کرێکارو هەڵبژاردن
Thursday, 23/07/2009, 12:00
ئەمڕۆژانە فەزاى کوردستان ئاخنراوە بە پروپاگەندەى هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان لەلایەن دەسەڵاتدارانو حیزبەکانو ڕێکخراوەکانو ڕیزێ لە رۆشنبیران. بانگەشە بۆ هەڵبژاردن دەکەنو خەریکن جارێکیتر کۆمەڵگاو لەوانە چینى کرێکار کە زۆرینەى ئەم کۆمەڵگایە پێکدێنێو خوڵقێنەرى سەروەتو ساماننو ژیان لەسەر دەستى ئەوان ئەچەرخێ، بەناوى دەوڵەمەندکردنى ئەزموونەکەمانو گۆڕانو چاکسازىو بەرەوپێشبردنى ڕەوتى دیموکراسى لە کوردستان، بەرەو سندوقەکانى دەنگدان بەرێیان دەکەن. بەڵام سەرەتا پرسیار ئەوەیە ئایا دەسەڵاتداران کە (18) ساڵە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە مافی ئهوهیان ههیه بانگەوازى کرێکاران بکەن بۆ دەنگدان؟ ئاخر چەندە توانیوانە وەڵام بە خواستو ویستەکانى کرێکاران بدەنەوەو چهنده ئاڵوگۆڕ لە ژیانى ئەواندا ڕووى داوه تا ئەمڕۆ بەشداربن لەم پرۆسەیەدا بکهن؟
پرسیارێکى تر ئەوەیە ئایا لیستە جۆراوجۆرەکانى بەشداربوو چ گرنگییەکیان بە مەسەلەى کرێکاران داوە؟ ئایا لە بەرنامەى خۆیاندا باسیان لەسەرنەبوونى قانوونکارو ڕێکخراوبوونو کرێو زەمانەتە کۆمەڵایەتەکانو ژیانی ئەوان کردووە؟ کە باس باسى گۆڕانو پێشکەوتنە، سەرەتا دەمەوێ لەوێوە دەستپێبکەم کە چینى کرێکار لە کوردستان وەک چینى ئەسڵى کۆمەڵگا بەدرێژایى (18)ساڵى رابردووە پەراوێزخراوەو وەک چینێک چۆن حکومەتى بەعس کرێکارى کرد بە موەزەف ئاوا ئەوانیش بە جۆرێکى تر درێژەپێدەرى هەمان سیاسەت بوونو هەمان یاسا تائێستا لەکوردستان ماوهتهوهو ئهوهندهی پهیوهندی به حاشاکردن له ناسنامهی کرێکارهوهیه جێبهجێ دهکرێت. ههموو داواکردنی گۆڕینی ئهو یاسایانه لە چەکمەچەى دەسەڵاتداران ماوەو هەموو ساڵێ تهنها لە یەکى ئایارەکاندا باس لە گۆڕینى ئەم یاسایەو دانانى یاسای کار دەکەن، بەڵام بە کردهوه هیچ ناکرێتو سهرهنجامی مانهوهی ئهو یاسایه حاشاکردنه له ناسنامەى کرێکار وەکو چینێک که ئەمەش به دوای خۆیدا سڕینهوهی ههموو خواستو داواکانی ئهو چینهو مهینهتی بۆ ژیانو گوزەرانى کرێکاران هێناوه.
کارنامەى یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە(1991)وە تا ئێستا گەورەترین تراژیدیاى ئینسانى بەسەرکرێکاراندا سەپاندووە کە پێچەوانەى شیعارو دروشمەکانیانەوە بووه. ئهم کارنهمهیه هیچی زیاتر نهبووه له برسیکردنى کرێکاران، گرانى، شەڕ، بێکارى، کرێى کەم، سەعاتکارى زۆر، نەبوونى یاسای کار، کردنى چەند جۆر لە کار. (18) ساڵە کۆمەڵگایەکى چەند ملیونى یاساى کارى تیا نییە بۆ کرێکاران. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەیان یاسای جۆراوجۆر هەیە، لە نموونەى فرەژنى و جگەرەکێشانو بوونى یاساى وەبەرهێنان کە ئهم یاسایە پارێزەرى مافەکانى کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانەو به پێی ئهوه زیانەکانیان بۆ قەرەبوو دەکەنەوەو زەمانهتى کارو وهبهرهێنانیان بۆ دەستەبەردەکەن، بەڵام ئەوەى بۆیان گرنگ نەبووە ژیانو گوزەرانى کرێکارانى کوردستانو دەرەوەى کوردستانە. ئەم بێ یاساییە فرسەتى داوە بە دەسەڵاتدارانو کۆمپانیاکانیان تا هەلومەرجى سەخت بەسەر کرێکاراندا بسەپێنن کە لەسەردەمى کۆیلەتى سەدەکانى ناوەراست دەچێت کە خاوەنکاران هیچ گرێبهستێک واتە ڕێکەوتن لە سەرکرێو هەقدەست بە ڕەسمى ناناسن، بە بیانوى جۆراوجۆر کرێکاران بێکار دەکەنو کرێ دوادەخەن، یان کرێى چەند مانگیان نادهنێ بۆ ئهمهش لە نموونەى کرێکارانى فلیپینىو ئەسیوبىو کوردستان کهم نییه.
بێکارى ئەو دیاردەیە بوو کە کرێکاران وەکو پەتایەکى پیس چاویان لێ کردووە کەم کەس هەیە چەندمانگ وساڵ بێکار نەبووبێو بەبێ ئەوەى هیچ بیمەیەک بۆى حیساب کرابێت تا لایەنى کەم ژیانى بگوزەرێنێ. پەیدابوونى کار لە دام ودەزگاى دەوڵەت بە تەسکیەى یەکێتىو پارتىو رێکخراوەکانیان بووه، نەک بە ئامادەبوونى بێکاران بۆ کار. بەکورتى ئەمە رێگەى شانسى پەیدابوونى کار بووە که بێدەنگىه سهرکزیو ودەستگرتن بەکڵاوەوە قبوڵ بکهیت. کرێى کرێکاران هێشتا نەک لە ئاستى پێویستدا نییە، کە دەبێت مانگانە لانى کەم ملیۆنێ دینار وەربگرن، بەڵکو کرێى(250_350)هەزار وەردەگرن. لە چەند ساڵى رابردوودا دەیان کارگەى گەورە یان داخراوە یان بە کەرتى تایبەت فرۆشراوهو هەزاران کرێکار بێکار کراون یان لە ئیمتیازاتێک که پێشتر ههیانبووه مەحرووم کراون. لە شارێکى وەکو سلێمانى لە (50%) کرێکاران بێ خانەولانەن لە خانووى کرێ دان. هەزاران کرێکارو کارمەند بە خزمەتێکى زۆرەوە یاساى خاڵبەندى شمولى نەکردوون تا پارچە زەویەک وەرگرن لەو هەموو زەوى دابەشکردنەى دەسەڵاتداران کە بۆ خۆیان بە دۆنم بووە. حەوافز، دەرماڵە، قازانجى ساڵانە، و ختورە مەگەر لەژێر گوشارى کرێکاراندا درابێ، دهنا کراوه بهژێر لێوهوه.
نائەمنى شوێنى کار کوشتارگایەک بووە بۆ کرێکاران، سەدان کەسى کردۆتە قوربانىو هەزاران کەسى کەمئەندام کردووە کە نە زەمانەتێکیان هەیەو نەهیچ، بوونەتە بار بەسەر خێزانەکانیانەوە. هەزاران ئینسانى بەتەمەن کە تا دوێنێ تەمەنى واتە (50 _60)ساڵ ڕەنجى داوەو خزمەتى کۆمەڵگاى کردوە کەچى ناچار بەکارى دەستفرۆشى، حەرەسى شەوانەو کارى قورسبون. مناڵانى کرێکاران بەهۆى خراپى گوزەرانى خێزانەکانیانەوە ڕەوانەى بازاڕى کارکراون، بێبەشکراون لەخوێندنو زانست، ناچار بە کارى دەستفرۆشىو شاگردى کراون. لهو لاشهوه ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر دەستفرۆشانو بەبێ ئەوەى چارهسهرێک بۆ دەستفرۆشان هەبێ بەدیارى کردنى شوێن یان پەیداکردنى هەلى کار.
بەداخەوە ئازادىو دیموکراسیەکەى ئەم دەسەڵاتەو پەرلەمانەکەى جێگاى ئازادى مانگرتنو خۆپیشاندانو رێکخراوبوونو نارەزایەتى کرێکارانى تیانەبووە. ئیجازەى مانگرتنو ناڕەزایەتى بەدەست دەسەڵاتەوە بووە مەگەر ئەوەى لە کۆنترۆڵى ئەوان دەرچووبێ، ئەویش کرێکاران باجیان داوە بۆى. تهحهمولی چاوسوورکردنەوە، نقڵ کردنو بڕینى ئیمتیازاتیان کردووه. لەسەر دیفاع کردن لەکرێکاران دەیان هەڵسوراوى کرێکاران لەم شوێنەوە نقڵ کراون بۆ ئەو شوێن، کرێکارانى معملى چیمەنتۆى تاسلوجە لەسەر خواستەکانیان گولەباران کران. چهندین ڕابهری کرێکاری ههڕهشهی مهرگیان لێکراوهو وهک ڕابهرانی یهکێتی بێکاران ئیختیتاف کراون یان وهک ڕابهری خانووه بێ تاپۆکان به ڕۆژی نیوهڕۆ گوللهباران کراوهو کوژراوه. ئازادى رێکخراوبوون تەنیا بۆ ئەو رێکخراوانە بووە کە خۆیان دروستیان کردووە، دیارە هەموو ئەوانەى من باسم کردن دڵۆپێک بوون لە دەریایەک ئەگەر مێژووى ئەم چەند ساڵە له مهینهتو ههژاریو سهرکوت بنوسینهوه چهندین کتێب پڕ دهکاتهوه. هەربۆیە ئێمەى کرێکاران جارێکى تر دەنگ نادەین بە پەرلەمانێک کە برسىو بێکارمان بکات. دامو دهزگایهک که ئهوهنده ساڵه تهنها به زیانی ئێمهو بهرژهوهندیهکانمان کاری کردبێت نابێ هیچ چاوەروانیمان لێى هەبێو ئومێدى پێوەگرێ بدەین.
سەبارەت بەو لیستانەى تر هەتا ئێستا ئەو لیستانەى بەشدارن بەناوى گۆڕانو چىو چییەوە. هیچ گرنگیەک بە مەسەلەى کرێکاران نادەنو لە بەرنامەیاندا نە ناسنامەى کرێکارو نەخواستو ویستە ڕەواکانیان جێگەى نهبوهتهوهو نابێتەوە. ئەگەر ئەوانە گۆڕانیان دەوێت دهکرا مەسەلەى یاسای کار، کرێو زەمانەتە کۆمەڵایەتیەکان بۆ باشترکردنى ژیانى ملیونەها ئینسانى ئەم کۆمەڵگایە گوێى پێنەدرێ؟ کەواتە ئێمە کرێکاران کە ئەمە چارەنوسى بڕاوەمان بێ لاى ئەم لیستانە کە هیچ حسابێک بۆ ژیانو گوزەرانى ئێمە نەکەن بۆچى دەنگیان پێ بەین؟
کرێکاران نابێت پشت بهم یاریه بێ مانایه که ناوی ههڵبژاردنی پهرلهمانه ببهستن، بهڵکو دهبێت تهنها ئومێدیان به یهکگرتووییو هاوخهباتیو ڕێکخراوبوونی خۆیان بێتو ههوڵ بدهن خواستهکانینا لهم ڕێگایهوه بهسهر پهرلهمانو دامو دهزگاکانی دهسهڵاتدا بسهپێنن.
سهرنووسهری هاوپشتیی کرێکاریی
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست