بانگەوازێك بۆ ئازادکردنی کەرکوكو ڕسواکردنی دەسەڵاتدارانی مناڵکوژی کوردستان
Monday, 28/02/2011, 12:00
ئەی گەنجانی ڕاپەڕیوی نیشتیمانپەروەری کوردستان
ئەی جەماوەری خۆڕاگرو گیرۆدەی دەستی گەندەڵانی کوردستان
ئەی خەمخۆرانی ئازادیو دیموکراسیەتی ڕاستەقینە
لەکاتێکدا کە ئێوەی گەنجانی کوردستان سەرقاڵی خۆپیشاندانو ناڕەزایی دەبڕینن بەرامبەر بە گەندەڵکارانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانو لە کاتێکدا چەکدارە حیزبیەکانی دەسەڵاتی کوردستان ڕۆژانە خۆتانو مناڵانی کوردستان بە گوللـە شەهیدو بریندار دەکەنو بە درندەترین شێوە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن؛ بەڵێ، ئا لەم کاتە هەستیارو پڕمەترسیەدا، دۆنکیشۆتەکانی دەسەڵاتی هەرێم بە زەبری دراوو بە پیلانی نهێنیو بەهەماهەنگی لەگەڵ شەمشەمەکوێرانی ڕێکخراوی تێرۆرستی نەقشەبەندیو عەرەبە شۆفینیە ئەنفالچیەکانی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان خەریکی هۆنینەوەی داوێکی چڵکنو خەتەرناکن دژ بە هەموو ئازادیخوازانی بێلایەنو گۆڕانخوازانی کوردستان.
وەك دانوستکارێکی کوردی سەربەخۆو شارەزا لە پەیوەندیو هەڵسوکەوتی تێرۆریستانو عەرەبی شۆفینیستی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان لەگەل بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی گەندەڵی هەرێم، بە ئەرکی ئەخلاقیو مێژووییو کوردایەتی خۆمی دەزانم کە سەرنجتان بۆ مۆئامەرەی لەباربردنی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەتان بکێشم. هەر لە دەسپێکی پرۆسەی ئازادی عێراقەوە هەتا کاتی نووسینی ئەم بانگەوازەش، سەرانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانو بەتایبەت بەرپرسە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پدك) بەنهێنی پەیوەندییان هەبووەو هەیە بە بەعسیو عەرەبی شۆفینیو ڕێکخراوەکانی تێرۆرستی ئیسلامیەوە کە لەپای بەرژەوەندی نەتەوایەتیدا ناکرێت لێرەدا پەردەیان لەسەر ڕاماڵم. لێ ئەوەی کە نهێنی نیەو دەکرێ ئاماژەیان پێبدرێت بەخێوکردنی غەیرە کوردە بە پارەی ڕەشو ڕووتی گەلە هەژارەکەم.
بۆ نموونە، تەنها لە پارێزگای کەرکوکداو بە بیانووی دۆستایەتیکردنی عەرەبی کەرکوك، پدك موچەی مانگانە بە هەشتاو دوو هەزار خێزانی عەرەب دەدات کە لە دوو سەد دۆلارەوە دەست پێدەکات هەتا هەزار دۆلار. هەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە (ینك)، ئەوا موچەی مانگانەی چلو پێنج هەزار خێزانی تورکمان دەدات کە لە سەد دۆلارەوە دەستپێدەکات هەتا هەزارو دوو سەد دۆلار. بە هەردوو حیزبەکە، مانگانە پتر لە سیو هەشت ملیۆن دۆلاری پارەی کورد بەسەر غەیرە کوردی ناوچە ئازاد نەکراوەکانی پارێزگای کەرکوکدا تەخشاندەکەنەوە. ئەم بڕە پارە مەزنە بەهەدەر دراوە نەتەنها لە بودجەی هەرێمی کوردستان دەرکراوە، کە بووەتە مایەی بێکاری بۆ سەدو پەنجا هەزار گەنجو لاوی کورد، بەڵکو بووەتە هۆی لەدەستدانی دوو کورسی لەو هەشت کورسیە ئیستیحقاقیەی کوردی کەرکوك لە پەرلەمانی عێراقدا. بە واتایەکیتر، دەسەڵاتدارە بێگانە پەرستەکانی کوردستان بە پارەی کوردو پەنجەی مۆری غەیرە کوردی مشەخۆر کڵاویان ناوەتە سەر کوردی هەژاری کەرکوك!
ئەمڕۆکەش، لەترسی گەشەسەندنی خۆپیشاندانو بوونی بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری کوردستان، ئەم دۆنکیشۆتە نەفامانەی دەسەڵاتی کوردستان، بە دزە پەناو هانایان بردۆتە بەر عەرەبە بەعسیو شۆفینیو ئیسلامیە تێرۆریستەکانی ڕێکخراوی نەقشەبەندی بە مەبەستی بەدەستهێنانی هاوکاری سیاسیو مەعنەوی لەپێناو ڕەواندنەوەو لەباربردنی ڕاپەڕینی پیرۆزی گەنجانی کوردستاندا.
هەربۆیە، بۆ سەرنەگرتنو هەڵوەشاندنەوەو ڕسواکردنی ئەم پیلانە چەپەڵە، داوا لە هەموو گەنجانی کوردستان دەکەم گۆڕەپانی خەباتی پیرۆزی خۆیان لە شارەکانی کوردستانەوە بگوێزنەوە بۆ پەرستگا پیرۆزەکەی باوەگوڕگوڕو لەو شارە هەتکراوەدا بەردبارانی دوژمنانی کورد بکەنو دەست لە خەباتی خۆیان هەڵنەگرن هەتا کەرکوك ڕزگار نەبێتو جاشجۆکەرانی ٣١ی ئابو ئازادکارانی فڕۆکەوانە کیمیا بارانکەرەکەی هەڵەبجەی شەهید نەخەنە ناو بەرمیلە نەوتی ڕەشی کەرکوکەوە.
دڵسۆزانی کاکە ڕێژوانو کاکە گەرمیانو شەهیدانی تری ڕاپەڕینی گەنجان، ئاگاداربن نەکەونە داوی گەندەڵانی دەسەڵاتەوە. بەو بەردە پیرۆزانەی دەستان، هەر یەکەتان با دوو قەلەڕەش بپێکن: قەلەڕەشی ڕزگار نەکردنی کەرکوکی بێنازو بێخزمەت لە چنگی عەرەبی شۆفینیو داگیرکەرو قەلەڕەشی دووەمیش تەڵەکەبازانی حکومەتی هەرێمی بێباكو گەندەڵ.
بژی کورد، بژی کوردستان
بچووکی خۆتان:
سەعید کاکەیی / نووسەرو خوێندکاری دکتۆرا لە بواری کێشە نەتەوەییەکاندا، کەنەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست