هەڵوێستى دەسەڵات
Friday, 12/08/2011, 12:00
بەیان نامەى تایبەت/جەماوەرى بە شەرەفى كوردستان،لایەنگرو دۆستان و ئەندامانى گوێ ڕایەڵى هەردو حزب،پێویستە دووا هەڵوێست و قسەى دڵ و ڕۆحمان لە سەر ئەو وردە كێشانەى لەم دوواییەدا ڕویاندا بۆ ئێوەى خۆڕاگر دوپات بكەینەوە،
ئێمە وەك یەكێتى و پارتى دروشمى پاكسازیمان هەڵگرتووەو نابێت هیچ كەس و لایەنێك مزایەدەمان بەسەرەوە بكات،
ڕاست نیە كە ئەڵێن حكومەت چاكسازى پێناكرێت،بەڵێنتان پێ ئەدەین هەر بەرپرسێك گەندەڵى لێ دەركەوت نەقڵى بكەین بۆ شوێنێكى تر،ئەو سەروەت و سامانەى حەپەلوشى كردووە،دووا فلسى لێ ئەسەندرێتەوەو ئەخرێتەوە خەزێنەى حزب،
لەگەڵ ئەوەى دەرگاى دیموكراسیمان بەڕوى هەموواندا واڵایە،بەڵام خۆپیشاندانى جەماوەر بە پێویست نازانین،چونكە بە هاتنە سەرجادەو ماندو بونیان نیگەرانین،كاتێ لاوان ناڕەزایى دەرئەبڕن و ڕاو ئەنرێن و لێ ئەدرێن و ئەكوژرێن،زۆر نامورتاحین،چونكە ئەزمونى حوكومڕانی و خەباتى ڕابردومان ئەخاتە ژێر پرسیارو ئەزمونى حزبیمان بە شێوەیەكى شێواو پێشانى دەرەوە ئەدەن،تكایە ویژدانتان هەبێ،
سكاڵاو گللەییەكانتان ئەخەینە سەر گلێنەى چاوى ڕاست و چەپمان،بەڵام سوێنتان لە سەرمان نییە،كوتەك وەشێن و فیشەك تەقێن و فڕێنەرەكان ناناسین،بەڵێنى سیاسیتان پێ ئەدەین بیاناسینەوە لە دادگایى قورستر، هەر وڵات بەدەریان ئەكەین،سەبارەت بە ڕاگرتنى بودجەى ئۆپۆزسیۆنیش
ڕاجیایى لە ناو خودى هەردو حزبدا هەبوو،هەندێ پێیان وابوو ئەبێ پشكى معارەزە ببڕین،هەر وەك بڕینى ئاوى ئەڵوەن لە لایەن ئێرانەوە،جونكە بە وشك بونى دارستانى ناڕەزایى ئەمنى(خۆیى) نا كەوێتە بەر مەترسى ،لێشتان ناشارینەوە حاڵى حازر ڕایەك هەیە پێى باشە بودجەیەكى لە ڕابردو زیاتر بۆ ئۆپۆزسێون ببڕینەوەو دەنگى ناڕەزاییان ببڕین،دەربارەى تۆپ بارانى دراوسێ ئازیز و بەرژەوەندى پارێزەكانیشمان هەڵوێستمان وەك ئاوى چەمى تانجەرۆ ڕونەو دووبارە كردنەوەى بە پێویست نازانین،
بۆماددەى(140)یش لە دەرگاى ماڵى ئەم و ئەومان زۆردا،ئێ كە ئەوان دەرگا نەكەنەوە(أرجع فرجع)كەواتە باوەڕمان پێبكەن سوچى ئێمە نییە،ماددەكە خۆى هەویرێكى ئاو كێشەو جێبەجێ بكرێ ئەبێ بە كێشەو پۆستە باڵاكانى بەغدامان لە دەست ئەچێ،بە دڵنیایەوە دەست بەرداربونى ئێمە لە پارە و پۆست،لەم دۆخە ناسكەدا كە هێشتا ئەزمونەكەمان نەخەمڵیوە،بە زیانى حزبیمان تەواو ئەبێت،ئێ حزبیش یانى هەموشتێك چونكە دوێنێ هەر خۆتان لە هەڵژاردنى پاك و بێگەردو بێوێنەى بێ فرتوفێڵ بەكۆى دەنگ متمانەتان پێبەخشیوین،دواجار هیوادارین لە ئایندەیا خۆڕسكانە ئەم وردە كێشانە چارە بكرێن و ئاو بكرێ بە ئاگرى ناكۆكیدا،لەگەڵ ڕیزى حزبانى حوكمڕان.
ئاوات ئالانى
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست