دیمانهیهک له گهڵ سهردار ستار- ئهندامی دەستەی كارگێڕی PCDK
Monday, 04/05/2009, 12:00
بەكورتی باگرواندێك سەبارەت بە دامەزراندنی پ چ د ك: پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لە 5-3-2002 لەبناری چیای قەندیل لەلایەن كۆمەلێك شۆڕشگێڕی كورد كە پێشتر ناویان بزاڤی چارەسەری بوو، دامەزرا، هەتا ئێستاش چوار كۆنگرەی ئاسایی خۆی بەستووە. یەكەمین كۆنگرەی لەقەندیل، دووەمیان لە بەغداد، سێیەم و چوارەمیشیان لەشاری كەركوك بەستراون. سێ سەرۆكیشی گۆڕییەوە، دوو جار بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە لەئاستی هەرێم و بەغدا دا. ئێستاش كارو خەباتی خۆی لەهەموو شارەكان بەڕێوە دەبات بەشێوەیەكی ئاسایی و ئاشكرا.
ئاوێنە/ ئایا ئەو دەنگۆیە راستە ئێوە پەیوەندی تەواوتان لەگەل پ ك ك دا هەیە، بەجۆرێك بەلقی باشووری ئەو رێكخراوە ناسراون؟ یان ئەوە تەنها تۆمەتە؟
سەردار ستار: پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، پارتێكی سەربەخۆییەو خاوەن تێكۆشانێكی سیاسی و جەماوەری خۆییەتی لەباشووری كوردستان و ئێراق، هەمانكات پ چ د ك ە وەكو هەبوونی بۆشاییەكی سیاسی و دیموكراتی و نەتەوەیی دامەزراوە، ئەوەی لەماوەی حەوت ساڵی تەمەنی پارتەكەماندا دەبینرێت زۆر بەچالاكانە، لەهەموو مەیدانەكانی كارو خەبات دیارە. هەموو هەوڵێك دەدات لەپێناو گۆڕانی كۆمەڵگاو دیموكراتیزەكردنی، هەمانكات تێدەكۆشێت تا كۆسپ بخاتە بەردەم دەسەڵاتی زێدەڕۆیانەی هەرێمی كوردستان. لەهەموو رووداوەكاندا خاوەن هەڵوێستە و زۆرترین كارو چالاكی ئەنجام داوە، زۆرترین ئەندام و لایەنگری رووبەڕووی گرتن و زەحمەتی بوونەتەوە. تاكو ئێستا لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا تەنها سەرۆكی پارتییەكەمان بووە كە بەدەستی هێزەكانی ئاساییشی هەرێم دوو جار لەبەر هەڵوێست دەستگیر بكرێت. پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان ئەگەر هەر پارت و رێكخراوێكی نێتە ژێر باڵیان بە شێوەیەك لەشێوەكان، رێگیری بۆ دروست دەكەن و تجریدی لەسەر دادەنێن. تاكو فراوان نەبێت و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی ئەوان.
پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، پارتێكی سەربەخۆییەو بۆ خۆشی ڕەوا نابینێت كە لقی جیاجیای هەبێت، چونكە یەك پەكەكە هەیە. چونكە ئێستا سەردەمی سۆڤیت بەسەر چوو كە حیزبی دایك هەبێ، لە وڵاتەكانیشدا لق و پارتی سەر بەپارتی دایك هەبن، ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان هەر پەیوەندیەكمان هەبێت، بەئیرادەی خۆمان ئەنجامی دەدەین و بەئەركی خۆمان دەزانین كە پەیوەندیمان لەگەل هەموو هێزە كوردییەكان وجیهانی و ئازادیخوازو دیموكراتییەكانیش دا هەبێت. چونكە ئێمە هێزوتوانای خۆمانی مەعنەوی لەوان وەردەگرین. ئەگەر بۆ هەندێ كەس تاوان بێت، پەیوەندی لەگەڵ پارتێكی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕو خاوەن پازدە هەزار شەهید هەبێت، و ئەمڕۆش كە خاوەنی زۆرترین و بەرفراوان ترین جەماوەری گۆڕەپانەكەیە، ئەوەش بۆ ئێمە شەرەفە، چونكە ئێمە نەبە ئەقڵی داگیركەران و نەبە ئەقڵی پارچەچیەتی بیردەكەینەوە. بەڵكو بیركردنەوەی ئێمە بیركردنەوەی كوردێكی ئازادیخواز و نەتەوەیانەیە.
ئاوێنە/ وەكو رێكخراوێكی سیاسی تا ئێستا مۆڵەتی فەرمیتان لە بەغدا وە هەیە، دژایەتی زۆرتان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەكرێت هۆكاری ئەو دژایەتیە بۆچی دەگەڕێنەوە؟
سەردار ستار: بەپێ ی یاسای ساڵی 1993 پەرلەمانی كوردستان و بە پێ یاسای هەڵبژاردنەكانی ئێراق، ئێمە لە هەرێمی كوردستان و ئێراق دا پارتێكی یاسایین و هیچ شتێكی دەرەوەی یاسامان نییە. ئەوانەی بە ئێمە دەڵێن نایاسایی هەر دوو پارتی دەسەڵاتدارن. ئەوان خودی خۆیان بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئێراق نا یاسایین. چونكە هەر دوو لایەن خاوەن میلیشیاتی حیزبین. سەرچاوەی داراییان دیار نییە و لەهەڵبژاردنەكانی رابردووش هەموو ئیمكاناتی حكومەتیان خستۆتە خزمەتی خۆیان. دوو دەزگای داپڵۆسێنەری نەهێنییان هەیە، زانیاری و پاراستن. ئەو كات ئەوەی لە دژی ئێمە دەكرێت، چ لەرابردوو چ لەئێستاش، هەموو سیاسەتە. چونكە بەگوێرەی یاسا، دەستووری ئێراق، ئەو دەزگا چوار قۆڵییە، دەزگاییكی ئەمنی، سیاسییە. ودەستووری نییە. بۆیە ئەوەی دەبێ پارتی سیاسی قەدەغە بكات، یان دەبێ دایبخات، دەبێ دادگا بێ، نەحكومەت و كۆمیتەیەكی ئەمنی. لەلایەكی تریش ئەگەر ئەوان وا دەزانن بەهەڕەشەكردن لەئێمە دەتوانن پرسی كورد لەباكووری كوردستان و توركیا بەئاقارێكی تردا ببەن. وا بزانم خەیاڵیان خاوە چونكە ئەو پرسە لەئەقلیەتە بچووكەكەی ئەوان گەورەترە. دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە 4-11-2007 بارەگاكانی ئێمەیان لەهەولێر و سلیمانی داخست، بەڵام پرسی كورد لە باكووری كوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە چوو، ئەو كات كورد 53 سەرۆك شارەوانی هەبوو، بەڵام ئێستا بوونە 99 . ئەو كات دەركەوت كە ئەوەی لەبەرامبەر ئێمەی دەكەن دەرەوەی هەڵویستی خۆیان نا نەتەوەیی و نادیموكراتی نا ئەخلاقی سیاسی هیچی تر نییە، لەجیاتی ئەوانە دەتوانن بەتوركیا بڵێن هەنگاو بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەكەمان باوێژە وچیتر بیانوو بەم و بەو مەگرە. پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وەك چۆن تاكو ئێستا خاوەن هەڵوێستی ئازاد و نەتەوەیی دیموكراتی بووە و تێكۆشانەكەی ئۆپۆزیسیۆنانە بووە، بەردەوامی بەوە دەدات و زیاتر قوڵی دەكاتەوە و دەیكاتە مۆڵكی تەواوی كۆمەڵگا ئەگەر وەكو پێویستیش جموجۆڵمان لەو بارەیەوە نەكردبێت، دەتوانین رەخنەداین بدەینە گەل.
ئاوێنە/ ئەوەی دەوترێت كۆمسیۆنێك لەلایەن توركیاو هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە بۆ لاوازكردنی پ ك ك بەڵام ئێوەش پروشكی ئەو ئاگرەتان بەر كەوتووە، روونكردنەوەتان لەسەر ئەوە و ئایا هەر ئەو هۆكارە بوو كە ناوی لیستەكەتان لە پارتی چارەسەریەوە بگۆڕن بۆ (هیوا)؟
سەردار ستار: تێكۆشانێك ئەوا بۆماوەی 35 ساڵە بەرێوە دەچێت، ئەگەر بەكاری كۆمسیۆنێك لاواز بوایە، یان تێكچوو بوایە باوەڕدەكەم نەدەگەیشتە ئەمڕۆ پێچەوانە ئەوەی دەبینرێت، ئەو بزووتنەوەییی ئەوان لەدژی كۆمیتە و كۆمسیۆنی دژایەتی دروست دەكەن، ئەمڕۆ لەهەر كاتێك زیاتر بەهێزترە و توركیا خۆشی دانی بەوە داناوە كە لەهەڵبژاردنەكانی ئەم دوایەی شارەوانیەكانی توركیا پەكەكە سەركەوتووە و ئەو كات ئەو كۆمیسۆنە پووچەڵ بۆتەوە، چۆنكە پەكەكە لەناو جەرگەی توركیایە و باتوركیا و ئەمریكا بچەن كێشەی كورد چارەسەربكەن لە ئەنقەرە، لەبەغداو لەهەولێر لەكێشەكە نەگەڕێن. باحكومەتی ئێراقی وهەرێمی كوردستانیش لەتوركیادا یارمەتی توركیا بدەن بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بەشێوازی دیموكراتیانە، وەكوتر نەبە ئۆپراسیۆنی سەربازی و هێرشی ئاسمانی، نەبە رێكەوتنی كۆنەپەرستانە لەگەڵ ئێران و ئێراق و نەبە ئەو جۆرە كۆمیتانە ناتوانن پرسی كورد پاسیف بكەن. ئێمە پێمان باشە لەجیاتی ئەم هەڵوێستە دوژمنكاریانەی كە تا رۆژی ئەمڕۆ بەردەوامی پێ دەدەن بادەستی ئاشتی درێژ كەن و پرسەكان لەرێگای دیموكراتیەوە چارەسەر بكەن.
لەسەرەتای ئامادەكاریەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لەرێگای ئەو كارە نادیموكراتیانەی خۆیان، دەیانەوێت، ئێمە بترسێنن، تا كو لەتێكۆشاندا هەنگاو بۆ دواوە باوێژین. هەڵبەتە ئەوە خەیاڵە كە ئێمە بەهەڕەشەو چاوسوور كردنەوەی دەسەڵاتداران چ لەبەغدا و چ لەهەرێمی كوردستان دەست لەخەباتی دیموكراتی هەڵبگرین، و لەلایەكی تریش ئەگەر بەخاتری دەوڵەتی تورك هێرش بكەنە سەر ئێمە، ئەو كات پێیان دەڵێن كوا ئەو سیادەی ئێراقییەی كە بۆتە سەری زمان و بنی زمانتان. لەسەرەتای مانگی شوباتەوە، ئێمە خەریكی خۆ ئامادە كردنیین، بۆ هەڵبژاردنەكان بۆ ئەوەش لەدیالۆگ دا بووین لەگەڵ سەرجەم پارتی و لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات بەمەبەستی رێككەوتنی دیموكراتی، لەگەڵ هەندێك لەو لایەنە و كەسایەتیانە گەیشتینە ئەنجام بۆیەش بە ناوی حیزبی دانەبەزین، چونكە ئێمە لەسەرەتای دەست بەكار بوونمان، بڕیارمان وابوو. رێككەوتن بەبنەما وەربگرێن، و ناویش نەبێتە كۆسپ. ئەو لایەنانەی كە پێكەوەین ئەو لایەنانەی كە پێكەوە بریارمان دا، بەناوی لیستیەكەمان هیوا بێت، و لەسەر ئەو ناوە رێككەوتین. دیسان دەمانتوانین بەناوی پەچەدەكەوە. سەرلێدان بكەین. بەڵام خۆمان نەمان كرد. لەمەش دا گرنگ، هەڵویستە بۆ تێكۆشان، ناو بۆ ئێمە كۆسپ نییە. چۆنكە ئێمە باوەر دەكەین، بۆ هەموو كارو خەباتێك پێویستە خاوەن هیوایەكی مەزن دابین، و ئینجا دەتوانین كارو خەبات بكەین، لەباشووری كوردستانیش دەسەڵات بەتەمەنی 19 ساڵی هیوای گۆڕان و وەرچەرخانی دیموكراتیانەی لەخەڵكەكە بڕیوە و ئێمەش دەمانەوێت، هیوا بئافرێنین.
سەردار ستار ئەندامی دەستەی كارگێڕی پ چ د ك 24 -4-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست