ئێران برای توركان و دۆستی كوردان و سێدارە
Wednesday, 11/11/2009, 12:00
لەسێدارەدانی گەنجی تێكۆشەری كورد ئیحسان فەتاحیان لەلایەن رژێمی ئیسلامی ئێران وەكو سەرەتایەكی نوێیە لەبەرامبەر بە تێكۆشەرانی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان. رژێمی ئیسلامی ئێران لەچوارچێوەی ئەو دیدارانەی كە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا و سووریەو حكومەتی ناوەندی ئێراق پێكی دێنێت، لە هەوڵی پیلان دانانن بۆ پاكتاوكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد لەبەشەكانی تری كوردستاندا. بەهەمان شێوەیە رژێمی ئێران هەوڵدەدات كە توركیا و توركیاش بەهەمان نیسبەت هەوڵدەدات كە كۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد بەكار بهێنێت و هەركامیشیان بە پێ بەرژەوەندی خۆی هەوڵدەدات باڵانسی سیاسی ناوچەكە بۆ لای خۆی راكێشێت و بە گۆشارەی سیاسی، سەربازی و پرۆاكاسیۆن و هەڕەشە كۆمەڵگای كورد چاوترسێن بكەن. لە سێدارەدانی ئیحسان فەتاحیان سەرەتاییەكی نوێیە لە سیاسەتەكانی رژێم لە رۆژهەلاتی كوردستان، ئەوە لەحاڵێكدایە كە دەوڵەتی توركیا لە ژێر ناوی كرانەوەی كوردی پیلانی پاكتاوكاری بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد بەرێوە دەبات و لەلایەكی تریشەوە، وا نیشانی دەدات كە گوایە هەوڵدەدات پرسی كورد لەپەرلەمانی ئەو وڵاتەدا بخاتە بەر گفتوگۆوەوە، رژێمی ئێرانیش بە هەڕەشە كردن لە گەلی كورد و گەنجانی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵدەدات، كۆمەڵگا بەرێوە ببات و بە توركانیش وا نیشان بدات كە هاوپەیمانییەتی دەوڵەت و حكومەتی ئاكەپەو لە دژی كوردان، زۆرتر لەئەمریكا و هاوكێشەكانی تر بە توركیا نزیكترەو بەم شێوەیەش دۆستی توركیایە. ئەوەی پێویستە بگوترێت، نزیكایەتی و دۆستایەتی دەسەڵاتدارانی باشووری كوردستانە، لە گەڵ ئێران و ئەو پەیوەندییانەیە كە رۆژانە لایەنە حوكمی و حیزبییەكان دۆستایەتی خۆیان بە ئێران نیشان دەدەن و بەپێداگرییەوە لە سەر ئەو دۆستایەتە دەدۆێن. جێ پرسیار ئەوەیە كە ئاخۆ ئەو دۆستایەتیەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشووری كوردستان لەسەر چ بنەمایەكە، ئایا بە قیمەتی ڕژانی خۆێنی گەنجانی رۆژهەڵاتە یان...؟ ئەوە بۆ دەسەڵاتداران و حكومەتی هەرێم دەهێڵمەوە. نە لە راگەیاندنەكان و نەش لە دانۆستاندنەكانیان دا بە هیچ شێوەیەك باسی مافی كورد لەو وڵاتە دا ناكەن. نازانم ئەی ئەوەی كە بەناوی خەباتی نەتەوەیی و نەتەوەیی كورد باسی دەكەن، لەراگەیاندن و دیدارە دیبلۆماسییەكانیاندا چییە؟ ئەوەندە دەزانم كە دەسەڵاتی گەندەڵ لەم بەشەی كوردستان دا ئەوەندە بەرتەسك فكرەو بیرو هزری لاوازە كە نازانێت، كورد لە چوار لای كوردستان دایەو ئێستاش لە ژێر پۆستاڵی داگیركەراندا دەناڵێنێن. ئەوانیش هەر یەكەو بەجۆرێك ئاو لەئاشی دوژمن دەكەن. ئەوەتا لە باكووری كوردستانیش بە پێشانگایەتی بەرێز عەبدوڵڵائۆجەلان قۆناخێكی بێ چالاكی و كەش وهەواییەكی نەرم هاتۆەتە ئاراوەو بە دەستپێشخەری كۆماجڤاكن كۆردستانیش گروپی ئاشتی روو لە توركیا و باكووری كوردستانیان كرد كە چی قسەكانی دەسەڵاتدارانی باشووری كوردستان لە گەڵ رایەدارانی داگیركەری توركدا زۆر جاوازی تێدا نەبوو. پێویستە گەلەكەمان لەباشووی كوردستاندا ئیتر ئەو باوەڕییەیان بە دەسەڵات نەبێت كە باسی مافی نەتەوەیی و چارەسەری پرسی كورد بكات و لەهەمان كاتیش دا ، پێویستە بە ئەو لایەنە سیاسیی و بە ناو تێكۆشەرانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بگوترێت كە ئیتر بەسە لە ئەوردۆگا دەركەون و لەژێر باڵی دەسەڵاتی باشوور دا بێنە دەرەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست