خوێنی‌ شه‌هیدانی‌ قه‌ڵه‌م له‌ئه‌ستۆی‌ بارزانیدایه‌

Wednesday, 04/05/2011, 12:00






بۆ:ڕای‌ گشتی‌
ئیمڕۆ ساڵێك تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر تیرۆركردنی‌ (سه‌رده‌شت عوسمان).ئه‌م ساڵیاده‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌تائێستا بكوژانی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌(عبدالستار تاهیر شه‌ریف و سۆران مامه‌ حمه‌) ده‌ستگیرنه‌كراون و ڕه‌وشی‌ ڕاگه‌یاندن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان تادێت ڕوو له‌خراپی‌ ده‌كات، چونكه‌ ئه‌م ساڵیاده‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌له‌ماوه‌ی‌ 70ڕۆژی‌ ڕابردوو خراپترین ئه‌و ڕۆژانه‌ بوون بۆ ڕاگه‌یاندنی‌ كوردی‌ به‌تایبه‌تی‌ و به‌گشتی‌ له‌هه‌رسێ‌ پارچه‌كه‌ی‌ تری‌ كوردستان ڕه‌وشی‌ هاوڕێ‌ و هاوكارانمان خراپ بووه‌ به‌ڵام به‌به‌راورد به‌ڕه‌وشی‌ هه‌رێم ته‌نیا له‌سێ‌ پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێم پله‌ی‌ یه‌كه‌م وه‌رده‌گرێت.
به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئێمه‌ چونكه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا سه‌دان ڕۆژنامه‌نووس هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر و كه‌ناڵی‌(نالیا)سوتێنراوه‌ و كه‌ناڵی‌(په‌یام)له‌لایه‌ن هێزێكی‌ ئه‌منیه‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌ و كه‌ناڵی‌ (كه‌ی‌ ئێن ئێن)یش ته‌شویشی‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕادیۆی‌ ده‌نگیش له‌كه‌لار وێڕای‌ په‌لاماردانی‌ تاڵان كراوه‌ هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌ ئێمه‌ وه‌كو گروپی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ بێسنوری‌ كوردستان له‌م ساڵیاده‌ بێده‌نگی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ له‌مه‌ڕ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌به‌رپرسی‌ یه‌كه‌م ده‌زانێت له‌تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و به‌رپرسانی‌ تری‌ پارته‌كه‌ی‌ هه‌میشه‌ شانازی‌ به‌ئارامی‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م كونسوڵخانه‌ی‌ ووڵاتان له‌هه‌ولێر به‌هاوبه‌شیكردن له‌تیرۆری‌ سه‌رده‌شت عوسمان ده‌زانین، چونكه‌ بێده‌نگی‌ ئه‌وان نیشانه‌ی‌ ڕازیبوونیانه‌ به‌م كرده‌وانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ لێره‌وه‌ جارێكی‌ تر ڕووی‌ داوامان له‌بارزانی‌ ده‌كه‌ین كه‌به‌په‌له‌ تاوانبارانی‌ هه‌رسێ‌ شه‌هیدی‌ قه‌ڵه‌م ئاشكرابكات و ڕاپێچی‌ دادگایان بكات ئه‌گینا ئێمه‌ ناچارده‌بین چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌جه‌سته‌ی‌ ئازاردراوی‌ (سه‌رده‌شت عوسمان) بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ دواجار كاردانه‌وه‌كانی‌ هه‌رشتێك بێت ئێمه‌ لێی‌ به‌رپرسیارنین.
وه‌كو ڕێزگرتنیش له‌خوێنی‌ هه‌ر سێ‌ شه‌هیدی‌ قه‌ڵه‌م وه‌كو پێشتر ڕامانگه‌یاندبوو یادی‌ ڕۆژی‌ ئازادی‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ ناكه‌ینه‌وه‌.
گروپی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ بێسنوری‌ كوردستان
هه‌رێمی‌ كوردستان
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە