چاكسازییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە نێوان گەندەڵی زانكۆكان و هەڵوێستی حكومەتدا
Wednesday, 30/06/2010, 12:00
ئەگەر چاوێك بخشێنین بە مێژوی دروستبونی زانكۆكانی جیهان و قۆناغەكانی پێشكەوتنیان لە روی زانستی و شارستانیەوە دەبینین ساڵ بە ساڵ ئەم زانكۆیانە لە گەشەكردندا بوون تا گەیشتونەتە ئەم دۆخەی ئێستایان كە لە ئەوپەری پێشكەوتندان، بەواتایەكی تر ئەو زانكۆ پێشكەوتوانەی جیهانیش بە شێوەیەك لە شێوەكان بە قۆناغی دواكەوتوی و گەندەڵیدا تێپەڕیون بەڵام هۆكاری ئەو قۆناغەی ئەوانی پێدا تێپەر بون خودی گەندەڵی سیستەمەكەیان نەبوو، بەڵكو زیاتر پەیوەندی بە رەوشی ئەو كاتەی جیهانەوە هەبووە كە وەكو ئەمرۆ هۆكارەكانی پێشكەوتن فەراهەم نەكرابوو، دەبینین لە زانكۆكانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەلمانیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا لە پەنجاكانی سەدەی رابردودا سستەمی خوێندن و وەرگرتن لە خوێندنی باڵا تا رادەیەك نزیك بووە لەم سستەمەی ئێستای زانكۆكانی كوردستان(وەكو سستەم واتە جگە لەو بارە قێزەونەی كە لەزانكۆكانی كوردستاندا بڵابوەتەوە).
سەرەتای كێشەی زانكۆكانی كوردستان
پاش راپەڕینی 1991 و ئازادبونی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی فیفتی بە فیفتی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری كوردستان و بریاردانی دوبارە كردنەوەی زانكۆی سلێمانی و هەروەها كردنەوەی زانكۆی دهۆك لە ساڵی 1992 دا ئالێرەوە كێشەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان سەریهەڵدا ئەویش هەوڵدان بوو بۆ كردنی زانكۆكان بە شوێنی حیزبایەتی و پێدانی بەرپرسیارێتی و ركابەریەكی نارەوای حیزبی لە نێوان هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان، پاشان روداوەكان بەرەوخراپتر رۆشتن ئەویش هەڵگیرسانی شەری نێوان پارتی و یەكێتی بوو كە ئەم شەرە بە شێوەیەكی گشتی گەلەكەمان تیایدا بوو بەسوتماك و زەرەرمەند بوو بەڵام زانكۆكانی هەرێم بە شێوەیەكی زۆر زۆر زیاتر زەرەرمەند بوون كە تائێستاش پێوەی دەناڵێنێت، كە ئەویش خۆی لەوەدا دەبینیەوە كە هەردوو پارتەكە زانكۆكانیان بەتەواوەتی پشتگوێ خست و خەڵكانێكی حیزبیان كرد بە دەسەڵاتدار لە زانكۆكاندا كە مەبەستیان تەنها مونافەسەی حیزبی بوو دور لە هەموو توانایەكی زانستی و رۆشنبیری وداهێنان و فێركردن و شارستانی. پاشان دوای ئەوەی لەساڵی 1998دا شەڕی نێوانیان وەستا بەڵام كێشەیەكی تر سەریهەڵدا كە ئەویش دوو ئیدارەیی بوو لە نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتداردا كە ئەمەش دوبارە زانكۆكان تیایدا زەرەرێكی گەورەیان لێدرا ئەویش بەوەی كە زانكۆكان خۆیان تازە بوون پێویستی زۆریان بە پێگەیاندنی مامۆستای پسپۆر بوو بۆ كۆلێجە جیاوازەكانی زانكۆكان، لەبەرئەوە زانكۆكانی هەرێم هەستان بە راگەیاندنی كردنەوەی خوێندنی باڵا (ماجستێر ودكتۆرا) لەزانكۆكاندا، بەڵام كێشەی سەرەكی لێرەوە سەرهەڵئەدات ئەویش بەوەی ئەوانەی وەردەگیران لە خوێندنی باڵا زۆربەی زۆریان كە دەتوانین لەهەندێ كۆلێجدا كە زۆر لەبارەیانەوە وتراوە بڵێین%75 ی ئەوانەی وەردەگیران لە خوێندنی باڵا لە هەرسێ زانكۆكەی هەرێمدا شیاوی ئەوە نەبون كە وەربگیرێن و پێداویستی زانكۆیان پێپربكرێتەوە چونكە تەنها خاڵی بەهێزی ئەوانەی وەریان دەگرتن تەنها حیزبی بوونیان یاخود نزیكی و واسیتە بوو بۆ راگرایەتی و بەشەكانی كۆلێجەكان یاخود میزاجی راگرایەتی و بەشەكان لەگەڵ كەسێكی بەتوانای موستەحەقدا نەبوو چونكە خۆیان بەو شێوەیە هاتبون نەیان دەویست كەسی بەتوانا پێبگات، لەوانەیە ئێستا یەكێك پرسیار بكات و بڵێت خۆ زانكۆكانی كوردستان بۆ چەند ساڵێك دەچێت وەرگرتن لە خوێندنی باڵا چاكسازی تێداكراوە بە شێوەیەك ئەنجامەكان رادەگەیەنرێت بەنمرەوە، لێرەدا پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارەش بدەینەوە ئەویش بەوەی راستە لەسەرەوە وا دەردەكەوێت كە شەفافیەت پەیدا بووە لەوەرگرتن لە خوێندنی باڵادا بەلام لە راستیدا بارەكە هەروەكو خۆی ماوەتەوە ئەویش بەوەی لەهەندێ لە كۆلێجەكاندا لە هەموو زانكۆكانی كوردستاندا ئەو كەسانەی كە مەقبول بوون لەلایەن حیزب و راگرایەتی و بەشەوە كار گەیشتبوە ئەوەی كە پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكانیان دەدانێ وە تاقیكردنەوەش وەكو مەهزەلەیەك وابوو بۆ ئەوانە، بەشێوەیەك ئێستا زانكۆكانی هەرێم پربووە لە مامۆستا و دكتۆر كە بەو شێوازانە وەرگیراون لە خوێندنی باڵا و وە تیایاندایە پلەی زۆر بەرزی هەیە لە زانكۆكاندا ئەگەر چی لەروە راستەقینەكەی مامۆستای زانكۆ وە سفرە لە كەسێتی و زانست و رۆشنبیری و دادپەروەری و راستی.
ئەنجامەكانی ئەو بارودۆخە
دیارە كە هەموو زانكۆیەك بە مامۆستا و خوێندكارەكانیەوە پێی دەگوترێت زانكۆ بەواتایەكی تر زانكۆ بەس ئەوە نیە كە بیناكەی جیاواز بێت لە بینای ناوەندی و ئامادەییەكان و ژمارەیەكی زیاتری مامۆستاو قوتابی تێدابێت، بەڵكو روی راستەقینەی زانكۆ ئەوەیە كە مامۆستاو قوتابیەكانی لە چ ئاستێكی زانستی و رۆشنبیری و شارستانێتیدان وە سستەمی خوێندن و فێربون تیایدا لە كوێی جیهانی تەكنۆلۆجیای ئەمڕۆدایە، بەداخەوە لەبەر ئەو بارودۆخە مێژوییەی كەئاماژەمان پێدا زانكۆكانی كوردستان هیچیان زیاتر نیە لە ئامادەییەكان(مانای ئەوە نیە سستەمی ئامادەیەكان كێشەی تێدا نیە) وە لەزۆر روەوە ئامادەیەكان باشترن چونكە دەستی گەندەڵی نەگەیشتوە پێی بەوشێوەیە ئەویش لەبەر ئەوەی نەویستراوە دەستی تێبخرێت چونكە ئیمتیازاتی كەسیان تێدا نەبینیوەتەوە بە شێوەی زانكۆكان.
زانكۆیەك مامۆستاكەی هەموو هەمێكی پێویست بوو زانست و زانیاری و رۆشنبیری بێت بەڵكو لەسەرەتای هەوڵدانی بۆ بون بەمامۆستای زانكۆ بە نا یاسایی خۆی دەكات بە مامۆستا ئەبێت چی فێری نەوەكانی ئەم كوردستانە بكات، زانكۆیەك سەرۆك و یاریدەدەرەكانی و راگرەكانی و سەرۆكی بەشە زانستیەكانی و دكتۆر و مامۆستاكانی بەو بارودۆخەی سەرەوەدا تێپەربوبێتن دەبێت چاوەروانی چیان لێبكرێت بۆ گەشەكردنی كۆمەڵگەی كوردەواریمان. لەبەر ئەوەشە كە نابینین زانكۆكانی هەرێم رۆلیان لەسەر كۆمەڵگە دەركەوتبێت لەروی شارستانی و زانستی و ئاستی تاكەكان و توانای رۆشنبیریەوە بە پێچەوانەوە هەرچی بیروباوەری هەڵە و دواكەوتویی رۆشنبیری و نزمی ئاستی كۆمەڵگە هەیە لە زانكۆكانی هەرێمدا جێگەی خۆی كردووەتەوە و بەئاسانی هەستی پێدەكرێت كە ئەم كۆمەڵگەیەی ئێمە چەند لەدوای كۆمەڵگە پێشكەوتوكانەوەیە لەو بوارانەی ئاماژەمان پێدان.
سەرەتایەكی باشی ریفۆرمی گشتی زانكۆكانی هەرێم
دوابەدوای پێكهێنانی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم و وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەلایەن پرۆفیسۆر دكتۆر دلاوەر عەلائەدین كە جێگەی خۆیەتی باسی دڵسۆزی ئەم كەسایەتیەی گەلەكەمان بكرێت كەئەوانەی ئاگادار بن ئەم پیاوە لەپێش وەرگرتنی ئەم پۆستەشدا هەر لەبەرەی دڵسۆزی بۆ خاك و گەلی كوردستاندا بووە ئەویش لە نوسینەكانیدا بەرونی دەردەكەوت كە لەرۆژنامەكاندا بڵاوی دەكردەوە، لێرەدا بە پێویستیشی ئەزانم ئەوەش بخەمە روو كەسەرۆكی حكومەتیش زۆر بە زیرەكانە هەستا بەدەستنیشانكردنی ئەم كەسایەتیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەهەرحاڵ لەم ماوە كەمەی دەست بەكاربونی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە هیمەتی دكتۆر دلاوەر و ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا توانرا وەكو رێنمایی و هەنگاونان و بریاردان سەرلەبەری گەندەڵی و دواكەوتویی زانكۆكانی كوردستان بەرەو چاكسازی و پێشكەوتن بگوازرێتەوە ئەویش بەبریاردان بە دەستكاری كردنی سستەمی زانكۆكان لە خوێندن و فێربون و هەروەها بریاردان بەگۆڕینی سەرجەمی لێپرسراوی زانكۆو یاریدەدەر و راگری كۆلێژو سەرۆك بەشەكان لەماوەیەكی دیاری كراودا كە ئەمانە ساڵەهای ساڵە ئەگەر لێپرسراویش نەبن لەوبارەی زانكۆكانی تێكەوتوە ئەوا نەیان توانیوە زانكۆكان بەرەوپێشبەرن ، پاشان گۆرینی سستەمی خوێندنی ماستەر ودكتۆرا بەشێوەیەك كە زامنی گەشەو گۆرانكاری تێدا بەدیبهێنرێت، هەروەها بریاردان بە چۆنیەتی وانە وتنەوە و هەڵسەنگاندنی مامۆستا بۆ قوتابی خوێندكارو قوتابی خوێندكار بۆ مامۆستا، پاشان راگەیاندنی پرۆژەی تواناسازی كوردستان كە چاوەروان دەكرێت لەرێگەی ئەم پرۆژەیەوە هەزاران رۆڵەی ئەم كۆمەڵگەیە بنێردرێنە زانكۆ بەناوبانگ و پێشكەوتوەكانی جیهان بۆ تەواوكردنی خوێندنی ماستەر ودكتۆرا كە ئەمەش لە ئەنجامدا زانكۆكان بە ئاقارێكی باشی پێشەكەوتندا دەبات.
پێكدادانی چاكسازیە بڕیارلێدراوەكان لەگەڵ مێژووی گەندەڵی زانكۆكانی هەرێمدا
ئاشكرایە وناشاردرێتەوە كە ئەم چاكسازیانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستیەكی رۆحیە بۆ زانكۆكانی هەرێم بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زانكۆكان كەبەو ئاقارە خراپەی گەندەڵیدا تێپەریبن ئەوا پێكدادان لەنێوان دوو چەمكدا رودەدات كە ئەوانیش چاكسازیەكی تازە لەدایك بووە لەگەڵ گەندەڵیەكی بەهێزی مێژویی لەبەرئەوە دەبینین و دەبیستین لەهەموو زانكۆكانی هەرێمدا دەنگی نارەزاییان لێبەرزبوەتەوە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەویش تەنها لەبەر بەردەوام بونی ئەم رەوشە قێزەونە دواكەوتوە لەزانكۆكانی هەرێمدا بۆ بەرژەوەندی كەسی وە واخۆیان نیشان ئەدەن كە وەزارەت هەڵە بكات و ئەمان دڵسۆزی ولات و خەڵك و خوێندن و فێربون بن، وە چونكە زۆرینەی مامۆستاو دكتۆرەكانی زانكۆكانی ئەم هەرێمە بەو شێوەیەی سەرەوە جێگەی خۆیان كردوەتەوە لە زانكۆكانی هەرێمدا دەبینین لە پێناوی بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی زیاتر و بەبێ هیلاك بون و سەرئێشە لەگەڵ ئەوادان ئەم بارودۆخە وەكو خۆی بمێنێتەوە ودژی ئەم چاكسازیانەی وەزارەتی خوێندنی باڵان ئیتر ئاستی زانستی و پێشكەوتن و شارستانی و رۆشنبیری و ولات و كۆمەڵگە كێشەی ئەوان نیە.
ئەركی پێویست و بەپەلەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
دیارە وەكو ئاماژەمان پێدا گەندەڵەكانی زانكۆكانی هەرێم بەهێزن لە دژایەتی ئەم چاكسازیانەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا لەبەر ئەوە لە هەموو لایەكەوە و لەهەموو زانكۆكاندا كەوتونەتە خۆیان بۆ ڕاگرتنی ئەو چاكسازیانە و هەموو هێزیان بەكاردەهێنن بۆ راگرتنی، بەڵام ئەوەی كەدەتوانێت رەوشەكە جێگیر بكات و نەیەڵێت زانكۆكانی كوردستان دواكەوتوتربن و گەشە بكات سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە پێویستە بەهیچ شێوەیەك گوێ بۆ ئەو داواكاریانەیان رانەگرێت و پشتگیری تەواو و بەهێزی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكات لە چاكسازیەكانیدا بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی دیاری كراودا زانكۆكانی ئێمەش ببنە نمونەی زانكۆ پێشكوتوكانی جیهانی دەوروبەرمان كە بەدڵنیاییەوە لە پرۆژەو بریارەكانی وەزارتدا ئەم ئاواتانە دێنەدی.
* مامۆستای كۆلێجی زانستی مرۆڤایەتی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست