بۆچى دەسەڵاتى كوردى پاڵپشتى لیستى داخراو دەكات بۆ پەرلەمانى ئێراق

Monday, 12/10/2009, 12:00


ئەگەر بەدواداچوونێك بۆ ئەو هەموو دانیشتن و كۆبوونەوەو بڵاوكردنەوانەى دوو حیزبى دەسەڵات بكەین لە كوردستان لە بارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئێراق ، دەبینین زۆر بە توندى پاڵپشتى لە هەڵبژاردن دەكەن بە لیستى داخراو وە دژایەتى خۆیان نیشان دەدەن بۆ لیستى كراوە ، لە كاتێك دا هەموو كەسێكى كورد دەزانێت كەوا هەڵبژاردنى نوێنەر بە لیستى كراوە زۆر باشترە لە لیستى داخراو.

هەردوو حیزبى دەسەڵات لەوەتاى حوكمى كوردستانین قۆرغ كردووە ، پۆستەكانى پەرلەمانیان بەسەر دار و دەستەكانیان دابەش كردووە ، هێشتا كە چەند مانگێك ماوە بۆ هەڵبژاردن و دیارى كردنى پۆستەكان بەڵام بڕواتان هەبێت هەردوو دوو حیزبەكە نەك هەر ژمارەى كورسیەكانیان دابەش كردووە بەسەر خۆیاندا بەڵكو ناو و لیستى ئەو كەسانەشیان دیارى كردووە كە پەیمانیان پێداون ئەمجارە سەرەى ئەوان بێت ببن بە ئەندام پەرلەمان.

بۆچى دوو حیزبەكە لیستى كراوە پەسەند ناكەن ؟ لەبەر ئەوەى ئەگەر بەلیستى كراوە دابەزن ئەوا پێویستە ناوى كاندیدەكانیان ئاشكرا بكرێت و خەڵك دەنگیان بۆ بدات ، ئەوانیش چ لەكابینە بەسەر چووەكان و چ لە كابینەى داهاتووش كەسانى بە تواناو ناسراو و شیاویان دەستنیشان نەكردووە ، بەڵكو زۆربەى ئەوانەى چەندەها ساڵە لە بەغدا نوێنەرایەتى كوردیان دەكرد ، كەسانى بێ ئەزموون و بێ مستەوا بوون . ئەوانەش كە بڕیار وایە لە لیستە داخراوەكەى ئەمجارە بەشدارى بكەن لەوان بێ تواناتر و بێ ئەزموون ترن ، بۆیە ترسى ئەوەیان هەیە كە ڕێژەیەكى ئێجگار كەم بەدەست بێنن .

لەو بارو دۆخە ناسكانەى كەوا میللەتى كورد پیایدا دەڕوات بەتایبەتى ئەو مل ملانێ وڕكابەریەى لە بەغدا بەرامبەر دۆسیەكانى كورد دەكرێت ، پێویستە كەسانى لێهاتوو و بەتوانا دەستنیشان بكرێن ببن بە ئەندام پەرلەمان نەك وەك ئەو ئەندام پەرلەمانانەى كە بەدرێژایى چوار ساڵى ڕابردوو تەنها ووشەیەكیشیان نەدركاند بۆ كورد یان جارێك دەستیان بەرز نەكرد بڕیارێك پەسەند بكەن یان دژى ڕایەكى نابەجێ بووەستن ، ئەوانە هەموو خەمیان پارە كۆكردنەوەو سەفەرى ووڵاتان و كڕینى باڵەخانە بووە هەندێكیان هەر نازانن بە كوردیش بدوێن .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە