پڕۆژەی چەکوش
Sunday, 17/02/2013, 12:00
میللەتێکی زوڵملێکراو، نیشتمانێکی لاقەکراو، دەسەڵاتێکی نەخۆش و نابەجێ کە تەنها مایەی پوچ بوونە، گەلە گورگێکی شاخاوی یاری بەچارەنوسی خەڵکی کوردستان دەکەن، دەسەڵاتێك هەرچی لەتوانای دا بێت بۆ سەرکوتکردن و دزین و کوشتن و درۆکردن و هەڵخەڵەتاند و خۆ دەوڵەمەندکردن دەیکات و دەیبات. ئەمانە ووشەی سەر زمان و خەمی پنگخواردوی گیان و لەشمانن، شەوچەرەی دانیشتنمان و بابەتی کۆڕ و سەفەر و نزای نوێژ و مزگەوت و کاتی خەوتن و بەیانی و ڕۆژ تا ئێوارەمانن.
ئەم میللەتە زوڵملێکراوە، بە نوسەران و هونەرمەندان و چالاکوان و سیاستەوان، فەرمانبەران و کرێکاران و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەموو ئەوانەی چەندین شێوازی جۆراوجۆریان تاقیکردوە لەگەل ئەم دەسەڵاتە زاڵمە کورد کوژەی یەکێتی و پارتی و هەموو پارتە سیاسیە ژەنگخواردووە خۆ فرۆشەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆنە درۆزنەکانی کوردستان. بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە ببنە هێزێك کۆتایی بەم زوڵمە بێنن کە لەم میللەتە دەکرێت.
تاقیکردنەوەکانی ڕابردومان و کردارەکانی ئەم ڕۆمان ناتوانن ئەم دەسەڵاتە بەربەرییەی هەرێمی کوردستان بێ دەسەڵات بکەن.
بەردەوامبوون بەم شێوە کات بەسەربردنێکی سەرخۆشانەیە، کۆمایە، خۆکوشتنە لە تاریکیدا، حەرامکردنی حەڵاڵە، لادانە لە دین و نەهێشتنی بەهای مرۆڤایەتیمانە بەرامبەر دەسەڵاتێکی بێباکی بێ ڕەوشت. ئێستا کاتی پڕۆژەیەکی نوێ یە ، پرۆژەی کۆکردنەوەی تواناکان و خۆبەهیزکردن و خۆڕێکخستنە. پرۆژەیەکی ڕادیکاڵی هۆشیار کە توانا مادیی و چەکداری و زانستی و ئەدەبییەکانی ئەوەندە بەهێزبێت کە توانای وەشەناندی زەبری کوشندەی هەبێت بەرامبەر بەم دەسەڵاتە نالەبارە، پرۆژەیەك وەك چەکوشەکەی کاوەی ئاسنگەر بۆ پانکردنەوەی سەری زوحاکەکانی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست