" هۆكارى لاوازى ئەداى پەرلەمان دەگەرێتەوە بۆ سەرۆكایەتیەكەى" پەرلەمانتارێك: دەسەڵاتى كوردى ئاشنا نیە بە حكومڕانى دیموكراسى
Thursday, 03/02/2011, 12:00
لێدوانى رۆژنامەوانى بۆ دەزگاكانى راگەیاندن
دوابەدواى بڵاوكردنەوەى بەیاننامەكەى بزووتنەوەى گۆران كە تێیدا حەوت خاڵ بۆ چارەسەرى قەیرانەكانى كورددستان پێشنیار كردبوو لە ناویشیدا داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و حكومەتى كرد، هاوكات كاردانەوەى توندى پارتى و یەكیتى بە دواى خۆیدا هێنا.
عەبدوڵاى مەلا نورى ئەندامی پەرلەمان لە لیدوانێكدا وتى "ئەوەى لە بەیانەكەى بزوتنەوەى گۆراندا هاتووە داوایەكى سیاسیەو نامۆ نیە بە ژیانى دیموكراسی و دەشێ لە گۆشە نیگاى جیاوازەوە گفتوگۆى لە بارەوە بكرێ، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەوانەى لە دەسەلاتدان هێشتا گوێیان را نەهاتوە لە گەڵ ئەم جۆرە هەڵوێست و هەنگاوانەداو وەكو پێویست ئاشنا نین بە حكومڕانى دیموكراسى، یاخود راستتر هێشتا خۆیان دەرباز نەكردووە لەو كەشو هەوایەى كە لە رابردودا ئەم ولاتەى روبەرو بۆتەوە و زیانى گەورە بە كوردستانگەیاندوە" .
پەرلەمانتارەكەى فراكسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى كوردستان لە بارەى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان ئاماژەى بەوە دا "لە رابردودا پەرلەمانى كوردستان نەیتوانیوە وەكو پێویست مومارەسەى دەسەڵاتە یاسایەكانى خۆى بكات، بگرە ئەو دەزگایەش وەكو دەزگاكانى تر لە ژێرەى هەیمەنەى حزبدایە و زۆر جار یان كار ناكات یان ئەوەى دەیكات بە زیانى خەڵك و سیستمى دیموكراسی دەشكێتەوە".
لە بارەى ئەوەى كە لە بەیانامەكەى سەرۆكایەتى پەرلەماندا باسى ئەوە كراوە كە" فراكسیۆنى گۆران هەولى بچوكردنەوەى رۆلى پەرلەمانى داوە"، ئەندامەكەى فراكسیۆنى گۆران وتى" بەداخەوە بەشێكى سەرەكى هۆكارى لاوازى ئەداى پەرلەمان دەگەرێتەوە بۆ بەرێزان سەرۆكایەتى پەرلەمان بۆیە ئەگەر قسە لە سەر كاراكردنى پەرلەمان بكرێت دەبێت پێش هەموو شتێك باس لە چاكسازى لە رۆڵ و دەسەلاتەكانى سەرۆكایەتى پەرلەمان بكرێت ".
عەبدوڵاى مەلا نورى لە درێژەى لێدوانەكەى لە بارەى ئەوەى ئایا ئێوە ئامادەن لە پەرلەمانى كوردستان بكشێنەوە ئەگەر بزووتنەوەكەتان داواتان لێبكات، وتى" تا ئێستا بزوتنەوەى گۆران داوایەكى لەو جۆرەى نەخستوەتە بەردەممان، بەڵام بە دورى نازانین ئەگەر بزوتنەوەكەش داوا نەكات و بارودۆخى پەرلەمان بەم شێوەیەى ئیستا بمێنێتەوە خەڵك هەبێت لە پەرلەمان بكشێتەوە، چونكە قبوڵكردنى لاوازى پەرلەمان بەم شێوەیە لە ئاست سەرپێچى و گەندەڵیەكانى حیزب و حكومەتدا زوڵمێكى گەورەیە لە خەڵكى كوردستان بە گشتى و خیانەتە لەو متمانەیەى كە خەڵك بە پەرلەمانتارانى داوە". لەم روەشەوە هەردوو حیزبى دەسەڵات بەرپرسیارن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست