى هەڵەبجە، ئیشەڵا لە هەڵقەى دووەم و سێیەمدا بە بەڵگەى زیاتر قسە لە سەر بەرپرس و جێگرو ئیدارەو دارایى و یەكەبەیەكەى ئەندامەكانى دەكەین. چاوەڕێ بن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست