جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده (3)-به‌شی سێهه‌م: حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده شه‌هیدانی میکونوس به سیخوڕی کۆماری ئیسلامی له قه‌ڵه‌م ده‌دا
Monday, 11/01/2010, 12:00
تاهیری قاسمی
ئه‌وه‌ی له نێو ئه‌و بوختان و تۆمه‌تانه‌دا که ئاغای ئه‌یوبزاده به شێوه‌ی جواروجۆر ده‌یهه‌وێ رووبه‌ڕوی حیزبی دێموکرات و رێبه‌ره‌کانی له رابردوو و ئێستا دا (به هه‌ردوو به‌شه‌وه) بکاته‌وه، مه‌سه‌له‌ی به جاسووس له قه‌ڵه‌مدانی لانیکه‌م یه‌کێک له شه‌هیده‌کانی کاره‌ساتی میکونوس زیاتر له هه‌موو شتێک مێشکی منی به خۆیه‌وه مه‌شغوڵ کرد.
ئاغای ئه‌یوبزاده عاده‌تیه‌تی که بۆ زڕاندنی ناوی رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات، چ ئه‌وانه‌ی که شه‌هید بوون و چ ئه‌وانه‌ش که ماون، سه‌ر به هه‌موو که‌لێن و که‌له‌به‌رێک دا‌کا و هه‌ر قسه‌یه‌ک و قسه‌ی هه‌ر که‌سێک که به حاسته‌م له‌و باره‌وه بۆنێکی لێ بێ، یه‌کراست له لای ناوبراو ده‌بێ به واقع و به‌وه‌شه‌وه راناوه‌ستێ و به سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامان و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی دا ده‌به‌شێته‌وه. یه‌کێک له‌وانه قسه‌ی دادستانی دادگای به‌رزی ئاڵمانه که کاتێک دادگا به‌ڵگه‌کانی سه‌ر لانیکه‌م یه‌کێک له‌وانه‌ی له شه‌وی تیرۆره‌که دا ئاماده‌بوون و به ساخی بۆی ده‌رچووبون، به به‌س نازانێ و بۆی روون نابێته‌وه ئاخۆ له ناو ئاماده‌بوان یان ئاگادارانی کۆبوونه‌وه‌ی شه‌وی 17ی سێپتامبری 1992ی ریستورانی میکونوس دا، کامیان سیخوڕ و سه‌رچاوه‌ی زانیاریی تیمه تیرۆره‌که‌ی کۆماری ئیسلامی بوون و هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیشی له سه‌ر قوربانیه‌کان ده‌ست ناکه‌وێ، ده‌ڵێ؛ "تراژیدیای ئه‌م تیرۆره ده‌توانێ ئه‌وه بێ که سه‌رچاوه‌ی زانیاریی رێژیمی ئێران خۆی شاهیدی تیرۆره‌که بووبێ و به گیانی ساغه‌وه لێی ده‌رباز نه‌بووبێ. (از ێن جان سالم به در نبرده باشد)"
ئه‌و قسه‌یه‌ی دادستانی دادگای به‌رزی ئاڵمان ته‌قریبه‌ن له زۆربه‌ی هه‌ڵکوتانه‌کانی حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده بۆ سه‌ر حیزبی دێموکرات دا دووپات و چه‌ند پات کراوه‌ته‌وه که من وێنه‌ی له‌و چه‌ند سه‌ردێڕه جیاوازه‌ی جه‌نابی ئه‌یوبزاده دا دێنمه‌وه.
ئه‌یوبزاده له نووسراوه‌ی "په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتور قاسملوو و قه‌راردادی ئاشبه‌تاڵ" دا ئاوا باسی ئه‌و بابه‌ته ده‌کا: "با له‌زمانی دادئه‌ستێنی دادگای میکۆنۆسه‌وه له کارتێکه‌ریی ده‌زگای جاسووسیی کۆماری ئیسلامیی له نێو ئه‌ندامان و لایه‌نگران ورێبه‌رایه‌تی حدکا بدوێین. مێژووی ژیانی سالانی رێبه‌رایه‌تی حیزب و هاوکوفه‌کانی بخوێنینه‌وه: به‌گوێره‌ی وته‌ی دادستانی دادگای میکونوس له‌و چوارکه‌سه‌ی که له رێستۆڕانی میکونوس کوژران، "لانی که‌م له‌که‌سێک زیاتر له‌گه‌ل ناوه‌ندی تێڕۆڕ له پێوه‌ندیی‌داببوون". تێڕۆڕیسته‌کان له وهپێشخستنی رۆژی کۆبوونه‌وه‌که ئاگادار ببوون. ئه‌و ئاڵوگۆڕه پلانه‌که‌ی ئه‌وانی تێکنهدابوو." (1)
ئه‌و قسه‌یه جارێکی دیکه له نووسراوه‌ی "تیرۆری گیان و ئه‌ندێشه" دا ئاوا هێنراوه: "راپۆرتی به‌شی پاراستنی قانوونی ئه‌ساسیی بۆ دادئه‌ستێنی گشتیی ئاڵمان له‌مه‌ر ئالووده بوونی ناوه‌ندی حیزب و گرفتاربوونی له تۆڕی جاسووسیی کۆماری ئیسلامییدا ئێمه له‌و کاره‌ساته ئاگادارده‌کا". (2)
وه سه‌ره‌نجام له ژێر سه‌ردێڕی "دوو جینایه‌ت، دو ودادگا، دوو قه‌رار" ئاغای ئه‌یوبزاده سه‌رله‌نوێ باسه‌که‌ی چه‌ند پاته کردۆته‌وه و ئه‌مجار ده‌قه فارسیه‌که‌ی ئه‌و به‌شه‌ی کتێبی "هنوز در برلن قاچی هست"ی بڵاو کردۆته‌وه و ده‌ڵێ: "دادئه‌ستێنی دادگای میکونوس له مه‌ڕ ئاشکراکردنی شوێنی کۆبوونه‌وه و کاته‌که‌ی و هه‌بوونی خائینێک له نێو ئۆپۆزیسیۆن گوتویه "اگلاعات سریع و دقیقی که تیم بدست ێورد در ێ‌خرین تمرین شب پیش از ترور، نشان دهنده انست که تیم ترور حد اقل یک منبع در درون اپوزیسیون داشته که در ارتباگ با رهبران کرد بوده‌است. این، برداشت ما از نوع ترور بود. اگلاعات سازمان اگلاعات داخلی المان با ارائهی این اگلاع که ێن منبع در شب ترور در رستوران حچور داشت، برداشت ما را تکمیل کرد. تراژدی این ترور می‌تواند این باشد که منبع اگلاعاتی رژیم ایران خود شاهد ترور بوده و از ێن جان سالم بدر نبرده باشد. متاسفانه این موید اڤهارات فلاحیان در اوت 1992 می‌باشد که ما در این حزب نفوژ کردهایم." ئه‌وه له لاپه‌ڕه 172ی کتێبی "هنوز در برلن قاچی هست" وه‌رگیراوه. ئاغای ئه‌یوبزاده بۆ ته‌فسیری ئه‌و قسانه ده‌ڵێ: "ئه‌و وته‌یه مانای ئه‌وه‌یه که له ناوه‌ندی ئه‌و حیزبه‌دا (حدکا)، له رێبه‌رایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌دا له هه‌ر چوار نه‌فه‌ر، لانی که‌م له نه‌فه‌رێک زیاتر سیخوڕی کۆماری تیرۆره.". (3)
وه‌ک ده‌زانین دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێکانی له‌و رۆژه‌دا که له لایه‌ن تیرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامیه‌وه تیرۆر کران، قه‌رار بوو له ریستورانی میکونوس له گه‌ڵ چه‌ند که‌س له رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کۆ ببنه‌وه. سروشتیه که بۆ هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ئینسانه‌کان له نێو خۆیاندا چه‌ند رۆژ پێشتر له سه‌ر کات و شوێنی کۆبوونه‌وه‌که ساخ ده‌بنه‌وه یان ئاگادار ده‌کرێن. بۆ کۆبوونه‌وه‌ی 17ی سپتامبری 1992ی ریستورانی میکونوسیش، جگه له رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات، نووری دێهکوردی، په‌رویز ده‌ستمالچی و چوار که‌سی دیکه، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که به‌ڵێنیان دابوو له کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌شدار بن یان ئاگاداری کات و شوێنی کۆبوونه‌وه‌که بوون، به‌شدارییان نه‌کرد.
وته‌که‌ی دادستانی ئاڵمان ته‌نیا له سه‌ر ئه‌گه‌ر دارێژراوه و پشتی به هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نه‌به‌ستووه به‌ڵام به ناو قازی و مافناسه‌که‌ی ئێمه یه‌کسه‌ر ده‌یکا به راستی و له خۆی ناپرسێ که ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ یه‌کێک له ئه‌ندامانی کۆبوونه‌وه کات و شوێنی کۆبوونه‌وه‌که‌ی بۆ تیمه تیرۆره‌که‌ی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کردبێ، بۆ هه‌ر ده‌بێ له ناو رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات دا بن که وه‌به‌ر ده‌سڕێژی تیرۆریسته‌کان که‌وتوون؟ یان بۆ ده‌بێ ته‌نیا ئه‌و سێ ئه‌ندام و رێبه‌ره‌ی حیزبی دێموکرات راسته‌وخۆ وه‌به‌ر ده‌سڕێژ بکه‌ون و ته‌نانه‌ت دوانیان (دوکتور سه‌عید و هومایون ئه‌رده‌ڵان) تیری خه‌لاسیان لێ بدرێ و شه‌هید بن و ئه‌و کاره له گه‌ڵ هیچکام له براده‌رانی فارس و "رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی" نه‌کرێ؟ هاوڕێیانی حیزبی دێموکرات له پاڵ یه‌کتر و به ریز دانه‌نیشتبوون تا پێمانوابێ به هه‌ڵکه‌وت هه‌ر سێکیان وه‌ربه‌ر که‌وتوون. به خوێندنه‌وه‌ی کتێبی "هێشتا له بێرلین قازی هه‌یه"، ده‌بینین تیمه تیرۆره‌که زۆر باش توانیویه‌تی له ناو ئاماده‌بوان دا کورده‌کان گوڵبژێر بکا و شه‌هیدیان بکا. دڵنیام ئه‌گه‌ر قسه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده که له سه‌ر گومان نه‌ک یه‌قینی دادستانی دادگای بێرلین دارێژراوه، راست بێ، ئه‌وا ده‌شیانتوانی به‌و ئاسانیه به سه‌ر مۆره‌که‌ی خۆیاندا باز بده‌ن.
قسه‌کانی دادستان دوو به‌شن: به‌شێکیان زانیارییه‌کانی ده‌زگای سیخوڕیی ئاڵمانن و تێیدا باس له‌وه ده‌کا که "تیمه تیرۆره‌که‌ی کۆماری ئیسلامی لانیکه‌م سه‌رچاوه‌یه‌کی له ناو ئۆپۆزیسیۆن دا هه‌بووه". ئۆپۆزیسیۆنیی حکومه‌تی ئێرانیش ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین حیزبی دێموکرات نییه، به ته‌نیا ئه‌و حیزبه هه‌ر نییه و وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، کۆبوونه‌وه‌که قه‌رار بووه کۆبوونه‌وه‌ی به‌شێک له رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران له گه‌ڵ رێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بێ. به‌شی دووهه‌می قسه‌کانیش نه‌زه‌ری دادستان خۆیه‌تی که پتر له سه‌ر ئیحتمالات قسه ده‌کا و مادام له ناو زیندووه‌کان دا که‌سی بۆ نه‌بیندراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه لێده‌دا که ره‌نگه یه‌کێک له‌و چوار شه‌هیده پێوه‌ندی به تیرۆریسته‌کانه‌وه بووبێ. به‌ڵام قسه‌کان به‌شی سێهه‌میشیان هه‌یه که ئه‌ویش نه‌زه‌ری ئاغای ئه‌یوبزاده‌یه و له گومانی دادستانی دادگای بێرلێن به ئامانجی هێرش بۆ سه‌ر حیزبی دێموکرات بۆخۆی و بۆ خوێنه‌ر یه‌قین ساز ده‌کا و ده‌ڵێ: "ئه‌و وته‌یه مانای ئه‌وه‌یه که له ناوه‌ندی ئه‌و حیزبه‌دا (حدکا)، له رێبه‌رایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌دا له هه‌ر چوار نه‌فه‌ر، لانی که‌م له نه‌فه‌رێک زیاتر سیخوڕی کۆماری تیرۆره." مه‌به‌ستیشی له "له هه‌ر چوار نه‌فه‌ری رێبه‌ریی حیزبی دێموکرات له نه‌فه‌رێک زیاتر سیخوڕی کۆماری تیرۆره"، تناسب گرتنه له‌و چوار که‌سه که به پێی نه‌زه‌ری ئاغای ئه‌یوبزاده ده‌بێ یه‌کیان حه‌تمه‌ن سه‌ر به کۆماری ئیسلامی بووبێ. به‌ڵام دڵنیام ئاغای ئه‌یوبزاده له هه‌موومان باشتر ده‌زانێ که نوری دێهکوردی نه‌ک ئه‌ندامی رێبه‌ری، هه‌ر ئه‌ندامی حیزبی دێموکرات نه‌بووه و هه‌روه‌ها کاک هومایون ئه‌رده‌ڵانیش ئه‌ندامی رێبه‌ریی حیزب نه‌بووه. هه‌ربۆیه‌ش گه‌ره‌کیه‌تی له نێوان شه‌هیدان دوکتور سه‌عید و کاک فه‌تاح عه‌بدولی، نه‌زه‌ر و شکی خوێنه‌ر راست بۆ سه‌ر سیخوڕ بوونی "له نه‌فه‌رێک زیاتر" و "لانی که‌م" یه‌کیان هه‌ڵدێرێ.
که ده‌ڵێم ئاغای ئه‌یوبزاده گه‌ره‌کیه‌تی له نێوان هه‌ر یه‌ک له دوکتور سه‌عید شه‌ره‌فکه‌ندی، کاک فه‌تاح عه‌بدولی دا خوێنه‌ر بۆ دۆزینه‌وه یان هه‌ڵبژاردنی "سیخوڕه‌که‌ی سه‌ر به کۆماری تیرۆر" سه‌رپشک بکا بۆ ئه‌وه‌یه که وه‌ک ئاماژه‌م پێدا و هه‌موان ده‌زانن نه‌مر نووری دێهکوردی نه‌ک ئه‌ندامی رێبه‌ری ته‌نانه‌ت ئه‌ندامی حیزبی دێموکرات نه‌بووه و لوڕ بووه و کوردایه‌تیشی نه‌کردووه. که‌وابوو ده‌مێننه‌وه سێ که‌س و ئه‌مجار له هه‌ر سێ که‌سی رێبه‌ری یه‌ک که‌س! وه‌ک ده‌شزانین شه‌هید هومایون ئه‌رده‌ڵان ئه‌ندامی رێبه‌ریی حیزب نه‌بوو. ئه‌وکات له ئوروپا داده‌نیشت و کاروباره‌کانی ئوروپاش ته‌نیا به یه‌ک ئه‌ندامی رێبه‌ری راده‌په‌ڕێندران که ئه‌ویش شه‌هید کاک فه‌تاح عه‌بدولی بوو. که‌وابوو ئه‌مجار ده‌مێنێته‌وه له هه‌ر دوو نه‌فه‌ر ئه‌ندامی رێبه‌ری یه‌ک نه‌فه‌ر! واته خوێنه‌ر ده‌بێ له نێوان کاک دوکتور سه‌عید و کاک فه‌تاح عه‌بدولی یه‌کیان به سیخوڕ!! هه‌ڵبژێرێ. باوه‌ڕ ناکه‌م کاک حه‌سه‌ن گه‌ره‌کی بێ راسته‌وخۆ گومانی خوێنه‌ر بۆ سه‌ر کاک دوکتور سه‌عید راکێشێ. ئه‌گه‌رچی یه‌کێک له ئامانجه‌کانی له به سیخوڕ له قه‌ڵه‌مدانی رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات یه‌کێکی تر له سکرتێره‌کانی حیزبی دێموکرات واته عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده ئه‌و گومانه لا ده‌با. ده‌مێنێته‌وه شه‌هید فه‌تاح عه‌بدولی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب. به‌و پێیه و به پێی ته‌ناسوبه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده ده‌بێ سه‌رجه‌م کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات به هه‌ر دوو باڵه‌که‌ی ئێستاوه سیخوڕی کۆماری ئیسلامی بن. پێموابێ ئه‌گه‌ریش یه‌قینه‌که‌ی ئه‌و به‌ڕێزه راست بێ، که من به کفری داده‌نێم، کاک فه‌تاح ئه‌وه‌نده‌ی متمانه لای کاک دوکتور سه‌عید هه‌بوو که ده‌یتوانی به حه‌بێک یان نه‌ختێک ده‌رمان کاره‌که یه‌کسه‌ره بکا و پێویستی به تیمی تیرۆر و ئه‌و ته‌ق و تۆقه نه‌ده‌کرد!!!
بێشه‌رمیی حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده بۆ به سیخوڕ نیشاندانی ئه‌ندامان و رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات له سه‌ر بنه‌مای فه‌رزێکی دادستانی ئاڵمان له حاڵێکدایه که له ماوه‌ی 247 جار دانیشتنی دادگا دا تاکه یه‌ک ئیشاره‌ش که به جۆرێک گومان بخاته سه‌ر پێوه‌ندیی نێوان هه‌ر کام له‌و سێ شه‌هیده‌ی حیزب له گه‌ڵ تیمه تیرۆره‌کانی کۆماری ئیسلامی، له ئارادا نه‌بووه. له وه‌ها کاتێکدایه که ده‌بێ بۆ خوێنه‌ر ببێته پرسیار ئاخۆ مه‌به‌ستی ئاغای ئه‌یوبزاده له هه‌وڵدان بۆ تێوه‌گلاندنی رێبه‌رانی حیزب به تایبه‌تی خودی ئه‌و سێ شه‌هیده نه‌مره له تاوانی میکونوس راست به ئامانجی سووک کردنی باری تاوانی کۆماری ئیسلامی له‌و کرده‌وه نامرۆڤانه‌یه‌دا نییه؟ هه‌ر هیچ نه‌بێ ده‌کرێ یه‌کراست به ئامانجی لابردنی ئه‌و گومانه له سه‌ر ئه‌ندامانی سه‌ر به ئۆپۆزیسیۆن و له‌وانه پاشماوه‌کانی ئهکسهریهت و ئه‌قه‌لیه‌ت و تاد... بێ که ماوه‌ی چه‌ند ساڵه ئاغای ئه‌یوبزاده ئیتیحادی له گه‌ڵ پێکهێناون.
ئاخۆ کێ ده‌توانێ سیخوڕی کۆماری ئیسلامی بووبێ؟
مێهدی ئیبراهیم زاده یه‌کێک له به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌ی میکونوس ده‌ڵێ :
من پێم وایه ئه‌م رووداوه بێ بوونی سیخوڕێك راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ له نێوماندا رووی نه‌ده‌دا، واته ته‌نانه‌ت كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م 9 كه‌سه نه‌یده‌توانی ئاوه‌ها پێك بێت. ئامانجی تیرۆر له‌و كاته‌دا هه‌یئه‌تی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو، ئێمه نه‌بووین. من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه ده‌بێ سیخوڕه‌كه له‌نێو ئێمه‌دا بووبێ. (4)
چۆنیه‌تی رووداوی تیرۆری میکونوس به‌و جۆره له لایه‌ن نووسه‌رانی کتێبی "هێشتا له بێرلین قازی هه‌یه" باس کراوه:
9 که‌س له که‌سانی سه‌ر به ئۆپۆزیسیۆن له ده‌وری دوو مێزی که ده‌سه‌ر یه‌ک کرابوونه‌وه، له لای چه‌پی ژووره‌که دانیشتبوون. دوو که‌س که تازه وه‌ژوور که‌وتبوون، له پشت سه‌ری یه‌که‌مین و دووهه‌مین که‌س راوه‌ستان. بنی هاشمی ئه‌و ساکه‌ی که موسه‌لسه‌لی تێدا بوو به‌رز کرده‌وه و له‌و به‌ره‌وه تا ئه‌م به‌ری مێزه‌که‌ی وه‌به‌ر ده‌ستڕێژ دا. موسه‌لسه‌له‌که دوای به‌تاڵکردنی 26 گولله به سێ ره‌گبار، کوژاوه. راحیل به ده‌مانچه گولله‌یه‌ک له مێشک و دوو گولله‌ی له زگی شه‌ره‌فکه‌ندی و گولله‌یه‌کی له مێشکی ئه‌رده‌ڵاندا به‌تاڵ کرد. له ماوه‌ی که‌متر له چه‌ند چرکه‌دا له سه‌ر یه‌ک 30 فیشه‌ک هاویشتران. بکوژه‌کان به روونی ئاگاداری ریزی دانیشتنی قوربانیه‌کان بوون و دوای چوونه ژووره‌وه‌یان بێ راوه‌ستان ته‌قه‌یان لێ کردن. (5)
ئه‌بولقاسم میسباحی گرینگ‌ترین شاهیدی دادگای میکونوس له لێپرسینه‌وه‌که‌ی خۆیدا وتویه‌تی: به ژماره‌ی ئه‌و فیشه‌کانه‌ی که له هه‌ر قوربانیه‌ک ده‌درێ، ده‌توانین بزانین که ئایا ئه‌و که‌سه به ئانقه‌ست لێیدراوه یان به هه‌ڵکه‌وت. ئه‌گه‌ر دۆخه‌که له بار بێ، ته‌نانه‌ت تیری خه‌لاس له قوربانی ده‌درێ. (6) که‌وابوو به پێی وته‌کانی میسباحی و به پێی ئاکامی تیرۆره‌که، ئامانجی سه‌ره‌کیی تیرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامی ئه‌و سێ که‌سه بوون که له ژێر ئاوری چه‌که‌کانیان دا گیانیان له ده‌ست دا و ته‌نانه‌ت دوو له‌و سێ که‌سه تیری خه‌لاسیان له سه‌ر درا.
له ئه‌نجامی ئه‌و تیرۆره دا هه‌ر یه‌ک له سادق شه‌ره‌فکه‌ندی (دوکتور سه‌عید) سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فه‌تاح عه‌بدولی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسی ئوروپای حیزب و هومایون ئه‌رده‌ڵان به‌رپرسی حیزب له ئاڵمان ده‌ستبه‌جێ گیانیان له ده‌ست دا و نورالله محمدپور دێهکوردی (نوری) له نه‌خۆشخانه‌دا کۆچی دوایی کرد. عزیزالله گبیب غفاری ئه‌ندامی رێکخراوی فیداییانی خه‌لق و خاوه‌نی ریستورانه‌که بریندار بوو و چوار که‌سه‌که‌ی دیکه هیچ زیانێکیان پێ نه‌گه‌یی. (7)
ئه‌وانه‌ی ده‌عوه‌ت کرابوون، جگه له دوکتور سه‌عید، کاک فه‌تاح، کاک هومایون و نوری دێهکوردی، سه‌رجه‌م نۆ که‌س بوون که بریتی بوون له ئیبراهیم زاده، جه‌عفه‌ری، ده‌ستمالچی، روستا، فه‌راحه‌تی، مه‌سعود نیا، میرراشێد، نه‌وبه‌ری به‌راتی و نیرومه‌ند. ئه‌وانه له سه‌ر داوای دێهکوردی له لایه‌ن ته‌بیب غه‌فاری خاوه‌نی ریستورانه‌که ئاگادار کرابوونه‌وه و غه‌فاری بۆخۆیشی به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که بوو. هه‌روه‌ها دێهکوردی بۆخۆی ته‌له‌فۆن بۆ متحملیان، نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتیکی خه‌ڵکی ئێران ده‌کا که به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که بێ. ئه‌ویش پێی ناکرێ و داوا له دوو که‌س له هاوڕێکانی ده‌کا که به‌شدار بن و ئه‌وانیش هه‌ر پێیان ناکرێ و به‌شدار نابن. (8)
له شه‌وی سێشه‌ممه‌وه که قه‌رار(ی کۆبوونه‌وه) داندرا، ئاشکرا کردنی مومکین نه‌بوو. به‌ر له شه‌وی سێشه‌ممه هیچکه‌س کاتی کۆبوونه‌وه‌که‌ی نه‌ده‌زانی. له مه‌ودای نێوان دوایین سه‌عاته‌کانی سێشه‌ممه تا ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی نیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه خه‌به‌ری پێکهاتنی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک (به ئاماده‌بوونی شه‌ره‌فکه‌ندی له شه‌وی پێنجشه‌ممه‌دا) به که‌سانی سه‌ر به "ئۆپۆزیسیۆن" درا و هه‌ر له‌و مه‌ودایه‌ش دا خه‌به‌ره‌که به تیمی تیرۆر گه‌یی. (9)
به‌ڵگه‌کان چی ده‌ڵێن؟
هه‌ر له سه‌رچاوه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده دا، ئاماژه به "هاتنی تیمێکی کۆماری ئیسلامی بۆ دانوستان له گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له ئاڵمان به تایبه‌ت شورای هه‌ماهه‌نگیی بێرلین (واته ئه‌و که‌سانه‌ی رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات له گه‌ڵیان کۆببونه‌وه) کراوه. یه‌کێک له ئه‌ندامانی ئه‌و تیمه که‌سێک بووه به ناوی مه‌نسوور نه‌جاتی که خۆی به حجت الاسلام نجاتی ناساندووه. نجاتی له ئاڵمان له گه‌ڵ که‌سانی جۆراوجۆر پێوه‌ندیی گرتووه. زۆربه‌ی ئه‌و پێوه‌ندیانه به نهێنی ماونه‌ته‌وه و ته‌قریبه‌ن هیچ که‌س ئاماده نه‌بووه به ئاشکرا باسیان بکا." (10)
له ناو کۆمه‌ڵێک دیمانه‌دا که بڵاوکراوه‌ی رێگای ئازادی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتیکی خه‌ڵکی ئێران له گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی که پێوه‌ندیان به رووادوی میکونوسه‌وه هه‌بوو، هه‌ر یه‌ک له جه‌عفه‌ری، ده‌ستمالچی، روستا و فه‌رجاد به تێر و ته‌سه‌ل له بابه‌ت تۆمه‌ته‌کانی رێکخراوی موجاهیدین به ئه‌ندامانی کۆبوونه‌وه‌ی هاوئاهه‌نگی و له پێوه‌ندیی له گه‌ڵ نه‌جاتی و سه‌دیقی (دوو له ئه‌ندامانی تیمی به ناو دانوستانی کۆماری ئیسلامی) قسه‌یان کرد و وشه به وشه تۆمه‌ته‌کانیان ره‌د کرده‌وه و سه‌لماندیان که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دژی ئه‌و جۆره پێوه‌ندیانه بوون به‌ڵام "ئه‌وانی تر" ئه‌و پێوه‌ندیانه‌یان قه‌بوڵ بووه. روستا ده‌ڵێ: "و به‌ڵام زیندو یاد نوری له هه‌لومه‌رج و، وه‌بیر خۆتانی بێننه‌وه بارودۆخی ئه‌و کات دا، پێیوابوو که ئه‌گه‌ر دژایه‌تی له گه‌ڵ دانوستان بکا، ته‌ریک ده‌که‌وێته‌وه... " (11)
هێشتا چوار ته‌رم و بریندارێکی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له نه‌خۆشخانه بوون که راگه‌یه‌ندرا به یارمه‌تیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان و کۆماری ئیسلامی و به ده‌ستی ئه‌نستیتوی رۆژهه‌ڵاتناسیی هامبورگ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له بابه‌ت مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤی ئیسلامی پێکهاتووه..... هێشتا چوار ته‌رم و بریندارێکی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له نه‌خۆشخانه بوون که چه‌ند ئێرانیی ئۆپۆزیسیۆن، دێموکرات و لایه‌نگری مافی مرۆڤ و دانیشتووی بێرلین که به "هه‌ڵکه‌وت" یه‌کیان ماوه‌یه‌ک ئه‌ندامی کۆبوونه‌وه‌کانی هاوئاهه‌نگی و له دۆستانی کۆنی دێهکوردی بوو، له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بوو. (12)
یه‌کێک له‌وانه‌ی که پۆلیس پێشتر گومانی له سه‌ری هه‌بوو که سه‌رچاوه‌ی زانیاریی تیمه تیرۆره‌که‌ی کۆماری ئیسلامی بووه، عه‌زیزوڵڵا ته‌بیب غه‌فاری، خاوه‌نی ریستورانی میکونوس و یه‌کێک له رێبه‌رانی رێکخراوی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی فیداییانی خه‌لق بوو. ئه‌ویش به‌و ده‌لیلانه‌ی خواره‌وه که ده‌قاوده‌ق له کتێبی "هنوز در برلن قازی هست" وه‌رگیراو و وه‌رگێڕدراون:
- پۆلیس 5000 مارک پوڵی له ریستورانه‌که‌یدا دۆزیبۆوه و ده‌یتوانی گومانی ئه‌وه‌ی لێ بکا که وه‌ک ئه‌و پوڵه‌یه که له کاتی ده‌ستبه‌سه‌رکردنیان دا له ئه‌مین و راحل (دوو له تیرۆریسته‌کان) وه‌ده‌ستی هێنابوو.
- ئه‌وانه‌ی که ده‌بوو بۆ کۆبوونه‌وه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه ئاگادار بکرێن، بۆ رۆژی هه‌ینی بانگ کرابوون و خاوه‌نی ریستورانه‌که ده‌یتوانی ئه‌و کاره‌ی به ئامانجه‌وه ئه‌نجام دابێ.
- کاتێک دوکتور سه‌عید، عه‌بدولی و ئه‌رده‌ڵان ده‌چن بۆ ریستورانه‌که، دێهکوردی له غه‌فاری ده‌پرسێ که بۆ هیچکه‌س نه‌هاتووه. غه‌فاری وڵام ده‌داته‌وه که تۆ گوتت هه‌ینی شه‌و کۆبوونه‌وه‌مان هه‌یه. دێهکوردی ده‌ڵێ نا من گوتم شه‌وی هه‌ینی. شه‌ره‌فکه‌ندی هاتۆته ناو باسه‌که‌وه و وتویه‌تی ئه‌من سبه‌ی به‌یانی ده‌بێ بێرلین به جێ بێڵم و نه‌مانده‌توانی هه‌ینی شه‌و له بێرلین قه‌رار دابنێین. هه‌ر ئه‌و کات ته‌له‌فۆن بۆ ئه‌وانی دیکه ده‌که‌ن تا بێن.
- خانمێک که ماڵه‌که‌ی جیرانی ریستورانه‌که بوو، له دادگا دا شاهیدی دابوو که خاوه‌نی رستورانه‌که‌ی که‌مێک به‌ر له ته‌قه‌که له ده‌ره‌وه‌ی ریستوران بینیوه که خه‌ریکی سیگار کێشان بووه.
- خاوه‌ن رستوران ماشێنێکی بێنزی 190ی سورمه‌یی هه‌بووه و مێرسدێسێکی 190ی ره‌نگ تار له تیرۆره‌که دا به‌شدار بووه.
- ئه‌مین (یه‌ک له تیرۆریسته‌کان) له لێپرسینه‌وه‌دا وتبووی که دوای ته‌واوبوونی کاره‌که، رستورانه‌که ده‌فرۆشێ. ماوه‌یه‌ک بوو خاوه‌نی رستوران به دوای مشته‌ری بۆ رستورانه‌که‌ی دا ده‌گه‌ڕا.
- خاوه‌ن رستوران دوای ده‌رچوون له نه‌خۆشخانه ماوه‌یه‌ک ماڵی یه‌کێک له دۆسته‌کانی خۆی وه‌کوو شوێنی نیشته‌جێبوون لای پۆلیس تۆمار کردبوو ئه‌گه‌رچی له‌و ماڵه‌دا نه‌ده‌ژیا. له جیرانه‌تی ئه‌و ماڵه‌دا، یه‌کێک له دۆسته‌کانی دارابی ده‌ژیا و عه‌لی سه‌برا ئه‌و که‌سه‌ی ماشێنی هه‌ڵاتنه‌که‌ی کڕیبوو ئه‌و ماڵه‌ی وه‌ک شوێنی ژیانی خۆی لای پۆلیس تۆمار کردبوو.
به‌و هۆکارانه‌ی سه‌ره‌وه پۆلیس پێوه‌ندیه‌کانی ئه‌وی به‌ر له تیرۆر و دوای تیرۆر خستبۆ ژێر لێکۆڵینه‌وه و بێ‌وچان لێپرسینه‌وه‌ی له گه‌ڵدا ده‌کرا به‌ڵام به هیچ ئاکامێک نه‌گه‌یی.
پۆلیس هه‌روه‌ها له رێگای لێپرسینه‌وه له تیرۆریسته‌کان هێندێک شتی بۆ ده‌رکه‌وتبوو:
- له یاداشتێک دا که پۆلیس له لێپرسینه‌وه له گه‌ڵ ئه‌مین (یه‌ک له تیرۆریسته‌کان) هه‌ڵیگرتبۆوه هاتبوو که خاوه‌نی مرسدس 190 له گه‌ڵ دوو له هاوکاره‌کانی به فارسی قسه‌ی کردووه.
- حه‌یده‌ر به عیمادی وتبوو که شۆفیره‌که هه‌موو شتێک ده‌زانێ و شوێن و جێگاکه ده‌ناسێ. من له‌و قسه‌یه وا تێگه‌یشتم که شۆفیره‌که له نزیکی رستورانه‌که ده‌ژی. (یاداشتی پۆلیس له قسه‌کانی ئه‌مین)
- پرسیار له یوسف (ئه‌مین) کرابوو که ئاخۆ شۆفیری بینزه‌که ده‌ناسێ و ئه‌ویش پرسیاره‌که‌ی به‌و پرسیاره وڵام دابۆوه که ئایا خاوه‌نی ستورانه‌که شۆفیری ماشێنێکی بێنز نییه؟! (13)
وه‌ک ده‌بینین ئه‌وانه هیچیان به‌ڵگه‌یه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه نین بۆ دادگای بێرلین و قازیه‌کانی ئه‌و دادگایه تا یه‌کێک له رێکخه‌ران و به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌ی میکونوسی پێ تاوانبار بێ. که‌چی له حاڵێکدا له ماوه‌ی 42 مانگ دانیشتنی دادگای ئاڵمان‌دا تاکه یه‌ک به‌ڵگه و گومانی زۆر لاوازیش له سه‌ر هیچکام له‌و سێ شه‌هیده‌ی حیزبی دێموکرات نه‌بووه و نه‌هاتۆته به‌ر باس، به ناو قازی و مافناسه‌که‌ی ئێمه له سه‌ر ئه‌و قسه به ئه‌مما و ئه‌گه‌ره‌ی دادستان (سه‌یری فێعلی شه‌رتی جومله‌که‌ی بکه) که ده‌ڵێ: "تراژیدیای ئه‌م تیرۆره ده‌توانێ ئه‌وه بێ که سه‌رچاوه‌ی زانیاریی رێژیمی ئێران خۆی شاهیدی تیرۆره‌که بووبێ و به گیانی ساغه‌وه لێی ده‌رباز نه‌بووبێ. (از ێن جان سالم به در نبرده باشد)"، یه‌کسه‌ر نه‌ک فتوای جاسووسی و سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی له سه‌ر لانیکه‌م یه‌کێک له قوربانیانی تیرۆری میکونوس و رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات ده‌ر ده‌کا به‌ڵکو بێ سێ و دوو له‌و جاسوسیه ته‌ناسوب ده‌گرێ و به هه‌مان نیسبه‌ت به سه‌ر رێبه‌ریی پێشوو و ئێستای حیزبی دێموکرات (به هه‌ردوو به‌شه‌وه) دا ده‌یبه‌شێته‌وه. تۆ بڵێی دادگا ئه‌گه‌ر بۆی روون بوباوه، شه‌رمی له درکاندنی ناوی ئه‌و سیخوڕه کردبا؟ تۆ بڵێی به پێچه‌وانه‌ی قسه‌کانی دواتری ئاغای ئه‌یوبزاده، حیزب ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ست له دادگادا رۆیشتبێ که به‌ری به ئاشکرا کردنی ناوی ئه‌و سیخوڕه له ناو یه‌کێک له‌و سێ شه‌هیده گرتبێ؟ ئه‌گه‌ر دادگا به هه‌ر ده‌لیلێک خۆی له ئاشکرا کردنی ناوی ئه‌و سیخوڕه بواردبێ، ئایا بۆ ئه‌وه نابێ گومان بخرێته سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی دادگا و ده‌زگای قه‌زایی ئاڵمان، جا به قازانجی هه‌ر لایه‌نێک بێ؟
مێهدیی ئیبراهیم زاده له بابه‌ت چۆنیه‌تی ژیانی عه‌زیزی غه‌فاری به دوای کۆتایی دادگای میکونوس دا ده‌ڵێ: "له نێو ئاماده‌بووانی ریستورانی میكۆنووس دا یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی رزگاری بوو، عه‌زیز غه‌فاری، خاوه‌نی ریستورانه‌كه بوو. غه‌فاری دوای رودانی میكۆنووس بێرلینی به‌جێ هێشتو چوو بۆ "دۆسیلدێرف"و له ساڵی 1997ه‌وه له نێوان ئێران‌و ئاڵمان‌دا هاتوچۆی بازرگانی ده‌كا." (14)
---------------
ژێده‌ر:
1- په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتور قاسملوو و قه‌راردادی ئاشبه‌تاڵ، به‌شی 3، ح. ئه‌یوبزاده
2- ح. ئه‌یوبزاده، تیرۆری گیان و ئه‌ندێشه، به‌شی یه‌که‌م
3- ح. ئه‌یوبزاده، دوو جینایه‌ت، دوو دادگا، دوو قه‌رار
4- شه‌ره‌فکه‌ندی سیمای شۆرشگێڕێکی نه‌ته‌وه‌یی، به‌شی سێزده‌هه‌م نووسین و ئاماده‌کردنی سمایل شه‌ره‌فی
5- هنوز در برلن قاچی هست- چاپی دووهه‌م، لاپه‌ڕه‌ی 14، نووسینی؛ مهران پاینده، عباس خداقلی، حمید نوژری
6- سه‌رچاوه‌ی پێشوو په‌ڕاوێزی لاپه‌ڕه‌ی 20
7- سه‌رچاوه‌ی پێشوو
8- سه‌رچاوه‌ی پێشوو
9- هه‌مان سه‌رچاوه - لاپه‌ڕه‌ی 140
10- هه‌مان سه‌رچاوه - لاپه‌ڕه 32
11- هه‌مان سه‌رچاوه - لاپه‌ڕه 34
12- هه‌مان سه‌رچاوه، لاپه‌ڕه‌ی 57
13- سه‌رجه‌م زانیاریه‌کان له سه‌رچاوه‌ی پێشوو وه‌رگیراون
14- شه‌ره‌فکه‌ندی سیمای شۆرشگێڕێکی نه‌ته‌وه ، به‌شی سێزده‌هه‌م نووسین و ئاماده‌کردنی سمایل شه‌ره‌فی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست